Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”

Closed
by June 28, 2011 گشتی

گۆران و وەرگۆڕان

 لە بارەی پارتەوە، بۆچوونی نووسەر دروستە و لە بۆچوونی کۆمونیستە سۆڤیەتیستەکان (Council communism)ی وەك پاول ماتیك(Paul Mattick  http://hezhean.kurdblogger.com/67292)، ئەنتۆن پانەکۆوك (Anton Pannekoek http://hezhean.kurdblogger.com/67160) و بەگشتی دەتوانم بڵێم لەنێو کۆمونیستە کوردەکاندا ئەو  و (بژار) توانیوتانە و وێراوتانە خۆیان لەو باسە بدەن و ئەمە جێی دڵخۆشییە. بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر نووسەر بەتەمابێت، ئەم باسە نۆژەن بکاتەوە، ئەوا پێویستە  هەندێك دەستەواژە وەلابنێت، لەوانە لێره‌دا سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ راده‌كیشین، كه‌ ئه‌و نابووتبوون و داڕووخانه‌ی پارته‌كان نه‌ك هه‌ر جێی شادمانیی نییه‌ ل11  کە بە بۆچوونی من، دەبێت پوکانەوە و نابووتبوونی پارتەکان جێی دڵخۆشی بێت و پەیگیرانە کاریشی بۆ بکرێت، چونکە ئەگەر کۆمونیزمێك کە  مەبەستی بەڕێزیانە، هەمان “ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری مرۆڤایه‌تی” بێت، ئەوان پارت و دەستەبژێر دژە-شۆڕشی ئەو خەونە دەبن و بەپێی ئەوە دژایەتیکردنی سەرسەختانەشیان ئەرکی هەر سۆشیالیست و کۆمونیستێکی ئازادیخواز (Libertarian communism) دەبێت.

„سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی به ‌هۆی سه‌ركه‌وتنی به ‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سۆشیالیستیی به‌لارێداچووی سۆڤیه‌تیی“ ل11
بە بۆچوونی من، دەسەڵات هیچ کات بە واتای بەڕێوەبەرایەتی نایێت و تەنیا ئاماژەیە بە بەرتەری هێندێك بەسەر هێندێکی دیکەدا، بۆیە سۆشیالیزم ناتوانێت ببێتە دەسەڵات، بەلكو دەتوانێت شێوەیەك لە کۆمەڵگە بێت، کە خاوەنی شێوازی جیاوازە لە بەڕێوەبەرایەتی و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی لەنێوان تاکە ئازادە یەکگرتووەکان، لە یەکگرتنێکی ئازادانەدا لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیان و دەوروبەریان. هەروەها لە ئەنجامی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەسەر دەستی بەکرگێراوانی ئیمپراتۆری پروس، هیچ کات لە ڕوسیەدا سیستمی سۆڤیەتی پێك نەهات و لە ساڵی ١٩١٨دا سۆڤیەتەکان لەکار خران، دەتوانن سەرنجی بۆچوون و سکالاکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو پارتی سۆسێال.دێمۆکراتی ڕوسیە لە کۆنگرەی ١٩١٨دا بدەن، کە بەئاشکرا داوای گەڕانەوەی هەموو بڕیارەکان بۆ ئەنجومەنە (سۆڤیەتە) خۆجێییەکان و ئازادی گروپ ڕامیارییەکان و  ئازادبوونی دەستبەجێی زیندانییە ڕامیارییەکان دەکەن، کە مەڵموسترین بەڵگەی دیکتاتۆری پارت و سەرکوتی بێپەردە و بێڕۆڵی سۆڤییەتەکانە لە سایەی دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەکەی (لێنین)دا. ئەگەر خۆبەکۆمونیستزانەکانی کوردستان و ناوچەکە کەمێك خۆیان ماندوو بکەن و واز لە لێنینپەرستی بهێنن، ئەوا دەتوانن  لە خودی بەڵگەنامەکانی پارتی سۆشیال-دێمۆکراتی ڕوسیەدا، ئەو بەڵگانە بەدەست بهێنن، کە سەلمێنەری ئەوەن، شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەدەستی بۆلشەڤیکەکان تێكشکێنرا نەك دوژمنی دەرەکی. بەڵام بەداخەوە هەروەك موسلمان و مەسیحی و یەهوودییەکان بڕیاریانداوە، کە سەرەڕای هەموو بەڵگە مێژووییەکان و دەرکەوتنی راستییەکان، چاویان بنووقێنن و خەریکی وتنەوەی ویردەکان بن.

 “دامه‌زرانی رێكخراوبوونێكی رامیاریی و ناحیزبیی له ‌یه‌كگرتنێكی ئازادانه‌ به چه‌مك و كاركردێكی تازه ‌له‌ یه‌كێتییه‌كدا  كه‌ پێیده‌گوترێ (کۆمۆن) به ‌شێوه‌یه‌كی رۆشن و دوور ‌له ‌هه‌موو ئاڵۆزیی ته‌مومژێك و ئه‌و یاسا و رێسا پۆڵاینیی و هاوكات پلاستیكییانه‌ی حیزبایه‌تیی” ل12

لێرەدا نووسەر دەکەوێتە ناکۆکییەوە، چونکە ڕێکخراوەی ڕامیاریی هەر دەکاتەوە پارت و ڕێکخراوەی ڕامیاری پێویستی بە دەستەبژێرە و بوونی دەستەبژێریش نیشانەی پۆلێنکردنی ئەندامانی ناو ئەو ڕێکخراوەیە بۆ ڕابەڕ و پاشڕەو و فەرماندەر و فەرمانبەر.. .

لە ڕاستیدا ئەگەر واژەی (کۆمون) وەك خۆی وەربگرین، ئەوا لە ئەمڕۆدا هیچ شتێکی وای تێدا نییە، کە جێی سەرنج و شەیدایی بێت. بەڵکو لە کۆمونەی پاریسدا ئەوە شێوازی ڕێکخستنە ئەنجومەنییەکە بوو، کە لە کۆمونی بۆرجوازی جیای دەکردەووە، (کۆمون) دەکاتە شارەوانی و (کۆمۆن) دەکاتە هاوبەش یا ناوکۆ. بە بۆچوونی من، ئەوە رێکخراوبوونی جەماوەریی چین و توێژە بندەستەکانە لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیان و خەباتیان بۆ ئامانجە ئابووریی و  ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییەکانیانە، کە لە پاشکۆیی وردەبۆرجوازی خۆڕێکخستوو لە پارتە پێشڕەوەکان ڕزگاریان دەکات. بۆیە ئەو ڕێکخراوانە هەرچییەکیان ناو بنێیت، هیچ لە سروشت و ناوەڕۆك و میکانیزمەکانیان ناگۆڕێت، بەڵکو گرنگ گۆڕێن و گرتنەبەری شێوازی ڕێکخستن و میکانیزمی کارکردن و ڕۆڵی لۆکاڵی و سەربەخۆیی ئەندامانیانە، کە گرنگی شۆڕشگێڕانەی چینایەتییان پێدەبەخشێت.

“ناوەندێتیی دێمۆکراسیی” نا ، ئەدی چی !؟

بەکورتی بڵێم، من دژی هەموو ناوەندێتییەکم چ دێمۆکراسی و چ بیرۆکراسی، لە بەرامبەردا لایەنگری لۆکاڵیزەکردنەوەی هەموو کاروبار و پێکهاتە و کۆمەڵە و هەرەوەزی و ئەنجومەنەکان و یەکگرتنیانم لەسەر بنەمای فیدرالیزم (فیدرالیزمی ئازادیخوازانە – ئاسۆیی، نەك فیدرالیزمی دەوڵەتی، قوچکەیی). لێرەدا خۆم لە باسی دێمۆکراسی لادەدەم ، چونکە وەك بابەتێك دواتر هاتووە.

نووسەر خۆی زۆر جوان ناوندێتی بەنێو دێمۆکراسی لێکداوەتەوە. تەنیا دەمەوێت بڵێم دێمۆکراسییەك کە ئازادیخوازان خوازیارنی، ڕەتگەرەوەی ناوەندێتییە و ئەو ناوەندێتییە تەنیا لەتەك دێمۆکراسی هیراشییانەی بۆرجوازیدا دەگونجێت و هەر سۆشیالیستێکیش بەو ناوەوە کاری کردبێت یا بکات، ئەوا ئاوی بە ئاشی بۆرجوازیدا کردووە و دەکات.

لە باسەکاندا واژەی “زانستییانە” زۆر بەکارهاتووە و بە بۆچوونی من ئەم واژەیە تەنیا خەڵەتێنەرانەیە و بۆ ڕەتکردنەوەی هەر بۆچوونێکی دژ (نەیار)ە و پارتە کۆمونیستەکان وەك کوتەك بەکارییان هێناوە، بۆیە پێویستە خۆمان لە بەکاربردنی بپارێزین، چونکە سووتاندنی یەهوودییەکان و کیمیابارانی هەڵەبجەش تاقیکردنەوەیەکی زانستییانە بوون، تێزەکانی (مایکیاڤیلی)یش لەمەڕ دەسەڵات زانستییانەبوون. بە بۆچوونی من یەکێك لە لاوازییەکان ڕۆشننەکردنەوەی ئەو زانستەیە، مەبەست لە زانست چییە، مەگەر لە سیستمی بۆرجوازی زانستییانەتر هەیە؟

من زانست ڕەتناکەمەوە، بەڵکو پێموایە زانستیش دوو لایەنەیە و هەم بکوژە و هەم ڕزگارگەر، زانستی ئازاد و زانستی کونترۆڵکراو (بە سەرمایەکراو)، هەروەها دەبێت پێناسەمان بۆ نازانستیش هەبێت، دیسانەوە لێرەدا هەموو زانستیبوونێك دەتوانێت بۆ بەرامبەرەکەی نازانستیبوون بێت و هەموو نازانستیبوونێك بۆ بەرامبەرەکەی زانستی بێت، ئینجا لێرەدا نازانم پێویستی بەکاربردنی ئەو دەستەواژە لە باسی ڕێکخستندا لە چیدایە؟

ڕامانێکی تازە بۆ پڕۆلیتاریا و “دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا”.

بۆچوونەکانی نووسەر زۆر جوانن و هیوادارم هەردەم پەرەیان پێ بدات و ئەوانەش کە هێشتاکە بەنێوی کۆمونیستبوونەوە شەیدای دیکتاتۆرین، ئاوڕ لە ڕەهەندەکانی ئامادەیی دەسەڵاتخوازی کەمینەیەکی پیشە کودەتاچی لە پشت پاشکۆکردنی پڕۆلیتاریا بۆ دیکتاتۆری، بدەنەوە.

ڕاستییەکەی ئەم واژەیە و بەکاربردنی لەلایەن (کارل مارکس)ەوە بێ پێشینە و بنەما نەبووە، چونکە مارکسیزم بروای بە دەستەبژێریی کۆمونیستەکان هەبووە و لەوێشەوە دیکتەکردن بە کرێکاران و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە بە کۆمونیستەکان وەك نوێنەری یا دەستەبژیریی پرۆلیتاریا دەسپێریت. هاوکاتیش بەکاربردنی ئەم دەستەواژەیە، بەبێ هیچ پاسا و بنەمایەکی سروشتی لە خەباتی چەوساواندا لەلایەن (کارل مارکس)ەوە فرەتر لە هەڵچوونی سەرپێێیانەی نووسەرێك دەچێت، کە وەڵامی نەیارەکانی بە توندی بداتەوە. نەیارەکانی بە دیکتاتۆری تاوانباریان کردبێت و ئەویش کەتووەتە پیاهەڵدانی دیکتاتۆرییەکەی و لەتەك دیکتاتۆری دژەکانی  بەراوردی دەکات.

پرۆلیتاریا، ئەگەر بە سەرچاوە ئەم واژەیە وەربگرین، لە زمانە کۆنەکاندا بە چینی ڕەشوڕوت و بێدەسەڵات وتراوە. ئەوەی کە مارکسیستەکان بۆ جیاکردنەوەی توێژێك لە چینی کرێکار واتە کرێکارانی پیشەسازی بەکاری دەبەن، هەرەمەکییە، چونکە چین لەناو چیندا، لۆژیکی نییە. چین یا یەکە یا نییە. بەمجۆرە پڕۆلیتاریا یا وەك چین هەموو مرۆڤە بێدەسەڵات و بێخاوەندارێتییەکان دەگرێتەوە، ئەوانەی کە بۆ بژێویان، وزەی ژیانی ڕۆژانەیان دەفرۆشن و لە بەرامبەردا موچە یا کرێیەك وەردەگرن، دەگرێتەوە.  ئەم پێناسەیەش هەموو مرۆڤێك، کە لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ناچار بە فرۆشتنی هێزی بازووریی و هۆشی خۆی بێت بە کەسانێکی دیکە، کە خاوەنی سەرمایە و ئامێرەکانی بەرهەمهێنانن، دەگرێتەوە. واتە ئەو کەسانەی کە دەبنە کرێگرتە [ کرێکرتە ناکاتە سیخوڕ و دەستکەلا] ی کەسانی دیکە و بەم پێناسەیە کرێکار و مامۆستا و فەرمانبەر و خانەنشین و بێکار و لەتەك ئەوانەشدا کەسانێك کە یا ئەندامانی خێزانیی ئەو توێژانەی پرۆلیتاریا پێکدەهینن یا ئەوانەی بە مووچەی کەمئەندامی و خوێندکاری وابەستەی سیستەمەکەن، دەگرێتەوە. چونکە ئەوانەش وەك توێژەکانی دیکەی پڕۆلیتاریا خاوەنی سەروەری خۆیان نین و چ لە ڕووی ئابووریی و چ لە ڕووی ڕامیاریی و یاساییەوە وابەستە و ژێرچەپۆکی سەروەری کەمایەتی بۆرجوازین. لێرەدا واوەتر ناڕۆم و دەگەرێمەوە سەر چەمکی |دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا”.

بەڵام ئەوە هەر گۆڕانەکانی ١٥٠ ساڵ نین، کە ”دیکتاتۆری و پرۆلیتاریا”ی پێشەنگ ڕەتدەکەنەوە، بەڵکو لەکاتی نووسینەوەی مانیفێستی کۆمونیستیشدا، کەم نەبوون ئەوانەی کە دژیان نووسیوە و ڕەخیان لێگرتووە. لێرەدا سەرنجی خوێنەران بۆ ڕەخنەی پرۆدۆن  و باکۆنین و پاشینانی ئەوان لەو چەمکە، ڕادەکێشم.

لە هەمووی سەرنجراکێشتر ئەوەیە، کە دیکتاتۆرییەکەی پارتە کۆمونیستەکان لەپاش سەرکەوتن و دروستکردنی دەوڵەتەکەیانەوە دەستپێدەکات، پرسیار ئەوەیە، “ئەوانە” کێن، کە  پڕۆلیتاریا بە نوێنەرایەتی (کۆمونیستەکان) دیکتەیان پێدەکات، ئەگەر بۆرجواکانن، ئیدی  لە وەها بارێکدا قسەکردنن لە سەرکەوتنی شۆرش و کۆمەڵگەی سۆشیالیستی، گاڵتەجاری نییە؟

ئەگەر من ئەو دەستەواژانەی نووسەر وەبەر ڕەخنەی داون ، وردتر بکەمەوە، ئەوا بەو سەرەنجامە دەگەم، کە دەوڵەتێکی سۆشیالیستی، کە مارکس دەیخوازێت، دەوڵەتی سۆشیال-دمۆکراسییە و دیکتاتۆری پرۆلیتاریاش کودەتایەکی سەربازییە، کە کۆمونیستەکان پێهەڵدەستن و  کۆمەڵگە بەرەو ئەو کۆمونیزمە دەبەن، کە لێنین و ستالین و پاشینانیان بردیان. لە کاتێکدا شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە و لە پرۆسەی گەشە و خودهوشیاربوونەوەی کۆمەڵایەتیدا بەرەو سەرکەوتن دەڕوات، هەروەها شۆڕشێکی ئاوا لە ڕژانە سەر شەقامەکان و سەنگەربەندییە سەربازییەکانەوە  دەستپێناکات، بەڵکو زۆر پێشتر لەوە لە بەڕواڵەت کپترین ساتەکانی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە و لە هەموو بواریکدا کار لەسەر هەڵگێرانەوەی بنەما سەرەکی و لاوەکییەکانی سیستەم و پێکهاتەی چینایەتی هەر لە ڕێکخستنەکانەوە تا بەڕێوەبەرایەتی و هونەر و ئەدەبیات و کولتوور و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، دەکات و لە خەبات و  ژیانی ڕۆژانەدا ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی جێکەوتە دەکات.

لەوەش گاڵتەجارتر ئەوەیە، کە پارتە کۆمونیستەکان لەژێر فشاری هەژموونی پۆستمۆدێرنیزم و نیئۆلیبرالیزمدا لە ڕوویان نایێت نێوی دیکتاتۆرییەکەیان بهێینن و لە ناخەوە خەونی پێوە دەبینن و لەنێو کۆبوونەوە شانەییەکانی خۆیاندا سوێندی لەسەر دەخۆن و بەڵێن دەدەن، کە سەری نەیارانی پێ پان بکەنەوە، هەڵبەتە ئەو هەڕەشانە سەری من و نووسەریش دەگرنەوە.

 دێمۆکراسی

دێمۆکراسی، کە وەك چەمکی ڕەسەنی دەستەواژەکە، لە (یۆنان)دا بە واتای “فەرمانڕەوایی گەل” دێت و لە (یۆنان)ی کۆندا واتە هەشت سەدە پێش مەسیح بە واتای “فەرمانڕەوایی ڕاستەخۆی گەل” دێت، ئەوەی کە ئەورۆکە [وەك ڕەتکردنەوەی دێمکراتی درۆیینەی نوێنەرایەتی ”دێمۆکراتی ڕاستەخۆ”]،  بە دێمۆکراتی لە خوارەوەرا نێودەبرێت، ناسراوە، نموونەش لە ئەمڕۆدا بزاڤی دژەدەسەڵاتی لە ئەرژەنتین. بەڵام ئەو دیمۆکراسییەی کە پارتە کۆمونیستەکان باسی لێوەدەکەن، هاوشێوەی دێمۆکراتی پارلەمانی ناڕاستەوخۆیە و لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی جێگیر و سەپاو پێکدێت و لە باشترین باردا نێوی دەنێن “میرایەتی نوێنەرایەتی” و لیبراڵەکان بە “میرایەتی تێکنۆکرات” نێوی دەبەن. ئەگەر سەرنج بدەین، لە هەرسێ بارەکەدا، ئەوەی کە لە ئێستادا هەیە میرایەتی پارلەمانی هەرێمی کوردستان یا عیراق، میرایەتی نوێنەرایەتی پارتە خۆبەپیشڕەوزانەکان و میرایەتی تەکنکۆکراتی لیبراڵەکان، یەك میکانیزم و یەك بنەمایان هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە زۆرینەی نەزان [بە لێکدانەوەی ئەوان و سیستەمەکەیان] پێویستی بە شوانەیی و نوێنەرایەتی ڕامیاران و ڕۆشنبیران و پسپۆڕان هەیە، تاوەکو کاروباری ژیانیان و کۆمەڵگەیان بۆ ڕێك بخەن.

ئەگەر دێمۆکراتی ڕاستەخۆی یۆنانی کۆن لەبەرچاو بگرین، دەبینن، لەتەك شێوازی بەڕێوەرایەتی کۆمەڵگەی سۆسیالیستیش دەگونجێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بە دێمۆکراسی ناسراوە، شتێك نییە، جگە لە کەوڵکردنی دێمۆکراسی یۆنانی کۆن. هەروەها دێمۆکراتی بە واتا و چەمکی هەنووکەیی نێوەندی ڕۆشنبیری، تەنیا دەتوانێت شتێکی ڕیژەیی بێت و بە ئامادەیی و خەباتی چین و توێژە بندەستەکانەوە بەستراوە و چەندی چەوساوان یەکگرتوو و ئامادە بن، دێمۆکراسیش جێگیر و کراوەتر دەبێت، چەندی خامۆش و پرشوبلاو بن، ئەوەندەش سەرکوتکراو و داخراو دەبن. کەواتە دێمۆکراتی بە واتای کراونەوە و سەربەستی تاك لە هەندێ کاروباری تاکەکەسییدا، ئەوەی کە نیئۆ لیبراڵە تەکنۆکراتخوازەکان بە شانازیی خۆیانی دەژمێرن، بەرهەمی دێمۆکراتی نوێنەرایەتی و دیاری پارت و کەسایەتییە تەکنۆکراتخوازەکان و پارلەمانتارەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی جەنگ و ڕووەڕووبوونەوەی ڕۆژانەی زۆرینەی ژێردەستە لەتەك دامودەزگە و بڕیار و یاسا سەپاوەکانی دەسەڵاتی چینایەتی؛ چەندی خەڵك [توێژە جۆراوجۆرەکانی پڕۆلیتاریا] بڕژێنە سەر شەقامەکان، ئەوەندە سەروەران ناچار بە دەستهەڵگرتن و پاشەکسێ لە پاوانگەریی کۆمەڵ و چەپاوڵی داهاتی کۆمەڵگە و سووکایەتی و سەرکوت، دەبن، بە پێچەوانەشەوە، چەندی خەڵك بە دێمۆکراتی نوێنەرایەتی [پارلەمانی] خۆشباوەر بێت و چاوەڕوانی لەدایکبوونی سەروەرانی دڵسۆز و دادپەروەر و پەیدابوونی دەوڵەتی باش بکات، ئەوەندە سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەری سەروەری چینایەی پایەدار دەبن و فرەتر ڕیشەیان بەنێو کولتوور و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆدەچێت.

ڕاستە، مینگەمینگی کۆمونیستەکانی ناو پارەلەمانەکان، نەك سوودی نەبووە، بەڵکو بە دژەشۆڕشیش تەواوبووە و دەزگەیەك، کە ناوەندی سەپاندن و ساخکردنەوەی بەرژەوەندی و داخوازییەکانی بۆرجوازی بێت، بەبێ دوودڵی چەکی سەرکوتی چەوساوانیش دەبێت. بەڵام لەتەك ئەوەشدا سیستمێکی دێمۆکراتی بۆرجوازی لە سۆسیالیزمی دەوڵەتی باشترە و بوار و ڕۆشنیی و دیاربوونی دژەکان ئاسانترە و چەوساوان بە ئاسانی دەرکی ئەوە دەکەن، کە شەقامەکان و مەیدانەکان ئەلتەرناتیڤی پارلەمانەکانن و کەس بە نوێنەری خۆیان نازانن، بەڵام لە سیستەمە پۆلیسی و میلیتێرییە بەناو سۆشیالیستیییەکاندا ئەوە ئەوانەی سەرەوەن، کە نوێنەر و بڕیاردەر و هەموو شتێکن و شەقام تەنیا شوێنی هاتووچۆییە بۆ سەرکار و بەرزکردنەوەی وێنەی سەرۆکان و پیاهەڵدانی پارتی پێشڕەو. لەو دەوڵەتانەدا کە بەنێوی پڕۆلیتاریاوە دیکتاتۆری سەرمایەداری دەوڵەتییان بە لوتکە گەیاند، نەك تەنیا ناڕەزایەتی ژێردەستانی کۆمەڵگە سەرکوت دەکرا و سێدارەدان و دوورخستنەوە و کاری-زۆرەملێ کرابوونە ئەلف و بێ و بە خەڵك دیکتە دەکران، بەڵکو هەر ناڕەزایەتیییەکی ژێردەستان [توێژە پڕۆلیتێرەکان] بە دوژمنایەتی و دژەخونی لە سۆشیالیزم هەژمار دەکرا و ناڕەزایەتی ژێردەستانی دەوڵەتە بەنێو سۆشیالیستییەکان، خراپتر لە ژێردەستانی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی خۆراوا، سەرکوت دەکران و چالاکانیان پاکتاو دەکران.

* ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.