گه‌نجانی ئاشتیخواز.. سڵاو
زۆر گرنگه له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، ئێمه‌ش وه‌كو گه‌نجانی میسر‌و به‌حره‌ین و وڵاته مه‌ده‌نییه‌كانی رۆژئاوا، وه‌كو گه‌نجه خوێندكار‌و رووناكبیره‌كانی دونیا، داخوازی و رێپێوان و خۆپیشاندانه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌و شارستانیانه نومایش بكه‌ین..
زۆر گرنگه سه‌رباری ئه‌وه‌ش كه ده‌سه‌ڵاتێكی چه‌ك به‌ده‌ست و شه‌ڕفرۆش و بوغراو كه‌ڕو گه‌نده‌ڵ، به زمانی توندوتیژو مرۆڤكوژییهوه له داخوازی و داواكارییه‌كانی زۆرینه‌ی میلله‌تی شاره خۆشه‌ویسته‌كه‌مان دێته وه‌ڵام.. به‌رامبه‌ر به بهربارانكردنی ئێوه كه ده‌بوایه رووینه‌دایه!! ئه‌وانی دڕنده به فیشه‌ك و گوللهبارانتان ده‌كه‌ن و خوێنی گه‌نجه جوان و ئازا‌و بوێره‌كانی سلێمانی ده‌ڕێژن..
ئێوه‌ی گه‌نجان ده‌رفه‌ت به‌و دڕنده‌و هاوڕێی چه‌ك و فیشه‌ك و باروودانه مه‌ده‌ن كه شه‌قامه‌كانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی به خوێنی گه‌شی ئێوه سوور ببێت، رێگه‌یان مه‌ده‌ن ناشیرینتان بكه‌ن و عه‌قڵ و لۆژیك له‌ده‌ست بده‌ن، ئێوه كوڕی قه‌ڵه‌م و مه‌عریفه‌و زانست و جیهانگیری بن، ئێوه كوڕی كۆمپیوته‌رو ئینته‌رنێت و فه‌یسبووك و دونیای ته‌كنۆلۆژیان و تێكه‌ڵ به ئایدیۆلۆژیای حزبه چه‌قبه‌ستووه‌كان مه‌بنه‌وه..
پێویسته به‌رپرسانی پۆلیس و ئاسایش و دژه تیرۆر و زێره‌ڤانی تووشی شۆك بكه‌ن و سه‌ریان له عه‌قڵ و بیری نوێ و ره‌فتاری مه‌ده‌نییانه‌ی ئێوه سووڕ بمێنێت!
ئه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه 21-02-2011 له مه‌یدانی ئازادیی به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانیدا نوومایشتان كرد، شایانی ستایش و شكۆمه‌ندی و شانازییی هه‌موو رووناكبیر و نیشتیمانپه‌روه‌ر و ئاشتیخوازێكه.. شایانی نیشاندانییهتی به هه‌موو دونیا، دونیای ئازادیخواو پێشكه‌وتوو، پێویسته ئه‌و ره‌فتارو وێنه‌و وێنایهتان به‌رده‌وام بێت تا هه‌موو داخوازییه‌كانی میلله‌ت دێنه‌دی و به‌رپرسان ناچار ده‌كه‌ن گوێتان لێ‌بگرن..
ئێوه‌یه‌ك كه نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆن و خه‌سڵه‌ته‌كانی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌تان هه‌ڵگرتووه، شێواز‌و ستایلی ژیان و بیركردنه‌وه‌و داخوازی و خولیای ئێوه جیاواز‌و ناكۆكه له شێواز‌و ستایلی ژیانی باوان و به‌رپرسه‌كان. ئێوه توانای كۆپیكردنه‌وه‌ی هزرو ره‌فتاری باوك و باپیرانی خۆتان نییه، ئێوه توانای دانیشتن و گوێگرتنی چهقبهستووان و بیری سواو سه‌له‌فی و كۆنهخوازتان نییه.. ئێوه گۆڕانكاری و وهرچهخانتان گه‌ره‌كه.. دینامیكییه‌ت و جووڵه‌و ئیشكردتان ئه‌وێت، ئێوه بڕواتان به كرداره و ده‌ڵێن كردار شه‌رته به‌ڵام به ته‌تبیق و جێبهجێكارییهوه نه‌ك هه‌ر قسه..
قسه‌ی زۆر‌و كرده‌وه‌ی كه‌م بێزاری كردوون، گوێنه‌گرتنی به‌رپرسان بۆ داخوازی و قسه‌و خه‌ون و خولیاكانتان تووڕه‌ی كردوون.
به‌ڵام ناكرێت تووڕهبونتان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌به‌رده‌م كامێراكانی دونیا و كه‌ناڵه ئاسمانی و فهزاییهكاندا نوومایش بكه‌ن. چونكه ئاكامه‌كانی تووڕه‌بون و هه‌ڵچوون و به‌رد بارانكردن به‌ره‌و خوێنڕشتنتان ده‌بات.. ده‌بێت ئه‌و راستییه تاڵه بزانن كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته چه‌كی هێزی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و به‌و چه‌كه‌وه ماوه‌ته‌وه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له زمانی چه‌ك و توندوتیژی گه‌یشتووه‌و مێژوویه‌كی دوورودرێژی له‌گه‌ڵ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌دا هه‌یه، ده‌بێت ئێوه زمانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆتانیان بۆ شرۆڤه بكه‌ن و گوڵ و ئاڵای كوردستانیان پێشكه‌ش بكه‌ن.. وا بزانن رۆژی ڤالانتاینهو دیاری و گوڵیان پێشكه‌ش بكه‌ن. تووشی شۆكیان بكه‌ن، نیشانیان بده‌ن كه ئێوه ئاژاوه‌گێڕو گێره‌شێوێن و تێكدهرو فه‌رهوودچی و دزو به‌رد وه‌شێن نین.. نیشانیان بده‌ن كه ده‌توانن ئه‌وانی چه‌ك به‌ده‌ست فێری مه‌ده‌نییه‌ت بكه‌ن.
برا گه‌نجه جوانه‌كانم، ده‌ستی جوانتان ماچ ده‌كه‌م، ده‌ستی پڕ له گوڵتان ئهووشم..
چاك بزانن كه پیاوانی ئاسایش و پۆلیسی كوردستان هه‌موویان براو كه‌سوكاری ئێمه‌ن، ئه‌وان پارێزگاریه له ژیان و ماڵ و سامانمان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش هه‌ر كوردن و هاونه‌ته‌وه و هاوشاریی و هاوزمانی ئێمه‌ن، ئه‌وانیش دوژمنی ئێمه نین.. ئه‌وان به‌رپرسی ئه‌و گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و كه‌مبوونی خزمه‌تگوزاری نین، له‌به‌رئه‌وه تكایه فێریان بكه‌ن و پیشانیان بده‌ن (به عه‌مه‌لی و كرداره‌كی) ئه‌وانیش وه‌كو برا و به‌هه‌مان شێوه ره‌فتارتان له‌گه‌ڵتان بكه‌نه‌وه..
چاك بزانن ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌رمونیان و ناتوندوتیژ نه‌بن ئه‌وانیش چه‌كه‌كانیان رووبه‌ڕووی سنگی رووتی ئێوه ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێوه مه‌ده‌نییانه به‌رده‌وام بن ده‌سه‌ڵات ناچار ده‌بێت به‌ره‌و پیرتان دێن و گوێتان لێده‌گرن.. ئه‌گه‌رنا ئه‌وا خوانهخواستهو گوێی دوژمنانمان كه‌ڕ بێت: خوێنی گه‌شتان شه‌قامه‌كانمان سوور ده‌كه‌ن.