هونه‌ری ڕه‌خنه …حه‌مه مه‌نتك
هونه‌ری نووسین هونه‌رێكه زاده‌ی حه‌ز و خۆشه‌ویستی و خۆڕۆشنبیركردنێكی به‌رده‌وامه. به مانایه‌كی تر، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ بنووسێت، سه‌ره‌تا ده‌بێ حه‌زێكی شێتانه‌ی هه‌بێت بۆ نووسین، خۆڕسكانه بێت و به‌رده‌وامیش خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێت. هه‌ر كه‌سێك چه‌ند شتێكی نووسی، نابێت به نووسه‌ر، نووسه‌ربوون واته جیاوازبوون، واته هه‌میشه نوێخوازی و داهێنان. ئێمه لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمان له نووسینی ئه‌ده‌بییه. خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت، ئه‌وه‌نده شاعیر و نووسه‌رمان هه‌یه، له ژماره نایه‌ن. تا ئێستا له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا ئه‌و پرسیاره هه‌میشه ئاماده‌ییی هه‌یه و مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت، كه ئایا نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان هه‌یه؟ یان ڕه‌خنه‌گرمان هه‌یه؟ ئه‌وه‌ی زیاتر هانده‌رمان بوو بۆ ئه‌و نووسینه، كتێبی (له هه‌یڤدا بۆ ڕووی تۆ و له په‌یڤدا بۆ خۆم ده‌گه‌ڕێم)ی (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)ه، كه له ده‌زگای ئاراسه‌وه چاپكراوه و له‌سه‌ری نووسراوه (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی)، به‌ڵام ئایا ئه‌م كتێبه و نێوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، كه له (33) وتار پێك هاتووه، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه؟ ئایا حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن ڕه‌خنه‌گره؟1 لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌رامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن، به گوته‌ی خۆی، ئه‌وه‌ی چل ساڵه خه‌ریكی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه.2 هه‌موومان سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه بزانین نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی چییه، ئه‌وكات ده‌ست بكه‌ین به نووسین و ڕه‌خنه له ده‌قه‌كان بگرین. ده‌بینین له باره‌ی هه‌موو شتێكه‌وه نووسیویه‌تی و نووسینه‌كانیشی به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له قه‌ڵه‌م داوه، به‌ڵام داخۆ حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن بۆ تا ئێستا میتۆدێكی نییه بۆ نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی؟ ئه‌وه‌ی ئێمه تێبینیمان له‌م نووسینانه‌ی ناوبراودا كرد، ئه‌وه بوو كه: ئه‌و به یه‌ك پێوه‌ر ده‌قه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، ئه‌ویش: ئه‌م ده‌قه وه‌هایه، ده‌بووایه وه‌ها بێت، یان وه‌های نووسیبا… من نكۆڵی له‌وه ناكه‌م نووسه‌ر له بواری زمانه‌وانی و ڕێنووسدا خاوه‌ن توانایه‌كی جوانه؛ ده‌توانرێ له ڕووی زمانه‌وانی و ڕێنووس و خاڵبه‌ندییه‌وه سوودێكی باشی لێ وه‌ربگیردرێت، به‌ڵام، به داخه‌وه، بۆ نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی توانای نییه و نووسینه‌كانی ناچنه نێو ئه‌م بواره‌وه.
كه ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌ین، بێ به‌ڵگه و له خۆڕا نییه، بۆ نموونه، كاتێك له‌سه‌ر به‌ختیار عه‌لی ده‌نووسین، زۆر ئاشكرایه كه ناوبراو گرێیه‌كی ده‌روونیی له‌گه‌ڵ به‌ختیار عه‌لی و به‌رهه‌مه‌كانی هه‌یه، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی، كه ڕه‌خنه له به‌رهه‌مه‌كانی بگرێت؛ له نووسینه‌كانیدا هه‌ست به دوژمنایه‌تییه‌ك ده‌كه‌ین، كه ئه‌و هه‌یه‌تی به‌رابه‌ر به به‌ختیار عه‌لی، تا وا نیشان بدات كه ڕه‌خنه له نووسه‌ر ده‌گرێت، كه له ڕاستیدا جۆرێكه له هێرشكردن. ئێمه ده‌ڵێین به‌رهه‌مه‌كانی به‌ختیار عه‌لی قابیلی ده‌یان ڕه‌خنه‌ن، با ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێت: ڕه‌خنه به مانای كه‌م و كوڕی به كار ناهێنم، وه‌ك لای حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن بوونی هه‌یه، به‌ڵكوو من به‌و مانایه به كاری ده‌هێنم، كه: ئایا ئه‌و ده‌قه چی ده‌ڵێت؟ ئه‌دی چیی نه‌گوتووه؟ ده‌بووایه چی بڵێت؟ ئه‌و ده‌قه له ڕووی ئێستێتیكا و زمانه‌وه چۆنه؟ كۆده‌كانی چین؟ ئایا ئه‌و ده‌قه چیی خستووه‌ته سه‌ر خه‌رمانی داهێنانی ئه‌ده‌بی؟ ئایا شته نه‌گوتراوه‌كانی گوتووه؟ ئه‌مه‌یه مانای ڕه‌خنه، ده‌بێت ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به دوای وه‌رامی ئه‌و پرسیارانه و ده‌یان پرسیاری تردا بگه‌ڕێت. ئه‌و تاكه ڕه‌خنه‌ی له به‌ختیار عه‌لی ئه‌وه‌یه، كه له ڕۆمانه‌كانی دا درێژدادڕی ده‌كات و كورتبڕی ڕه‌چاو ناكات. دیاره حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له بیری چووه ڕۆمان نه‌فه‌سی درێژی ده‌وێت و ڕووداوه‌كانی درێژن و گرێیه‌كانی زۆرن، بۆیه درێژدادڕی به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری، واته ئه‌و درێژدادڕییه هونه‌ری تێدا به كار هاتبێ، نابێته هۆی له‌نگی بۆ ڕۆمان. ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی پڕن له ته‌كنیك و هونه‌ری به‌رز، كه ناوبراو نایانبینێت و باسیان ناكات، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خۆی به شته جه‌وهه‌رییه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه‌وه خه‌ریك نه‌كردووه، به‌ڵكوو ته‌نیا له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی لاوه‌كی وه‌ستاوه، كه له لێكۆڵینه‌وه‌دا بایه‌خیان كه‌متره، بۆیه ده‌توانین بڕیاری ئه‌وه بده‌ین كه حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا توانایه‌كی لاوازی هه‌یه، به‌ڵكوو به‌م نووسینه به‌تاڵ له ڕه‌خنانه خۆی كردووه به ڕه‌خنه‌گر، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت زۆر سه‌رچیخ و سه‌رپێییانه به‌سه‌ر ده‌قێكدا ده‌ڕوات و وشه‌كانی بۆ ڕاست ده‌كاته‌وه. له هه‌ندێك شوێندا خۆی ئه‌وه‌نده‌ی نووسه‌رێكی گه‌وره نیشان ده‌دات، كه گوایه ڕوانگه و ڕسته‌یان لێ دزیبێت، ته‌نانه‌ت هه‌میشه به‌ختیار عه‌لی به‌وه تاوانبار ده‌كات كه هه‌ر كه‌سێك سووكه‌ڕه‌خنه‌یه‌كی لێ بگرێت، هێرشی ده‌كاته سه‌ر و به جاهیل وه‌سفی ده‌كات. باوه‌ڕ ناكرێت كه‌سێكی وه‌ك به‌ختیار عه‌لی جنێوفرۆش بێت و دژایه‌تیی ڕه‌خنه‌گران بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ختیار عه‌لی گوتبێتی بێ‌ویژدان، ئه‌وه ته‌نیا له‌گه‌ڵ پیاوانی حزب و نووسه‌رانی حزبی بووه، كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزب و خۆیان، وه‌كوو گورگی ده‌م به خوێن په‌لاماری هه‌موو كه‌سێك ده‌ده‌ن. ئێمه به‌ختیار عه‌لی به پیرۆز نازانین، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌ڵێین: نووسینه‌كانی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن ته‌نیا گرێیه‌كی ده‌روونی و حزبین به‌رابه‌ر به‌و نووسه‌ره و هیچ پێوه‌ندیه‌كییان به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه نییه. ناوبراو نه‌ك هه‌ر له‌م كتێبه‌یدا، به‌ڵكوو له كتێبی (تاڤگه‌یه‌ك له زیو) و (به‌فر و گڕكان)یشدا هه‌مان هێرشی كردووه‌ته سه‌ر به‌ختیار عه‌لی وه‌ك ده‌نووسێت:” ده‌شێت نووسه‌ر هه‌ندێك له لووتبڵندی و تۆزێك له خۆویستی تێد هه‌بێت و ته‌نانه‌ت دووچاری (پارانۆیا)یش ببێت، وه‌لێ نووسه‌رێكی كورد شك نابه‌م هێنده‌ی به‌ختیار عه‌لی له‌و بواره‌دا زێده‌ڕۆیی كردبێت ئه‌و ده‌یگوت ( پیاوه گه‌نده‌ڵه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات به ملیۆنه‌ها دۆلاریان بۆ هاندانی قه‌ڵه‌مه زڕه‌كان له دژی ئێمه ته‌رخان كردووه) ” 3، ئایا ئه‌مه هێرش نییه بۆ سه‌ر نووسه‌رێكی تر، یان به چه‌ند دێڕێكی دوای ئه‌مه ده‌ڵێت: ” ستایشكه‌رانی به‌ختیار عه‌لی، له‌شكرێكی جاهیلن و هیچیتر” 4 كه‌سێك خۆی به ڕه‌خنه‌گر بزانێت كه ئه‌م جۆره قسانه ده‌نووسێت و به ڕه‌خنه‌شیان بزانێت، ئه‌مه به‌ڵگه نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی ئیش له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی به‌ختیار وه‌ك نووسه‌ر ده‌كات نیو ئه‌وه‌نده ئیش له‌سه‌ر به‌هه‌مه‌كانی ناكات، گه‌ر ئه‌وه هێرش نه‌بێت بۆ لێدانی نووسه‌ری تر ئه‌ی چییه؟لێره‌وه خۆی به‌م ڕستانه ده‌یسه‌لمێنێت كه خۆی یه‌كێكه له قه‌له‌مه زڕه‌كان، به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه ئیش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه یاخییه‌كان بدات. له هه‌موو نووسینه‌كانی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن كه به‌ناو ڕه‌خنه‌ن هیچیان وه‌ك ئه‌وه نین كه له‌سه‌ر به‌ختیار عه‌لی ده‌ینووسێت ( چونكه ئه‌و زیاتر له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی به‌ختیار ده‌نووسێ نه‌ك به‌رهه‌مه‌كانی) ، ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی به‌ختیاره‌وه ده‌ینووسێت پڕه له ڕق و كینه، هه‌ست ده‌كه‌ین له نووسینی ئه‌ده‌بی ناچێت، به ئاشكرا هه‌ست به دوژمنایه‌تی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن ده‌كه‌ین به‌رامبه‌ر به به‌ختیار عه‌لی ، به‌ڵام من خوێنه‌ر ده‌كه‌مه سه‌نگی مه‌حه‌ك؛ با نووسینی هه‌ردوو نووسه‌ر بخوێنێته‌وه، جا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كامیان شه‌ڕ به‌وه‌ی تر ده‌فرۆشێت، چونكه حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له شه‌ڕفرۆشتن زیاتر هیچی تر ناكات، به‌ڵام لێهاتووانه له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رپێیانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه.
شتێكی تر له‌و كتێبه‌دا هه‌یه كه ده‌یسه‌لمێنێت نووسه‌ر چه‌ند زانیارییه‌ك و ڕسته‌یه‌كی لای خۆی نووسیوه‌ته‌وه و هه‌موو جارێك نووسینه‌كانیدا به كاریان ده‌هێنێت و دووباره‌یان ده‌كاته‌وه، بۆ نموونه: له زۆربه‌ی نووسینه‌كانی ئه‌و كتێبه‌ی دێته‌وه سه‌ر باسی ڕیتم له شیعردا و هه‌موو جارێكیش هه‌مان ڕسته‌كان به كار ده‌هێنێته‌وه، وه‌ك ئه‌م گوته‌یه‌ی شێكسپیر: “ئه‌وه‌ی موزیك له ناخیدا نه‌بێت، ده‌رك به ڕیتم ناكات”، ئێمه ناڵێین هێنانه‌وه‌ی گوته‌ی زانا و ئه‌دیبان و ڕه‌خنه‌گرانی جیهان، كارێكی باش نییه؛ نووسه‌ر ده‌توانێ وه‌ك پاڵپشتی بۆ بیروڕاكانی بیانهێنێته‌وه، به‌ڵام نه‌ك ئه‌وێك، كه خۆی به ڕه‌خنه‌گر داده‌نێت؛ كه له هه‌ر نووسینێكیدا پێوه‌ندیی به شیعر و ڕیتمه‌وه هه‌بێت، هه‌مان ڕسته و گوته دووباره ده‌كاته‌وه و شتی تازه و بیری تازه‌مان ناداتێ
له‌م كتێبه پڕ له گوتاره ناڕه‌خنه‌ییانه‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ندا، ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی ناوبراو شاره‌زاییی له چه‌مك و تیۆر و بۆچوونه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی جیهان نییه، وه‌ك له سه‌ره‌تادا به سه‌ره قه‌ڵه‌مێك ئاماژه‌م پێ دا. ده‌نا له‌م هه‌موو گوتارانه‌دا نابینین له ژێر ڕۆشناییی یه‌كێك له قوتابخانه ڕه‌خنه‌ییه‌كانه‌وه، ده‌قێك ڕاڤه بكات. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانیی بكه‌ین، ده‌یان میتۆد و تیۆر هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وانه‌وه ده‌ست بكه‌ن به نرخاندنی هه‌ر ده‌قێك، جا له هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بی بێت. نووسه‌ران له ژێر ڕووناكاییی ئه‌و تیۆرانه زانستێكی به كار و توانایه‌كی زانیستیمان ده‌بێت بۆ پراكتیككردنی له‌سه‌ر ده‌قێك، به‌مه‌ش ناكه‌وینه نێو هه‌ڵه و بیروڕای ساده و ساكاره‌وه، یان وه‌كوو هه‌ندێك كه‌س، كاتێك ڕه‌خنه له چیرۆك، یان ڕۆمانێك ده‌گرن، دێن باسی ڕووداوه‌كانی ئه‌و چیرۆكه، یان ڕۆمانه‌مان بۆ ده‌كه‌ن و نووسینه‌كانیشیان به ڕه‌خنه ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م.
هه‌روه‌ك دیاره، میتۆد و قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه‌ییمان هه‌یه، كه بیكه‌ینه ڕێباز، وه‌ك قوتابخانه‌كانی (ڕه‌خنه‌ی نوێ، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌رایی، ده‌روونشیكاری، پێكهاته‌خوازی… تاد) ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م میتۆد و تیۆرانه بێ به‌ها بوونایه و هیچ نرخێكیان نه‌بووایه، سه‌دان په‌یڕه‌وكار و كتێبیان له باره‌وه نه‌ده‌نووسرا. به بڕوای ئێمه‌ش، هه‌ر كه‌سێك له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا كار بكات و بنووسێت، ده‌بێ شاره‌زاییی له‌م قوتابخانه و تیۆره ڕه‌خنه‌ییانه هه‌بێت، تا ڕه‌خنه‌ی پڕ له داهێنان پێشكێش بكرێت و خوێنه‌ر چێژی لێ وه‌ربگرێت و زیاتر شاره‌زای ده‌قه‌كه ببێت.
كێشه‌ی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له نێو ئه‌ده‌بی كوردی، هه‌ر لێره‌دایه، ئه‌وانه‌ی خۆیان به نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه خه‌ریككردووه و شاره‌زای ئه‌و تیۆر و قوتابخانه ڕه‌خنه‌ییانه نین، بۆیه ناتوانرێت خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی جوان بۆ ده‌قه‌كان بكرێت؛ حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌نیش هه‌مان كێشه‌ی هه‌یه، ئه‌گه‌رنا بۆچی له هه‌موو نووسینه‌كانی دا، ڕه‌خنه‌كانی هه‌ر له چوارچێوه‌ی “ئه‌م وشه‌یه زیاده، نه‌ده‌بوو ئه‌م وشه‌یه به كار بهێنێت، شێكسپیر وا ده‌ڵێت، ئه‌لیه‌ت گوته‌نی، ڕۆدنسۆن گوته‌نی…” ده‌بینینه‌وه. ئه‌مانه هیچ كاریان به ڕه‌خنه‌وه نییه. ڕه‌خنه‌گر، ده‌بێت شاره‌زای ئه‌و قه‌تابخانانه بێت، ئه‌گه‌ر تۆ هاتی چیرۆكی (من و قاله و سه‌گه‌كه‌ی پاڤلۆڤ)ی (شێرزاد حه‌سه‌ن)ت دایه ژێر تیشكی ڕه‌خنه‌وه، چه‌ند جیاوازی هه‌ن، ئه‌گه‌ر به سه‌رپێیی خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكه‌یت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ژێر ڕۆشنایی قوتابخانه و تیۆره‌كانی ڕه‌خنه‌ی ده‌روونشیكاری ئه‌م ده‌قه هه‌ڵسه‌نگێنی و به دوای كۆده‌كانی دا بگه‌ڕێیت، لێره‌دا دوو ئه‌نجامی جیاوازمان ده‌ست ده‌كه‌وێت: یه‌كیان نووسینێكه، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته نێو ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیه‌وه، دووه‌میان نووسینێكه پڕ ده‌بێت له چێژ و داهێنان و جوانی، ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌وه ده‌توانین یه‌ك به یه‌ك كۆده‌كانی ده‌قه‌كه بدۆزینه‌وه و هه‌موو ئه‌و نهێنییانه‌ی كه له پشت ئه‌م ده‌قه‌وه خۆیان حه‌شار داوه، ئاشكرایان بكه‌ین.
له‌م كتێبه‌دا نووسینه‌كانی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن ڕێك ده‌كه‌ونه خانه‌ی ئه‌و نووسینه‌ی یه‌كه‌م، كه ناومان برد و گوتمان خاڵیه له ڕه‌خنه. زۆر سه‌یرم پێ دێت: ناوبراو به چ پێوه‌رێك ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌و گوتارانه‌ی خۆی ده‌نێت با چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌و نووسینانه بهێنینه‌وه كه ناوبراو ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیان لێ ده‌نێت وه‌ك : ” ئێستاش نازانم بۆچی به‌شێك له پێشمه‌رگه یه‌كیه‌تی نیشتمانیی كوردستان دژی سه‌گوه‌ڕ وه‌ستانه‌وه ئاخر ئه‌و سه‌روه‌خته یه‌كیه‌تی و پارتی ناكۆك بوون و سه‌گوه‌ڕیش ڕه‌خنه بوو له پارتی نه‌ك یه‌كیه‌تی ، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌ست به‌دواوه كه شه‌ڕ ده‌كه‌وێته نێوان دوو باڵه‌كه‌ی پارتییه‌وه سه‌گوه‌ڕ ئه‌و شه‌ڕه به براكوژی لێك ده‌داته‌وه” 5 له‌م په‌ره‌گرافه درێژه به قسه‌كانی ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌م دوو حیزبه، به‌بڕاوای ئێمه سه‌گوه‌ڕ له‌سه‌رده‌می یه‌كیه‌تی نووسراوه، چونكه باس له دوو شۆڕش ده‌كات، شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ، به‌ڵام ئه‌م باسانه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیه‌وه نییه ته‌نها له قسه‌ی كادیری حیزب ده‌چێت. گه‌ر خوێنه‌ر سه‌یری وتاری ” پێش ئه‌وه‌ی به‌هه‌شت چۆله‌كه‌كانی بخوات” 6 بكات ده‌بینێت چ هێرشكردنێكی ئاشكرایه بۆ سه‌ر (د.ره‌فیق سابیر) و (فه‌رهاد شاكه‌لی)، هه‌ر له‌م وتاره‌دا كه‌س تێی ناگات یه‌ك ناونیشانی هه‌یه كه‌چی باس له سێ بابه‌تی زۆر دوور له یه‌كتره‌وه ده‌كات كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان له نێوان یه‌كتردا نییه، سه‌ره‌تا باس له ئه‌دۆنیس ده‌كات ، دواتر هێرش ده‌كاته سه‌ر (د.ره‌فیق سابیر) كه گوایه هێرشی كردۆته سه‌ر (كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د)، پاشان باس له (فه‌رهاد شاكه‌لی) ده‌كات گوایه ناوی ئه‌وی نه‌هێناوه‌كاتێ باسی وه‌رگێرانی شیعری (گۆران) ده‌كات بۆ سه‌ر زمانی سویدی و ناوبراویش له‌سه‌ری نووسیوه، ئه‌مانه كه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بین، به‌ڵكو ئاشكراكردنی ئه‌و دوژمنایه‌تیه‌یه كه له‌ناخی ئه‌ودا هه‌یه به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه ، ئه‌م نووسینانه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناچنه ناو خانه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن به‌م نووسینانه‌ی ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت من ڕه‌خنه‌گرێكی چالاكم و له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌نووسم و ناوی كتێبه‌كه‌شی ناوناوه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، ئاخر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی خۆ نووسینێكی ساده و ساكار و پڕ له شكاندنه‌وه و هێرشكردنه سه‌ر نووسه‌ران نییه؟! ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بنه‌ما و تیۆر و جوانیی خۆی هه‌یه، ئاخر ئیشی ڕه‌خنه‌گر ئه‌وه نییه باسی حزب بهێنێته نێو ئه‌ده‌به‌وه؛ حیزب دنیا و باره‌گای خۆی هه‌یه، ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی شوێنێك نین بۆ پرۆپاگه‌نده‌كردن بۆ سه‌ركرده و حزب؛ هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك به دڵسۆزی بۆ میلله‌ت تێی كۆشابێت، جێگه‌ی شانازییه و پێویستی به پرۆپاگه‌نده‌كردن نییه. باشتر وایه حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن ناوێكی تری له‌م كتێبه بنابا؛ گرفتی نووسه‌ری ئێمه له‌وه‌دایه تا ئێستاش ڕه‌خنه به‌وه لێك ده‌داته‌وه، كه لایه‌نه باشه‌كانی باس بكات و كه‌موكوڕیه‌كانیشی ڕاست بكاته‌وه؛ ئاخر ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه هه‌ر ئه‌وه‌نده بێت، له سه‌دا نه‌وه‌د و پێنچی ئه‌ده‌بی كوردی، كه ئێستا ده‌نووسرێت، ڕاست بكرێته‌وه، ئه‌مه ڕه‌نگه ته‌نیا لایه‌نێكی زۆر كه‌م بێت، ڕه‌خنه زۆر له‌وه فراوانتره، زۆر له‌وه جوانتره، ئه‌ركی زۆر له‌وه قورستره، ئیشی ڕه‌خنه زۆر له‌وه قووڵتره، با حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن چیتر ئه‌و نووسینه ساده و ساكارانه‌مان به ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه پێ نه‌فرۆشێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1. (ڕابه‌ر فاریق) پێشتر نووسینێكی له باره‌ی (حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن)ه‌وه بڵاو كردووه‌ته‌وه: (نووسین وه‌ك گه‌مه‌ی كرێت). پاشكۆی (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر)ی ڕۆژنامه‌ی (كوردستان ڕاپۆرت). ژماره (39). (15)ی تشرینی یه‌كه‌می (2009).
2.(له هه‌یڤدا بۆ ڕووی تۆ و له په‌یڤدا بۆ خۆم ده‌گه‌ڕێم). حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2010، ل94. هه‌ر له‌م لاپه‌ڕه‌دا دووفاقییه‌كی نووسه‌رمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، له‌وه‌ی كه ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان نییه، ئه‌دی چۆن ئه‌وه سی ساڵه بنووسی ئه‌م باسه به هۆی پاداشتی نووسینه‌كانیه‌وه كه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بین بژێوی خۆی دابین ده‌كات؟” هه‌ر چوار دێر، دوای ئه‌مه ده‌نووسێ: “منیش له پێناوی دابینكردنی بژێویدا ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نانووسم، له پێناوی نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ده‌ژیم”.
3. به‌فر و گڕكان، حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر،2008، ل 53.
4. (له هه‌یڤدا بۆ ڕووی تۆ و له په‌یڤدا بۆ خۆم ده‌گه‌ڕێم). حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2010، ل22.
5. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل82.