Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ڕوونکردنەوەیەک لە(ئیسماعیل  حەمەئەمین) بۆ خۆپیشانداندەران و خوێنەرانی ئازیزم

ڕوونکردنەوەیەک لە(ئیسماعیل حەمەئەمین) بۆ خۆپیشانداندەران و خوێنەرانی ئازیزم

Closed
by March 30, 2011 گشتی

ئازیزانم ، خۆپیشاندارنی  ئازیزانم ، هاوڕێیانی خوێنەرم،  گلەییەکانتان لەسەر دڵم دادەنێم، ڕەخنەکانتان لەمن کەئێوەم لەدوای  بیست و سێی شوبات بەجێهێشتووە و گەڕاومەتەوە بۆ ئەڵمانیا، بەهەند وەردەگرم. ئەمەش وەهای لێکردم کەبێدەنگی خۆم بشکێنم و وەڵامتان بدەمەوە و ڕەخنە نازدارەکانتان ، بەگازندەی دڵی خۆم تێدەگەم ، چونکە  منی ڕۆماننوس ، منی  نوسەر جگە لەئێوەی ڕاپەڕیوو لەدژی گەندەڵی و تێکۆشەر بۆ ئازادی کەسیتر شک نابەم وەک هاوڕیی و دۆست و خۆشەویست. ڕەخنەی مرۆڤە ئازادەکان، ئەوانەی داوای چاکسازی و دیالۆگ و ڕیفۆرم و هەڵوەشاندنەوەی دنیای کۆنینە دەکەن،  هەمیشە مانای  بەخشینی جوانیە بەو کەسەی ڕەخنەی لێگیراوە.  من ڕەخنەی ئێوە کەبەتەلفۆن  پێمگەیشت و لەسەر جادە و لەشارەکاندا بەناڕاستەخۆ پیمدەڵێن  (وامانزانی هێشتا لەسلیمانیت ولەبەردەرکی سەرا ماویتەوە)  یان ئەو ئیمێل و تەلفۆن و گلەییەیانەی ، لەلای کەسە نێزیکەکانم لەمن کراوە هەموویم قبوڵە و سوپاستان دەکەم . 
ئیستا ناچارم  چەند خاڵێک ڕوونبکەمەوە ، هیوادارم پۆزش نەبێت بەڵکو نامەیەک بێت بۆ پشتگیری (گەنجانی حەڤدەی فێبروار / شوبات) ، کە خۆشەویستیان، کەپشتگیریان، کەباوەشیان بەمندا لەڕۆژانی  حەڤدەی شوبات و تا ڕۆژانی دوایی، منی بۆ هەزار ساڵ هاندا بۆئەوەی بەردەوام بم لەنوسین، تێبگەم ساڵانی کاری ئەدەبی و ڕەخنەیی و کاری فیکری  بۆ ئەم  خوێنەرە ئازیزانە بووە،  بەشداربوونێکی کەم بووە لەدنیای ئەواندا،  لەحەڤدەی شوباتدا چەندەها گەنجم بینی ڕۆمانەکەی منیان (ئەودیوو سنوور، باڵەفڕە بەنێو دارستانکانی مانگدا..)  یان بەدەستەوە بوو، هەندێکیان  لەبەردەرکی سەرا دەهاتن بۆ لام و گفتوگۆمان دەکرد لەسەری، باسی ئەدەبیان لەگەڵدا دەکردم، باسی گەنج و کێشەکانیان و گەندەڵی  و تەوەرە فیکرییەکان.  ڕۆژانی داهاتوو  جارێکی یەکترمان دەبینیەوە، خۆشەویستی ئەو خەڵکەی کەتەنها ئینتمای هەیە بۆ خۆی، هەموو بیرۆکەیەکی منی ئاوەژوو کردووە. ..ڕاستیتان دەوێت  من لەساتێکی ڕەشبینیمدا  بڕوام وەهابوو کە کۆمەڵگەی کوردی، جەماوەری گشتی،  ڕقی لەڕۆشنبیرە جیدییەکانێتی، هێزیک هەیە بەردەوام برسی دەکات و حەزدەکات نوسەری ئازاد هەمیشە بەبرسێتی ببینێت،. لەتەنیشت ئەوەوە نوسەری دەسەڵات بەتێری و پوختەیی، ئەمە وێنەیەکە بەرامبەر وێنەیەکی دیکە.  لەبەر ئەوە ئەقڵی گشتی بەشێوەیەکی لاشعوری، کێشەی بۆ دروستدەکات و هەوڵی بچوکردنەوەی دەدات و دەیەوێت لەقاڵبی بدات بیخاتە قاڵبی نوسەری دەسەڵات ، نوسەری ئۆپۆزیسیۆن، نوسەری پابەندبوو بەکڵێشەی دەزگایەکی دیاریکراو .  بێگومان بە موچەکەیەوە بەندیکات. بەڵام کەدەمبینی من و هاوڕێکانم هەر دەنوسین و دەڵیین کەس ناجوڵێت، من و ئازیزانم هەموو دەرگاکانی دنیا و خوا و ژیانمان لێدادەخرێت و بەهۆی بیروئیدیا و شێوازی ژیانمانەوە هەمیشە لەگرفتداین، وەهامان لێهاتبوو  لەکۆمەڵێک چەنەبازی سەر ڕووبەرەکانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان نەبێت کەژیانمان بۆی ئەم شەڕە تەرخانکردووە  هیچیتر نەبووین.  هەمیشەش لەژیانی خۆماندا زەرەدی گەورەمان لەخۆمان و کەسە نێزیکەکانمان،  هەستمدەکرد ئەم دەستە کەمە لەڕۆشنبیرانی ئازاد و هونەرمەندانی جیدی و ڕۆژنامەوانی ئازاد  مەنبوزترین بەشی ئەم کلوتورەن، دەبێت هەر خەون بە هۆشمەندەیەکی نوێوە ببینین، ڕۆژیک پەیدا دەبێت، ئەو چاوەڕوانیەم  لەو چرکە ساتە ڕەشبینیەمدا بە چاوەڕوانی گۆدویەک دەچوواند کەهەرگیز نایەت. بەڵام  ئەوە ئێوەبوون گەنجانی بەردەرکی سەرا کەلەحەڤدەی شوبات و تائێستا بەرەنگاری گەندەڵی دەبنەوە، بەرەنگاری کڵێشەکانی باوکسالاری دەبنەوە کەلەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەفیگور و کەسێتی سەرۆکی ئەبەدی و باوکی گەورەی نیشتماندا خۆی بەرجەستە کردبوو.   ئێوە نوسەریکی وەک منتان بە جیهان ئاشتکردەوە، بەخۆتان و بەکۆمەڵگە ئاشتکردەوە، باوەش و تەوقە و موناقەشەکانتان  لەگۆڕەپانی ئازادی  بەردەرکی سەرا و لەماوەی ئەو شەش مانگەی لەکوردستان بووم  و تەنانەت لەڕۆژانی پڕ خوێناوی خۆپیشانداندا، کاریگەری قوڵی لەلاجێهێشتووم. هەندێکتان دەهاتن بۆ لام و تەوقەتان لەگەڵدا دەکردم، هەندێک لەگەرمەی خۆپیشانداندا کاتێک سەربان و بن بانی شار چەکدار بوو، داوای ئەوەتان لێدەکردم ڕای خۆم دەربارەی چارەنوسی ئەم خۆپیشاندانە بڵێم، ئەمانە هەمووی  منی بۆ هەزار ساڵ ورەبەرزکرد کەبەردەوام بم لەنوسین لە ڕەخنەگرتن ، لەتەفسیر کردنی دنیا بەو توانا موتەوازع  و کەمەی  هەمە..،ئەم چەند  خاڵەی خوارەوە هۆکاری سەفەرکردنەوەم بوو لە بیست وسێ شوباتدا بۆ ئەڵمانیا، بەهیوام وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کەبۆچی من لەدوای بیست و سێی شوبات کوردستانم جێهێشتووە
یەکەم: من لە مانگی سێپتمبەری ٢٠١٠  لەکوردستان بوم تاوەکو شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ ی شوبات.  پێش ئەوە بەماوەیەکی زۆر بلیتم بڕیبوو، لەبەر ئەوەی پاسپۆرتەکەم دوای دەساڵ کۆتایی دەهات و مانەوەم لەکوردستان کێشەی بۆ دروستدەکردم و خۆشتان دەزانن کێشە دروستکردن بۆ خەڵکانی وەک ئیمە چەند چاوەڕوانکراوە.
دووهەم: من نەپلەیەکی وەزیفیم هەبووە ، نە موچەیەک، وەک کادێر و هەڵسوڕاو و هەندێک نوسەر کەلەدەزگاکاندا کاردەکەن.  نەئەوەم ئەندام بم لەحزبیکی سیاسی و دەزگا و شوێنێک، من لەو سەربەستیە ماتریاڵیەوە بەئازادانە قسەم دەکرد.  ئەمەش مانای ئەوەبوو دەبوایە لەسەر ئیمکانیاتی کەمی خۆم بژیم، منێک کەباوکی دوومنداڵم،  ئەوە ی هەبووە تەنها هەندێک پارەی کەم نەبێت کەپارەی کتێبەکانمە و چەند گوتارێک  و پارەی  خۆم ، لەوەزیاتر من سەرچاوەیەکی مادیی دیاریکراوم نەبووە، کەبتوانم بەردەوامی بدەم بەمانەوەم لەگەڵتاندا.
سێهەم: دڵی باوک بۆ منداڵەکانی بەس باوک تێیدەگات، لەشەس مانگ زیاتر نەمدەتوانی بەرگەی ئەوە بگرم کەمنداڵەکانم نەبینیمەوە. ئەوەی لەفڕۆکەکەدا لەکاتی گەڕانەوەمدا منی لەناخدا خستە گریان ڕستیەک بوو، لەمێشکمدا فۆرمولەم دەکردەوە بەچەندەها شێوە و ئازاری دەدام ، بیرکردنەوەیەک بوو لەتراژیدایای ئەو باوکانەی ڕۆڵەکانیان لەدەستدەدەن، بەتایبەت کاتێک بەناهەق خوێنیان دەڕژێنرێت، ئەو بیرۆکەیە ئەوەبوو، من بیرم لەوەدەکردەوە کەمن بۆ شەش مانگ دەبێت دوو منداڵەکەم نەبینیووە خەوم لێ هەراسان بووە، ئەی دەبێت باوکی ڕێژوان و شەهیدەکانی تر چی بکەن. ئەوەی منی هیلاکتر کرد ئەو هەستکردنە بوو بەتاوان ، بەگوناهە بەوەی من دەتوانم کوڕەکانم ببینمەوە و ئەوانیش دەبێت بەبێدەنگی بۆ ڕۆڵەکانیان بگرین.
 
  خۆشەویستیم قبوڵ بکەن
ئیسماعیل حەمەئەمین  
نورنبێرگ ٣٠ ئازاری ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.