Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
8ی مارس و بیانوویەک بۆ درکاندنی : فمێنیستی جیهانی و لۆکاڵ کردنەوە

8ی مارس و بیانوویەک بۆ درکاندنی : فمێنیستی جیهانی و لۆکاڵ کردنەوە

Closed
by March 8, 2008 ژنان

پەری کەریمی نیا….

فمێنیسم لەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییانەیە کە لەم دەییانەی دوایی دا بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و کاریگەری و کارتێکردنی خۆی سەرەڕای هەموو دژایەتییەکان لە سەر ناوچەکان داناوە. هەر چەندە سەرچاوەی فمێنیسم بۆ رۆژئاوا و سەردەمی رێنسانسی ئەورووپا دەگەڕێتەوە کەچی توانییویەتی ئاراستە بە خواست و داواکانی ژنان لە گشت بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و … بدات وا کە وەکوو هێزێکی لێ هاتووە  بۆ پێداچوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی، بیر و بڕوای ئایینی، بەها کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی پەروەردە و …
لە بواری ئەو بزوتنەوەیە کە خوازیاری ئەوەیە :ژن  و پیاو خاوەنی یەک پێگەی وەکوو یەکی سیاسی،کۆمەڵایەتی  و کەلتووری و ئابووری بن پرسی هەستیار و پرسیاری ورووژێنەر دێتە گۆرٍێ.
"ئارین ئیچ" نووسەرێکی ئەمریکایی پێی وایە کە فمێنیسم لە لایەکەوە وەکوو چەشنێک ئیخلاق، شێواز ناسی  و یا شێوەیەکی دژوار و سەختی بیر کردنەوە و عەمەڵە لە سەر هەلوومەرجی ژیان. ئەم وتەی ئارین ئەو پرسە لای من دەورووژێنێت کە ئایا ئەو دیاردە جیهانییە لای ئێمە چۆن و چڵۆن ببێتە باوەڕ وا کە بە حوکمی ئەوەی فمێنیستی و لەم بوارەدا بە ماڤی خۆتی دەزانیت هەڵسووڕیت نەبێتە رێگر و بەرگرییەک کە قامکی خراپت بۆ رابکێشن و یا ئەوەی کە دەست بە جێ ئەوەی لای خۆیان (دژە فمێنیستەکان و ئەوانەی نەیاری ماڤی بەرامبەرن) وێنا بکەن کە ئەمانە دوای بەربەرەڵڵایی و زاڵ بوونی پیاو بە سەر ژندا و ژن سالاری و … دەکەون.
 پێش هەموو شت بەرای من دەبێت هەندێک پرسیار لە سەر ئەم پرسە پێشنیار بکەم پاشان وەڵامی ئەو زەینە کە پەرچەکردارێکی نەگەتیڤ بەرامبەر جووڵانەوە و چالاکی و هەڵسووڕان دەنوێنێت بدەینەوە.
سەرەتا:
– فمێنیسم چ وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە دەداتەوە کە پیاو و ژن لە بنەڕەتدا جیاوازن یا نە؟
– چەمکی زایەند بە پێی وەڵامی پرسیاری سەرەوە چ ئاڵووگۆڕێکی تێدا بەدی هاتووە؟
– رێکار بۆ ئەمانە چیین

وەڵامی پرسیاری یەکەم:
ئەوەی کە ماڤ پرسێکی جیهانییە و ژن و پیاو بوون، رەگەز و… پێوەندی بە بوونی ماڤی هیچ تاکێکەوە نییە تاکێک چ لە جەمسەرەکان بێت و چ لە وڵاتێکی دواکەوتوو ماڤی ئەوەی هەیە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی دابیین بێت ماڤی ئازادی رادەربڕین و ئازادی دوای رادەربرٍِینی هەبێت خاوەنی منداڵ و خوێندەواری بێت و … بەڵام ئەوەی کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان و یا کەلتوورە چەوتەکان دەبنە هۆی زەوت کردنی ئەو ماڤە خاڵێکە کە دەبێت لە شوێنی خۆیدا وەستانێکی بۆ بکرێت و لێی بکۆڵڕێتەوە و خەباتی بۆ بکرێت کەواتە کێشە لە سەر هەبوونی ماڤ نییە کێشە لێرەدایە کە هەندێک پێیان وایە ژن و پیاو بەرانبەر نیین لێرەدا هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە ئەوە بایۆلۆژیاییە کە ئەو جیاوازییە پێک دێنێت و یا باوەڕیان بە جەبری ئیلاهییە تاقمێکی تر هەن کە پێیان وایە ئەوە جەبرێکی سروشتییە کە ئەو جیاوازییانە پێک دێنێت جەبری ئیلاهی بە رای من دەبێت لە خودی ئایین دا وەڵامەکەی بدرێتەوە کە خودا دەفەرمێت تۆ بجووڵێ تا من بەرەکەتی خۆمت بە سەر دا بڕژێنم کەواتە ئەوەی کە کۆمەڵگا جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچ دا دادەنێت پێوەندی بە جەبری ئیلاهییەوە نییە ئەوە خۆمانیین کە ئەوەمان دابەش کردووە و یا کاتێک بە هۆی تۆمەتێکەوە قەتڵێکی نامووسی روودەدا جەبری ئیلاهی ئیتر پووچەڵە و بەڵام جەبری سروشتی و ئەوەی کە جیاوازییە بایۆلۆژیاکانن کە جیاوازی لە رۆڵە کۆمەڵایەتی و هەروەها پێگەی ژن و پیاودا دادەنن و ئەمانە دێن بە پێی هۆ بە ناو زانستییەکانی خۆیانەوە کڵاوی خۆیان دەکەنە قازی و منداڵ بوون، دایکایەتی، ئەرکی ماڵداری و پریۆد بوون و … دەکەنە هۆیەک بۆ ئەوەی کە ئەو پیشانەی کە لای ئەوان سووکە و لە خوارەوەیە بە ژن بسپێردرێ (هەر چەند هەمووو پیشەیەک لای من بەرزە) ئەمە بە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا دواتر وەڵام دەدەینەوە بەڵام دەمەوێت وەک هەمیشە ئاوڕێک لە سەردەمێکی مێژوویی و ناسراو بە دایک سالاری بدەمەوە لەو کاتەدا لەش و مێشک و… پێشکەوتنی لەم چەشنەی ئێستای بە خۆوە نەدیبوو و ژن و پیاو پێکەوە دەژیان ئەو کاتیش جیاوازی بایۆلۆژیا بوو بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی کە بان دەست و ژێر دەست  هەبێت بۆ هۆی پریۆد بوونەوە ژن نەدەچوو بۆ راو چونکە بۆنی خوێنی لێدەهات بەڵام کیشاوەرزی داهێنا و پیاویش راوی دەکرد و پاش ئەمانە بوو کە کانزا لە لایەن پیاوەوە دۆزرایەوە و دەسەڵات و خاوەنداریەتی بە دوای خۆیدا هێنا ئەم جیاوازی بایۆلۆژیا شتێکی ئاساییە هەروەک ئەوەی کە کەسێک هەلوومەرجی بۆ دەڕخسێ و دەتوانێت ببێتە دۆکتۆر کەچی یەکی تر هەلوومەرج دژییەتی و تەنانەت رەنگی قوتابخانەیشی نەبینیبێت کەواتە پێوەندی بە جەبری ئیلاهی و سروشتییەوە نییە ئەوە دابەش کردنی مێشکی خۆمانە کە ئەمەی لێ کەوتەوە و دەبێت بە ئاشکراو راشکاوییشەوە ئەوە رابگەیەنیین کە شۆڕشی پیشەسازی ئەوەندە کاریگەر و جێگیر بووە کە بایۆلۆژیا سڕیوەتەوە و بەرەو تەقینەوەی دەسەڵات و بەرانبەری چووە کە ئەمەیش یەکێکی ترە لە هۆکانی ئەوەی کە ئەوانەی خوازیاری مانەویە دەسەڵاتی خۆیان و بان دەست و ژێردەست بوونن دژایەتی لە گەڵ پێشکەوتن و ئامێرە پێشکەوتووەکانیش دا دەکەن.
کەواتە  لە کۆتایی وەڵامی ئەو پرسیارە بە پرسیارەکەی تریش دەگەین کە نەخێر بایۆلۆژیا نییە کە جیاوازییەکی پێک هێناوە بەڵکوو ئەمە دابەش کردنێکی سرفی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات خوازانەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی کە زایەند و چەمکی زایەند بە خەتاکار لەم دابەش کردنەدا بزانیین و ئەرکی فمێنیستەکانە کە نەهێڵێن ئەم بەرژەوەند خوازانە لە بەر بەرژەوندی خۆیان هەوڵی مانەوەی ئەم هەلوومەرجە نەگۆڕە لای خۆیان بدەن کە واتە وشەی زایەند یا جێندەر چەمکێکی سرفەن کۆمەڵایەتیە و ئەو کردار،رۆڵی کۆمەڵایەتی و ئەندێشە کۆمەڵایەتییانە دەگرێتەوە کە کەلتووری زاڵ دەیسەپێنێت بە سەر هەر دوو رەگەزی نێر و مێ دا و بۆ سەلماندنی خۆی بە گشتی لە سەر ژن و پیاو و بە تایبەتی لە سەر ژن سزا و پاداشتی کۆمەڵایەتی دەست نیشان دەکات .
بۆ سزا دەتوانیین بێبەری کردن لە میرات و زیندانی و کوشتن و قەتڵی نامووسی ناو ببەین و بۆ پاداشتیش ناو ناوبانگی باشی وەکوو بەنامووس وبەشەرەف و وەکوو پیاو وایە ئاماژە پێ بدەین کەواتە ئەم چەمکە کۆمەلایەتییە.
 دەبێت ئێستا چۆن بەرە بەرە تاکەکان بەو رایە گەیشتوون کە کار جێندەر ناناسێت و بە ئەوینی زۆرتر و ماندوو نەناسانە داهێنان و تەحەمۆڵ و بردنە سەرەوەی ئاستی زایناری و تێگەیشتنی خۆیان ئەم کۆت و بەند و زایەندییە بشکێنن ئەمەش بە پێی بۆچوونەکانی ماکس وێبەر و دارایی و زانیاری و  هێز و پێگەی کۆمەڵایەتی دەشکێت کەواتە هەڵاواردنی زایەندی بە دروشم و قسەی ناهۆشیارانە ناشکێت ئەمە مەیدانێکە بچۆ خۆت بوونی خۆت بسەلمێنە ژن کاتێک کە 3 لە 4ی  کاری جیهان دەکات بەڵام 1% خاوەنداریەتی هەیە ئەمە مانای ئەوەیە کە کاری خۆی وەک کار سەیر نەکردووە واتە بوونی خۆی نەسەلماندووە ئەو دەبێت هێز و پێگە و شوێنی کاری خۆی بناسێت دەبێت بەو پێیە دارایی بۆ خۆی کۆ بکاتەوە  و زانیاری و زانستیشی بباتە سەرەوە کاتێک کە لە وەڵامی پرسیاری پێشوو دا دەڵێین کە تەکنۆلۆژیا یارمەتی دەری بەرامبەری و یەکسانی ماڤی ژن و پیاوە دەبێت لەم بەشەیش دا دان بەوە دا بنیین و خۆمان تەیار بە تەکنۆلۆژیا بکەین و چەمکی کۆمەڵایەتی زایەند بەم سەرچاوەی دەگمەنانە بسڕینەوە و بەس ئەوە هەوڵمان نەبێت کە بە هۆی پێوەندی خوێنی و یا پێوەندی زەواج وەکوو مشە خۆر لەو سەرچاوانە کەڵک وەربگرین.
و بەڵام رێکار:
رێکار زۆر گرینگە بە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشوو دەمویست بگەمە ئەم رێکارە کە سەەرتا ئەوە لە بیر و باوەڕەکان دا جێ بخەین کە فمێنیسم جیهانییە بەڵام دەبێت خۆماڵی و یا ناوچەیی بکرێتەوە. واتە ئەو دروشمی سیاسەتی پۆست مودێڕنەکان بکرێتە  پارادیم و وێنە کە جیهانی بیر بکەوە بەلام ناوچەیی کردار بنوێنە. پۆست مودێڕنەکان وازیان لە گشتەکان و زانا گشتەییەکان هێناوە و لە سەر بۆچونێک وەستاون کە هەر کردار و یا هەوڵێکی کۆمەڵایەتی کە ناوچەیی بەڵام گاریگەرە وەستاون واتە دەیانەوێت تیۆریزە کردنی ناوچەیی بە شێوەی گۆڕان کاری پەسند و ناپێشبێنی کراو بەڵام لە ژێر کاریگەری بۆچوون و حەزە جیهانییەکان دا پێشنیاز بکەن کەواتە بەو پێیە ئێمە پێویستمان بە فمێنیسێکی ناوچەیی و یا لۆکاڵ هەیە کە چاوی لەو فمێنیستە جیهانییەیە کە واتە هەر تاکێک بە ژن و پپاوەوە دەتوانێت بە راشکاوی لە ژێر سێبەری چەتری جیهانی فمێنیسم دا بانگەشەی لۆکاڵ و ناوچەیی بکات بۆ ئەو لۆکاڵ بوونە داهێنان و ئافراندن خۆی لە بەرامبەر نەریت دا قوت دەکاتەوە. کەواتە  ئەم چەترە جیهانییە کە کەلتوورێکە لە ناوچەیەکی کەلتووری ئێمە دا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری دەبێت لە لۆکاڵ بوون دا بیئافرێنینەوە کە ئەمەیش پێویستی بە زاناو و ئەندیشمەند و کەسی بوێر و خوێندەوار هەیە چونکە ئەم زانانە دوو بنەمای سەرەکی لۆکاڵ بوون کە پێویستی بە کات و شوێن هەیە دەناسنەوە و بە جێی ئەوەی کە لە کاتێکی نەشیاو دا باسێک بوورووژێنن کە کوشتنی بێژەرەکەی و دەربەدر بوونی بەدواوە بێت دێن بەم قۆناغانە دا تێی دەپەڕێنن:
شی کردنەوە، رەخنە ، ئاوێتە کردن ، لێکدانەوەی نوێ، پەرەپێدان و باس لێوە کردنی و بەها ناسی.
شی کردنەوە ناسینی توخمە کەلتوورەییەکان ناوچەییە رەخنە هەڵسەنگاندنی توخمە باس لێوە کراوەکان لە لێکدژی لە گەڵ توخمە باس لێوە کراوەکانی تر و توخمە دەرەوەییەکانە و ئاوێتە کردن دووبارە دروست کردنەوەی توخمە ناوبراوەکان بە پێی هەلوومەرجی نوێ ئاکامێکی باشی لێ دەکەوێتەوە کە خولی دواتر بە پێی ئەو بیچم دەگرێتەوە و ئەو چوارچێوەیە باس لێوە دەکرێت و پەرەی پێدەدرێت کە تێک ترنجاندنێکی مەعرەفەتیشی لێ دەکەوێتەوە لە کۆتایی دا چوار چێوە بەهاکان کردارێک پێک دەهێنن کە چوار چێوە و ستراکچێری شارستانییەک بونیاد دەنێن و بەم پێە شۆڕش روودەدات و بیرە کۆنە و توخمە پاسیڤەکان دەڕزێن و توانیوومانە وەڵامی بیر تەسکەکانیش بدەینەوە کە تەگەر دەخەنە سەر رێگای بزوتنەوەکە و خوازیاری مانەوەی مانا و بەها کۆن و باوەکان بە بیچمە باوەکانییانەوەن کە دەبێت فمێنیستەکان بە پێی دەسەڵاتی خۆیان و شێوازی خۆیان رێگایەک بۆ بەرەنگار بوونەوەی بدۆزنەوە رەنگە هەندێک کەس رایان لە سەر بەشداری سیاسی ژنان بێت و وەکوو فمێنیستە لیبراڵەکان بیر بکەنەوە و هەندێ تاقمی تریش هەوڵی بردنە سەرەوەی ئاستی هۆشیاری و ئاگایاری ژنان و پپاوان لە کۆمەڵگا دا بدەن و دەنووسن و فیلم ساز دەکەن و رەخنە دەگرن و …
بە گشتی هاوڕا لە گەڵ فمێنیستەکانی جیهان بەرەو پێش بۆ دابین کردن و سەندن و گەیشتن بە ماڤەکانی ژنان و بەرانبەری ژن و پیاو لە گشت بوارەکاندا بێ هیچ چەشنە جیاواوییەک.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.