Skip to Content

418 Views

گەر “من” من نەبم، “تۆ”ش تۆ نی!؟ … برایم فەڕشی

گەر “من” من نەبم، “تۆ”ش تۆ نی!؟ … برایم فەڕشی

Be First!
by January 7, 2017 General, Opinion
image_print

پاش تاقیکردنەوەکانی بواری نۆیرۆلۆژی لە مەڕ دەوری بیۆلۆژیکی مێشک سەبارەت بە ئاکاری مرۆڤ، ئەم پرسیارە کێشراوەتە ناو باسی فەلسەفە “کە ئایا مرۆڤ وەک تاک بەرپرسیارە لە ئەنجامی ئاکاری خۆی؟” ئایا هەر کام لە ئێمە کە بە پێی تێگەیشتنی فەلسەفی، بە مەنتقەوە گرێدراوین وبە مرۆڤی ئاگابەخۆ و ئاگالەخۆ، دەناسرێین و کەسایەتیمان لە وشەی “من”دا دەنوێندرێ، مرۆڤگەلێکی ئازادیین و “خۆمان” بڕیار دەدەین؟ یا لە ئێمەی مرۆڤیشدا چەشنێک ئۆتۆماتیسم، دەور دەگێڕێ و “من” لە مرۆڤدا، کەشفی ئینسان خۆیەتی کە بە ناوی فەلسەفە، دایهێناوە بۆ ئەوەی مانایەکی جیاواز لە زیندەوەرانی دی، بە خۆی ببخەشێ ؟
گەر ئەم تێگەیشتنە، کە مرۆڤ بە “ئاگابەخۆ و ئاگالەخۆ” دەزانێ، هەڵە بێ، کۆمەڵگای ئینسانی ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی دەبێتەوە. ئینسان لە سەر ئەو تێگەیشتنە کە “مرۆڤ خاوەنی تێگەیشتنە و ئاگابەخۆ و ئاگالەخۆیە” و بەرپرسی کار و ئاکاری خاس و خراوی خۆیەتی، مامەڵەی لە گەڵ خۆی کردووە و دام ودەزگای داد و دام ودەزگای تری بۆ جەزادانی “من”کانی ئاگابەخۆ، دامەزراندووە. گەر لە سەرووی “من”ی ئاگابەخۆ و ئاگالەخۆ، دەزگایەکی تر هەبێ کە بڕیاردەری سەرەکی بێ، دوور لە “ئیرادەی من”، “من”ی “ئیرادە بەخۆ” چ دەورێکی بۆ دەمێنێتەوە، کە ئەو لە ئاژەڵ جیا کاتەوە؟!

گەر ئەم تێگەیشتنە بسەلمێندرێ، کە “من”ی ئاگابەخۆ و ئاگالەخۆ بوونی نییە، کێ لە “من”دا وەک ئینسانی جیاواز لە ئاژەڵ بوونی هەیە؟ گەر ئینسان و باقی زیندەوەران، بەستراوە بە ئۆتۆماتیسم بن، کە ڕەنگە بە “سرووشتی” لە قەڵەم بدرێ، بوونی فەلسەفە بۆچییە؟ ئەو ئۆتۆماتیسمەی کە لە ناو ئاژەڵاندا هەیە، شێر، بەبر، پڵنگ گەر هەمان بێت کە لە ئینساندا دەور دەگێڕێ، چ جیاوازییەک لە نێوان “ئینسانی بوێژ” و “گیانداری نەبوێژ”دا دەمێنێتەوە؟
ئەم پرسیارانە و پرسیاری تر، لە دەیەی هەشتای سەدەی بیستەوە بە سەر فەیلەسووفەکاندا دەبارێ، بە بێ ئەوەی وڵامیان بۆی هەبووبێ. فەلسەفە تا ئێستا توانای ئەوەی هەبووە، ئینسان جیاواز لە هەموو زیندەوەرانی تر بناسێنێ، ئێستا نۆیرۆلۆگی قسەیەکی تر دەکات و زانیاری و تێگەیشتنی نوێ دەخاتە بەردەست. وا چەند ساڵێکە فەلسەفە خۆی لە گەڵ زانیارییەکانی نۆیرۆلۆژی تازە کردۆتەوە و دەنگی نوێی جیاواز لە فەلسەفە و “نۆیڕۆفەلسەوە” دەبیسترێ.

“لە زانستگاکان باس لەوە دەکرێ کە فەلسەفە ئیتر بە یارمەتی کتێبخانەکان بەڕێوەنابردرێن. زانستکارانی بەشی زانستەکانی دەروونناسی لەوە گەیشتوون کە دەبێ خۆیان بە زانیارییەکانی لابراتواری نۆیرۆلۆگی تەیار بکەن، بۆ ئەوەی وەپاش نەکەون. ئەوان لەوە گەیشتوون کە لێکۆلەران و نۆیڕۆلۆگەکان بەو زانیاریانەی کە لە سەر مێشکی ئینسان پەیدایان کردووە، لە وڵامی پرسیارە فەلسەفییەکان کە ماوی ٢٥٠٠ ساڵە تاوتۆ دەکرێن، نزیک بوونەتەوە! ئێستا خوێندکاری فەلسەفە ئەم پرسیارە لە خۆی دەکات کە ئایا مرۆڤ خاوەنی -ویست و ئیرادەی ئازاد-ی خۆیەتی؟” ئایا مرۆڤ ئاگایانە هەڵسوکەوت دەکات و بڕیار دەدات؟ ئایا “من” کە لە فەلسەفەدا دەوری سەرەکی بۆ ئیسبات بوونی کەسایەتی “من” دەگێڕێ، بوونی هەیە، ئەو “من”ە کە فەلسەفە و زانستی دەروونناسی دەیناسێنن، چۆن دەسەلمێندرێ؟ “من” کێم؟

زانستی نۆیڕۆلۆگی، بەو تاقیکردنەوانەی کە لە سەر مێشک کراوە و دەکرێ، گومان دەخاتە سەر ئەم بۆچوونەی فەلسەفە کە”من”ی بڕیاردەر لە مرۆڤدا هەبێ، کە بەرپرسیار بێ لە بڕیاردان. نۆیڕۆلۆگی و نۆیڕۆفیلەسووفەکان پێیانوایە، بڕیاردەر مێشکە کە پرۆسەیەکی چڕوپڕ دەپێوێ. “پازدە میلیارد خانەی مێشک(نویرۆن) و ٥٠٠ بلیۆن سیناپس ئەو ئیمکانە دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی ئێمە بۆ پێکاندنی مەبەست بیربکەینەوە و وەبیربێنینەوە!” ئەمەش هەر بە پێی تاقیکردنەوەی نۆیڕۆلۆگی بەر لە دەربڕینی بڕیاری”من” لە مێشکدا سەر دەگرێ.
“پازدە میلیارد نۆیرۆن، هەزاران پێوەندیی لە نێوان خۆیاندا پێک دەهێنن و بەم چەشنە تۆڕێکی چڕیی پڕ لە پێوەندی ساز دەکەن. نۆیڕۆلۆگەکان بە یارمەتی بەهێزترین میکرۆسکۆپ کە یەک بۆ دەهەزار گەورەتر نیشاندەدەن، دەتوانن بینەری کاری نۆیرۆن و سیناپس و ئەو پێوەندیانە بن و تەنانەت مەودای پێوەندییەکان ئەندازە بگرن، کە بە ٥٠٠ هەزار کیلۆمەتر مەزەندە دەکرێ، واتە دوورتر لە مەودای نێوان مانگ و زەوی.”

نۆیرۆلۆگی بە پێی ئیمکانی زانستی، تەکنیکی، فەننی کە بەکاری دەهێنێ، زۆرترین زانیاری لە سەر کار و میکانیسمی میشک و دەور و ڕۆڵی دەداتە دەست، چ دەوری ئۆرگانیک و چ ماوەرای ئۆرگانیک، وەک هەست و بیر و تێگەیشتن و هەموو لێهاتووییەکان کە مرۆڤ هەیەتی. تاقیکردنەوە و پشکنین لە مەر ناسینی زۆرتری مێشک بەردەوامە، پرسیارە بێوڵامەکانی ئینسان کە لە فەلسەفەدا باس کراون، ئیمکانی وڵامدانەوە پەیدا دەکەن، بەڵام نە لە ڕێگای تێفکرین و تێگەیشتنی فەلسەفە و تێزەکانی فەلسەفەوە، بەڵکوو لە ڕێگای نۆیڕۆلۆگی و ناسینی بیۆلۆژیکی ئینسان خۆیەوە.

ئینسان لە ڕێگای هێنانە گۆڕێی پرسیار بۆ ناسیینی خۆی و تێگەیشتن لە بوون و نەبوون بە فەلسەفە و تێگەیشتنی فەلسەفی گەیشت و خۆی لە گەڵ فەلسەفە و پرسیارکردن و پەیداکردنی وڵام خەریک کرد. بەرپرسی ماکس پلانک ئینستیتۆتی فرانکفۆرت، ولف سینگەر دەبێژێ:” ئیدەی بوونی ویستی سەربەخۆ و ئازاد لە لای ئینسان، دەبێتە ئیلیزیۆن(تراویلکە) گەر مرۆڤ قەبووڵی بکات، کە هەموو ئەنجامەکانی مێشک لە سەر پرۆسەی نۆیرۆنەکان ساخ دەبێتەوە. لە ژێر تاقی کاسە سەری ئینسان، هەمان قانوون بەڕێوە دەچێ کە ئەستیڕەکان دەسووڕێنێ و دڵ وە گەڕ دەخات.”
بەو پێیە گەر تێزی سینگەر بسەلمێندرێ و کاریی مێشک و دڵ یەکسان بن و پەیڕەوی هەمان قانوونی نائیرادی بن کە ئەستێرەکان دەسووڕێنن و شەو و ڕۆژ بەدوای یەکدا دەهێنن، هیچ مرۆڤێك بەرپرس نابێ لە هەر کار وئاکارێک کە ئەنجامی دەدا.
هەرچەند بۆچوونی سینگەر و سینگەرەکان ڕەنگە ببنە هۆی وڵامی پرسیارگەلێک لە ڕێگای تاقیکردنەوەکانی نۆیڕۆلۆگی، بەڵام کۆمەڵێک پرسیاری نوێی فەلسەفی لە گەڵ خۆیان دەهێنن، کە ئینسان خۆی پێوە خەریک دەکات. ئیسپاتی تاقیکردنەوەکانی نۆیڕۆلۆگی، نەک بە تەنیا فەلسەفە، بەڵکوو بەیس وبنەوانی ئایین، باوەڕی ئایینی و خودایی هەڵدەتەکێنێ.

گەلێک تاقیکردنەوە ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی بزاندرێ،کە ئایا مرۆڤ بۆ ئەنجامی جولەیەک، دەربڕینی هەست و هەڵوێست و کارێک، بە پێی”زەمیری خودئاگا”ی خۆی کە لە بوونی”من”دا خۆ دەنوێنێ، دەجولێتەوە، یان بەر لەوەی ویستی بەخۆئاگا، بڕیار بدات، مێشک بڕیاری داوە و “من”، نە بڕیاری ئیرادەی خۆی، بەڵکوو بڕیاری مێشک بەجێ دەگەیینێ؟
تاقیکردنەوەکانی مێشک لە ڕێگای سیستمی کامپیۆتێری و پرۆگرامی تایبەتەوە ئەنجام دراون و دەکرێ بە وردی و دەقیقی ئەنجامەکانی مێشک ببیندرێ و ئانالیز بکرێ، ئاکامی ئەم تاقیکردنەوانە ئەوە دەردەخەن کە نۆیرۆلۆگی باس لە دەستەڵاتی ئۆتۆماتیکی بڕیاردەر دەکات، واتە مەیل و ویستی ئازادانەی “من” دەربڕی بڕیار نییە!

گەر ئۆتۆماتیسمی گەردوون و کائینات، کە دەبێتە هۆی گەڕانی زەوی، سووڕانی ئەستێرەکان و تیک تاکی دڵ، هۆی ڕاستەقینە و مۆتۆڕی جولە و بڕیاردان و نەدان بێت، کەوابێ فەلسەفە دەبێ ڕەنگدانەوەی تاقیکردنەوەکانی نۆیڕۆلۆگی بێ! بەوەش فەلسەفەی ڕۆژئاوایی بنەمایەکی نوێ ماتریاڵگەرایی بەخۆیەوە دەگرێ و مێشک وەک ئۆرگانێک کە میلیاردها خانە و بلیۆن سیناپس لە خۆی دەگرێ، دەکاتە ناوەندی تێگەیشتن لە ئینسان و فەلسەفە!
“مرۆڤ دەتوانێ بە پێی وزە و مەنتقی خۆی لە بارودۆخی دیاریکراو، هەڵوێستی ئازادانەی جیاواز لە خۆی بنوێنێ. هەرچەند مەیدانی “ئۆتۆنۆمی سرووشتی” بۆ بڕیاردانی بەرپرسیارانەی مامەڵەکردنیشی هەبێ. لەم پێوەندییەدا، مرۆڤ بۆی هەبوو، لێهاتوویی ئازادانەی خۆی بەکار بهێنێ”
ئەمەی سەرەوە بۆچوونی هێنریک والتێر فەیلەسووف، دەروونناس و نۆیرۆلۆگ بوو، کە ئەڵبەت ئەو پێیوایە نۆیرۆلۆگی دەربڕینێکی “بابەتیانە”یە، نە فەلسەفی و ئەخلاقی. بەو مانایە کە “دزێو و خاس” دوو تەوەری تەواو وکەماڵ(موتڵەق) نیین. ئەو دەڵێ ” ئیمکانی ئەوەی ئێوە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک بکوژن، بەرانبەر سیفر نییە.” واتە ئەو ئیمکانە لە هەر مرۆڤێکدا هەیە.

ئەوەی کە ئایا بەکارهێنانی تووندوتیژی دژ بە کۆمەڵگا و کەسان پەیوەستە بە پاشخانی بیۆلۆژیکی و لە سرشت و سرووشتی ئینسانەوە سەرچاوە دەگرێ، با وەک پرسیارێکی ئاواڵە بمێنێتەوە، بەڵام گەر بسەلمێندرێ زۆر لەو چەمکە ئایینی-فەلسەفی- حقووقی- ئەخلاقی- کۆمەڵایەتیانە، مانایان نامێنێ.
تۆماس مەتسینگەر دەرسوێژی تئۆری فەلسەفە لە زانستگەی ماینز،دەبێژێ:” من بیرم لەوە کردۆتەوە، چ دەبێ، گەر ناوکی جێکەوتووی “من” بوونی نەبێ، بەڵکوو تەنیا وێنەیەک هەبێ لەوەی ئێمە خۆمان لێ تێکبچێ؟ ئەوجا ئێمە وامان پێدێ وەک نەخۆشی ئانتۆن() کوێر دەمێنینەوە لە بەرانبەر بوونی خوودی خۆماندا و تێگەیشتنی تەرسە لە خۆمان پەیدا دەکەین. ” واتە گەر بیرکردنەوەی مەتسینگەر بەڕاست دەربێ، “من”ێکی ئاگا بە خۆ، نامێنێ.
هەروەک دەبیندرێ، مەتسینگەر سەرەڕای ئەوەی بیر لە نەبوونی “ناوکی جێکەوتووی -من-” دەکاتەوە، لە بەرانبەردا باس لە “ئێمە” دەکات، کە کۆی”من”ەکانە، واتە “من” وەک “من”، “تۆ” وەک “من”، کە هەرکیان “من”ن. کە وایە پرسیاری بوون و نەبوونی “من” و بوونی” ئۆتۆماتیسم” بەردەوام دەمێنێ و ئەم باسەش درێژە پەیدا دەکات. هەرچەند زۆر نیشانە لە ژیانی ئەمڕۆدا بۆ ئیسباتی زاڵبوونی ئۆتۆماتیسم دەبیندرێ، هەتا زاڵبوونی ئۆتۆنۆمی “من”!

برایم فەڕشی
١/١/٢٠١٧

Previous
Next

Leave a Reply