Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
براوە و دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی پێش وەخت یان فیدڕاڵیەتی پارێزگاکان

براوە و دۆڕاوەکانی هەڵبژاردنی پێش وەخت یان فیدڕاڵیەتی پارێزگاکان

Closed
by April 13, 2011 گشتی

 

سەرەتا
خۆپیشاندان و ڕوداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵیک ئەگەر و پێشهاتی هێناوەتە پێشێ، کە کەم و زۆر پێدەچێت نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆڕێت، بە جۆرێک پێ ناچێت جۆری هەڵسوڕانی سیاسی وەک خۆی بمێنێتەوە، بەتایەتی تر کاتێک لە ئێستادا گرەو لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەخت دەکرێت.
پێش هەموو شتێک دەبێت بپرسین ئایا چی وا لە سەرۆکی هەرێم دەکات کە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات؟ وە ئایا چی وا دەکات یەکێتی و پارتی بە خودی سەرۆکی حکومەتەوە نەرم بن بەرامبەر بە ئالوگۆڕکردن لە وەزارەتەکانی حکومەتدا؟ ئەمە پرسیارە سەختەکەیە، چونکە دوو مانگ پێش ئێستا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت زۆر بە توندی دژی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان بوون، بەڵام ئێستا جۆرێک لە نەرمییان تێدایە، کە وادەکات لە هەڵگەڕانەوەی هەڵوێستییان ڕابمێنین.

پارتی براوە و سەرۆکی هەرێم زەرەرمەند
ئەگەر خوێندنەوە بۆ گۆرانکاری لە هەلوێستی سەرۆکی هەرێمدا بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، سەرۆکی هەرێم لەوە تێگەیشتوە کە ئەگەر بێتوو لە ئێستادا گوێ بە داواکاری خۆپیشاندەران نەدرێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵی دامرکاندنەوەی خۆپیشاندان نەدرێت بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەوا دوور نیە کە داواکاری خۆپیشاندەران لە چاکسازییەوە بگۆڕێت بۆ داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم و داواکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی پێشوەخت، ئەگەر چی سەرۆکایەتی هەرێم لە ئێستادا و داهاتووشدا مسۆگەرە بۆ مەسعود بارزانی، بەڵام ئەگەر بێتو هەڵبژاردنی پێشوەخت بێتە ئاراوە، پێناچێت مەسعود بارزانی بتوانیت لانیکەم ئەو دەنگانە بهێنێتەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا هێنابووی، بۆیە پێدەچێت پارتی و سەرۆکەکەی لەوە گەیشتبن یان ئاواتەخوازبن، کە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆکایەتی هەرێم لەبیر خەلک بەرێتەوە.
 دیارە پارتی لەوەش تێگەیشتوە ئەگەر خۆیان وەک حیزب زەرەرمەند ببن لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختی پەرلەمان و نەتوانن هەمان دەنگ بهێننەوە و نەبنە خاوەنی هەمان ژمارەی کورسی پەرلەمان کە ئێستا خاوەنین، بەڵام بوونی سەرۆکی پارتی لە سەرۆکایەتی هەرێم و بە ڕێژەی لە % ٦٩ ی دەنگدەران، کە لە ئێستادا بەرزترین دەسەلاتە، گرنگترە لە چەند کورسییەکی پەرلەمان و داهاتووی هێز لە دەستی پارتیدا مسۆگەر دەکات.
بەدیوێکی تریشدا پارتی ئاگاهی ئەوەی هەیە کە تاسەر ناتوانێت ڕێگە لە خۆپیشاندانی هەولێر بگرێت و هەولێریش وەک بە خۆڕاگری ناسراوە، بەلام کە لە هەولێر بتەقێتەوە زۆر لەوە توندتر دەبێت کە ئیستا لە سلێمانی هەیە، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەخت ڕێگە لە تەقینەوەی هەولێریش دەگرێت.
لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەماندا،تەنها شتێک بۆ پارتی مسۆگەرە، ئەوەیە، کە پێناچێت پارتی بی زەرەر لەم هاوکێشەیەی ئێستا بیتە دەرێ، بەڵام دڵدانەوەی پارتی لەوێوە دەست پێدەکات کە کورسی سەرۆکایەتی هەرێم بە سەلامەتی لە ژێر سەرۆکەکەیدا بمینێتەوە، فیدڕاڵیەتی پارێزگاکان ڕانەگەینرێت، بە واتایەکی تر سلێمانی و گەرمیان جیانەبنەوە، چونکە ئەو کات گەورە زەرەرمەند خودی سەرۆکی پارتی و پۆستەکەیەتی.

گۆڕان و جیاکردنەوەی سلێمانی و گەرمیان
پێش هەموو شتێک ئەبێت ئەوە بڵێین، لەوەتەی ئاشکرابووە کە مەسعود بارزانی ڕێگر بووە لەبەردەم وەرگرتنی دوو وەزارەت بۆ گۆڕان، گۆڕان کەوتۆتە تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسی لە خودی پارتی و سەرۆکی هەرێم. پاشان هەموو قسە و ڕەفتارەکانی گۆڕان بۆنی ئەوەی لێ دێت، کە گۆڕان دەخوازێت فیدڕاڵیەتی پارێزگاکان بچەسپێت، هەر پارێزگایەک ئەنجومەنێکی کارای هەبێت کە بڕیارە سیاسی و کارە ئیدارییەکانی پارێزگاکە ڕاپەڕێنێت.
 ئەمە خەونی گۆڕانە و وا دێتە پێش چاو کە لەماوەیەکی داهاتوودا گۆڕان چەند یان هەموو فراکسێۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان بکشێنەوە و ئەندامێتی خۆیان هەڵپەسێرن، بەمەش سیستەمی سیاسی کوردستان تووشی ئیفلیجی دەکەن، بەتایبەتی تر کە ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لەبەردەم حەرەمی پەرلەماندا لەلایەن پاسەوانی ئەندام پەرلەمنتارێکی ترەوە لێی دەدرێت، پێدەچیت گۆڕان سوود لەمە وەربگرێت و بیکاتە خاڵی دەستپێکی ئەو ئەجێندا سیاسییەی کە خەونی پیوەدەبینێت، ئەویش دیسەنترەڵەیشنی دەسەڵاتە.
دیارە یەکێکی تر لە ئامانجەمانی گۆران لە بە فیدراڵیەتیکردنی پارێزگاکاندا ئەوەیە، کە ئەم هیزە دەخوازێت لە زۆرینەی خۆی لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان سوودمەند بێت بەوەی کە بتوانێت کارو کردار پێشەکەش بەو ناوچانە بکات و لەو ڕێگەیەوە جێ پەنجەی خۆی بنەخشێنێت.
گۆڕان دەخوازێت لە ڕیگەی فیدڕاڵیەتی پارێزگاکانەوە لە پێگەی سەرۆکی هەرێمیش بدات و پۆستەکەی بکاتە کارتۆنی، چونکە بە فیدڕاڵیەتکردنی پارێزگاکان، هیچ پێویستییەک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نامێنێتەوە، ئەو کات ئەو پۆستە (کە پارتی ئامادەیە شەڕی مان و نەمانی سیاسی بۆ بکات)، ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشینرێتەوە، ئەبەر هەڵیشنەوەشێنرێتەوە، دەبێتە پۆستێکی سیادی ئەوتۆ، وەک پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
بە هەموو بارەکاندا داشی گۆڕان سوارە و لە قازانجیدایە، چ بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان (چونکە ئەو کاتە بەیاننامە ٧ خاڵیەکەی سەریگرتوە و قورسایی گۆران دەردەخات و دەنگی زیاتر دەهەێنێت لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا)، یاخود بە دروستکردنی فیدڕاڵیەتی پارێزگاکان، کە هەموو ئاماژەکان سیگنالی ئەوە دەدەن کە لە سلێمانی و گەرمیان براوەی یەکەم گۆران دەبێت.

یەکێتی زەرەمەندە گەورەکە
ئەگەر دوو زەرەرمەند هەبێت لە هەڵبژاردنی پێشوەخت (بەو مەرجانەی کە گۆڕان لە بەیاننامە ٧ خاڵییەکەدا دایناوە) یان فیدڕاڵیەتی پارێزگاکان، ئەوا پۆستی سەرۆکی هەرێم یەکەمیان و یەکیتی نیشتیمانی دووهەمیانە، چونکە بە فیدڕاڵیکردنی پارێزگاکان پێدەچیت یەکێتی بنکەی ئێستای لە دەست بدات لە سلێمانی، ئەو کات دەبێت یەکیتی شەڕ لەسەر کەرکوک بکات، چونکە تەنها شوێن کەرکوکە کە  یەکێتی پێگەی تێیدا قایم بێت.
لە ئەگەری دووهەمدا، کە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانی ئێستادا دەبینێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، ئەوا دیسان یەکیتی یەکێک دەبێت لە زەرەرمەندەکانی، چونکە لە ماوەی ٢ ساڵی حکومکردنیدا، کارێکی ئەوتۆی نەکردووە کە جێ پەنجەی نەخشاندبێت، لانیکەم لە دەڤەری سەوزدا، پاشان لە هەمووی گرنگتر، سووتاندنی کارتە بەهێزەکەی یەکێتیییە (واتا بەرهەم ساڵح)، چونکە بەرهەم ساڵح تەنها کارتی ئەم سەردەمەی یەکێتی بوو، کە دەویسترا قەرەبووی شکستەکانی یەکێتی پێ پڕ بکرێتەوە، بۆیە ئەگەر لە ئێستادا حکومەت هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت بێتە ئاراوە، ئەوا یەکێتی ئەو کارتەی دەسووتێت و پێدەچێت زامێکی تر بکەوێتە جەستەی یەکێتیەوە، لە زامی جیابوونەوەی گۆڕان قوڵتر و بە سوێتر و درێژخایەنتر. بۆیە تەنها خوێندنەوە بۆ یەکێتی زەرەرمەندبوونیەتی لە هەموو ئەگەرەکاندا.

دووڕیانەکەی ئیسلامییەکان
ئیسلامییەکان لە ئێستادا کەوتونەتە دووڕیانێکەوە کە نازانن کام لە ڕێگاکان هەڵبژێرن، چونکە جگە لەو جەماوەرە دیاریکراوەی هەیانە، پێناچێت فیدڕاڵیەتی پارێزگاکان سوودێکی ئەوتۆیان پێبگەیەنێت، بەتایبەتی تر یەکگرتوو لە بادینان و کۆمەڵ لە هەولێر، وە لە سلێمانیش ناتوانن مونافەسەی گۆڕان و یەکێتی بکەن، بۆیە پێناچێت ئیسلامییەکان لەگەڵ  فیدڕالییەتی پارێزگان بن، بەڵام پێناچیت ئیسلامییەکان لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختیش سوودمەندێکی ئەوتۆ بن، چونکە لە کاتی بەیاننامە ٧ خاڵییەکەی گۆڕانەوە تا ئێستا داوای یان پشتگیرییەکەی یەکلاکەرەوەیان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت نەکردووە، هەر ڕەنگە لەبەر ئەمەش بێت تەوژمی دەنگی ناڕازی بچێتە جۆگەی گۆڕانەوە و ئیسلامییەکان کەمترین سوودمەند بن لە شەپۆلی خەڵکی ناڕازی و بێلایەن کە ئەندامی هیچ یەکێک لە حیزبەکان نین. ئەمە لە کاتی هەڵبژاردنی پێشوەختدا، بەڵام لە کاتی ڕاگەیاندنی فیدڕاڵیەتی پارێزگاکاندا، لەبەر ئەوەی ئیسلامییەکان لە هیچ یەکێک لە شارەکاندا زۆرینە نین، بۆیە ناتوانن سووودمەندێکی ئەوتۆ ببن، مەگەر دەست بە عەبای گۆڕانەوە بگرن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانن لە ئیدارەی سلێمانی و گەرمیاندا شەریکیان بکەن.
 
کۆتایی
ئەوەی کە مسۆگەرە لە پەیوەند بە ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەوە، گۆرانکارییە، چ بە هەڵبژاردنی پێشوەخت یان فیدراڵیەتی پارێزگاکان، هەر دووکیان ئەگەری گەورە بەدوای خۆیاندا دەهێنن، کە وا دەکات بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دەرئەنجام و جێ پەنجەی بە ژینگەی سیاسی هەرێمەوە دیاربێت. وە بە فیدراڵیەتی پارێزگاکان پێدەچێت یەکێتی و سەرۆکی هەرێم زەرەرمەندی یەکەم بن، بە هەڵبژاردنی پێشوەختیش پێدەچێت پارتی و یەکێتی زەرەرمەندی یەکەم دەبن، گۆڕان لە هەموو ئەگەرەکاندا داشی سوارە و براوەیە، بەتایبەتی کە باهۆزی گۆڕانکاری ڕووی لە ناوچەکە کردووە، ئیسلامییەکانیش هەرچەندە لەوە دڵنیان کە خەونی گرتنە دەستی دەسەڵاتییان گەلێک دوورە، بەڵام شانسی ئەوەیان هەیە کە ئەم جارە بە تەنها دادەبەزن و کەمێک لە ئازاری کەمی دەنگهێنانی هەڵبژاردنی ٢٥/٧ یان بشکێت، ئەگەر نا ناتوانن ببنە هێزگەلێکی خاوەن دەسەڵات.

 

Arei1976@hotmail.com
لە ژ. ٢٦٩، ڕۆژنامەی ئاوێنە، بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.