Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
شریقەی تفەنگێ …ئازاد ئەحمەد

شریقەی تفەنگێ …ئازاد ئەحمەد

Closed

شریقەی تفەنگێ

شریقەی تفەنگێ
 بنارەو بنار ئەڕواو، هەرەس بە بەفر ئەهێنێ. 
بەچکە ئاسک دائەچەڵەکێ ، غار ئەداو ئەگەڕێتەوە، ئەباڕێنێ.
 شوێن جەستەی ڕاکێشراوی سەر بەفری دایکی ئەکەوێ
غار ئەداو ئەوەستێ؛ پەڵە خوێنی سەر بەفر ئەلێسێتەوە…
نیوەشەو، لەسەر تەپۆلکەیەکی بەفردا، بەچکە ئاسک؛ ئەڕوانێتە ئاگری ئەوبەری ڕووباری شەختەبەندو
باڕەی نەبڕاوەی؛ هەرەس بە بەفر ئەهێنێ و، درز ئەخاتە پەیکەری خواوەندەکان.

یوریکا!

ئەو کچە گۆتی یە ڕەشپۆشەی، لە وێستگەی ترام دا، داوای چەرخم لێ ئەکات
دەستێکی لەگەڵ دەستی بۆی فڕێندەکەی ، کە لەگەڵ سەگەکەی دا بەنۆرە ئەلوورێنن، بە کەلەپچەیەکی زنجیر بەستراوە
ئەڵقەیەکی تریفە لەدەوری سەری دا ئەخولێتەوەو
لۆگۆی کەللەسەری شەیتان لەسەر سینەی دا ئەبریقێتەوە
تاتووی شان و پشتیم پیشان ئەداو
ئەڵێ: ئێمە نەوەی شەیتانین..
بۆیفرێندەکەی (وائەزانم هۆمۆیە)، بە کڵاوی سانتاوە، سڵاوێکی نازییانەم لێ ئەکات،
وەکو مار ئەفیشکێنێ و، های فایڤم لەگەڵ ئەکات.
لەسەر بوتڵە بیرەی شکاودا، مایکڵ جاکسن ئاسا، بە سەماوە بەرەودوا ڕێ ئەکات و، چاکەتە چەرمەکەی، کە بە دوگمەی زل پۆشراوە، لەبەریا ئەلەرێتەوە
لەزاری کچەوە، ئاهی درێژی گۆرانی یەکی وێڵزی، وەک مێگەلە ئاسک دەرئەپەڕێ
پاسکیل سوارە هوودی یەکان، کە لە E.T ئەچن، توانجی تێ ئەگرن
 پەنجەیان بۆ هەڵئەبڕێ و، تاتووی مارو زۆمبی یەکانی لەشی، بە دوایان دا هەڵئەدات.
 
بۆیفڕێندو سەگەکەی، لەپاڵ دیواری باڕێک دا میز ئەکەن،
لەناو کوشکی تەلەفۆن دا،
(ئەو کچە گۆتی یەی داوای چەرخی لێ کردم)
تاتووی سەر سمتی ئەلێسمەوەو
زمانی بە ستادەوە ئەمژم.

 

 

         کریسمس 2010
azadaswad@yahoo.co.uk
ئازاد ئەحمەد
 بەریتانیا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.