Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ڕۆمانی ( شەو ) و تراژیدیای هۆلۆکۆست

ڕۆمانی ( شەو ) و تراژیدیای هۆلۆکۆست

Closed
by April 18, 2011 ئەدەب

ڕۆمانی شەو لە نووسینی ” ئیلی ویسل ” وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی ، لەلایەن خێزانی ئیلی ” ماریۆن ویسل ” . ئەم ڕۆمانە ڕووداوی هۆلۆکۆستمان بۆ دەگێڕێتەوە . ئەو تراژیدیایەی ، لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەم ، لە ساڵانی ١٩٣٩ وە تا ساڵانی ١٩٤٥ لەسەر دەستی نازیەکان و هیتلەر ، بەسەر جولەکەکانی ئەوروپا داهات .. کە لە ئاکامدا شەش ملیۆن قوربانی لێکەوتەوە .. ئیلی واتە نووسەری ئەم کتێبە ، خۆی یەکێک بووە لە بەشداربووانی هۆلۆکۆست ..! واتە خۆی بە چاوەکانی خۆی ئێش و ئازارەکان و مەرگ و مەینەتیەکانی هۆلۆکۆستی بینیوە و چەشتوویەتی .. کەسێک بووە لە گەڵ زیندانیان ، تا کاتی ڕزگاربوون و ئازاد بوون لە کەمپەکانی مەرگ ماوەتەوە .. هەرچەندە زۆرجاران بە ئەندازەی داوە موو لە مەرگ نزیک بۆتەوە بەڵام ، بە هەموو توانایەکی هەوڵی داوە وورە بەرنەدات و خۆی لە گەردەلوولی مەرگ بە دوور بگرێت ، لە ئاکامیشدا لە چنگی مەرگ ڕزگاری دەبێت و تا ڕۆژی ئازادی دەمێنێتەوە ..! ئەم ڕۆمانە ڕووداوێکی ڕاستەقینەمان بۆ دەگێڕێتەوە ، پشت دەبەستێ بە یادەوەریەکانی نووسەر لە کات و زەمەنێکی دیاریکراودا . ڕۆمانەکە یان باشتر بڵێین بەسەرهاتی هۆلۆکۆست لە نێو ڕۆمانەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە .
( ئیلی لە خێزانێکی جولەکە دێتە دونیا ، لە شارۆچکەی “سایت Sight  ” ی ترانسیلڤانیا ، کە دەکەوێتە سەر سنووری هەنگاریا و ڕۆمانیا . باوکی ” شلۆمۆ ” دوکاندار بووە ، کەسێکی ناودار و وەک ڕێبەری جولەکەکان بووە لە شارەکەیان . دایکی ناوی ( سارا ) بووە . ئیلی سێ خوشکی هەبوو کە دووانیان لە خۆی گەورەتر بوون بە ناوی ” بیی و هییلد ” وە خوشکە بچووکەکەشی ناوی تزیپۆرا دەبێت . لە باری گوزەرانەوە ژیانێکی باشیان هەبوو . خێزانێکی ئایین پەروەر و پەیوەست بوون بە پڕەنسیب و بنەما ئایینیەکەیان ، وەک نوێژکردن و عیبادەت کردن و هتد .. لە هەمانکات باوەڕێکی پتەویان بە خوداوەند و کتێبە پیرۆزەکەیان ” Talmud ” هەبوو . ئیلی هەر لە تەمەنی منداڵیەوە خولیای خوداپەرستی و عیبادەت دەبێ .. بۆ عیبادەتکردن سەردانی پەرستگەی Synagogue دەکات و بە ڕۆژیش زۆرجاران لە ماڵ دەمێنێتەوە و کتێبی پیرۆزی تالمود دەخوێنێتەوە ، ئەوسەردەمانە لە تەمەنی سیانزە ساڵی دا دەبێت . بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کەسێک بدۆزێتەوە تا دەربارەی ئەفسانەی خودا و ئایین و مەسەلە ڕۆحیەکان و زۆر شتیتری فێربکات یان دەرسی ئایینی پێ بڵێتەوە .. بە ڕێکەوت لە پەرستگە ” Moishe The Beadle  ” دەناسێت . کە کەسێکە وەک مجێوری پەرستگەکە وایە . مۆیشی زۆر پێی سەرسام دەبێت و جارێکیان لێی دەپرسێت ( کاتێک عیبادەت دەکەیت ئەوە بۆچی دەگریت ..؟ ) ئەویش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت ( نازانم ..! بەڵام ئەوەندە دەزانم ، هەستێک لە ناوەوەم دایە وام لێدەکات بگریم ..! ) مۆیشی لێی دەپرسێت ( ئەی بۆ عیبادەت دەکەیت ..؟ ) ئیلی لاویش ئەم پرسیارەی زۆر بەلاوە سەیر دەبێت و لە وەڵامدا دەڵێت ( ئەی من بۆ دەژیم و بۆ هەناسە دەدەم ..؟! ) دوای ئەوە زیاتر یەکتری دەبینن و ئیلی یش زیاتر لە پەرستگەکە دەمێنێتەوە و مۆشی یش دەبێتە ئەوکەسە کە ئیلی بەدوای دەگەرێت .. مۆیشی بەڵێنی پێدەدات ، هەموو شتێکی فێربکات و وەڵامی هەموو پرسیار و نیگەرانیەکانی بداتەوە دەربارەی ئایین و خوداوەند و کتێبی پیرۆز و هەموو شتێک .. مۆیشی جولەکەیەکی پەنابەرە لەم شارەدا ، ڕۆژێک لەلایەن پۆلیسی هەنگاریەوە دیپۆرت دەکرێتەوە .. دوای ماوەیەک بە برینداری ڕادەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شارە . ئەوەی بەچاوەکانی خۆی بینیویەتی و چۆن خۆشی بە موعجیزە لەدەست مەرگ ڕزگاری بووە ..! دەیەویست خەڵکەکە لەم وەزعە مەترسیدار و ترسناکە ئاگادار بکاتەوە بەڵام ، کەس گوێی لێنەدەگرت و باوەڕیان پێی نەدەکرد ..! خەڵکەکە وایاندەزانی ، بۆیە وادەکات تا بەزەییان پێیدا بێتەوە ..! ئەوکاتە ساڵی ١٩٤٢ بوو . لە ساڵی ١٩٤٣ هەمووشتێک بە ئاسایی تێدەپەڕێت .. دیارە ئەوکاتە هیتلەر و ئەلمانیا لە گەرمەی شەڕی جەنگی جیهانی دووەمدا دەبن .. وە لە ساڵی ١٩٣٩ ڕا بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە لە جولەکەکان ، بەرنامەی داڕێژراوی لەمێژینەی بیرۆکەی Antisemites واتە ئەنتی جولەکەیی یان دژە جولەکەیی ، لەلایەن هیتلەر و سوپای ئەلمان خرابووە پڕاکتیکەوە .. لەوسەردەمانە ئەلمانیا دەستی بەسەر زۆرێک لەوڵاتانی ئەوروپا گرتبوو .. بۆیە لە بەهاری ساڵی ١٩٤٤ دا ، هەواڵێک لەنێو شاری سایت بڵاو دەبێتەوە ، ” کە جولەکەکان دەبێت شار چۆڵ بکەن ..! ” لە سەرەتا خەڵکەکە پێیانوابوو ، سوپای سووری سۆڤیەت دەیانپارێزێ . هیتلەر ناتوانێت ئازاریان بدات تەنانەت ، ئەگەر مەبەستیشی بێت ..! ئیلی داوا لە باوکی دەکات کەوا هەمووشتێک بفرۆشن و بڕۆن و ئەم شارە جێبهێڵن .. بەڵام ، باوکی لە وەڵامدا پێدەڵێت ( من لەم تەمەنەمدا ، توانای ڕەوکردنم نیە ..! ) سێ ڕۆژ دوای ئەم هەواڵە ، سوپای ئەلمان لە نێو شەقامەکانی شاری سایت دەبیندرێن . ئیتر خەڵکەکە لە نێو ترس و دڵەڕاوکێ و نیگەرانیدا دەژین . لە سەرەتا ، سەرباز و ئەفسەر و بەرپرسەکانی سوپا ، بەڕێزەوە قسە لەگەڵ خەڵکەکە دەکەن و ئازاریان نادەن . ( Passover ) جەژنێکی ئایینی هەشت ڕۆژەی جولەکەکانە ، بەڵام لە کاتی جەژن خەڵکەکە لە ماڵەکانیان کۆدەبنەوە چونکە ، پەرستگەکان و شوێنە ئایینیەکان داخراون ..! لە ڕۆژی حەوتەمی جەژن سوپا سەرکردەی جولەکەکان دەسگیر دەکات ..!
لێرەوە هەمووشتەکان خێرا تێدەپەڕن ..! چونکە مەرگ ، لێرەوە پشکۆکانی خۆی دەردەکات و درێژە بە بوونی دەدات ..! لەمکاتەدا دوو بڕیاری پڕ مەترسی و مەرگئامێز دەردەچن .
یەکەم / بۆ ماوەی سێ ڕۆژ جولەکەکان ناتوانن لە ماڵەکانیان دەربچن . هەرکەسێک سەرپێچی بکات ، ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە ..!
دووەم / لە هەمانڕۆژ پۆلیسی هەنگاری ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و پێیان دەڵێن ( هەرکەسێک زێڕ و گەوهەر و شتی بە نرخی هەیە دەبێت تەسلیم مان بکات ، ئەگەر نا ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە ..! باوکی ئیلی کەسایەتیەکی دیار و ڕێزدار بوو لەهەمانکاتدا ، وەک دەمڕاستی جولەکەکان وابوو لەم شارەدا ، خەڵکان پۆڵ پۆڵ دەهاتن بۆلای ، تا نەزەری وەربگرن بۆ ئەوەی چیبکەن ..؟! بەڵام ، نە باوکی ئیلی و نە هیچ کەسێک ، هێچ ڕێگا چارەیەکیان بۆ نەدۆزرایەوە و بە ناچاری تەسلیم بە ئەمری واقیع بوون .. بە مانای خۆیان دایە دەستی قەدەر ..! لێرەوە پڕۆسەی گواستنەوەیان بۆ کەمپەکان دەست پێدەکات . هەریەکە و مافی ئەوەیان هەیە ، کە هەندێک لە پێداویستیەکانی وەک خواردن و جلوبەرگ و ئەمجۆرە شتانە لەگەڵ خۆیاندا بهێنن . کاتێک لەسەر شەقامەکان وەستاون و چاوەڕوانی گواستنەوەیانن ، خەڵکەکە زۆر دڵتەنگ و نیگەران و خەمناک دیارن .. باوکی ئیلی فرمێسک لە چاوەکانی دێتە خوارەوە و دەگری ، ئیلئ لە هەموو ژیانیدا ، بۆ یەکەمجارە باوکی بە گریانەوە ببینێت .. !  بە شەمەندەفەری بار یان شەمەندەفەری گواستنەوەی ئاژەلان دەیان گوازنەوە . لێرەوە خەڵکەکە ڕووبەڕووی دۆزەخ و مەرگ دەبنەوە ..! دوای دوو ڕۆژ دەگەنە شارۆچکەیەک لەسەر سنووری چیکسلۆڤاکیا . ئیلی لە فارغۆنێک دەبێت ئەفسەرەکان پێیان دەڵێن ( هەرکەسێک هەوڵی ڕاکردن بدات ، وەک سەگ گوللەبارانی دەکەین ..! ) هەندێک لە خەڵکەکان بەرگەی ئەو ئازارە ناگرن ، هۆشیان لەدەست دەدەن و شێت دەبن ..! لە فارغۆنەکەی ئیلی ژنێکی تەمەن پەنجا ساڵە کە تەنها کوڕێکی تەمەن دە ساڵەی لەگەڵدایە .. هۆشی لەدەست داوە و شێت بووە .. ناوە ناوە هاوار دەکات و بە خەڵکەکە دەڵێ ( ئەها ئاگر ، سەیری ئەو مەشخەڵی ئاگرە بکەن ئێوە نایبینن ..؟ ) بەشێکی شێتبوونی ئەو ژنە لەبەر ئەوە بوو کەوا ، مێردەکەیی و دوو کوڕە گەورەکەیان
ڕەوانەی کەمپێکی تر کرد بوون ..! دوای چەند ڕۆژێک دەگەنە کەمپی ( ئەچویتس        ) ئەم کەمپە ، کەمپی کاری قوڕس و ئازاردان و دەتوانین بە کەمپی مەرگ ناوی بەرین ..! لەم کەمپەدا حەوت کورەخانە هەیە ، کەسی نەخۆش و پەککەوتە و لاواز و منداڵانیان .. دەخستە نێویەوە و دەیان سووتاندن ، قاعەی گەورە گەورەیان هەبوو ، پێیان دەگووتن  ” گاز چەمبەر بەمانای ژووری گاز ” جێگای حەوسەد ، هەشت سەد کەسی تیا دەبوویەوە . قاعەکانیان پڕ دەکرد لە خەڵک . ئینجا بۆڕی گازەکانیان دەکردنەوە تا قاعەکە پڕ دەبوو لە گاز ، دوای ماوەیەکی کەم هەموویان دەخنکان و ئینجا فڕێیان دەدانە نێو فڕنەکانەوە و دەیانسووتاندن ..!.. شەمەندەفەرەکە تۆزێک لە دووری کەمپەکە دەوەستێ .. دوای جیابوونەوەیان لە یەکتری ، ژن و منداڵەکان بەیەکەوە و مێرد منداڵ و گەنج و پیاوەکانیش بە یەکەوە ، ئیلی لەگەڵ باوکی دەبێت و خوشکە بچووکەکەی و دایکی بەیەکەوە دەبن .. هەر دوای ئەم جیابوونەوە ، ئیتر ئیلی دایک و خوشکە بچووکەکەی بۆ تا هەتایە نابینێتەوە ..! لەوێوە بە پێ بەرەو کەمپەکە دەڕۆن .. بۆ ترساندنیان   پێیان دەگووتن ( وا بەرەو ئەو کورخانانە دەتانبەین و لەوێدا دەتان سووتێنین ..! ) یان دەیان گووت ( ئێرە گۆڕستانی ئێوەیە ، ئێوە دەبێ لێرەدا بمرن ..! ئەوە جگە لە جنێودان و سووکایەتی پێکردن و ئیهانە کردنیان ..! ) کە بەرەو کەمپەکە دەڕۆیشتن ، ئیلی لەوپەڕی بێزاری و لەنێو ئەوپەڕی ترس و دڵەڕاوکێ دابوو .. لەودەمە چاوی بە وایەری کارەبا دەکەوێت ، یەکسەر بیر لەخۆکوشتن دەکاتەوە ، پێی وایە بە لێدانی کارەبا بمری باشترە لە مردنی نێو کورە و ئازاری سووتاندن ..! بەهەر شێوەیەک بێت دەگەنە کەمپەکە ، شەوی یەکەم ، بۆ ئیلی ناخۆشترین شەو و درێژترین شەو دەبێت ..! ئەوەتا دەربارەی شەوی یەکەم دەڵێ ( `پێویستە هەرگیز ئەو شەوە لەبیر نەکەم ، کە ژیانمی گۆڕی بە شەوێکی درێژی بێبڕانەوە ..! ) لە کەمپەکە ڕۆژانە کاری قوڕسیان پێدەکەن . هەمیشە ئەوەیان پێدەڵێن ( یان کارکردن یان کورخانە و سووتاندن ..! ) یان زۆرجاران بۆ ترساندن و زیاتر ئازاردانیان ، کۆیان دەکردنەوە و بە بەرچاویانەوە ، هەندێکیان بە تایبەت ئەوانەی سەرپێچی بڕیارەکانیان دەکرد ، گوللەبارانیان دەکردن یان سێدارەیان بۆ هەڵدەواسین و لە سێدارەیان دەدان ..! ڕۆژانە بە هەزاران کەس لە کەمپەکان لەبەر نەبوونی خواردن لە بردسان دەمردن یان بە نەخۆشی یان لەژێر ئازار و ئەژکەنجە یان گوللەباران و لە سێدارە دەدران یان لە کاتی لە سێدارەدانی کەسەکان ، کاتێک پەتەکانیان دەخستە ملیان ، ئەمانیش هاواریان دەکرد و دەیانگووت ( بژی ئازادی ، نەفرەت لە ئەلمانیا ..! ) یان جۆرێکی تر ، ناوە ناوە بۆ تەسفیە کردنیان لیژنەیەک بڕیاری دەدا کێ بمێنێتەوە و کێ ببێتە خۆراکی کورخانەو بسووتێندرێ و کۆتایی بە ژیانی بهێندرێ ..! هەرجارەی ئەوانەی نەخۆش و بێتوانا و یان چووبوونە نێو ساڵەوە ئیتر لەژێر بڕیاری لیژنە دەرنەدەچوون و دەبووایە مەحکوم بە مەرگ بن ..!   بەم کارەشیان دەگووت ( سەلێکشن ) .. ئیتر هەرجارەی لە ڕۆژ و کاتی سەلێکشن ئاگاداریان دەکردنەوە ، تا ئەوکاتە هەموویان لەوپەڕی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و بێتاقەتی دا دەبوون ، تەنانەت شەوانیش خەو نەدەچووە چاوەکانیان ، چونکە کەسیان لەوە دڵنیا نەبوون ئەمجارەیان کێ دەمێنێتەوە و کێ دەبێتە خۆراکی کورخانە ..! لەپاڵ کاری قوڕسی ڕۆژانە و ئەم هەموو ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیە ، برسیەتیش تەواو تەنگی پێ هەڵچنیبوون ، جاری وا بووە بۆ ماوەی حەوت شەو و ڕۆژ هیچیان پێنەدراوە .. خواردنی ڕۆژانەشیان ، لەتێک نان و کەوچکێک سوپی ڕوونی وەکو ئاو وابوو .. بۆیە هێندە بێتوانا و لەش داهێزراو زەعیف دەبوون بۆیە نەک توانای جووڵە بەڵکو توانای هەناسەدانیشیان نەدەما و دەمردن ..! دوای چەند مانگێک بۆ کەمپێکی تر دەگوازرێنەوە ناوی ( بوونا ) بوو . لەم کەمپەش بە هەمانشێوە ، هەمان مامەڵە و هەمان ئازاردان و هەمان کاری قوڕس و هەمان برسیەتی و هەمان مەرگ .. لەم کەمپە زستان دەستی پێکردووە و ڕەقبوونەوە لەسەرما ئەوەش سەربار .. لەنێو ئەم سەرماو سۆڵە و شەختە بەندەدا دەبایە ئەوان هەموو ڕۆژە بڕۆن بۆ کار بە دەستی ڕووت و بێ دەستکێش بەرد بکێشن .. بۆیە زۆربەیان بەرگەی ئەم وەزعەیان نەدەگرت .. هەندێکیان دەیان گووت ( ئیتر تەواو ناتوانین زیاتر بەرگەی بگرین ..! دەستیان لە خۆیان و ئومێدەکانیان بەردەدا و خۆیان بۆ مردن شل دەکرد ..! ) دوای ماوەیەک لەم کەمپەش دەیانگوازنەوە .. ئەمجارەیان کەمپی ( بۆچینوالد ) کە بەرەو ئەم کەمپە دەڕۆن سەرما و سۆڵەیەکە بەفر تا ئەژنۆ کەوتووە ، بۆ ئەم کەمپە وەک کاروان بە پێ ڕێدەکەن .. لە ڕێگا ئەوەی لە بەفر بچەقێ یان لە کاروان جێبمێنێ ، یان ئەوانەی توانای ڕۆیشتنیان نامێنێت ، هەر لە جێگای خۆیان گوللەبارانیان دەکەن و دەیانکوژن . ئیلی چەند ڕۆژێک بەر لەوکاتە نەشتەرگەری بۆ کراوە واتە ، بە قاچی بە برینیەوە بە ڕێگادا دەڕوات ، شوێن پێیەکانی لەسەر بەفر سوور دەچوونەوە بەڵام ، هەر هەوڵی دەدا لە باوکی دانەبڕێت و لە هەمانکاتیش لە بەفر نەچەقێ و لە کاروان بەچێ نەمێنێت ..! لە ڕێگادا ناخۆشی زۆر دەبینن ، سێ چوار ڕۆژ هەر خەریکی ڕۆیشتن دەبن . زۆریان لە سەرما ڕەق دەبنەوە و زۆریشیان لە برسان دەمرن .. چونکە ئەو چەند ڕۆژەی بە ڕێگاوەن خواردنیان نادرێتێ ..! یان لە برسان بەفر دەخۆن ..! شەو لە ڕێگادا پەناگەیەک دەبینن کە وەک کەلاوە وایە ، بە هازاران دەچنە نێویەوە ، لەسەریەکدا کەلەکە دەبن ، ئەوانەی لە ژێرەوەن تەنانەت توانای هەناسەدانیان نابێت ..! زۆریان هەر لەوێدا دەمرن . دوای سێ ڕۆژ ئینجا دەگەنە شوێنی شەمەندەفەر .. دوای چەند ڕۆژێکی تر دەگەنە کەمپی ( بۆچینوالد ) .. لەم کەمپەدا باوکی نەخۆش دەکەوێت ، ئیلی زۆر هەوڵ دەدا ، بۆ ئەوەی باوکی دەست لە خۆی بەرنەدات و خۆی تەسلیم بە مەرگ نەکات بەڵام ، سوودی نابێت و لە ٢١ی جانیوەری باوکی دەمرێت . دوای مردنی باوکی ئیلی دەگوازنەوە بۆ بەشی منداڵان .. کە شەش سەد منداڵێک دەبوون
لە ٥ی ئەپڕیل هەواڵی تێکشکانی هیتلەر بەنێو زیندانیان و کەمپەکە بڵاودەبێتەوە ..!
لە ١٠ی ئەپریلی ساڵی ١٩٤٥ کاتژمێر شەشی ئێوارە یەکەم ئۆتۆمبێلی ئەمریکی دەگاتە بەر دەرگای کەمپی بۆچینوالد ، کە ئەوکاتە بیست هەزارێک مابوون لەنێویان چەند سەدێک منداڵ و مێرد منداڵ بوون ..! ئیلی تا بەیانی لە کەمپەکە دەمێنێتەوە . واتە لە ١١ی ئەپڕیلی ١٩٤٥ ئازاد دەبێت ..! لە کاتی ئازاد بوونیان نە بیریان لە تۆڵە سەندنەوە نە لە دایک و باوک و کەسوکار ، تەنها بیریان لە نان و خواردن دەکردەوە چونکە ، بۆ ماوەی هەفتەیەک دەبوو هیچیان پێنەدرابوو ..!
سێ ڕۆژ دوای ئازاد بوون ، ئیلی بە جۆرێک نەخۆش دەکەوێت دووهەفتە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە ، وەزعی لە نێوان مردن و ژیاندا دەبێت ..! کە چاک دەبێتەوە لە ئاوێنە سەیری خۆی دەکات ، گەڵێک سەیری بە خۆی دێت چونکە ساڵێک زیاترە خۆی لە ئاوێنەدا نەبینیوە ..!
تێکڕای قوربانیانی ئەم کارەساتە تراژیدییە شەش ملیۆن دەبێت ..! )
لە کاتی خوێندەنەوەی ئەم ڕۆمانە هەندێک چەمک زۆر بەرچاو دەکەون لەوانە چەمکی ” مەرگ ” . مەرگ لەم ڕۆمانەدا لەگەڵ ” کات و شوێن ” بە هێڵێکی تەریب دەڕۆن ..! بەمانای ( مەرگ هەموودەم لە هەموو شوێنێکە ..! ) لەم ڕۆمانە کاتێک مەرگ بەرچاو دەکەوێت ، تا کۆتایی پەرەگرافێک نادۆزیتەوە کە مەرگ خۆی یان هێما و کۆدەکانی مەرگیان هەڵنەگرتبێت ..!   بە مانایەک ، لەوکاتەی جولەکەکان لە ماڵەکانیان دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان ، مەرگ لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا ئامادەیی دەبێت ..! ڕۆژانە بە کارەساتی جەرگبڕ وەک لەژێر ئازارو ئەژکەنجەداندا ، لە ژێر کاری قوڕس ، سووتاندن و سێدارە و هەڵواسین ، بە گاز خنکاندن و لە برسان و لە سەرما ، ڕۆژانە بە هەزارەها دەمرن ..! ئەوەتا نووسەر بە ئاشکرا دەڵێ ( لێرەوە هەموو شتەکان خێرا ڕوو دەدەن ، پێشبڕکێ بەرەو مەرگ دەست پێدەکات ..! لاپەڕە ١٠ ) یان لە شوێنێکی تر ، لەوکاتەی لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە و لەسەر شەقامەکان چاوەڕیی هاتنی شەمەندەفەر دەکەن بۆ گواستنەوەیان ، نووسەر دەڵێ ( یەکەم ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ دۆزەخ و مەرگ دەستی پێکرد ..! لاپەڕە ١٩ ) تراژیدیترین و خەمناکترین مەرگ ، سووتاندنی منداڵەکان بوو ..! کە ئیلی یەکێکیان بە چاوەکانی خۆی دەبینێت ..! ئەم تابڵۆیە جەرگبڕ و ئازاربەخشە خەریک دەبێ مێشکی تێکبدات و شێتی بکات .. هەوڵی دەدا کە قەناعەت بە خۆیی و چاوەکانی بهێنێ کە ئەمەی نەبینیوە ..! ئیلی لە لاپەڕە ٣٤ی ڕۆمانەکەی لەپاڵ ئەوشتانەی کە وا پێوست دەکات هەرگیز لە بیری نەچنەوە دەڵێت ( پێویستە هەرگیز ئەم سیما بچکۆڵانەی منداڵان لە بیر نەکەم ، کە فڕێیان دەدانە نێو کورخانەکان و جەستەیان دەبوو بە دوکەڵ و لە ژێر ئاسمانێکی بێدەنگدا ..! ) یان هەڵواسین و لە سێدارەدانی ناسیاو و برادەرەکانیان .. یان سەلێکشن و تەسفیەکردنەکان ..! تابڵۆیەکی تری زۆر ئازار بەخش و خەمناک ، ” جولیک ” لاوێکی کەمانجە ژەنە ، لەنێو کەمپەکان دەبێتە هاوڕێی ئیلی ، کاتێک بەرەو کەمپی بۆچینوالد بە نێو بەفردا ڕیدەکەن .. ئەم کەمانجەکەی بە کۆڵ خۆی داداوە و دڵی نەهاتووە کەمانجەکەی جێبهێڵێت نەوەک بیشکێنن ..! لەوشوێنەی کە بۆ حەوانەوە لە پەناگە کەلاوەیەکە لا دەدەن ، ئەمیش کەمانجەکەی لە تەنیشت خۆی درێژ کردووە ، ئیلی کە کەمانجەکەی لە تەکیا دەبینێت ، سەری سووڕ دەمێنێ و وا دەزانێت شێت بووە . ئیتر شەو لەناو ئامێزی برسیەتی و ترس و سەرما .. جولیک پارچەیەک لە سەمفۆنیایەکی بتهۆڤن دەژەنێت . چونکە لەنێو کەمپەکان ، جولەکەکان بۆیان نەبوو سەمفۆنیای ئەلمانی بژەنن ..! لەوکاتەدا هەموو بەسەریەکدا کەوتوون لە بێ جێگەیی ، یەکێک لە شوێن خۆی هاوار دەکات ( ئەوە چ شێتێکە لێرە ، لە لێواری ئەم گۆڕستانەدا  کەمانجە دەژەنێت ..! ) ئیلی دەڵێت ( من هەرگیز دەنگی وا سەرسام و پڕ چێژی کەمانجەم نەبیستبوو بە تایبەت لە بێنگیەکی وا خامۆشدا ..! ) بەیانی کە ئیلی خەبەری دەبێتەوە ، دەبینێت جولیک لە تەنیشت کەمانجەکەی ڕاکشاوە و مردووە ..! دیمەنێکی تر / ئیلی زۆر لە خەمی باوکی دا دەبێت ، هەمیشە بۆ قاوشەکەی باوکی لە هاتوچۆدایە ، بە تایبەت ئەوکاتەی باوکی نەخۆش دەکەوێت .. جارێکیان باوکی زۆر هیلاک و داهێزراو دیار دەبێت ، ئیلی لێی دەپرسێت ( هیچت خواردووە ..؟ ) باوکی دەڵێت ، نەخیر . ئیلی یش دەڵێ بۆ ..؟ باوکی دەڵێت ( هیچیان بە ئێمە نەدا و گووتیان ” ئێوە نەخۆشن هەر دەمرن ئیتر بۆ خواردنتان پێ بە فیڕۆ بدەین ..! ) یان پۆلیسێکی چاودێر  کە دەبینێت ، ئیلی زۆر لە خەمی باوکی دایە و هەمیشە یارمەتی دەدا .. بانگی دەکا و ئامۆژگاری دەکات و پێی دەڵێت ( لێرە هەرکەس خەمی خۆیەتی ، لێرە نابێت خەمی کەسی ترت لەبەر بێت ، تەنانەت باوکیشت ، لێرە باوک ، برا ، برادەر ، نیە تەنها خۆت و بەس ، هەموو کەسەکان بە تەنیا دەژین و بە تەنیاش دەمرن ..! چیتر نان و ژەمەکانی خۆت مەدە بە باوکت ..! لاپەڕە ١١٠ ) دەتوانین سەدان تابڵۆ و فاکتی تر ، کە هەر هەموویان وێنەی ڕووتی مەرگمان پێشان دەدەن . هەروەک گووتمان لە هەموو شوێنەکان و لە هەموو کاتەکان مەرگ ئامادەیی هەیە ..!
چەمکێکی تر کە زۆر بەرچاو دەکەوێت ، چەمکی هەڵگەڕانەوەیە لە ئایین یان لە گەورەیی و میهرەبانی خودا ..! ئیلی بەر لە گواستنەوەیان بۆ کەمپەکان ، کەسێکی ئیماندار و باوەڕێکی پتەوی بە خوداوەند و کتێبە پیرۆزەکەیان هەبوو . بە قووڵیش خەریکی خوێندنەوەی تالمود و ئەفسانەکانی ئایین و خوێندنی وانەی ئایینی بوو .. بە شێوەیەکی گشتی جولەکەکان ، باوەڕێکی پتەویان بە ئایینەکەیان و خوداوەند هەبوو . زۆربەیان لەگەڵ ئەم کارەساتە تراژیدیە و پڕ ئەژکەنجەیە ، لەگەڵ هەموو ئازارەکان و برسیەتیەکان و ناخۆشیەکان ، کەچی هەر خەریکی نوێژکردن و شاوانان تا خەوتن هەر خەریکی ئایەت خوێندنەوە و عیبادەت بوون ..! بەڵام لەئاکامی بە ئەوپەڕی گەیشتنی ئازارەکان و کارە نامرۆییەکان و مەرگ و کارەساتەکان ، لە ئاکامی بە ئەوپەڕی گەیشتنی کارە دڕندەییەکانی هیتلەر و سوپای ئەلمان ، هەندێکیان دەگەنە ئاستێک کە پەتی ئارام گرتنیان دەپچڕێ و هیچ باوەڕێکیان بە خوداوەند و کتێبە پیرۆزەکەیان نامێنێ ..! بۆ ئەم چەمکەش دەتوانین چەندین تابڵۆ و فاکتی ڕوون و ئاشکرا بهێنینەوە .. ئیلی لە شوێنێک بە ئاشکرا دەڵێت ( بۆ بە ناوهێنانی خودا دڵخۆش بم ..؟ من دڵخۆش نیم بە ناوی خودا ، چونکە بۆتە هۆی سووتاندنی هەزاران منداڵ ..! ئایا هەر خۆی هەمووشتێک و ئەم کەمپەی دروست نەکردووە ..؟! من ئێستا لە هەموو شتێک یاخیم ..! ) یان ئەوکاتانەی بە بەرچاویانەوە کەسەکان هەڵدەواسن ، هەندێکیان دەست بەرز دەکەنەوە و دەڵێن ( ئەی خودایە تۆ لە کوێیت ..؟ گەر تۆ بوونت هەیە ، چۆن ئەم وەزعە قەبووڵ دەکەیت ..؟! ) ئیلی لە شوێنێکی تر دەڵێت ( بڕوایەک یان عیبادەتێک لە نێو مندایە بۆ خودایەک ، کە چیتر باوەڕم پێی نەماوە ..! لاپەڕە ٩١ ) ڕۆبیی جولەکەیەکی پۆلەندیە ، کەسێکی بە تەمەن و پیرە ، هێندە بە نێو ساڵدا چووە پشتی کووڕ بووەتەوە .. هەمیشە خەریکی نوێژکردن و عیبادەتە .. لەسەر ئیش لەکاتی پشوودانەکان ، لەنێو جێگا .. بەڵام کاتێک ئازارەکان و مەرگ و برسیەتی بە ئەوپەڕی دەگەن ، ڕۆژێک ئیلی دەربارەی خودا پرسیاری لێدەکات ، ئەویش دەڵێت ( ئیتر تەواو خودا چیتر لەگەڵ ئێمە نیە ..! ) لەوکاتەوە کە هیچ باوەڕێکی بە خوداو کتێبی پیرۆز و عیبادەت کردن نەماوە ..! یان ئیلی لە شوێنێکی تر دەڵێت ( من چۆن باوەڕ بە بەخشندەیی خودا بکەم ..؟ خودا لە کوێیە ..؟ کێ هەیە بەدەست ئەم باری ئازار و ژان و میحنەتانەوە ، باوەڕ بە بەخشندەیی خودا بکات ..؟! )  یان لە شوێنێکی تر دەڵێت ( پێویستە هەرگیز ئەو چرکەساتانە لە بیر نەکەم ، کە خودا و ڕۆحم یان تیا کوشت و خەونەکانم بوون بە خۆڵەمێش ..! لاپەڕە ٣٤ ) ئەمانە و دەیان فاکتی تر کە لەم ڕۆمانەدا بە زەقی بەرچاو دەکەون ..!
چەمکێکی تر ” نائومێدبوون “ە .. 
دیارە زۆربەیان تا بۆیان دەکرا لەپێناو مانەوەیاندا ، شەڕیان لەگەڵ مەرگ دەکرد . بەرگەی هەموو کارە قوڕسەکان و برسیەتی و سەرما و نەخۆشیەکان و بارەدەروونیەکان و هەموو شتێکیان دەگرت .. بەس بۆ ئەوەی نەمرن تا ڕۆژی ئازاد بوون بمێننەوە . بەڵام زۆریان ، لەم زۆرانبازییە لەگەڵ مەرگ دا ، بە ئاستێک دەگەیشتن چیتر بەرگەیان نەدەگرت .. دەستیان لە خۆیان و ژیان و ئومێدی ڕزگار بوونیان بەر دەدا ، تەسلیم بە مەرگ دەبوون .. ئەوەتا ئیلی لە شوێنێک لەکاتی پشوودانە و بە قووڵی کەوتۆتە نێو دەریای خەیاڵ و بیرکردنەوە .. بیری لە ڕۆژانی ڕابردووی دەکردەوە ، ژیانی قوتابخانە و ماڵەوە و گەڕەک و ستۆرەکەیان و .. ئیتر کاتێک زنجیرەی خەیاڵەکانی دەپچران و خۆی لەم کەمپ و لەنێو ئەم ژیانە دڕندەییە و پڕ مەینەت و ئازارە دەبینیەوە ، هەرچی ترووسکایی هەبوو بەبەر چاوانیەوە نەدەما و تا ئەوپەڕی نائومێدی بێئومێد دەبوو ..! لەمبارەیەوە دەڵێت ( ڕۆحم و دەروونم بە مەشخەڵێکی ڕەش ڕەش داپۆشرابوون ..! ) یان لە کاتی تەسفیە و سەلێکشنەکان ، لەوکاتەی سەیریان دەکردن تا بڕیار بدەن کامەیان بمێننەوە و کامەیان ببێتە خۆراکی کورخانە ، زۆریان دەستیان لە خۆیان بەردەدا و توانای ئەوەیان تیا نەمابوو کە خۆیان بە هێز و ڕێک و بە توانا پێشان بدەن .. پێیان وابوو کە ناتوانن چیتر بەرگەی بگرن ، ئیتر مردنیان هەڵدەبژارد ..!
باوکی ئیلی هەر خۆی ڕادەگرێ و مقاوەمەت دەکات .. تا سێ چوار مانگ بەر لە ئازاد بوون ، کاتێک نەخۆش دەکەوێت لە تاو نەخۆشی و بێزاری و برسیەتی و ژان و خەمەکانی .. هێندە نائومێد دەبێت ، دەست لە خۆی بەردەدات و ئیلی ژەمە خواردنەکانی خۆی بۆ دەهێنێت و ئەویش چیتر نایخوات .. خۆی دەداتە دەستی نائومێدی و مردن .. خۆی ئەوە دەزانێت ( ئێرە بۆ ئەو کۆتایی ڕێگاکەیە و پێی ناوەتە ماڵی مردن . بۆیە بە چرپەوە ، نهێنیەک دەدا بە گوێی ئیلی ( ئەو شوێنەی پارە و زێڕ و شتە بە نرخەکانی تیا شاردۆتەوە ، بە ئیلی دەڵێ و ئیتر لە نێو ئامێزی مەرگی هەتا هەتایی ڕادەکشێ ..! )  یان لە کاتی پشوودانەکان ، لەبەر هیلاکی و لە برسان لەسەر بەفر ڕادەکشێن و هەندێک جاریش دەخەون ..! زۆربەشیان ئەوە دەزانن ، بەم هیلاکیە لەسەر بەفر خەوتن ڕەقدەبنەوە و دەمرن ، بەڵام هەروا دەکەن .. زۆریان کە لەسەر بەفر دەخەون هەرلەوێدا بۆ هەتا هەتایە خەبەریان نابێتەوە و ڕەقدەبنەوە و دەمرن ..!

ئەم ڕۆمانە ، بە زمانێکی سادە و شیرین و پاراو نووسراوە . چونکە ڕووداوێک یان کارەساتێکی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە ، بۆیە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ، پشتی بە گێڕانەوەیەکی ڕووت بەستووە و بەلای فەنتازیادا نەڕۆیشتووە .. وە لە زۆرێک سەرچاوەکان ئەم کتێبە بە باشترین ڕۆمان و بەرهەمی ئەدەبی دادەنێن کە لەسەر کارەساتی هۆڵۆکۆست نووسرابێت . ئەم ڕۆمانە ، کاتی خۆیی و ئێستاش کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر خوێنەران هەیە ، بە تایبەت گەنجەکان . کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان هێندە سەرسام بوون بەم ڕۆمانە تا ئاستی ئەوەی ، زۆرێک لە دەربڕین و قسەکانیان لەنێو نامە و چاتەکانیان بۆ یەکتری دەنارد و گفتوگۆشیان لەسەر دەکرد .. یەکێکە لە پڕ خوێنەرترین ڕۆمانە لەسەر ئاستی دونیا .. ڕەنگە سیحری جوانی و هێزی ئەم ڕۆمانە لەوە دابێت ، بەشێکی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ، کە باس لە تراژیدیترین و مەرگەساتیترین کارەسات دەکات ، کە تەواوی دونیا و مرۆڤایەتی دەهەژێنێ . بەشەکەی تری پەیوەندی هەیە بە خودی شێوازی نووسینی ڕۆمانەکە و هەروەها گەورەیی و مرۆڤدۆستی و ئەو ڕۆحە بێگەردەی خودی نووسەر خۆی ..! ئەوەتا لە کۆتایی ئەم ڕۆمانە مەسیجێکمان پێ دەدات و دەڵێت ( لەوکاتەی یەکەم ئوتومبێلی ئەمریکی دەگاتە بەردەم کەمپی بوچینوالد ، لە کاتی ئازاد بوونیان نە بیریان لە تۆڵە سەندنەوە و نە دایک و باوک و کەسوکار ، تەنها بیریان لە خواردن دەکردەوە ..! ) بە مانایەک نەک تەنها ساڵانی دوای ئازاد بوون ( کە دەیان توانی هەرشتێک بکەن کە مەبەستیان بێت ..! ) بەڵکو خودی ئەوکاتەی لە نێو کەمپەکان بوون کە لە باوەش و لەنێو ماڵی مەرگ هەناسەیان دەدا ، ئینجا بیریان لە تۆڵە سەندنەوە نەکردۆتەوە ، تەنها خواردن .. بە مانای تەنها ژیان و بەس ..! ئیلی نووسەری ئەم کتێبە دوای ئازاد بوونی تاکو ئێستا ، هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی تەرخان کردووە و هەمیشە لەگەڵ دامودەزگا و کۆمیسیۆنە مرۆییەکان ئیشی کردووە ..! تا ئاستی ئەوەی مەدالیای زێڕین و خەڵاتی نۆبلی ئاشتی وەرگرتووە . پرشنگدارترین خاڵ لەم ڕۆمانە ئەوەیە ، بە شێواز و زمانێک نووسراوە کە خوێنەر دەبێتە یەکێک لە کاراکتەری نێو ڕۆمانەکە ، من لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی هەمیشە خۆم لە تەک ئیلی و خۆم لەنێو زیندانیەکان دەبینی و تەواو لەگەڵ ئازار و ژان و موعاناتەکانیان دەژیام ..! بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە منیش ئێستا وا دەزانم ( کارەساتی هۆلۆکۆستم بە چاوەکانی خۆم بینیوە ..! ) .

-_ هۆلۆکۆست و گینۆساید

بە کورتی دەتوانین بڵێین هۆلۆکۆست و گینۆساید بە مانای ( کوشتنی بە کۆمەڵ ) بە هۆی جیاوازی ڕەگەز ، نەتەوە ، ئایین ، ڕەنگی پێست ، شوێن ، زۆر شتی تر . هۆڵۆکۆست و گینۆساید ، هەردوو دەستەواژە یەک مانا دەگەیەنن ، تەنها جیاوازییەک هەیانبێ ئەویش ئەوەیە ( تراژیدیای هۆلۆکۆست ، کات و زەمەنەکەی درێژخایەنتر و ژمارەی قوربانیەکانیش زۆرترن ) بۆ نموونە هۆلۆکۆستی جولەکەکان ، لە ساڵی ١٩٣٩ دەستی پێکردووە تا ساڵی ١٩٤٥ درێژەی بووە ، ژمارەی قوربانیان گەیشتۆتە شەش ملیۆن ..! بەڵام  گینۆساید ، لە کات و زەمەنێکی کورتر و خێراتر ڕوودەدات وە ژمارەی قوربانیەکانیش کەمترن . تەنها ئەم جیاوازییە نەبێت ، ئەگەرنا هەردووک بە مانای کوشتنی بە کۆمەڵ دێت . گینۆساید و هۆلۆکۆست ، مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە . بە پێی ئەو سەرچاوەیەی لەبەر دەستمان دایە ، تا ئێستا سی و شەش ڕووداوی گینۆساید و هۆلۆکۆست ، لە مێژوو ڕوویداوە ، هەر هەمووی لەم کتێبەدا بە ئامار و بەروار و شوێن و ژمارەی قوربانیان و بکەرەکان و تەواوی زانیاریەکانەوە تۆمارکراون . یەکەم کارەساتی گینۆساید ، مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٦ ساڵ بەر لە زایین ، کە بە دژی کار‌سەنگیەکان وە لەلایەن سەربازانی ڕۆم ڕوویداوە ، کە ژمارەی قوربانیان ١٥٠ هەزار کەس دەبوون . دەکرێت هەر بۆ نموونە هەندێکیان باس بکەین . هۆلۆکۆستی ڕەش پێستەکانی ئەفەریقیا کە دووەم کارەساتە ، کە لە ناوەڕاستی سەدەی پانزەهەم دەستی پێکردووە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم درێژەی بووە . کە لەلایەن حکومەتەکانی ، ئیسپانیا و بەریتانیا و فەڕەنسا و هۆلەندا بە ئەنجام گەیاندراون . وە تێکڕای ژمارەی قوربانیان گەیشتۆتە سی و شەش ملیۆن ..! کارەساتی گینۆسایدی ئەرمەنیەکانیش ، لە ساڵی ١٩١٥ بە دەستی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی تورک ڕوویداوە ، کە ژمارەی قوربانیان گەیشتۆتە یەک ملیۆن و سەد هەزار .. هۆلۆکۆستی جولەکەکانی ئەوروپاش کە باسمان کردووە لە پێشدا ، کە ژمارەی قوربانیان گەیشتۆتە شەش ملیۆن ، کە لەلایەن سوپای ئەلمانیا و بە بڕیاری هیتلەر بە ئەنجام گەیاندراوە .. گینۆسایدی گواتیمالا ، لە ساڵی ١٩٨١ تا ساڵی ١٩٨٣ درێژەی دەبێ ، ٢٠٠ هەزار قوربانی لێدەکەوێتەوە .. گینۆسایدی ئێمەی کوردیش ، کە بە دەستی ڕژێمی بەعسی فاشیستی عەرەب ، لە ساڵی ١٩٨٨ کە ١٨٢ هەزار قوربانی لێدەکەوێتەوە ، یان گینۆسایدی بۆسنیا ، لەلایەن سربەکانەوە لە ساڵی ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٥ درێژەی دەبێ و ٢٠٠ هەزار قوربانی لێدەکەوێتەوە .. دواهەمین گینۆساید لە سودان لە ساڵی ٢٠٣ لەلایەن سوپای سودانەوە ، بە دژی زاگواییەکان ، کە ٤٥٠ هەزار قوربانی لێدەکەوێتەوە ..!
ئەگەر بە قووڵی لەم کارەسات و تراژیدیانە ووردبینەوە ، ڕەنگە بگەینە ئەو ئاستەی شەرم لە مرۆڤبوونی خۆمان بکەین .. شەرم لەوە بکەین ، کە مێژووی مرۆڤایەتی لێوانلێوە لە تراژیدیای مەرگئامێز و کارەساتی نامرۆڤانە و تا ئەوپەڕی ترسناک و دڕندەیی . بۆیە لە سەرچاوەیەک وا دەڵێت ( هۆلۆکۆست مەعریفە و بوونی مرۆڤایەتی خستۆتە ژێر پرسیارەوە ..! ) دەبێ چ بیر و هۆشێک ؟ چ کەسایەتیەک و مرۆڤێک ؟ ڕێگە بە خۆی بدات ئەم تراژیدیانە وە بەرهەم بهێنن ! مەعریفەی مرۆڤ و هۆشمەندی مرۆڤ ، لە بەرامبەر ئەم کارەسات و تراژیدیانە چ مانا و بەهایەکیان دەمێنێ ..؟!
لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە و ڕامان و قووڵبوونەوە لەم کارە نامرۆییە و بەتایبەت ، ئاکامی شەش ملیۆن قوربانی ، یەکسەر ئەو پرسیارە بە خەیاڵی خوێنەر دادێت ، باشە ئەم تاوانە بۆ .. ؟ هۆلۆکۆست بۆ ؟ شەش ملیۆن قوربانی بۆ ؟! دوای سێرچ و بەدواداگەڕان سەرچاوەکان بەم شێوەیە باس لە هۆکارەکان دەکەن . ئەلمانیا لە جەنگی جیهانی یەکەم دەدۆڕێنێ ، هۆی ئەم دۆڕاندن و شەرمەزاربوونەیان ، بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە گوایە ، جولەکەکان وەک پێویست سەپۆرت و پاڵپشتی ئەلمانیایان نەکردووە ، هۆکارێکی تر گوایە ژێر بە ژێر خەریکی ڕکابەری و موئامەرەن لەسەر گەلی ئاری .. لەلایەکیتر ، جولەکەکان بۆ با شتربوونی ژیانیان و بەدەستهێنانی ئومێد و خواستەکانیان لە هەڵبژاردن دەنگیان بە کۆماریەکان دەدا ، نەک حیزبەکەی هیتلەر .
بە دوای جەنگی جیهانی یەکەم ، لە ٥ی جانیوەری پارتی کرێکارانی ئەلمانیا دادەمەزرێ ، هیتلەر لە ١٦ی سیپتەمبەر دەبێتە ئەندامی ئەم حیزبە ، لە ٢٤ی فێبروەری ئەم حیزبە لە پلاتفۆرمێک ناوی خۆی دەگۆڕێت بۆ ” پارتی کرێکارانی ناسیۆنال سۆسیالیستی ئەلمانیا ” ( NSDAP ) دواتر دەبێت بە حیزبی نازی . هیتلەر لە ساڵی ١٩٢١ دەبێتە سەرۆکی ئەم حیزبە .. لەنێو ئەم حیزبەدا باڵی ڕاست و چەپی تیا دەبێت بەڵام لەژێر کاریگەری هیتلەر و هاوبیرانی ، باڵی ڕاست تەواو سایە بەسەر حیزب دا دەکات و حیزب بە ئاقاری ڕاستدا دەبەن . لەوساوە ڕا بیری ئەنتی سیمیتیزم واتە ئەنتی جولەکەیی لەپال مەسەلە نەتەوەیی و گرینگەکان دەخەنە بەرنامەی حیزبەوە ،، لە بەرنامەکان و لە میدیاکان ، بە تایبەت هیتلەر ، لە دیمانە و وتار خوێندنەوەکان ، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هێرشی دەکردە سەر جولەکەکان ، تا ئاستی ئەوەی لە هەموولایەک ، بە خائین و دژ بە نەتەوەی ئەلمانیان دەناساندن .. تا وای لێهات ئەم بیرکردنەوەیە ببوو بە بیرکردنەوەی هەموو نەتەوەی ئەلمانیا ، هەموو خەڵکێک بەم چاوە سەیری جولەکەکانیان دەکرد ، ئیتر تا ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٩ ئەم پلانی تۆڵە سەندنەوە لە جولەکەکانیان خستە پراکتیکەوە و لە ئاکام تراژیدیای هۆلۆکۆست ڕوویدا و شەش ملیۆن قوربانی لێکەوتەوە ..!

_ کورتەیەک دەربارەی نووسەر

ئیلی ویسل لە ٣٠ی سیپتەمبەری ساڵی ١٩٢٨ لە خێزانێکی جولەکەی ئایین پەروەر ، لە شاری سایت ، کە ئێستا سەر بە ڕۆمانیایە دێتە دونیا . لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی ١٩٤٤ لەگەڵ جولەکەکانی تری ئەوروپا لە شارەکەیان دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان .. ئیلی یەکێکە لە بەشداربووانی کارەساتی هۆلۆکۆست .. لە کەمپەکان باوک و دایک و خوشکە بچووکەکەی دەمرن .. خۆیی و دوو خوشکە گەورەکەی ڕزگایان دەبێت . دوای ئازاد بوونی ماوەیەک لە هەتیوخانە دەمێنێتەوە ، لە ساڵی ١٩٤٨ دەڕواتە فەڕەنسا لە زانکۆی سۆربۆن ( Sorbonne ) لە فەلسەفە دەخوێنێت . هەر لەو ساڵەدا ، دەست بەکاری ڕۆژنامەنووسی دەکات . لە ساڵی ١٩٥٨ یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی ( شەو ) بەچاپ دەگەیەنێت . تا ئێستا نزیکەی چل کتێبی هەیە ، هەندێک لە ڕۆمانەکانی ڕووداوی ڕاستەقینەن . لە کتێبەکانی مامەلە لەگەل مەسەلە مرۆییەکان و هۆلۆکۆست و ئایین و ئاشتی و ئازادی مرۆڤ دا دەکات . لە ساڵی ١٩٦٩ ناسنامەی ستیزن هاولاتی ئەمریکی وەردەگرێت . لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ ماریۆن ژیانی خێزانی پێکدەهێنێت . لە ساڵی ١٩٧٢ یەکەم منداڵیان دەبێت . لە ساڵی ١٩٧٦ دەبێتە مامۆستا و پرۆفیسۆر لە زانکۆی بۆستن  Bostonلە ئەمریکا ، وە هەروەها بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەبێتە سەرۆکی کۆمیسیۆنی هۆلۆکۆست ، وە ڕۆلی سەرەکی و بەرچاوی دەبێت لە سیاسەت و جێگەوڕێگەی جولەکەکان چ لە ئسرائیل چ لەسەر ئاستی دونیا . لە ساڵی ١٩٨٥ مەدالیای زێڕی کۆنگرێسی ئەمریکی وەردەگرێت .. لە ساڵی ١٩٨٦ خەڵاتی نوبڵی ئاشتی وەردەگرێت . ئەوەی شایانی باسە تا ئێستا لە ژیان بەردەوامە و لە تەمەنی ٨٢ ساڵی دایە .

                             بەفرانباری ٢٠١١

_ سەرچاوەکان :

Night-_
Elie Wiesel
A New Translation by
 Marion Wiesel

THE HOLOCAUST _
JACKR FISCHEL

GENOCIDE _
A GROUNDWORK GUID BY
JANE SPRINGRE

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.