Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
یەکەم ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە پەرلەمانی بەریتانیا بەرز راگیرا!

یەکەم ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە پەرلەمانی بەریتانیا بەرز راگیرا!

Closed

ئێوارەی چوارشەممە رێکەوتی ١٥/٦/٢٠١١ کاتژمێر ٧-٩ بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی سیاسی‌و کەسایەتی‌ کوردی و ئینگلیزی‌ لەیەکێك لە هۆڵەکانی پەرلەمانی بەریتانیا لە لەندەن، یادی یەکەمین ساڵرۆژی تیرۆری سەردەشت عوسمان لەلایەن چەتری ئازادیەوە بەرزراگیرا.

سەرەتا گۆنا سەعید هەڵسوڕاوی گروپی چەتری ئازادی دەستپێکی یادەکەی کردەوەو پاشان جۆن ماکدۆنال، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیاو ئەندامی پارتی کرێکاران(لەیبەر) کە میوانداری یادەکەی لە پەرلەمان رێكخستبوو، وتەیەکی پێشکەش کرد کە تیایدا ئاماژەی بە تیرۆری سەردەشت‌و ئەو زوڵم‌وزۆرە کرد کە روبەروی رۆژنامەنوسان‌و ئازادی رادەربڕین‌و هەڵسوڕانی سیاسی دەبێتەوە لە کوردستان. هەروەها پشتیوانی جێرمی کۆربن ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا و ئەندامی پارتی لەیبەری بۆ یادەکەو بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان نیشاندا و داوای لێبوردنی کرد کە بەهۆی سەرقاڵیەوە فرسەتی نەبوە ئامادەبێت ئەگەرچی زۆری هەوڵداوە کە بەشداری کۆبونەوەکە بێت.

دوابەدوای ئەو نامەیه‌کی بەکر عوسمان برای سەردەشتی جوانەمەرگ کە بۆیادەکەی ناردبوو خوێنرایەوە. پاشان هۆزان مەحمود وتەی چەتری ئازادی پێشکەش کرد کە تیایدا ئاماژەی بە ژیاننامەی سەردەشت‌، هۆکارو چۆنیەتی تیرۆرکردنی، نارەزایەتیەکانی خەڵك دژی تیرۆرەکە کردو ، لەونێوەشدا باسی لەدایکبونی چەتری ئازادی وەکو گرروپێکی ئەکشن لەلەندەن کرد بۆ رێکخستنی دەنگی نارەزایەتی هاوڵاتیانی کوردی دانیشتوی بەریتانیا دژی ئەو تاوانەو دواتریش دەوری چەتری ئازادی لە پەیوەند بە خۆپیشاندان‌و خرۆشانەکانی مانگی شوبات-نیسانی کوردستان.

دەشتی جەمال، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقی‌ کە هاوکات هەڵسوڕاوێکی چەتری ئازادیە، ئاماژەی بە زەمینەی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی نارەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان کرد بەتایبەتی لە ٣-٤ ساڵی رابردودا و سەردەشت عوسمانی وەکو دەنگێکی نارازی لە دژی نایەکسانی‌و هەژاری‌و پێشێلکردنی ئازادی ناساندو باسی لەوەکرد کە خۆپیشاندانەکانی کوردستان هەمان ئەو پەیامەی سەردەشتی هەڵگرتبوو کە بەزەبری هێزی چەك سەرکوتکراو بەشێوەیەکی کاتی بێدەنگکرا!شایه‌نی باسه‌ جگه‌ له‌سه‌رده‌شت عوسمان هه ریه‌ک له‌ { سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ و د.عبدالستار تایر شریف } دووقوربانی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراسین کوردستانن.

 پاشان Ute Miche  ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپاو کەسی دوەم لە پارتی سەوز، وتەیەکی پێشکەشکردو هاوکات بەناوی جین لامبێرت کە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە لەسەر لیستی حیزبی سەوز پشتیوانی خۆیانی بۆ ئازادی‌و مافەکانی خەڵکی کوردستان راگەیاند.  دوای ئەویش  د.مەریوان وریا قانع مامۆستا لە زانکۆی ئەمستەردام، بابەتێکی زانستیانه‌ی  تایبه‌ت به‌ئه‌وخروقاتانه‌ی که‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌کرێته‌سه‌ر ڕۆژنامه‌ نوسه‌ ئازاده‌کان و هۆکاری ئازارو ئەشکەنجەو تیرۆری رۆشنبیران لەلایەن دەسەڵاتەوە، وە باسی لەوەکرد کە سیستەمی دەسەڵاتی کوردستان دەسەڵاتێکی نادیموکراتیکە.

دواهەمین قسەکەری یادەکە Glenroy Watson یەکێك لە بەرپرسانی لقی لەندەنی یەکێتی کرێکارانی شەمەندەفەر(RMT) بوو کە سەرباری دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ تیرۆری سەردەشت عوسمان‌و سەرجەم قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی کوردستان، پشتیوانی خۆی‌و یەکێتیەکەشی بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو ئازادی‌و مافەکانیان دەربڕی.

شایانی ئاماژەیە کە یەکێتی سەراسەری رۆژنامەنوسانی بەریتانیا بە ئیمزای  میشێڵ ستانیستریت- سکرتێری گشتی یەکێتیەکە بە نامە بەشداری لە یادەکەدا کردو هاوسۆزی خۆی بەوجۆرە رادەگەیەنێ:”  کوشتنی سەردەشت عوسمان تاوانێکە دژ بە ئازادی‌و دیموکراسی کە بانگەوازی عەدالەت دەکات. تیرۆری سەردەشت سەرچاوەیەکی بەردەوامی دڵتەنگی خێزانەکەیەتی کە ئێمە لەم کاتەدا هاوسۆزیانین.”

لە بەشی کۆتایی یادەکەدا وەڵامی پرسیارو سەرنجی بەشداربوان درایەوەو لەوێدا هەریەکە لە جۆن ماکدۆناڵ، ئوتە میشێ Ute Miche و گلەنرۆی  واتس   Glenroy Watsonبەڵێنی ئەوەیان دا کە کاری جدی بکەن بۆ ئەوەی پەیامی کۆبونەوەکە بگەیەنن. هەر لەوبارەوە جۆن ماکدۆناڵ لەوە ڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گروپی( ئەی پی پی جی){APPG} لە پەرلەمانی بەریتانیا کە ماوەیەك لەمەوبەر راپۆرتێکی چەواشەکارانەیان لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری و رەوشی مافی مرۆڤ پێشکەش پەرلەمان کردبوو، وە داوای لێکرا کە ئەو مەسەلەیە لەناو پەرلەماندا بوروژێنێ، بەڵێنی دا کە هەوڵی جدی خۆی ئەدات کە ئەو مەسەلەیە بخاتە بەردەستی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر رۆشنایی ئەو بەڵگانەی کە چەتری ئازادی لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ‌و ئازادیەکان‌ بەدەستی دەگەیەنن. هەروەها باسی لەوەکرد کە هەوڵی خۆی و بەهاوکاری جێرمی کۆربن‌و ئەندام پەرلەمانتارانی حیزبی سەوزو یەکێتی کرێکاری (RMT) ویه‌کێتی سه‌رانسه‌ری ڕۆژنامه‌نوسانی به‌ریتانیا{NUJ چەند یەکێتی دیکە کە کار لەسەر کەیسی سەردەشت و مەسەلەی پێشێلکردنی ئازادی‌و مافەکانی خەڵک‌و راکێشانی پشتیوانی بۆ خەڵکی کوردستان بکەن. هەر لەوێشدا ئەندام پەرلەمانی حیزبی سەوزو سەرۆکی لقی لەندەنی (RMT) بەڵێنی پشتیوانی‌و هاوکارییان دا. 
هه روه‌ها سه‌رجه‌م به‌شداربوانی کۆبونه‌وه‌که‌ یاداشت نامه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی {5} خاڵێان ئیمزاکرد که‌ دواتر ڕه‌وانه‌ی هه ر 3 سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی کوردستان ده‌کرێت.

 
چەتری ئازادی- لەندەن
١٦/٦/٢٠١١

chatre_azady@hotmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.