Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”..4

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”..4

Closed
by July 2, 2011 گشتی


رێكخراوه‌ پیشه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ ناوه‌ندی كێشمه‌كێشی ناكۆكییه‌كانی نێوان چه‌وسێنه‌ران و كۆنه‌پارێزان له ‌لایه‌ك و چه‌وساوان و پێشكه‌وتووخوازان ‌له ‌لایه‌كه‌ی دی. ل28

ئەم دەستەواژەیە زۆر بۆم ڕۆشن نەبوو؛ ئایا چەوسێنەران و کۆنەپارێزان … چەوساوان و پێشکەوتنخوازان لەبەرامبەر یەکدان یا لە بەرەیەکدان؟
ئەگەر مەبەست باری دووەم بێت، ئەوا هاوڕام، بەڵام ئەگەر مەبەستی یەکەم بێت، ئەوا لەتەکیدا ناکۆك دەبم. چونکە کۆنەپارێزان، بۆخۆیان داردەستی چەوسێنەرانن و لە چەوسانەوە و بەهرەکێشیدا بەشدارن. لە بەرامبەریشدا هاوکیشەکە پێچەوانە دەبێتەوە، چونکە پێشکەوتن فرەڕەهەندە و بوار و ئاستی جیاواز لە خۆدەگرێت. پیشكەوتن دەتوانێت دژی چەوساوان بێت و دەشتوانێت لە بەرژەوەندییان بێت، نموونە هەر بەردەبازێك، کە بەهۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیاوە دێتەبوون و سەرمایەداری لە قەیرانێك ڕزگار دەکات، دەتوانێت و هۆکاری توندتربوونەوە و درێژبوونەوەی چەوسانەوە بێت.

بەگشتی بۆچوونەکانی نووسەرم لەم بارەوە لە لا پەسەندن. بەڵام هێشتاکە ناکۆکی لە تێروانینمان بۆ ڕۆڵ و ئەرکی ڕێکخراوەکان هەیە.

به‌ڵكه‌ پێویسته ‌له‌و روانگه‌وه ‌بێ كه ‌چه‌نده‌ی كرێكاران مافه ئابوورییه‌كانیان وه‌دستبهێنن به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ گوزه‌رانیان باشتر ده‌بێ و هۆشیارتر ده‌بنه‌وه‌ و هاوكات كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤیش به ‌گشتیی به‌ره‌و كۆتاییپێهێنانی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی ته‌كان پێ ده‌ده‌ن. ل30

بەڵکە پێویسته ‌ته‌نیا – به‌ گفتار و به ‌كردار – پشتگیریی له‌ هه‌موو داواكاریی و خۆپیشاندان و مانگرتن و تێكڕای ناڕه‌زاته‌تییه‌كانیان بكا بۆ چاكتركردنی باری كار و به‌ره‌وپێشه‌‌وه‌بردنی باری گوزه‌ران و پاراستنی ئاسایش و ده‌ستكه‌وت و مافه‌كانیان. ل30
 
نووسەر لەم دوو پەرەگرافەدا زۆر بەخێرایی بەلای ڕۆڵ و کارکرد و پێویستی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی چین و توێژە بندەستەکان تێدەپەڕێت. ئەویش وەك کۆمونیستە کلاسیکەکان و پاشڕەوانیان لە ئەوڕۆکەدا، پێیوایە، ئەو ڕێکخراوانە تەنیا بۆ بەدەستهێنانی هەندێك داخوازی ئابووریی و ڕامیاریی پێویستن و لەوە بەدواوە هیچی دیکە. بەڵام لە ڕوانگەی مندا ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان، پێش هەموو شتێك فێرگەی چینایەتی و سەکۆی هۆشیاربوونەوەن و تاکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەریخواز بۆ کۆمەڵگەی ناچینایەتی پەروەردە دەکەن و بەخۆشیان پێکهاتەی سەرەکی بەڕێوەبەرایەتی ئەو کۆمەڵگەیە پێکدەهێنن، کە خەباتی بۆ دەکەن. ئەو ڕێکخراوانە هەر لەم کۆمەڵگە چینایەتییەدا ڕۆڵی نموونەیەکی پێشنیارکراو لە یەکە پێکهێنەرە ئازادەکانی کۆمەڵگەی داهاتوو و نیشاندەری وێنایەکی نموونەیین لە کۆمەڵگە هەرەوەزییە ئازادەکانی سبەنێ و یەکگرتنی ئازادانەی ڕێکخراوەکان لە فێدراسیۆن و پێکهێنانی کۆنفیدراسیۆنە سەرتاسەری و نێونەتەوەییەکان و هەر لەم کۆمەڵگەیەدا هەنگاوی یەکەمن بۆ بەرەو کۆتاییپێهێنانی ئەو دیوار و کێشە و ناکۆکییانەی کە چینە دەسەڵاتدارەکان بۆ پاراستنی خۆیان لەنێوان هەرێمەکان، کەمە نەتەوە و نەتەوەکان، ئایینەکان، کولتوورەکان، ڕەنگەکان و نەژادەکان دروستییان دەکەن. بۆیە دەبوو نووسەر هەروا لە خۆتێهەڵقورتان و دەستتێوەرداندا، سنووری لە نێوان بۆچوونی خۆی و ڕێکخراوە کۆمونیستە کلاسیکەکان کێشاوە، دەبوو لە نێوان ئەرکی ڕێکخراوە ڕیفۆرمیستەکان و ئەرکی ڕێکخراوە سەربەخۆکانیشدا سنوورك بکێشێت.

لەبارەی پرسی ڕێکخراوبوونی ژنانەوە.

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین، کە کەس ناتوانێت کەس ڕزگار بکات و ئەوی ئەو پاگەندەیە بکات، ئەوا دووبارە تێڕوانینی بۆلشەڤیکەکان دەسەپێنێتەوە، کە پێیانوابوو ئەوان [کۆمونیستەکان] کرێکاران ڕزگار دەکەن و لەبەر ئەوەش لە خەبات و لە بەڕێوەبەرایەتیشدا دەبنە ڕابەر و مامۆستایان. چونکە ئەگەر پێمانوابێت توێژێك یا چینێك ڕێوشوێنی ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، ئەوا تەنیا بە یاخیبوون لەو ڕێوشوێنە دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات و لەبەر ئەوەش کەس ناتوانێت لە ڕێوشوێنێکی دیکەوە، کەسێکی دیکە ڕزگار بکات. هەروەها بەو پێییەی کە کۆمونیستە کلاسیکەکان و کۆمونیستە نوێیەکان، باوەڕیان بە پێویستی هەبوونی ڕێکخراوی ڕامیاریی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەمە لە کاتێکدا کە کۆمونیستبوون وەك توێژێكی کۆمەڵایەتی پێگەی ئابوورییە سەربەخۆ و نییە و ئەگەر مانگرن یا خۆیان جیاکەنەوە یا خۆیان ئاگر تێبەردەن، هیچ گۆڕان و فشارێك دروست ناکەن، بەڵام وەك هەر توێژێکی ڕۆشنبیر دەتوانن هۆشیارگەرەوە بن و بەس.

خۆ ئەگەر ئامانجی دەسەلاتخوازیی و مامۆستایی لە پشت خەونی پیاوانێكەوە، کە خۆیان بە یەکسانیخواز دەناسێنن نەبووایە، ئەوا وەها ڕێکخراوگەلێك [هەر ڕێخراوێکی ڕامیاریی]  دەیانتوانی کۆڵەکەی خەباتی یەکسانیخوازی و پشتیوانی ژنان بن. بەڵام بەداخەوە ئەوەی هانی ئەو پیاوانە دەدات، کۆمیتەگەری پارتەکەیان و خەونی پلەوپایەگرتنە لەو ڕێکخراوانەدا، وەك ئەو ڕێکخراوانەی کە لە ئەوروپا و کوردستان بەنێوی ژنانی عیراقی و ئێرانی و کوردەوە دروست دەکرێن. هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئەو ڕێکخراوانە و ڕێکخراوگەلێك کە ژنان بە ئامانجی دابڕیی هاوخەباتیی ژنان و پیاوان دروستیان دەکەن، نییە. چونکە لە هەردوو بارەکەدا ئامانجی دەستەبژێر دستەمۆکردنی (دۆمینەتکردنی) ژنانی ناڕازی و یەکسانیخوازە بۆ بەدەستهێنانی پلەوپایەی تاکە دەرکەوتووەکانی ئەو دەستەبژێرەیە و ئەوان ئەوەیان کردووە بە بنەما و هاندەری هەوڵەکەیان، کە ژنان بەخۆیان توانای ڕزگاربوون و بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانییان نییە و پێویستییان بە مامۆستایی و فریادڕەسی ژنان و پیاوانی دەستەبژێر هەیە، ئەمە خاڵی هاوبەشی مارکسیستەکان و نیئۆلیبراڵەکانە لەمەڕ ڕۆڵی ڕێکخرابوون و توانای ڕزگاری چین و توێژەکان.

بۆیە بە بۆچوونی من، لەبارەی ژنانەوە ئەمە وانییە، چونکە ژنان؛ دایکن، نیوەی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و بێکاران و خانەنشینان و کەمئەندامان و خوێندکارانن و دەتوانن فشاری ئابووریی و ڕامیاریی و کۆمەڵایەتی دروست بکەن و نیوەکەی دیکە ناچار بە هاریکاری بکەن، چونکە ژنان پێکهاتەیەکی هزری و ئایدیۆلۆجی نین، بەڵکو ئەندامی چین و توێژەکانی کۆمەڵن و پێگەی کۆمەڵایەتی و قورسایی ئابوویی خۆیان هەیە و ڕێکخراوبوونیان لە ڕێکخراوەی جەماوەریی توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر بنەمای یەکسانی ماف و ئەرك و ئازادی تاکەکەسیی، دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵخڕاندنی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی فرە بوار و گشتگیر، بەڵام ئەمە هیچ کات نابێتە هۆی ڕەتکردنەوەی ڕێکخراوەی پاگەندەیی ژنان بۆ گەشەپێدان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی خۆهوشیاری ئازادی و یەکسانی لە ئاستی کۆمەڵگە و لە ناوەندی بزاڤی جەماوەریی توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا.

هەڵبەتە من دژی جیاکردنەوەی ژنان لە نێو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانیاندا، لە شوێنی کار و خوێندن و فەرمان و شوێنی ژیان دەوەستمەوە؛ هیچ کات لەتەك ئەوەدا نیم، کە ڕێکخراوی مامۆستایانی ژن، ڕێکخراوی کرێکارانی ژن لە بەشە پیشەسازییەکاندا، ڕێکخراوی ژنانی جوتیار، ڕێکخراوی ژنانی خوێندکار یا کەمئەندام و خانەنشین و فەرمانبەر و بێکار دروست ببێت، چونکە کارێکی وا ڕۆڵی دژەشۆڕش دەگێرێت. لەتەك ئەوەدام ڕێکخراوی ژنانی خۆهۆشیارگەرەوە و پاگەندەگەر هەبێت، بەڵام وەك ڕێکخراوە ڕامیاریی و ڕۆشنبیرییە هیرارشییەکان نا. کاتێك هەر ڕێکخراوەیەك بەنێوی ژنانەوە، وەك ڕێکخراوە دژە-شۆڕشییەکانی ئێستا، وەك ڕێکخراوە پاشکۆکانی پارتە کۆمونیستەکان، وەك ڕێکخراوە زەردە میرییەکان، کە لە بری هاندانی ژنان بۆ ڕێکخراوبوون و چالاکبوون لە ڕێکخراوە پیشەیی و ئابوورییە جەماوەرییەکان، لە بری هاندانیان بۆ خەبات لە ناوەندی خێزان و خوێندگە و کارگە و فەرمانگە و ناچارکردنی نێرینەی هاوکار و هاوخێزانیان بە هاریکاری، ژنان بۆ دژەپیاوی و پارانەوە لە دەسەڵات و چاوەروانی لە نوێنەرانی بۆرجوازی و دەنگدان هان بدەن، ئەوا بە بۆچوونی من دژایەتی وەها ڕێکخراوگەلێك بەشێکی جیانەکراوە دەبێت لە خەبات لە دژی گشتێتی باری یاسایی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی نایەکسانانەی ژنان و ئەو ڕێکخراوانە دەچنە خانەی ڕێکخراوە زەردەکانەوە، لەوانە بۆرجوا-فێمینیستەکانی کوردستان، کە هەنووکە ژنان بە دێمۆکراسی بۆرجوازی و دەوڵەتی نەتەوەیی و چارەسەری یاسایی و یەکسانکردنی ژنان لەتەك پیاوان[ یەکسانی لە کۆیلەتیدا] و  بە بەدەسەلاتگەیشتنی ژنانێکی دەستەبژێر وەك نوێنەرانی ژنان، خۆشباوەڕ دەکەن.
وەك وتم ڕێکخراوی هەڵخڕێنەر و هوشیاریبەخشی ژنان، یەکێکە لە پێداویستییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە، بەڵام بە تێڕوانینی فێمینزمی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ، کە ئاراستەی بنەبرکردنی ستەم و هەڵاواردنی ژنانە، نەك بەکاربردنی خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان بۆ پچڕینی دەسەڵات بۆ دەستەبژێرێك لە ژنان، کە هیچیان لە دەسەڵاتداری ملهوڕانەیی پیاوان کەمتر نییە و ناشبێت!

ژنان و کۆمونیزم
 
بەداخەوە، ئەوەی کە تائێستا پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە بواری پەیبردن بە ڕازەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا پێیگەیشتووە، تەنیا کۆمەلێك خەیاڵن و هیچی دیکە. ئەگەر باوەڕمان بەوە هەبێت هوشیاری مرۆڤ لە ئەمڕۆدا لە هی سەدەیەك پێشتر بالاتر بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە مرۆڤی ئەوڕۆکە لە ڕووی تێگەیشتن و مرۆڤدۆستی و تەبایی و پێکەوەگونجان و لەیەك نزیکبوونەوەوە، لە مرۆڤی سەرەتایی و سەردەمەکانی پێشووتر لەپێشتر دەبێت. دەکرێت هەندێك خێڵ و گوند و ناوچە لە هەندێك ناوچەی دیکە لەنێوان خۆیاندا مرۆڤانەتر و ئاشتیخوازانەتر و یەکسانانەتر و ئازادانەتر ژیابن، بەڵام هیچ کات لە بەرامبەر ئەوانی دەرەوەی خۆیاندا وەها ڕەفتاریان نەکردووە و بەڵکو هەستییان بە مەترسی کردووە. چونکە مرۆڤ لە ڕووی هوشیاری و دەرکەوە فرە لە ئاژەڵەکانی دەوروبەری جیاواز نەبووە و تەنانەت لە قسەکردن و جوڵە و خواردن و سێکس و پەیوەندی و ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگەکاندا لاسایی تەواوی ئاژەڵەکانی کردووەتەوە. کاتێك مرۆڤ لاساییگەرەوەی ئاژەڵ بووبێت، بەو جۆرەی کە هێشتاکە کۆمەلێك لەو لاساییانەمان تێداماوە؛ وەك گۆشخواردن و ڕاوکردن و جەنگ و پەلاماردان و خۆپۆلێنکردن بەسەر بنەماڵە و خێڵ و نەتەوەی جیاوازدا، قسەکردن لە کۆمونەیی ژیان زیادەڕەوییە. لەبەر ئەم هۆیانە من ناتوانم ئەو بۆچوونانە لەمەڕ کۆمەڵگەی سەرەتایی، کە جۆرێك لە کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان بووبێت،  بەهەند وەربگرم. لێرەدا ناچارم بگەرێمەوە سەر تێزی دونیاییکردنی بەهەشت لەلایەن مارکسیستەکانەوە، کە لە ئایینەکان و ئەفسانەکاندا مرۆڤ لە بەهەشت دەردەکرێت و بۆ گەرانەوەی پێویستی بە گوێرایەڵی خوا و پەیامبەرانی هەیە و دواجار دەگەرێتەوە بەهەشت، ئەو گەرانەوەش کردەوەی پەرستیارەکە دیاری دەکات و لەسەر دووریانێکە، ئەگەر گوێرایەڵ بێت، بەرەوە بەهەشت دەڕوات و ئەگەر سەرپێچی بکات، بەرەو دۆزەخ دەچێت.

ئایا ئەفسانەی کۆمونەی سەرەتایی و سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتی بەهۆی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانەوە و دواجار بە پاشڕەوی ئایدیۆلۆجیایەكی وەك مارکسیستی بەرەو بەهەشت دەگەرێتەوە، هەمان ئەفسانەی خواردنی سێوەکە و دەرکران لە بەهەشت و دواجار گەڕانەوە بە پەیڕەوکردنی ئایینەکان و پاکبوونەوە لە خراپییەکان، نییە؟

من پێموایە، بەر لە سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان، خیڵ و گروپەکان پێکهاتەی هیرارشییان تێدابووە و جیاوازی لەنێوان پیاو و ژن و پیر و مناڵ و بەهێز و بێهێز، هەبووە و خاوەندارێتییان هەبووە و ئەگەر گروپێکی دیکە لە بەری درەختەکانی ئەوانی خواردبێت یا لەناوچەی ئەواندا ڕاوی کردبێت یا ویستبێتی بژێت و نیشتەجێ بێت، بەدڵنیاییەوە بەرییان پێگرتوون و کوشتوویانن و لەناونیان بردوون، هەروەها خێڵ و گروپی نانیشتەجێ بۆ بەدەستهێنانی شوێنی باشتر و گونجاوتر وەك داگیرکاری نوێ ، پەلاماری ناوچەکانی دیکەیان داوە و بە کوشتن و پاکتاوکردنی دانیشتوانەکەیان، داگیریان کردوون.

ئینجا لەوەها بارێکدا چۆن دەکرێت ڕێوشوینی ژنان لە ئێستا باشتر بووبێت؟ لە کاتێکدا پیاوانی گروپ لە ڕاو و کوشتوکوشتاردا بووبن و ژنان و مناڵان لەئەشکەوت و هەوار و کۆڵیتەکانیاندا مابنەوە و بەر هێرشی ئەوانی دیکە کەوتبن؟ بە دڵنیاییەوە، ئەتکردن و دزینی ژنان و کوشتن و کۆیلەکردنیان هەر لەو بەرە بەرەیانەوە دەست پێدەکات، کە هیشتا مرۆڤ گوند و کێڵگەکانی دروست نەکردبوون. بەدڵناییەوە وێنەکانی سێکسیزم لە ئەوڕۆکەدا، درێژبوونەوەی وێنەکانی ئەوکاتن و بە سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا ڕازێنراونەتەوە. هەر بۆیە هیچ بەڵگەیەك بەدی ناکەم، کە قۆناخێك بەنێوی دایکسالاری یا بەهەشتی ژنان، هەبووبێت. وەك وتم، دەکرێت لەناو هەندێك کۆمەڵی زوو نیشتەجێبوودا ڕێوشوێنی ژنان لە سایەی تەبایی و ئارامی و یەکسانی ڕێژەیی تاکەکانی نێو کۆمەڵەکەیان، لە ڕێوشوێنێكی باشتر بەهرەمەند بووبن، کە لە کۆن و ئەمڕۆشدا جیاوازی ڕێوشوێنی ژنان تەنانەت لە ناوچەکانی کوردستانیشدا بەدەی دەکەین، بەڵام هیچ کات ئەو خۆهوشیارییەی کە ئەورۆکە لەمەڕ یەکسانی ڕەگەزەکانەوە هەیە، لە ئارادا نەبووە و ژنان بەگشتی ژێردەست و قوربانی بوون. هەروا کە ناتوانین بڵێین هەموو ناوچەکان بە سەردەمی کۆیلەتی یا خێڵایەتیدا تێپەڕیوون، هەرواش ناتوانین بڵێین کە لە هەموو ناوچەکاندا هەموو کۆمەڵگەکان ژنسالار، پیاوسالار یا مرۆڤسالار [ یەکسان] بوون. بەو پێیەش ناتوانین چەند سەد سالێك یا چەند هەزار سالێك نێو بنێین ژنسالاری، کۆیلایەتی، فیودالیزم، سەرمایەداری… . بەڵام دەتوانین بڵێین، ئەو ناوچانەی کە بە سیستەمبەندی کۆیلایەتی و خێلایەتیدا تێنەپەڕیوون، بەڕادەیەك ژنان لە چاو ناوچە خێڵەکییەکان ئازادتر و یەکسانتر بوون، بەڵگەش بۆ ئەمە، دەتوانن سەرنج بدەینە ئاماری کوشتنی ژنان [ لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابوردووەوە تا ئەمڕۆ] لەسەر ئەوینداری و سێکس [ئەوەی پێی دەڵێن پاراستنی شەرەف و ناموس] لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی باشووری کوردستاندا، ئامارەکان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن، لە کوێ خیڵ بەهێز بێت، کوشتنی ژنان بەرچاو و ڕوو لەسەرە. لەم بارەوە بەپێچەوانەی لێکدانەوەی هەندێك نووسەری فێمینیست و کۆمونیستەوە، ناتوانین بڵێین لەلادێ ژن ژێردەستە و لە شار ئازاد و ناکوژرێت، بەڵکو هەم لە شارەکان و هەم لە لادێکاندا دیاردەی ژنکوشتن ئامادەیە، تەنیا دەتوانین جیاوازییەکە لە ئاستی ناوچەکاندا بەدی بکەین، ئەویش تایبەتمەندی خیڵەکیبوون و ناخیڵەکیبوون دیاری دەکات، نەك گوند و شار.

فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیستیی به ‌پشتبه‌ستن به ‌تێكڕای زانسته‌كانی مێژووی مرۆیی له ‌خوێندنه‌وه‌ی مێژوو به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تییانه‌ سه‌لماندوویه‌تی كه ‌ژنان به‌ر له‌ دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تیی – سه‌رده‌می كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كان – به ‌هۆی ژنبوونیانه‌وه‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌ لایه‌ن پیاوانه‌وه ‌نه‌چه‌وسێندراونه‌ته‌وه‌.. چونكه‌ ئه‌و ده‌م توانیویانه‌ به ‌پێی پێویستییه‌كانی گوزه‌ران و تێكڕای ژیان گشت ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی خۆیان رابپه‌ڕێنن .. ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ست ئه‌واندا بووه‌ نه‌ك پیاوان، ل32

پرسیارێکی دیکە،  ئەوەیە کە کۆمونیستەکان لەژێر هەژموونی بۆرجوا-فێمینیزم و دەسەڵاتخوازی سۆسیالیزمی مارکسدا هەروەك چۆن دەسەڵاتداری خۆیان بە دادپەروەرانەتر لە هی دژەکانیان دەزانن، هەرواش دەسەڵاتداری ژنان لە هی پیاوان باشتر دەزانن. ئەگینا جیاوازی لە نێوان ئەوەی ژن دەسەڵاتدار بێت یا پیاو، چییە؟ مەگەر بوونی دەسەلاتداری چین و توێژێك بەسەر ئەوانی دیکەدا نیشانەی چینایەتیبوونی کۆمەڵگە نییە؟ ئیتر ئەو کۆمونە سەرەتاییە، کە فیلۆسۆفی ماتریالیستی بە  پشتبەستن بە زانستێك کە لەسەر گریمانە بنیاتنراوە، پشتی پێدەبەستێت، چاکی و دروستی لە کوێدایە کە ئێمە شەیدای ببین و بمانەوێت مرۆڤایەتی بەرەو ئەوێندەرێ وەبەر خۆمان بدەین؟

کاتێك کە لەو کۆمەڵانەدا ژنان سالار بووبن، کەواتە کەسانی ناسالاریش هەبوون، بەم جۆرە بوونی کەسانی ناسالایش بەڵگەی بوونی دوو چین و دەستەی دژ بەیەكە و لە درێژەی لۆجیکی وەها بیرکردنەوەیەکدا کەواتە پیاوسالاری بەرهەمی تۆڵەسەندنەوە و سەندەنەوەی دەسەڵاتە لە ژنان و قۆرخکردنییەتی لەلایەن پیاوانەوە. هەروەها شتێکی دیکەی ناڕۆشن، ڕۆشن نەکردنەوە و خۆنەدانی ئەو خاوەن تیئۆریانەیە لە بەرهەڵستی ژنان لە بەرامبەر بەدەسەڵاتگەیشتی پیاواندا و وانیشان دەدرێت کە وەك دۆزینەوەی ئاگر و بڵاوبوونەوە و بەکاربردنی، پیاوسالاریش زۆر ئاسایی وەك پێداویستییەك پەرەی سەندبێت. لەکاتێکدا هەم سەرهەڵدانی خاوەندارێتی و کۆیلەکردنی ئەوانی دیکە و بێدەسەلاتکردنی ژنانیش، ناکرێت بەبێ جەنگ و کوشتار و نزا و سکاڵا ڕوویدابێت!

ئەو گریمانانەی یا ئەو شەیداییانەی کە کۆمونەیستەکانی سەدەی نۆزدە و پاشرەوانیان بۆ کۆمەڵگەیەك، کە نێوی کۆمونەی سەرەتاییان لێناوە، هەیانە، هەمان شەیداییە، کە چەپەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بۆ کۆمەڵگە خێلەکییەکانی لەمەڕ خۆمان هەیانە و ئەو شێوە کۆلێکتیڤیستییە لە ژیانی ئێمەدا هەیە و هەبووە، بە کۆمونیزم دەزانن و خۆزگەی بۆ دەخوازن، چونکە تاکگەرایی بۆرجوازی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکانی وێرانکردوون و لەبەردەم دەسەلاتی چینە داراکاندا دۆشداماون و لەبری هەوڵدان بۆ گۆرینی پەیوەندییە ڕۆبۆتییەکانی تاك و جێگرتنەوەیان بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پێویست و مرۆییەکان، خۆزگە بە ڕابوردوو واتە کۆمەڵگەکانی ئێمە، کە تاك تێیایاندا پاشڕەوە، دەخوازن.

 خوێنەرانی هێژا، ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.