Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تۆ و ئەو و کێوییەک لە نێوانتانا

تۆ و ئەو و کێوییەک لە نێوانتانا

Closed

به‌کر ئه‌حمه‌د
…21 یانیوه‌ری 2000

لە ناو تۆدا، ئافرەتێکی کێوی دەژی.
لە ناو ئەودا، پیاوێک کێوی.
هەر ساتێک ئەو بەرەڵاکەی
بەرگی شەرمت، لە شوێنی خۆیدا توڕدەدەی.
بە جەستەی ڕووت و قووتتەوە، خۆت لە سینەی دەریا دەدەی.
بە شیعر دەمدەکەیتەوە و
لەگەل دوورترین ئەستێرەی ئاسمانیشدا
بە بێ وشە، ئاشنایەتی پەیدادەکەی.
بەڵام ئەی کێوی ناو ناخی؟
بۆچی کاتێک زەفەردێنێ و دێتە دەرێ
کچی کێوی ناو ناخی تۆ، خێرا خۆی گورجدەکاتەوە و
نە لە شیعرت هەواڵ هەیە
نە ئاشنایەتی ئەستێرە
کەس نازانێ چۆن لە ناوتا خۆی لوولدەکا و
دیسان بزردەبێتەوە؟
ئاخ بۆ خاتری بینینەوەی جارێکی کەی کچی کێوی ناو ناخی تۆ
بۆ خاتری بەیەکگەیشتنەوەی سینەی تۆ و شەپۆلی دەریا
هەر بۆ خاتری ئەوەی ئەو بە خۆی بێتەوە
ئاخر بۆ ئەوەی هەمیشە، دەنگی شیعرت کێوییانە دەمکاتەوە
کوانێ دەستێ
خۆی بە ناخی ئەودا بکا و
ژیانی ئەم کێوییەی ناخی، بسڕێتەوە؟

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.