Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
توند و تیژیەکانی دەسەڵاتی کوردی و مانایەک

توند و تیژیەکانی دەسەڵاتی کوردی و مانایەک

Closed
by March 8, 2011 گشتی

   
        

  
ئەگەر بە خێرایی چاوێک بەو ڕەفتار و کردارە توند و تیژیانەی دەسەڵاتی کوردی دا بخشێنین ، بە تایبەت لە ١٧ ی شباتەوە بەرەو دوا ، زۆر بە سانایی بەو حەقیقەتە دەگەین کەوا ، دەسەڵاتی کوردی نایەوێت هیچ بەر پرسیارێتیەک لە خۆی پێشان بدات ، لە گۆڕان و باشترکردنی وەزعی خەڵك .. بەمانایەک ، نایەوێت گوێ لە ئێش و ئازاری خەلک بگرێت و وەڵام بە داخوازییەکانیان بداتەوە .. ئەگەرنا ، لە جیاتی ئەوەی زۆر بە خێرایی بێت هەندێ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بکات ، هەروەک بینیمان دێت دەست بۆ کاری توند و تیژی دەبات ، هەر لە کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیو و گرتن و زیندانی کردنیان و چاوسوورکردنەوە و ئیهانە پێکردن و کۆنتڕۆڵکردنی شارەکانی وەک هەولێر بە زەبری چەک و بە شێوەیەکی عەسابەیی ، تا دەگاتە هێرشکردنە سەر خەڵکی مانگرتوو و سووتاندنی خێمەکانیان ..! نازانم دەسەڵات بە بێدەنگ کردنی کۆمەڵگە و بەم فۆڕمە کۆن و کلاسیک و سواوەی بۆ دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کە جگە لە بەرهەمهێنانی دیکتاتۆریەت و گەندەلی و دەسەڵاتی تاکڕەوی حیزبی و ئاستێکی زۆر نزمی ژیان و یان دەستگرتن بەم توند و تیژیەوە ، دەیەوێت کۆمەڵگە بەرەو کوێ بەرێت ..؟! یان دەیەوێت تەسلیم بە کام ئایندە و کام دۆزەخی نێو خەیاڵی خۆیمان بکات ..؟! دەسەڵات لەگەڵ هەموو کارە توندوتیژیەکانی بە هەموو توانایەک لە هەوڵی ئەوەدایە دەیەوێ ئەوە جێکەوتە بکات ، کەوا لەگەڵ بزووتنەوەی خەڵک و داخوازییەکانی کۆمەڵگە ڕووبەڕوو نیە . بەڵکو لەگەڵ لایەنێکی سیاسی وەک بزووتنەوەی گۆڕان ڕووبەڕووە ، ئەمەشیان بۆ خۆڵ کردنە چاوی ڕای گشتی و شاردنەوەی ڕاستیەکانە ، ئەگەر نا بۆ هەموو لایەکمان ئاشکرایە هەر لەیەکەم ڕۆژی هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان ، ڕابەرانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایان گەیاند کە ئەوە ئەوان نین و بەشداریش لەم هاتنە سەر شەقامە ناکەن ..! بەڵام دەسەڵاتداران خۆیان لەم ڕاستیە گێل دەکەن و لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان وەک تاکتیک ، نەرمی لەگەڵ خەڵک دەنوێنن و بە توندیش بە دژی بزووتنەوەی گۆڕان قسە دەکەن و هەموو گوناه و تاوانێک دەخەنە ئەستۆی ئەوان ، بەڵام لە مەیدانی پراکتیکیش دەستیان لە خەڵک نەپاراستووە هەموو شێوەکانی توندوتیژییان لەگەڵدا بەکار دەهێنن ..! بەمانایەک قسەو بەیان و ڕاگەیاندنەکانیان لەگەڵ کردەوەو ڕەفتارە توندوتیژییە فاشیستەکانیان ، ئاسمان و ڕێسمانیان نێوانە ..! خاڵێکی تر ، دەبێ دەسەڵاتداران ئەم ڕاستیە باش بزانن کەوا ، ئەم ڕاپەڕین و هاتنەی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان ، ئەوە شتێکی کتوپڕ و شتێک نیە بە ڕێکەوت ڕووی دابێت ، ئەوە بەرهەمی بیست ساڵ دان بەخۆداگرتن و بیست ساڵ شاردنەوەی تووڕەبوونەکان و بیست ساڵ ڕازی بوون بە وەزعێکی خراپ و نائاسایی ..! تا گەیشتن بەوەی کە بە هیچ شێوەیەک نەتواندرێ لەمە زێتر قەبووڵ بکرێت و پەردەی ئارامی و بێدەنگبوونەکان بدڕێن و وەزعەکان بگەنە ئاستی تەقینەوە .. ئەمەش شتێکی عەجیب و غەریب نیە ، دەسەڵاتێک بیست ساڵ خەریکی گەندەلی و بەهەدەر بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی و سەرکوتکردنی ئازادی و ئیفلیچ کردنی دام و دەزگا حکومیەکان و تڕۆ کردنی یاسا و بە خودا کردنی سەرۆک و گوێنەدان بە بەرژەوەندی و ئاستی ژیانی خەڵک بێت ،. ئیتر دەبێت دەسەڵاتداران دوای بیست ساڵ لە بەکارهێنانی دەسەڵات بە شێوەیەکی خراپ و نابەجێ ، دەبێ چاوەڕیی چیتر لە خەڵک بکەن ؟! دواتر لە هەمووی تووڕەهاتتر ، ئەم وەزعە بە خیتابی بریقەدار و کڵاو لەسەرنان و یان دەست بردن بۆ کاری توندوتیژی یان خستنە ڕووی ڕێگەچارەی نادروست ، چارەسەر ناکرێ ..! ئەمڕۆ خەڵک گۆڕانی ڕیشەیی و بناغەیی دەوێت ، چاکسازی دەوێت پڕ بە مانای وشەکە ، نەک پڕ بەمانای فەرهەنگ و بیرکردنەوەی دەسەڵاتداران ..! خەڵک بەدوای ژیانێکی باشتر و ئاسوودەترن ، خەڵک دەیانەوێت فۆرمە کۆنەکان و بیرکردنەوە کۆنەکان بگۆڕدرێن ، نەک دەمو چاو و حیزب و کەسەکان ..! هەڵبژاردنی پێشوەخت یان پاشوەخت بۆ خەڵک چی ؟ هەڵبژاردن چیمان بۆ دەکات ، وەڵام بەکام کێشەو داخوازییەکانمان دەداتەوە ؟ ئایا بڕی کارەبای زیاترمان بۆ دابین دەکات ؟ یان مووچەی فەرمانبەرامان دەباتە سەر ؟ نانی سەرسفرەی خەڵکی هەژار و نەدارانمان بۆ زیاد دەکات ؟ زانکۆکانمان پڕ دەکات لە مەعریفە ؟ وەڵام بە داخوازی لاوان و ژیانی لاوانمان باشتر دەکات ؟ دەکەواتە دەسەڵاتدارانی فەرموون ئێوە پێمان بڵێن هەڵبژاردن چیمان بۆ دەکات ..؟ ئەمە چ ڕێگا چارەیەکی سیحراوی و ئەفسووناوییە ؟! بەبێ دەستبردن بۆ هیچ گۆڕانێک و چاکسازییەک پەنا بۆ هەڵبژاردنێکی دی ببەین ، بە مانای دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی تر ، خوڵێکی تر لە گەندەلی ، بە مانای دووبارەبوونەوەی هەموو شتە سواوەکان و تووڕەهاتەکانی پێشوو ..! باشە چەند مانگێک بەر لە ئێستا ئەی هەڵبژاردن نەکرا ؟ کوا دەستکەوت و بەڵێن و وەعدەکانی هەڵبژاردنتان ؟ لەکام ڕشتە و دام و دەزگا گۆڕانکاری کرا ؟ کام عەقلیەت و بەرنامە گۆڕانیان بەسەرداهات ؟ بەڵکو بە پێچەوانەوە هەموو شتەکان بەرەو خراپتر ڕۆیشتن ..! بۆیە بە بڕوای من دەسەڵاتداران هیچ ڕێگایەکی تریان لەبەردەم دا نیە ، جگە لە ملدان بە داخوازییەکانی خەڵک و جێبەچێکردنی داخوازییەکانیان و باشتر کردنی ژیانیان .. دوای گۆڕانکاریەکان و بەدیهاتنی خواستەکانی خەڵک ، ئەوکات هەڵبژاردنیش مانایەکی دەبێت ! ئەوکات دەسەڵاتیش سیقە و متمانە پەیدا دەکاتەوە لەلای خەڵک ، بەڵام بەم شێوەیەی ئێستا لە جیاتی جێبەجێ کردنی داخوازییەکان ، دەستبردن بۆ توندوتیژی و ئازاردانی خەڵک و گرتن و کوشتن و هەڵکوتانە سەر مانگرتووان و سووتانی خێمەکانیان و شتی تریش ..  دیارە لەم ڕێگەیەوە دەسەڵات جگە لە ئەستوورتر بوونی تووڕەییەکانی خەڵک و زیاتر پێداگرتنیان لەسەر دواکاریەکان بە هیچ شوێنی تر ناگات . چونکە هیچ دەسەڵاتێک لە دونیادا لە ڕێگەی توندوتیژییەوە جگە لە مەرگ و ملشکانی خۆی هیچی تری بۆ نەماوەتەوە ، مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەم جۆرە نموونانە ، هەر دوور نەڕۆین ئەوە ( تونس و میسر و لیبیا ) لە ڕێی توند و تیژی و دەسەڵاتی تاکڕەوی فاشیستانەیان بە کوێ گەیشتن ..؟ چ ڕۆژگارێک بوو بە ئایندە و چارەنووسیان ..؟ توندوتیژییەکان و پێداگریەکانی دەسەڵاتی کوردیش لەسەر کارە نامرۆیی و نا تەندروستیەکان دا ، جگە لەو مانایە هیچ خوێندنەوەیەکی تری بۆ ناکرێت .. تا ئێستا دەیان و سەدان کەسی نووسەر و هەڵسووڕاوی سیاسی و ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامەی ئەهلی و غەیرە حیزبی ، بە پاساوی نابەجێ و بێمانا دراونەتە دادگا و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و غرامە کراون و هەندێکیان زیندانیش کراون ، بەڵام تا ئێستا نەمان بینیوە بەرپرسێک ، وەزیرێک ، ئەندام مەکتەب سیاسیەک ، کادیرێکی حیزبی لەسەر گەندەلی درابنە دادگا و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرابێت ! کەچی هەموو لایەکیش دان بەوەدا دەنێن کەوا گەندەلی هەیە ، تەنانەت خودی دەسەڵاتداران لە بەرزترین ئاستەوە تا خوارەوە نکۆڵی لەم حەقیقەتە ناکەن ، بەڵام تەنها بۆ جارێکیش بە شێوەیەکی جدی و عەمەلی دەست بۆ چارەسەرکردنی نابەن ، ئەوە ئەو مانایە دەگەیەنێت کەوا ئەم دەسەڵاتە خۆی بە بەرپرس نازانێت بەرامبەر بە ژیان و ئایندەی خەڵک ، بە مانای ئەم حکومەتە حکومەتی خەڵک و کۆمەڵگە نیە ، بەڵکو حکومەتی حیزب و ئەندام و لایەنگرانی خۆیانن و هیچی تر ، بێدەربەستبوونی دەسەڵات بۆ حەساسیترین هەڵومەرچی کۆمەڵگە ، ئەمە خۆی لە خۆیدا مانایەکی ترە بۆ گەندەلی و فەسادی ئیداری .. ئەوە ئەو مانایەی هەیە کە ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێک نیە لە ئاستی بەرپرسیارەتیەکان دا بێت ، ئیتر ئەمە نە سووکایەتیە نە ئیهانە وە نەهیچ مەبەست و ئامانجێکی دیاری کراوی لە پشتە ، جگە لە ڕاستی و دروستی شتەکان نەبێت ..! جا بۆیە دەسەڵات وا پێویست دەکات چیتر دەست بۆ کاری توند و تیژی نەبات ، باشتروایە گوێ لە داخوازیەکانی خەڵک ڕابگرێ و دەست بەجێ هەوڵی جێبەجێ کردنیان بدات ، هەر بۆ هیچ نا ( تەنها بۆ مانەوەی خۆیان و بۆ گەڕانەوەی ئەو متمانەیەی لە دەستیان داوە ..! ) چونکە هەر ئەمە ڕێگای دروستە ، لە کۆتاییش هەق و حەقیقەت و ڕاستیەکانیش لەلای کۆمەڵگەیە نەک لە لای دەسەڵات ..!  

                                                       ٧ی ئاداری ٢٠١١
ناڵە حەسەن

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.