Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
نهێنییەک لەناوجەرگەی ژیانێکی ئاساییدا

نهێنییەک لەناوجەرگەی ژیانێکی ئاساییدا

Closed

شانۆگەری
                                   نهێنییەک لەناوجەرگەی ژیانێکی ئاساییدا
                                                                     نووسینی : دۆن دیلیلۆ
            وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ
)

دەربارەی دۆن دیلیلۆ
دۆن دیلیلۆی ڕۆماننووس و شانۆنامەنووس و وتارنووسی ئەمریکی سەر بەڕەوەندی ئیتالی – ئەمریکی لە بیستی تشرینی دووەمی 1936 لە نیویۆرک لە ئەمریکا لەدایک بووە. کارەکانی دۆن ڕەنگدانەوەی ژیانی ئەمریکای کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستویەکە. ڕۆمانەکانی دۆن سەبارەت بە جەنگی ئەتۆمی، وەرزش، نمایشی هونەر و جەنگی سارد و ماتماتیک و سەردەمی دیجیتاڵ و تیرۆریزمی جیهانییە.
دۆن لەهەرزەکاری حەزی لەنووسین نەبووە. تا ئیشێکی دەست کەوت لەگۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمۆبێل. کە ڕۆژتا ئێوارە خەریکی خوێندنەوە بوو. وەک خۆی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ زی ئوستورالیەن” دا ئەڵێ ” تەمەنی بیستەکان و سییەکان بۆ من تەمەنی زێڕینی خوێندنەوە بوو پاشان دەستم بە نووسینەکانم کرد” لەنێو ئەو نووسەرانەی دۆن پییان سەرسام بوو جەیمس جۆیس و ولیەم فاکنەر و فلانەری ئۆکۆنەر و ئەرنێست هەمەنگوای بوون. پاش تەواوکردنی زانکۆی برۆنێکس و وەرگرتنی بەکالۆریۆس لە هونەری کۆمینیکەیشن لە ساڵی 1958 دۆن کەوتە ئیشکردن لە بواری ڕیکلام. لەساڵی 1964 دۆن یەکەمین چیرۆکی بڵاو کردەوە. لەساڵی  1971 تا 1978 شەش ڕۆمانی بڵاوکردەوە. دەیەی هەشتاکان بۆ دۆن دەیەی کارە نائاساییەکانی بوو. دەیەی نەوەدەکان دەیەی نووسینی کۆمەڵێ بەرهەم بوو لەسەر تیرۆر و تیرۆریزمی جیهانی. دەیەی 2000  – 2010 کۆمەڵێ بەرهەمی تری تێدا نووسی.
 دۆن دیلیلۆ شانزە ڕۆمان و پێنج شانۆگەری و نۆزدە کۆمەڵەچیرۆک و کۆمەڵێ وتاری نووسیوە. تا ئێستا بیستوچوار کتێبی دەربارە نووسراوە و بیستوچوار جاریش ڕێزی لێنراوە و خەڵاتکراوە. دۆ دیلیلۆ ئێستا لە برۆنکسڤیڵ لەنزیک شاری نیویۆرک ئەژێت.

شانۆگەری
   نهێنییەک لەناوجەرگەی ژیانێکی ئاساییدا


کارەکتەرەکان
ژن
پیاو
       ژن و پیاوێک لە ژوورێکدان.

ژن : بیرم لەوە ئەکردەوە کەچەند سەیرە.
پیاو : چی سەیرە؟
ژن : ئەو خەڵکەی ئەتوانن پێکەوە بژین. شەو و ڕۆژ و ساڵ دوانزەی مانگ. ئەوا پێنج ساڵ وا تێئەپەڕێ. چۆن ئەتوانن ئەو کارە بکەن؟ دە، یانزە، دوانزە        ساڵ. دوو کەس ژیانێک پێکدەهێنن. دەیان هەزار ژەمە خواردن پێکەوە دەخۆن. ڕوو بە ڕوو پێکەوە قسە ئەکەن. ڕوویەک کراوە هەروەکو لەفەیەکی گەرم.        هەموو ئەو وشانە ژوورەکە پڕ ئەکەن. ئەرێ خەڵک بەدرێژایی ژیانیان باسی چی ئەکەن؟ قسەی هەلەق و مەلەق ئەدەن. هەر هەمان دەنگ. هەمان ئاوازی        وزەوزکەری دووبارەوە بوو. شتێکت پێئەڵێم.
پیاو : شتێکم پێئەڵێی.
ژن : نهێنییەک لێرەدا هەیە. خەڵکانی پشت دیواری خانووە قاوەییەکەی دراوسێمان چی ئەڵێن و چۆن ئەژێن؟ هەموو ئەوانە وتووێژی نموونەیین. منگەمنگ.           قسەی پەڕپووت. بیرم لەوە ئەکردەوە کە چەند سەیرە. چۆن ئەتوانن شتی وا بکەن. شەو لەدوای شەو ئەو هەموو شوانە ئەو هەموو قسەیە، کەمیان                           ئەتوانن ئیدارە بکەن.
پیاو : خۆشەویستی ئەکەن و زەڵاتە دروست ئەکەن.
ژن : بەڵام درەنگ یان زوو ئەبێ بەدەنگ بێن. ئەمە تێکوپێکدانی جیهانە. مەبەستم ئەوەیە ئایا تێکوپێکدانی لەسەرەخۆی دونیا نییە بەردەوام دابنیشی و گوێ لە کەسێک بگری بێ هیچ هۆیەک یان سەروایەک. ئەو وشانەی دەردەپەڕێنرێن . وچانەکان. ڕستە ناتەواوەکان. چەند هەزار جار ئەتوانی تەماشای هەمان دەموچاوی وشەکەوەبوو بکەیت و  بڕوانیتە ئەو دەمەی کە کەکرێتەوە؟ هەموو شتێک تا ئێستا باشە. تا ئەو کاتەی دەمیان ئەکەنەوە. تا دەست بەقسەکردن ئەکەن.
    ( وچانێک)
پیاو : من تا ئێستا لەم بیرکردەوە ساردوسڕە حاڵی نەبووم.
ژن : ئەو شتانە بەرە کەئەتەوێ بیانبەی.
پیاو : حەبەکان؟
ژن : نا کەپسوولەکان.
    ( وچانێک)
پیاو : ڕۆژێکی درێژە.
ژن : ڕۆژێکی درێژە.
پیاو : شەو و خەوێکی خۆش.
ژن : ڕۆژێکی درێژ و لەسەرەخۆیە.
                  ( ڕووناکی لەسەرەخۆ کز ئەبێ)
                 پەردە دائەدرێتەوە.

               تێبینی : ئەم شانۆگەرییە لەساڵی  2001 نووسراوە.

سەرچاوەکان :
1-    Discovering Literature
Hans P. Guth & Gabriele Rico
Third Edition 2003 U.S.A. page 1138

2-    http://en.wikipedia.org/wiki/Don_DeLillo

تێبینی : ئەم دەقە لە پاشکۆی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە 70 ی ساڵی 2011 بڵاو بۆتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.