چه‌ند ده‌لاقه‌یه‌كی ئیستێتیكای ده‌قی چیرۆكی كوردی
چیرۆكی (بۆقی ژه‌هراوی) به‌نموونه
هێمن عومه‌ر خۆشناو-شه‌قلاوه
زۆر جاران وا رێك ده‌كه‌وێ كه به‌های ده‌ق، به‌تایبه‌تیش ده‌قی چیرۆك له‌وه‌دا چڕ بێته‌وه كه هه‌موو ته‌كنیكه‌كانی پێكه‌وه وا تێك بگیرێن كه بواری هیچ بۆشاییه‌كی ساده‌و ساكار‌و زیاده نه‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌موو دیوه‌كانی ده‌ق ده‌گرێته‌وه، چونكه شیعرییه‌تی ده‌ق هه‌ر ته‌نیا له زۆری بارسته‌و جوانی ئیستاتیكای رووخساره‌وه ناسه‌نگرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه زمانی ده‌ق و ئیستاتیكای ده‌ربڕینه كه داپۆشه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كانی دیوی ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه، به‌و واتایه‌ی لادان و بنه‌ما ئیستاتیكی و شیعرییه‌ت بوونی ده‌ق ته‌نیا ملكه‌چی هه‌ندێ یاسا‌و رێسا نابێ كه تیۆردانه‌ران دایانناوه، به جۆرێك په‌یڕه‌وی كردنی ئه‌و ڕێسایانه كه به سوودوه‌رگرتنه له ره‌وانبێژی، هه‌موو به‌هایه‌كان له‌خۆناگرێ، به‌ڵكو لادان له‌و بنه‌مایانه‌و هه‌ست كردن به جوانییه‌كانی ده‌ربڕین و تێوه‌نه‌گلان له‌و یاسایانه‌و سه‌رنه‌كه‌وتن له‌م هه‌موو كۆت و به‌نده واده‌كا په‌ل بۆ جه‌وهه‌ری ده‌ق بهاوێژرێ‌و له‌و سۆنگه‌یه‌وه جیا له خۆبه‌ستنه‌وه به هه‌ندێك بنه‌مای سه‌ره‌كی، زمانه‌كه گرنگی پێ بدرێ.
له نێو ده‌قی چیرۆك و رۆمان‌دا، هه‌موو جارێ ته‌كنیكی ئاڵۆزی گێڕانه‌وه نابێته پێوه‌ری هونه‌رمه‌ندانه‌ی نووسه‌ر و نیشانه‌ی جوانیی و ده‌ست ڕه‌نگینی نییه، چونكه ئه‌گه‌ر له سه‌رێكیشه‌وه به‌های ده‌ق به‌رز بكاته‌وه‌و وه‌ستاكاری نووسه‌ر پیشان بدات، گه‌لێك جاران ناوه‌ڕۆك و گه‌وهه‌ری بنه‌مای ده‌قه‌كه ده‌بێته قوربانی ئه‌و ته‌كنیكسازییه. له‌به‌رئه‌وه ره‌چاونه‌كردنی ئه‌م دیدگایه زۆر جار ده‌بێته چه‌په‌رێك له‌به‌رده‌م ره‌خنه‌گر و لاقی پرۆسه‌ی ره‌خنه كورت ده‌بیًَت، به‌وه‌ی له گۆشه‌یه‌كی باڵه‌خانه‌ی ده‌قه‌كه ده‌كۆڵێته‌وه‌و وێنه‌ی ده‌گرێ، بێ ئه‌وه‌ی ئاگای لێ بێت یان نایه‌وێ پیشانی بدات كه له لایه‌كی تر و له ناخه‌وه داڕماوه‌و ته‌مه‌نه‌كه‌شی به ئاشكرا دیاره‌و له نه‌مریدا زۆر دوور ده‌بێته‌وه، له راستیدا له پرۆسه‌ی ره‌خنه‌دا ئه‌گه‌ر بزانرێ له گۆشه‌یه‌كدا به‌هاو باڵای ده‌ق له گرێژنه چووه ده‌بێ تیشكی بخرێته سه‌ر‌و ره‌خنه‌گر نابێ پێی وابێ نابێ له‌و كرده‌یه‌دا شتی ناكۆك بگوترێن, چونكه له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وه‌سفیدا بونیادی ده‌ق شیده‌كرێته‌وه به‌لایه‌نه هونه‌ری و ناهونه‌رییه‌كه‌یه‌وه و له هه‌ر شوێنێ ناهونه‌ریبوونه‌كه دیواره هونه‌رییه‌كه‌ی به‌ره‌و رووخان پاڵ دابوو ده‌بێ پیشان بدرێ‌و بخرێته به‌ر باس.
له خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی (بۆقێكی ژه‌هراوی)دا، خود جگه له‌وه‌ی له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه به‌رجه‌سته‌یه، له ڕووی ته‌كنیكسازیی چیرۆكیشدا سه‌نگراوه‌ته‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیاری پێ به‌خشیوه, به راده‌یه‌ك شێوه‌ی كورته چیرۆكێك له‌م شێوه‌یه سیخناخ بووه له دواندنی خود و خستنه‌ڕووی پێكهاته‌یی خود دا، ته‌نانه‌ت ئه‌مه له ناوونیشانه‌وه بگره تا سه‌ره‌تاو كۆتاییشی گرتۆته‌وه.
ناوونیشان ئه‌گه‌ر كرده‌یه‌كی ستراتیژیی بێت له پێكهاته‌ی باڵای ده‌قه‌وه، ئه‌وا ئه‌و كاته به‌هاكه‌ی خۆی زیاتر ده‌چه‌سپێنێ كه ناوونیشانێكی نائاسایی بێت، واته له زمانی ئاساییه‌وه دوور بێت و ده‌ست و په‌نجه‌و وه‌ستایی نوسه‌ری تێدا ره‌نگدابێـته‌وه, ئه‌مه ئه‌گه‌رچی شیعرییه‌ت بوونی ناوونیشان ده‌سه‌لمێنێ، به‌ڵام له‌و سۆنگه‌وه‌ش كه ده‌شێ ده‌قێكی ته‌واو له ده‌ربڕینێكدا كورت بكرێته‌وه، واته به‌و مانایه‌ی كه ده‌شێ تاكه ناوونیشانێك ناسنامه‌ی ده‌ق بوونی تێدا به‌رجه‌سته بێت, به‌ڵام له هه‌مووی كاریگه‌رتر ئه‌وه‌یه له لایه‌ك ناوونیشانه‌كه خۆی له خودبووندا گیرسابێته‌وه‌و به‌های ده‌قی به‌هێز كردبێت پاشان له خودی نووسه‌ره‌وه بۆ ناخی خودی وه‌رگره‌وه بگوازرێته‌وه به هه‌مان به‌هاوه‌و له‌وانه‌یه به‌هایه‌كه لای وه‌رگر زیاتریش بكات. هه‌تا بواری ناو‌و ناولێنراو یان دال و مه‌دلوول و یان ناو‌و ئاوه‌ڵناو و یان ناو‌و ناوه‌كه لێك دوورتر بێت جا چ له رووی رێزمانییه‌وه بێت یان واتاییه‌وه ئه‌وا ده‌ق زیندووتر ده‌كات و به‌ره‌و جوڵه‌و بزاوتنی زیاتری ده‌بات.
چیرۆكی (بۆقێكی ژه‌هراوی) كه به‌و ناوونیشانه‌وه خۆی پێشانی وه‌رگر ده‌دات، سه‌ره‌تا وه‌رگر تووشی جۆرێك له بیركردنه‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر چی له شێوه‌دا تا راده‌یه‌ك ساده‌یی پێوه دیاره، به‌و پێوه‌ره‌ی كه نزیكه له ده‌ربڕینی (بۆقێكی گه‌وره، بۆقێكی سه‌وز، بۆقێكی مردوو…….هتد) كه ئه‌م ده‌ربڕینانه له قسه‌ی ئاسایی نزیكن و ناوونیشانی له‌و جۆره له ناوونیشانی هه‌قایه‌تی فۆلكلۆری نزیك ده‌كه‌وێـته‌وه، به‌وه‌ی له دوو وشه پێك دێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌م جۆره ناوونیشانانه له هه‌قایه‌تی فۆلكلۆری كوردی و له چیرۆكی هونه‌ریشدا به رێژه‌یه‌كی زۆر به‌كارهاتوون، بۆیه‌ش لای خوێنه‌ر ئاسایی بوون، به‌ڵام ده‌ربڕینی (بۆقێكی ژه‌هراوی) له‌وانی تر جیاوازه، چونكه خوێنه‌ری ئاسایی چاوه‌ڕێی ئه‌وه ناكات كه بۆقێك ژه‌هراوییه، بۆ ژه‌هراوییه؟ چۆن زانرا كه ژه‌هراوییه؟ په‌یوه‌ستییه‌ك له نێوان خه‌ڵكی ئاسایی و كرده‌ی ژه‌هراوی بوونی بۆقدا كه‌مێك دووره. هه‌تا ئه‌م دووربوونه كه‌متر بێت په‌یوه‌ندی ناوونیشانه‌كه‌و قسه‌ی ئاسایی زیاتر ده‌بێت و به پێچه‌وانه‌وه كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كه دووره‌و له پێشبینی خوێنه‌ر دا نییه یان كه‌مه و ئه‌وسا ده‌ق به‌هاو تایبه‌تمه‌ندی بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات و وه‌رگر له هه‌وڵی ئه‌وه دابێ كه له نهێنییه‌كانی بگات و بتوانێ كلیله‌كانی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئه‌و نهێنییانه بدۆزێته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه ژه‌هراوی بوون وه‌ك كرده‌یه‌ك له ناخی بۆقه‌كه‌دا رووده‌دات، ئه‌مه ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا وه‌رگر به پێشبینیش وه‌ریبگرێ و له‌لای جۆرێك له ته‌م‌و مژی و ئاڵۆزی دروست بكا، ئه‌م ته‌م و مژییه له خودی بۆقه‌كه‌و له خودی نووسه‌ره‌و بۆ خودی وه‌رگر ده‌گوازێته‌وه. كه‌واته دواندنی ده‌ق له‌لایه‌ن خوده‌وه و به پێچه‌وانه‌وه چوونه نێو ناخی بۆق و باره ژه‌هراوییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن وه‌رگره‌وه (كه ئاوێته بوونه له‌گه‌ڵ كرۆكی ده‌ق) ناخی وه‌رگر ده‌خه‌نه بارێكی بیر كردنه‌وه‌وه, ئه‌مه‌ش دواجار له نێو به‌هاو جوڵه‌ی ده‌قدا ده‌سه‌نگرێته‌وه.
زۆر جاران وا رێك ده‌كه‌وێ كه ناوونیشان له سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه یان ناوه‌راست یان كۆتایی ده‌قه‌كه‌دا ده‌دۆزرێته‌وه‌و وه‌كو گرێیه‌ك ده‌بێته‌وه, جا له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر خودی ناوونیشانه‌كه هێمادار بوو ئه‌وا له‌نێو ناواخنی ده‌قه‌كه‌دا لای وه‌رگر روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هێمایه به‌رجه‌سته ده‌بێت و ده‌بێته هۆی تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ت بۆ وه‌رگره‌كه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای باس لێوه‌كردنه ئه‌وه‌یه هه‌ندێ جار راسته‌وخۆ ناوونیشانی ده‌ق په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی ده‌قه‌كه‌دا ده‌به‌ستێت، زۆربه‌ی جارانیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه كه مه‌غزاو مه‌دلووله‌كه له‌و شوێنه‌وه راده‌ستی وه‌رگر بكات. جا ئه‌و كاته به‌های ده‌ق پته‌و تر ده‌بێت كه ده‌سپێكه‌كه ته‌واو گرێیه‌كه نه‌كاته‌وه‌و هێنانه‌وه‌كه‌ی له‌پێناو زیاتر تامه‌زرۆیی وه‌رگر بێت و پێداگری له‌سه‌ر ناوونیشانه‌كه بكات وه‌ك كلیل و بابه‌تی سه‌ره‌كی و وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك خۆی له ده‌سپێكدا بناسێنێ.
له چیرۆكی (بۆقێكی ژه‌هراوی)(1)ی (جه‌لال قادر)دا، خوێنه‌ر كه له‌ناوونیشانه‌كه بوویه‌وه به چ باران پێشبینی ئه‌و شته ناكات كه له رسته‌ی یه‌كه‌می ده‌سپێكه‌وه هاتووه، واته مه‌زنده‌ی هه‌موو شتێك ده‌كات كه په‌یوه‌ندی به بۆق و ژه‌هراوی بوون هه‌بێت، به‌ڵام بیری بۆ ئه‌وه ناچێ كه بۆقه‌كه له‌ناو ورگی مرۆڤ دابێت:
((پێش ئه‌وه‌ی ورگم هه‌ڵدرن و بۆقه‌كه‌ی تیا ده‌ربێنن،..)) هێنانه‌وه‌ی ئه‌م رسته‌یه‌و رسته‌كانی دواتری نێو ده‌سپێك، له‌و شوێنه‌وه بۆ ئه‌وه گرنگه كه له‌لایه‌ك جۆرێك له تامه‌زرۆبوون له هۆشی وه‌رگر درووست ده‌كات، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه به‌رده‌وام بێت و به دوای ئه‌و پرسیارانه دابچێ كه بۆچی بۆق له‌نێو ورگی مرۆڤدایه و بۆچی ئه‌و كه‌سه داوا ده‌كات كه نه‌كوژرێ و له‌گه‌ڵی بمێنێته‌وه؟ له‌م رووه‌وه تووشی سه‌رسووڕمان ده‌بێت. له‌لایه‌كی تریش هه‌ر به‌و رووداوه ده‌ست پێ ناكات و به‌ڵكو به سه‌ره‌تاكانی پێش چوونه لای پزیشك ده‌ست پێ ده‌كات، كه ئه‌مه بۆ خۆی ده‌بێته به‌شێك له پێكهاته‌ی دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كان و روونكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ زانیاری تر. واته رووداوه‌كه ده‌پچرێنێ و به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌مه بۆ خۆی سه‌رنج راكێشانه‌كه بۆ خوێنه‌ر قووڵ تر ده‌كاته‌وه.
ناوونیشان و دواتر هاتنی ده‌سپێك بۆته پردێكی په‌یوه‌ندی تا ناوه‌ڕۆك و كۆتایی چیرۆك به ناوونیشانه‌وه ببه‌ستێته‌وه, له حاڵیكیشدایه ئه‌مه بۆ ئه‌م چیرۆكه ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو دێره‌ی ده‌سپێكه‌كه نه‌بوایه ده‌قه‌كه (به‌ده‌ر له به‌رگه ره‌مزییه‌كه‌ی) ده‌بوو به گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی كه له گێڕانه‌وه‌ی هه‌قایه‌تێكی فۆلكلۆری ده‌چوو و به ساده‌یی خۆی راده‌ستی وه‌رگر ده‌كرد. به‌لام ئه‌م ده‌سپێكه وه‌ك ئه‌وه وایه چیرۆكنووس یان گێڕه‌ڕه‌وه‌كه له‌لایه‌كی تر (پاڵه‌وان)ه‌كه ده‌ستی به خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه كردبێ و له‌و شوێنه‌ی كه یه‌كه‌م رسته‌ی ده‌قه‌كه‌یه لێره‌دا، وه‌رگرێك بێته ژووره‌وه ده‌قه‌كه بچڕێنێ و داوا له گێڕه‌ره‌وه بكات كه سه‌ربرده‌ی چیرۆكه‌كه‌ی بۆ بگێڕێته‌وه، ئه‌ویش هه‌قایه‌تبێژانه چیرۆكی بۆقه‌كه‌و خۆی بۆ بگێرێته‌وه و له‌و شوێنه‌ی كه پچڕاندبووی له دوای ئه‌م ده‌ربڕینه كه سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه‌یه ((پێش ئه‌وه‌ی ورگم هه‌ڵدرن و بۆقه‌كه‌ی تیا ده‌ربێنن، پزیشكه‌كان ده‌یان وه‌ره‌قه‌یان پێ ئیمزاكردم. به‌لامَ من یه‌ك مه‌رجم هه‌بوو كه بۆقه‌كه نه‌كوژرێ‌و له‌گه‌ڵ مندا بمێنێته‌وه. پزیشكه‌كان ڕازیبوون و به‌نجیان كردم به‌ره‌و ژووری نه‌شته‌رگه‌ری بردمیان.). له دوای ئه‌م رسته‌یه‌وه كه ئیمه به ده‌سپێكمان داناوه, زۆر به ساده‌یی چیرۆكنووس وه‌ك ئه‌وه وایه رووبه‌ڕووی ئه‌و وه‌رگره هاتبێته‌وه كه پچڕاندبووی راسته‌وخۆ ده‌ڵێ:(چیرۆكی ئه‌م بۆقه‌ش: چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌و پێش …….)
چیرۆكی (بۆقێكی ژه‌هراوی) خاوه‌نی زمانێكی ئاڵۆز نییه كه خوێنه‌ر تووشی په‌شۆكان و ڕامانی قووڵ بكات، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه زمانی ئاڵۆزی چیرۆكه‌كه نییه كه خوێنه‌ر تامه‌زرۆ ده‌كات، به‌ڵكو قورسایی و به‌های زمانه‌كه گوازراوه‌ته‌وه بۆ ناوه‌ڕۆك، واته ناوه‌رۆكه‌كه به زمانێكی نائاسایی ناوه‌ڕۆكه‌وه نووسراوه، كه خوێنه‌ر پێشبینی ناكات. كۆی چیرۆكه‌كه بۆقێك له سكی كه‌سێك ده‌ردێنن و گفتوگۆی كه‌سه‌كه‌و بۆقه‌كه ده‌ست پێده‌كات و دواتر لێك جیاده‌بنه‌وه. ئه‌مه زمانێكی ئاساییه, به‌ڵام خودی پرۆسه‌ی بوونی بۆقه‌كه له‌نێو سكی مرۆڤه‌كه‌داو قسه‌له‌گه‌ڵ كردنی زمانی پته‌و دروست ده‌كات، كه شێوه‌یه‌كه له لادان, لادان له واتا، به‌ڵام له فۆرم نا, واته نزیك ده‌بێته‌وه له ریالیزمێك، به‌ڵام ئه‌م ریالیزمه جۆرێك سیحری بوونی تێدایه، ئه‌م سیحری بوونه‌ش هه‌ندێ جار له هه‌قایه‌تی فۆلكلۆری و ئه‌فسانه‌ی كوردیدا ده‌بینرێ.
چیرۆكی نوێی كوردی به زۆری به‌وه سیخناخ بووه كه رووداوه‌كان تێكه‌ڵی یه‌كترن و خوێنه‌ر به سه‌ختی ده‌توانێ لێكیان جیا بكاته‌وه، له لایه‌ك ئاڵۆزی له رووداوه‌كان و له‌لایه‌كی تر ئاڵۆزی له زمان و پێكهاته‌ی وایان كردووه جۆرێك ناروونی به ده‌ق دیاربێت، ئه‌مه‌ش مانای وا نییه هه‌موو ناروونییه‌ك به‌های ده‌ق و شیعرییه‌ته‌كه‌ی نیشان بدات و به لادان حیساب بكرێت. چونكه ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ كۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌كی لادان و شیعرییه‌ته‌كه بێت، ئه‌وا دروست كردن و سازاندنی خه‌یاڵیش ده‌بێ به دروستی بگاته خوێنه‌ر، چونكه خوێنه‌ر به‌شێك له پرۆسه‌ی به‌هاو قورسایی ده‌ق پێكده‌هێنێت.
له‌م چیرۆكه‌دا خه‌یاڵ نابێته كۆڵه‌گه‌ی زمان و فۆڕمی ده‌ق، به‌ڵكو خه‌یاڵ له رووداوه‌كه دایه، كه ئه‌مه سرووشتی سیحری بوونی ده‌ق پێكده‌هێنێ، چونكه به‌ره‌و ئه‌فسانه‌چوون و سیحری چوونی ده‌ق، یان به واتا ئاینییه‌كه‌ی به‌ره‌و په‌رجۆچوون، له فۆرم و ته‌كنیكی زمانه‌كه‌دا نییه، ئه‌وه‌نده‌ی له رووداو‌و كار‌و كرده‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كاندایه, بۆیه له‌مه‌دا ئه‌گه‌ر زمانه‌كه ئاسایی بێت و رووداوه‌كه ساده‌ش بێت، له پڕێكدا دیمه‌نێكی سیحری و نائاسایی خه‌یاڵ ده‌هێنێته كایه‌وه، ئه‌م خه‌یاڵه به‌رده‌وام ده‌بێت و ته‌واوی ده‌ق داده‌پۆشێت. له‌به‌رئه‌وه له‌م چیرۆكه‌دا خه‌یاڵه سیحرییه‌كه له هێنانه ده‌ره‌وه‌ی بۆقه‌كه‌یه له نێو زگی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه, كه تا ده‌ق كۆتایی پێ دێ، خوێنه‌ر تامه‌زرۆ ده‌كات و له كۆتاییشدا خوێنه‌ر پێشبینی ئه‌وه ناكا چیرۆكه‌كه كۆتایی پێ بێت، به‌ڵام له حاڵێكدا ته‌واو ده‌بێت، كه خه‌یاڵ بۆته پێكهێنه‌ری ره‌مزێكی گه‌وره كه دواجار ئه‌م خه‌یاڵه هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی نهێنی ئه‌و ره‌مزه ده‌دات، ره‌مزه‌كه‌ش به ئاسانی خۆی به‌ده‌سته‌وه نادات، هه‌موو پێشبینی و راڤه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌و ئاشكراكردنی نهێنی ده‌ق و ناساندنی بۆق و كاراكته‌ره‌كه، خۆی له‌نێو بۆته‌ی خه‌یاڵێكی چڕدا ده‌بینێته‌وه، وێڕای ساده‌یی ده‌ربڕین و كورتبڕی ده‌قه‌كه‌ش, ئه‌م پرۆسه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت.
كورتبڕی ده‌ربڕین له زۆر كاتدا شیعرییه‌ت له‌خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌گه‌ر چی له كورتبڕیدا كه‌متر به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ لادان هه‌یه, به‌تایبه‌تی لادانی ده‌ربڕین و شیعرییه‌تی ده‌ربڕین, چونكه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین لادانی فۆڕمی و ده‌ربڕین هه‌بێ، ده‌بێ زۆرترین رووبه‌ری وشه هه‌بێ تا بواری ئه‌وه هه‌بێ ساناتر و دیارتر وه‌ستاكاری و هونه‌ركارییانه‌ی ده‌ق ئاشكرابێت, ئه‌مه‌ش هه‌مووی به‌ندیوار ده‌بێت به خاڵێكی گرنگ كه بریتییه له وه‌سف. له وه‌سفدا زیاده‌ره‌وی و هووشه‌كاری هه‌یه، كه دواجار سه‌رده‌كێشێ بۆ لادان و یاریكردن به وشه, له نێو ئه‌م پرۆسه‌ی یاریكردن به وشه‌دا به‌های ده‌ق به‌ره‌و سۆز‌و خه‌یاڵ به‌رز ده‌بێته‌وه, كه تیایدا رووداو كه‌م ده‌بێت و خه‌یاڵ زۆر ده‌بێت, ئه‌مه هه‌موو جارێ به به‌هاو قورسایی ده‌ق حسێب ناكرێ, چونكه ده‌شێ ده‌قه‌كه له خه‌یاڵی نووسینه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ خه‌یاڵی وه‌رگر, كه خۆی له به‌رجه‌سته‌بوونی بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵ ده‌بینێته‌وه لای وه‌رگر, واته زۆرترین خه‌یاڵ لای وه‌رگر ئاماده‌یی ده‌بێت.
چیرۆكی (بۆقێكی ژه‌هراوی) له هه‌موو رووه‌كانه‌وه به كورته چیرۆك حسێب ده‌كرێ, سه‌ره‌رای ئه‌مه ئه‌م ده‌قه كه‌مترین وه‌سفی تێدا ئاخنراوه, كه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مترین چه‌قبه‌ستووی له ده‌قه‌كه‌دا ببینرێت, چونكه وه‌سف زۆرترین ئاوه‌ڵناو له‌خۆ ده‌گرێت, له به‌رامبه‌ردا كه‌متر بواری كار ده‌دات, به‌و پێیه كه سه‌رنج ده‌ده‌ین هێنانه‌وه‌ی زۆرترین (كار) وه‌ك سرووشته‌كه‌ی وایه سێ ره‌گه‌ز له خۆی ده‌گرێت, یه‌كه‌میان كه‌س (كاره‌كته‌ر) و دووه‌م (كات) و سێیه‌م (رووداو), له به‌رامبه‌ردا ئاوه‌ڵناو هیچ ره‌گه‌زێك له‌م سێ ره‌گه‌زه له‌خۆناگرێت، كه‌وابوو ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه رۆڵ له جوڵان و بزواندنی ده‌ق ده‌بینن, به‌وه‌ی به‌هۆی كاته‌وه ئه‌وه‌ی ده‌باردا ده‌بێ كه ده‌ق له هه‌مه‌جۆری كاته‌وه بخولێته‌وه‌و یاری به كات بكات، له رابردووه‌وه بۆ داهاتوو له داهاتوو بۆ رابردوو و له ئیستاوه بۆ داهاتوو رابردوو ده‌ق بهه‌ژێنێ و بیهێنێ وبیبات, ئه‌مه‌ش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌ق له چه‌قبه‌ستوویی و خۆخواردنه‌وه دوور ده‌خاته‌وه. كه‌س و كاره‌كته‌ره‌كانیش به هۆی كاره‌وه خۆیان ده‌دۆزنه‌وه‌و هه‌مه‌جۆری له كاره‌كته‌ركانیش جۆرێك له پڕ قه‌له‌بالغی ده‌ق نیشان ده‌دات و له ساده‌یی و سانایی دووری ده‌خاته‌وه. هه‌رچی رووداویشه كه به بربڕه‌ی پشتی ده‌ق داده‌نرێت و به‌و هۆیه‌وه به‌هاو ناوه‌ڕۆكی ده‌ق ده‌دۆزرێته‌وه, ئه‌مانه هه‌موویان ده‌ق ده‌خه‌نه بارێكی جوڵاوه‌وه, كه دواجار خۆیان له‌نێو شیعرییه‌ت ده‌بیننه‌وه.
له چیرۆكی (بۆقێكی ژه‌هراوی) كه‌مترین بواری ئه‌وه دراوه ئاوه‌ڵناو دووباره بێته‌وه, واته چیرۆكنووس نه‌یویستووه ده‌ق به نێو وه‌سف و ئاوه‌ڵناودا نقوم بكات, ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ره‌كی بووه زۆرترین كار تێیدا به‌رجه‌سته بێت, به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر به شێوازگه‌ری ئامارییه‌وه ره‌فتار له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه بكه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵێن له‌م كورته چیرۆكه‌دا زیاتر له 178 كار هه‌یه, كه ئه‌مه رێژه‌یه‌كی زۆره بۆ ئه‌م ده‌قه كورته, له به‌رامبه‌ردا رێژه‌ی ئاوه‌ڵناوه‌كان نه‌گه‌یشتۆته 15 ئاوه‌ڵناو ئه‌مه ئه‌گه‌ر به تیۆری (بوزیمان) لێكی بده‌ینه‌وه, رێژه‌كه گه‌لێك زۆره, كه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه جوڵه‌ی كار له‌نێو چیرۆكه‌كه‌دا هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كانی گرتۆته‌وه, هه‌روه‌ها كورتیی رسته‌كان وایكردووه كه زۆرترین كار‌و كه‌مترین كه‌ره‌سته‌كانی تری تێدا به‌رجه‌سته بێت.
ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی نزیكه‌یی تیۆره‌كه‌ی (بوزیمان)ی به‌سه‌ردا بچه‌سپێنین ئه‌وا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌توانین هه‌لسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكه‌ین.
ریژه‌ی كار بۆ ئاوه‌ڵناو= ریژه‌ی كار/ رێژه‌ی ئاوه‌ڵناو
178/ 15= 11.866 كه ئه‌مه رێژه‌یه‌كی به‌رچاوه(2).
ئه‌وه‌ی ئیستاتیكای ئه‌م ده‌قه‌ی به‌رجه‌سته‌تر كردووه, جیا له فۆرم و لایه‌نه ته‌كنیكییه‌كه‌ی, ناوه‌ڕۆكێكی به ره‌مز داپۆشراوه, كه دواجار ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینه‌كان ساده‌ش بن خۆیان له بۆته‌ی ناوه‌ڕۆك ده‌بیننه‌وه‌و ناوه‌ڕۆك و ئیستاتیكایه‌كه‌ی به دیوی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ده‌به‌ستنه‌وه‌و ده‌ق ده‌خه‌نه بارێكی تایبه‌تمه‌ندتر و به‌های شیعرییه‌تی تێدا به‌رز ده‌كه‌نه‌وه, هه‌روه‌ك بۆ خوێنه‌ریش ساده ده‌بێته‌وه به‌ڵام چۆنیه‌تی تێگه‌یشتنه‌كه‌ی له نێو چوارچێوه‌ی خه‌یاڵێكی زۆر و فره ره‌هه‌ندا ده‌سه‌نگرێته‌وه. ده‌شێ لێره‌دا هه‌ر وه‌رگرێك و به تێگه‌یشتنی خۆی چیرۆكه‌كه لێك بداته‌وه, به‌وه‌ی كه ئه‌م بۆقه له سكی كه‌سێكی تره‌وه هێنراوه‌ته ده‌ر و دواتر به‌ره‌نگاری كه‌سه‌كه ده‌بێته‌وه, ئه‌مه رێك یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ نموونه‌ی جیابوونه‌وه‌ی ماڵێكی نوێ له ماڵێكی كۆن یان دابڕینی خاكێكی نوێ له چوارچێوه‌ی خاكێكی كۆنینه‌وه, یان به مانایه‌كی تر ماڵ كردنه و وه‌فا نه‌نواندنه به‌رامبه‌ر ماڵی یه‌كه‌مین و بێ نمه‌ك بوونه له به‌رامبه‌ر زێد و ره‌وینه‌وه‌یه له ره‌سه‌نایه‌تی و یاخیبوونه له باوك و له دایك و له زێد…….هتد. ئه‌مانه مشتێكن و ده‌شێ ده‌یان ته‌ئویلی بۆ بكرێ، كه دواجار ئه‌م خوێندنه‌وه فره ره‌هه‌نده, ده‌ق به‌ره‌و كراوه‌یی تر ده‌بات و وێڕای ساده‌یی زمانه‌كه‌ی ئاڵۆزییه‌ك له تێگه‌یشتنی مانا سه‌ره‌كییه‌كه به‌رجه‌سته ده‌كات, ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی چیرۆكی هونه‌ری ئه‌مرۆی كوردییه به چوارچێوه خۆماڵیی و ره‌سه‌نێتییه‌كه‌وه ئیستاتیكاو شیعرییه‌تی ناوه‌ڕۆك به رووخساره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
Hem992003@yahoo.com