Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەی سلێمانی بۆ كرایە ئامانج؟!   ……   ئاسۆعەبدوللەتیف

ئەی سلێمانی بۆ كرایە ئامانج؟! …… ئاسۆعەبدوللەتیف

Closed
by March 12, 2008 گشتی

  سەرەنجام سلێمانی وەك شارێكی ئارام بوویە ئامانجێكی نادیارو ئێوارەی دوێنێ لە بەردەم ئۆتێل سلێمانی پاڵاس تەقینەوەیەكی گەورەی خۆكوژی شاری سلێمانی هەژاندو دەیان كوژراوو برینداری خستەوەو شاری پڕكرد لە كەشی ترس و نائارامی، ئەم تەقینەوەیە لەم كات و ساتەدا و لە سەروبەندی یادەكانی مانگی ئازارو بەیاننامەی 11ی ئازارو شكستی مادەی 140 و كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر گرێبەستەكانی نەوت مەغزاو مەدلولاتی  قوڵی سیاسی هەیە و ناكرێت سەرپێییانە بەسەریاندا گوزەر بكەین، دیارترین ئامانج لەم هێرشە درزتێخستنی ئەو كەشە ئارامە بوو كە شاری سلێمانی پێ ئەناسرایەوە لە چەند ساڵی رابردوودا لە رووی ئەمنیەوە، هەمانكات تەقینەوەكە وەك شۆكێك لێدانێكیش بوو لەو غرورو شانازییە گەورەیەی كە دەسەڵات لەم شارەدا بۆ خۆی دروست كردبوو تا ئەو ئاستەی كە جۆرێك لە دەستكراوەیی و بێ خەمی هەستی پێ ئەكراو سوڵتەی ئەمنی  بەتەواوی پشتوێنیان لێ شل كردبوویەوە!! چەند رۆژێك لەمەو بەر كیژێكی هەشت ساڵان بە ناوی "لەرێ مەریوان" لە بەردەم قوتابخانەكەیدا لەلایەن باندێكەوە رفێنرا و بە شێوەیەكی ناشیرین و دڵرەق بە بەرچاوی ئاسایشەوە كوژرا، پێرێ ئێوارەش هەر لە بازارێكی قەرەباڵغی شاری سلێمانی شەرە دەمانچە لە نێوان دوو گەنج روویدات و كەسێك كوژراو و چواركەسیش بریندار بوو، ئەم زنجیرە رووداوانە لە ماوەی هەفتەیەكدا كە سلێمانیان هەژاند ترسێكی خەتەرناكیان بە شاردا بڵاوكردەوە و مایەی لەسەر وەستان و تێرامان بوو، بەتایبەت بۆ  تەقینەوەیەكی وەك ئەوەی بەردەم سلێمانی پاڵاس كە دەزگا ئەمنیەكان بە خەیاڵیشیاندا نەدەهات بەرە جەژنانێكی نەورۆزی وەك ئەمساڵ سلێمانی بەو دەردە ببەن و دیوارە ئارامیەكەی درز تێ بكەن، ساڵانی رابردوو هەولێری پایتەخت و كەركوك بووبوویە ئامانجی تیرۆریستان و بە هەموو شێوەیەك هەوڵی پشێوی و نائارامی ئەو شارەیان ئەداو چەندین كاری ئانارشیزم و تەقینەوەو كوشت و بڕیان ئەنجامدا بە چەندین شێوەو تەكنیكی جیاواز و لێدان لە شكۆی حكومەت، كە پەیامێكی سیاسی بوو بۆ حكومەتی هەرێم و ئەزموونە سیاسیەكەی كە تا ئێستاش وەك هێلكەیەكی دۆڵەمە وەهایەو ئەم تەقینەوەیەش دەری خست دوژمنان هەر كات بخوازن دەتوانن كوردستان بكەنە ئامانج، ئێستاش گواستنەوەی ئەو تەقینەوانە بۆ سلێمانی پەیامێكی توندترو رق ئەستورانەتری فشارە سیاسییەكانی وولاتانی ئیقلیم و نەیارە شۆڤێنیەكانی هەرێمی كوردستانە بەرانبەر بەو وەهم و غورورو مەكرە سیاسیەی كە دروست بووە لای دەسەڵاتی هەرێم و لای وایە كوردستان تا ئێستا قەڵای بێروون و دوور لە ترسەو بگرە تاقە دورگە ئارامەكەی عیراقە، بۆیە ئەم تەقینەوەیە ئەو وەهمەی ناو ئەجێنداكەی حكومەت و دەزگاكانی ئاسایشی تێك شكاندو پەیامێكی سیاسی توندیشی ئاراستەكردین و بە ئاگای هێناینەوە لە خەوی قوڵ و سەرمەستیەكانی شارو سەرگەرم بوون بە گەندەڵیەكانەوە، بۆیە گرنگە ووردبینی زیاتری لەبارەوە بكرێت و بە خۆداچوونەوەیەك هەبێت و چەندێك لە خەمی گرێبەستە نەوتیەكانەوەین ئەوەندەش بە خەم ئاسایش و ئارامی شارەكانمانەوە بین.
 
Asolm2002@yahoo.com
 *  ئەم ووتارە لە رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە 112 ، گۆشەی "پەنجەرە" دا بڵاو بۆتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.