Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”..7

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”..7

Closed
by July 8, 2011 گشتی

ئه‌ركی ڕەسەن بۆ هزری نوێی کۆمونەه‌یی ڕەسەن ل40

پێش هەموو شت بە بۆچوونی من، پێویستە لە بەکاربردنی واژەی (ڕەسەن)دا وردکار بین و هەروا بەتایبەت بۆ پەسەندەکردنی بیروباوەڕێك. چونکە هەموو لایەك خۆی پێ ڕەسەنتر و دروسترە، ئەگینا ئەم هەموو جیاوازییانە نەدەبوون. ڕاستییەکەی ڕەسەن، دەتوانێت ئامرزاێك بێت بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو ڕه‌سه‌نییه‌ك.
بە بۆچوونی من دەبوو وەها بنووسرێت، “ئەرکی بنچینەیی بۆ “هزری نوێی  کۆمونیستی شۆڕشگێڕ”. چونکە ئەرکی ڕەسەن و ناڕەسەن بوونی نییە، بەڵکو بنچینەیی و لاوەکی هەیە، هەروەها بەپێی ئەوەی کە نووسەر کۆمەڵیك لایەن لە هزری کۆمونیستی کلاسیکدا ڕەتدەکاتەوە، کەواتە پێی کارا و تەبا نین و لە بەرامبەردا شتگەلێکی کارا یا شۆرشگێڕ دەخاتە ڕوو، نه‌ك ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن، چونکه‌ هیچ پێوه‌ر و ته‌رازوویه‌ك نییه‌، تا ڕه‌سه‌نی و ناڕه‌سه‌نی پێ دیاری بکه‌ین.

وه‌لی له‌ باری هه‌نووكه‌یدا به‌ هۆی كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانی و پیربوون و ته‌واو بۆگه‌نبوونی و ده‌ركه‌وتنی بۆ تێكڕای گه‌ل ناتوانێ وه‌ك جاران ئه‌و هاوسه‌نگییه ‌رابگرێ ل40

بە بۆچوونی من، سەرمایەداریش هەروەك فیودالیزم ،قۆناخێکی پێویست نییە و بۆ پێگەیینی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستیش نابێت و وەها بۆچوونگەلێك لە هزری سۆشیالیستەکاندا بەگشتی و لە زۆربەی فێرگە هزرییەکاندا، بەرەنجامی زاڵیی بیری وردەبۆرجوای بووە و ئەگەر شۆڕشی کۆیلان بەسەرکەوتن بگەییشتایە، واتە نەهێشتنی سەروەری مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە یا شۆرشی جوتیاران و شارنشینان دژی فیئۆدالیزم و کلیسا بەسەرکەوتن بگەیشتایە، ئەوا هیچ کات بوار بۆ بەسەروەربوونی فیئۆداڵەکان و بۆرجواکان نه‌ده‌ڕه‌خسا و  به‌ جێگرتنەوەی چینی فیئۆدال و بۆرجوا لە جێی کۆیلەدارەکان کۆتایی نەدەهات، هەروەك چۆن تێكشکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە سەرهەڵدانی شێوازێکی دیاریکراو لە سەرمایەداری دەوڵەتی (میرایەتی تاکپارتیی) کۆتایی هات، جێگرتنەوەی سەروەرانی نوێ لە جێی کۆنە سەروەران، فیئۆداڵەکان لە جێی کۆیلەدارەکان و بۆرجواکان لە جێی فیئۆداڵەکان، بەرهەمی تێکشکان یا نەگەییشتنی شۆڕش بووە بە سەرکەوتنی یەکجاری، واتە لەناوبردنی سەروەری، هەر ئەوەش بووەتە هۆی گواستنەوەی ئەو سەروەرییە لە چینێکەوە بۆ چینێکی دیکە.
بۆیە بە بۆچوونی من، هیچ کات بە سەروەربوونی ئەو چینانە پێداویستی نەبووە، تا ئەرکی مێژووییان هەبێت و بەسەر چووبێت. بەڵکو سەرکەوتنی شۆڕش وەك سەوزبوونی تۆوێکی سوودبەخشە، ئەگەر لە گیاکەڵە بژار بکرێت، ئەوا گەشە دەکات و ئەگەر گیاکەڵە بەسەریدا زاڵبێت، ئەوا لەناو دەچێت. ئەوەی کشتی شۆرشی کۆیلان و جوتیاران و کرێکاران، بەری ویستراوی بەدەستەوە نەدا، هۆی وەرگەرانی بوو بۆ جارەدڕکی چینە هەڵپەرسەتەکان. ئەوەش تەواو بۆگەن بووبێت، بە بۆچوونی من، هەر لەسەرەتاوە بۆگەن بووە و هیچ پۆزەتیڤییەکی تێدا نەبووە. چونکە تەنیا گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبەرایەتی دەستەیەك بە دەستەیەکی دیکە بووە و هیچی لە چینایەتیبوونی کۆمەڵگە و سەروەری چینایەتی نەگۆڕیوە. هەروەها “دەرکەوتنی بۆ تێكرای گەڵ”، من پێموانییە، چونکە ئەوە زۆرینەی ناهوشیاری گەلە، کە سیستەمی سەرمایەداری بە بەشداری لە بەرهەمێینان و جەنگەکانی و دامودەزگەکانی و لەشکر و پۆلیس و دەستە تیرۆستەکانیدا دەپارێزێت، ئەگینا چینی بۆرجوا بەخۆی هێندە کەمایەتییەکی کەمە، بەشی پاسەوانی و پاراستینی دەسەلاتی چیبنایەتی لە گەورەترین شاری گۆی زەویدا ناکات، ئەگەر هەژماری هاوبەرژەوەند و زانا و بەڕێوەبەر و فیلۆسۆفەکانیشی بخەیتە سەر ئەوا بەشی فەرمانروەایەتی و پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە لە وڵاتێکی وەك عیراق ناکەن.

 ‌به‌رنامه‌یه‌ك یان رێگه‌یه‌ك له‌نێو خه‌باتی کۆمونیستی هه‌بێ بۆ زووتر به‌ڕێكردنی ئه‌ركه‌ بۆرجوازییه‌كان كه‌ تێیدا هه‌موو باره‌كانی ژیان گه‌شه ‌ده‌ستێنێ و ژیان و گوزه‌رانی تێكڕای خه‌ڵك باشتر و گه‌شاوه‌تر ده‌ك هاوكاتیش بنه‌مایه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵێكی پێشڤه‌ڕۆ له‌نێو چینه‌كانی كۆمه‌ڵ به ‌تایبه‌تییش كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان پتر فه‌راهه‌م ده‌كا و هه‌نگاونانیش به‌ره‌و هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی سۆشیالیستیی ئاسانتر و خێراتر ده‌كا. ل40

دیسانەوە ئەمە هەمان بۆچونی هەڵەیە، بۆ شٶڕش و ئەرکی چینە چەوسانەوەکان. بە بۆچوونی من، شۆرشی دژە-سەروەری لە هەموو سەردەمەکاندا هەبووە و پێویستیش بووە و کۆمەڵگەی مرۆیی لە هەموو سەردەمێکدا چ ئەشکەوتننشینی (نابەرهەمهێنەری)، چ دێهاتی (کشتوکاڵی) و چ شارنشینی (پیشەسازی) [بەبێ ئەو پیشمەرجە ناکەتوارییانەی کە زادەی سازشی هزری بیریارانی کۆمونیستە لەتەك بۆچوون و ڕێگەچارەکانی وردەبۆرجوازی و سیستەمی سەروەری و دەرکنەکردنی کۆمەڵگە بەبێ سەروەر]، دەیتوانی بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر بروات؛ واتە کۆمەڵگە دەیتوانی بەبێ کۆیلە و کۆیلەدار، بەبێ جوتیار و دەرەبەگ، بەبێ کرێکار و سەرمایەدار،  کۆمەڵگەیەکی ئازاد بێت. ئەوە ئامادەنەبوونی مێژوویی خۆهوشیاری شۆڕشگێرانەی تاکەی چەوساوەیە، کە کۆمەڵگەی مرۆیی لە بەندی سەروەری و چینایەتیبووندا ڕاگرتووە، نەك پێداویستی بوون و مانەوە و فۆرمگۆڕینی چەوسانەوە و چەوسێنەر.

ئەوەی پێمانوابێت، جێگرتنەوەی سەروەری بۆرجواکان لە جێی سەروەری فیئۆداڵەکان، پێویستی گەشەی کۆمەڵگەی مرۆیی بووە، بەداخەوە دەبێت بڵێم، کولده‌رکی ئەو بیریارانەیە، کە ئێمەیان لە لیتاوێکی ئاوا ڕۆکردووە، کە هەنووکە دەستەواژەی ئاوەها بەنێوی شٶڕشەوە بەرچاو دەکەون. ئەگەر پێمانوابێت مرۆڤایەتی لە سایەی داگیرکردن، جەنگ و کوشتار و برسیکردن و هەڵاواردن و پاکتاوکردن و شه‌ڕه‌په‌ڕۆی پارلەمانتاری مشەخۆران و شوانەیی ڕامیاران و پارتەکاندا بەرەو شۆرشی سۆشیالیستی گەشە دەکات، بەداخەوە ناچارم بڵێم دیسانەوە ئاوەزنەگیرە. چونکە مرۆڤایەتی لە سایەی ئاشتی و یەکسانی و ئازادیدا دەیتوانی لە دوو هەزار ساڵی رابووردا، هەزاران جار لە چاو ئێستا پێشکەوتووتر و مرۆڤانەتر و شاییستەتر بێت.
بە پێچەوانەوەی ئەو بۆچوونە نادروستە باوەوە، ئەزموونەکان ئەوەمان دەخەنە بەردەست، کە شۆڕش سەختر و دوورتر و نامسۆگەرتر بووە. بە پێچەوانەی خەیاڵپلاوی ئاخایانی بیریارەوە، تەنانەت زۆرجار گومان لەوە دروست دەبێت، کە مرۆڤایەتی بتوانێت شۆڕش بکات. بەڵام لە دوو سەد یا سەد ساڵی ڕابوردوودا لە چاو ئیستا، سەرکەوتنی شۆرش بەقەد ڕوخاندنی دسەلاتی دەرەبەگێك لە لادێیەکدا ئاسان بووە. من ئەو بیرکردنەوەیە بە بەدبەختی مرۆڤی سەرەتای هەزارەی سێیەم ناودەبەم، مرۆڤێك کە تاوسەندنی ستەم و جێگیربوونی سەروەری چینایەتی و جیهانیبوونەوەی بە مەرجی سەرکەوتنی سۆشیالیزم بزانێت! ئەوەی کە من دەیڵێم، تەنیا لەو بارەوە ڕەخنەیە لە قسەکانی نووسەر، کە بە سادەیی بەلای ئەو بۆچوونەدا تێدەپەڕێت، بە بۆچوونی من دەبێت زۆر بێباکانە، پەردە لەسەر ته‌نکهزری بیریارانێك، هەڵدەینەوە، کە ستەم و سەقامگیربوونی سەرمایەدارییان بە مەرجی خێرایی و گەشەی شۆڕشی سۆشیالیستی زانیوە و لەوەش خراپتر داگیرکارییان بە پۆزەتیڤ لێکداوەتەوە.

بە بۆچوونی من، نەك تەنیا  تا راده‌یه‌كی زۆر كه‌م راستی بۆ چووبن ڕاستی بۆ نەچوون، بەڵکو خۆشباوەڕی چەوساوان بەم تێڕوانینانە، کە لە خوێنگەوزانی ملیۆنان مرۆڤ و مەرگی خەونە بێئەشمارەکانی لێکەوتووەتەوە،  ئەو بۆچوونانە وەك دژەشۆڕشی، دەبێت ڕسوا بکرێن و ڕمی ڕەخنەمان هێندە تیژ بێت، کە نەك تەنیا دوو سەد ساڵ، بەڵکو دوو هەزار ساڵ بەرەو دوا بڕ بکات. ئەمەش پێویستی بە لە زبڵداننانی پیرۆزییەکانە، پێویستی بە تێكشکاندنی بتەکانە، پێیویستی بە بوێری ڕەخنە هەیە، هیچ باکمان لە هەراوهوڕیای پەرەستیاران و دەروێشانی ئەو بتانە نەبێت، کە بەناوی سۆشیالیزم و کۆمونیزم و شۆرشەوە بنێشتە هەڵبزرکاوەکانی دوو سەدە لەمەوبەری ئەم و ئەو دەجوونەوە. بەیەك وشە ئەگەر تاکی ئەم سەردەمە، خوازیارە شۆرش بکات و خۆی بڕیاردەربێت نەك مردووەکانی دوو سەدە لەمەوبەر، ئەوا دەبێت لە دەرەوەی مۆزەخانەکان و گۆرستانەکان ڕەفەی تۆزلێنیشتووی پەرتووکخانەکان، بیربکاتەوە. تاکی شۆرشگێڕ دەرخگەری تێکستە زەردهەڵگەراوەکان نییە، بەڵکو خۆی بیردەکاتەوە و هاوکاتیش پراکتیزەی دەکات، مامۆستای کەس نییە و کەسیش بە مامۆستای خۆی نازانێت، ڕابەری کەس نییە و خۆیشی مل بە ڕابەری کەس نادات. بەکورتی لە سەرووی خۆیەوە وەك تاکێکی ئازاد، نەخوا، نەدەوڵەت، نە نەتەوە و هیچ شتێك بەرز ڕاناگرێت.

بۆ ده‌رخستنی رووی راستیی هزر و گفتار و ره‌فتار و ئامانجه‌كانی رژێمی سه‌رمایه‌داریی و دوورخستنه‌وه‌ی ته‌واوی چه‌وساوان لێی و په‌یوه‌ستكردنیان به‌ خۆی و ئاماده‌كردنیان بۆ هه‌رچی زووتری هه‌ڵگیرساندنی شۆرشی سۆشیالیستیی ل42

لەم دەستەواژانەدا، دیسانەوە وەك ئەوانەی پێشوو،” هزری نوێی کۆمونیستی” وەك ئەوەی مارکس و ئەنگلس لەبارەوەی دەدوێن، هوشیاری و شۆڕش لە دەرەوەی خودی چەوساوانەوە دێن، پرسیار ئەوەیە، لە (کێ)وە و له‌ (کوێ)وە دێن؟ چونکە نووسەر دەلێت دوورخستنه‌وه‌ی ته‌واوی چه‌وساوان لێی و په‌یوه‌ستكردنیان به‌ خۆی و ئاماده‌كردنیان، کە ئەمەش هەمان هزری بەسەرچووی جارانه‌ و نادروستە، کە پێیوایە چەوساوان لەوانەش چینی کرێکار و زەحمەتکێسان، بەخۆیان توانای بیرکردنەوەیان نییە! ئەگەر ئاوا نییە و من هەڵە تێگەیشتووم و لە خۆیانەوەیە، ئیدی چ پێویست بەوە دەکات، پێوەی پەیوەست بن؟ چونکە پەیوەستبوون، پێداویستی بەیەکگەیشتنی دوو شتی بەیەك نامۆ و لەیەك دابراوە! ئینجا ئامادەکردنیان، چ واتایە بەدەستەوە دەدات، ئەگەر ئەوان خۆیان ئافەرێنەری ئەو هزرەن و لەناو خۆیاندایە؟ ئەدی ئەوانە کێن، کە ئەوان بۆ شۆڕش ئامادە دەکه‌ن؟

ئەمە هەمان بیرکردنەوەی ئایدیالیستانەیە، کە پیێوایە سەرەتا هۆشیاری لە دەرەوەی گەردوون، بوونی هەبووە و کاری لەسەر دروستکردنی کردووە و ئینجا مرۆڤ و دەوروبەکەی هاتووەنەتە بوون. بەڵام کەتواری هەموو ڕووداو و گۆرانەکانی مێژوو ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە هۆشیاری بەرهەمی کەڵەکەبوونی ئەزموونەکانی خودی مرۆڤە، ئیدی ئەو مرۆڤە کرێکارێك بێت یا مشەخۆر (بۆرجوا)یەك. بەم پێیە هوشیاری چەوساوان لەوانەش کرێکاران لە خودی کردە (پراکتیک) و کەڵەکەبوونی ئەزموونی خۆیانەوە سەرهەڵدەدات و گەشەسەندن و گشتگیربوونیشی خەباتی بەردەوامی خودی خۆیانە و ئامادەکاریشیان بۆ شۆرش بە ئامادەیی ئەو خۆهوشیارییە و به‌ پێداویستی بێچەندوچوونی گۆڕانەوە پەیوەستە، نەك بە چاکەخوازی و دڵسۆزی وردەبۆرجوازیییەوە بۆ چەوساوان.

بۆ تێگەیشتن لەمە و ڕۆشنبوونەوەی، پێویستە تێکستی هەموو ئایینەکان و وتەی فیلۆسۆف و زاناکان و بیریارەکان لەتەك ڕووداوەکانی ئەو سەدەمەدا بەراورد بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کە هەمیشە لە دوای ڕووداوەکانەوە بوون و ئەوانەش کە قسەیان لەسەر سۆشیالیزم و خەبات و شۆڕشی چینایەتی کردووە، تەنیا هەلسەنگاندنیان لەسەر ڕووداوەکان کردووە و زۆرجاریش ناڕاستگۆبوون و دژەخونییان لێکردووە و ڕاستییەکانیان شێواندوون و وەهایان نیشانداوە، کە ڕووداوەکان دوای ڕێنوێنی ئەوان کەوتوون و وەگەڕکەوتنی گۆرانەکان و هوشیاربوونەوە لە کەلەسەری ئەوانەوە دەستی پێکردووە.

ده‌رفه‌تی ئه‌وه ‌نه‌ماوه‌ کۆمونیسته‌كان بتوانن له‌نێو یه‌ك یه‌كێتیی بۆ سه‌راسه‌ری جیهان كاروباره ‌رامیاریی و رێكخراوه‌ییه‌كانی خۆیان رێكبخه‌ن ل42

لێرەدا ئەگەر مەبەست لە کۆمونیستەکان هەموو ئەوانە بێت، کە خۆیان بە کۆمونیست دەزانن، بە بۆچوونی من لە هیچ سەردەمێکدا بواری پەیوەندی (communication) بەقەد ئێستا لەبار و ئاسان و گونجاو نەبووە و ئەوەی ڕێگرە، پیلانی ڕژێمە کۆنەپەرست و چەوسێنەرەکان نییە، بەڵکو یەکەم دەسەلاتخوازیی و دەستەگەریی و شەڕی ڕابەریکردن و دۆمینەتکردنە، کە هەر گروپ و دەستەیەك خۆی بە ڕابەری ئەوانی دیکە و جیهان دەزانێت، دووەم خۆبه‌ستنەوەیانە بە کۆمەڵیك دەقی نەزۆکەوە، کە هەر یەکە ئەوی دیکە بە لادان و دژەخوونی لەو دەقانە و بێوەفایی بۆ بتەکان تاوانبار دەکات. هەروەها شێوازی ڕێکخستنی کۆمونیستەکان چ لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیان [کۆمیتە پارتییەکانیان]دا، چ لە ڕێکخراوە ڕامیارییەکانیاندا، چ لە نێونەتەوەییەکانیاندا، ڕێکخستن و پێکهاتەی قوچکەییانە (هیرارشیانە) بووە و هەیە، کە پلەوپایە و زنجیرە پلەی وەك ڕابەر و جێگر و گوێگر و جێبەجێگەر و چی و چی دەکاتە مەرجی یەکگرتن و سەرکەوتن، بۆیە دوو سەد ساڵەخەریکی شەڕە ڕابەر و شەڕە ئۆرتۆدکسبوون و شەڕە مامۆستابوونن.
هەرکات کۆمونیستەکان، دانیان بەوەدا نا، کە هوشیاری  چینایەتی بەرهەمی خەباتی چینایەتییە، بزاڤی سۆسیالیستی ڕابەر و مامۆستا ڕەتدەکاتەوە و ڕێکخستنی ڕامیاریی (پارتی) تەنیا سێکتاریزم بەرهەم دەهێنێت و کەس داهێنەری هزری سۆشیالیستی نییە و شۆڕش و ئەرکەکانی ئەرك و بەرهەمی کاری هەرەوەزی خۆبەخشانەی تاکە چەوساوەکانه‌ و پێویستی بە تەوقیتی شۆرش و ناوەندی بڕیاردان و ئامۆژگاری کەس نییە، ئەوکات دەتوانن وەك تاکی ئازادئەندێش لە هاریکاری هەرەوەزانەدا بەبێ دەستوور و پەیڕەو یەکبگرن و یەکێتییە لۆکاڵییەکانیان بەرەو یەکێتی جیهانی پەرەپێبدەن، واتە کۆمونیستێکی لەدایکبووی عیراق و کوردستان لە لەندەن، تەنیا ئەرکی بانگەوازکردنی کرێکاران و کۆمونیستەکانی بریتانیا نییە بۆ بەشداری و هاوپشتی لە خۆپیشاندانی هاوپشتی لە پەنابەران و پارتە کۆمونیستەکانی کوردستان و عیراق و ئێران، بەڵکو بەهه‌مان شێوەش ئەرکییەتی لە خەباتی شوێنی کار و ژیان و چالاکی کۆمونیستەکانی (لەندەن)دا زیاتر لە ڕادەی ئاوڕدانەوەی لە کوردستان، بەشدار بێت و چالاك بێت. واتە لۆکاڵی کار بکەن و جیهانی بیر بکەنەوە، نەك جیهانی کار بکەن و لۆکاڵی بیر بکەوە. یەکێتی جیهانی بەم گیانە چینایەتی و شۆرشگێرانەوە دێتە ئاراوە، نەك بە پەیماننامە و نامەگۆڕینەوەی دوو سکرتێری دوو پارت و دوو  کۆمیتەی پارتیی[ بەناو ڕێکخراوی جەماوەریی] ڕێکخراو لەسەر بنەمای هیرارشیانەی ڕابەر و ڕابەریکراو.

هەرچەندە ئەرکی من نییە، ڕۆشنایی بخەمە بەرپێی کۆمونیستەکان، چونکە کۆمونیستەکان بەداخەوە لەم هەزارەی سێیەمیشدا واتە خۆبەمامۆستازانان و دەسەڵاتخوزانێك، کە هەردەم خەریکی دۆمینەتکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و سەپاندنی ڕێکخستنی هیراشییانەی خۆیانن بەسەر ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، ئەمەش درێژەی هەمان بیرکردنەوە و کاری سۆشیال-دێمۆکراسی سەد و ئەوەندە ساڵە. لەبەرئەوە ئەو دێرانەی سەرەوە تەنیا نموونەیەك بوون بۆ گەیاندنی مەبەستەکەم و بەس.

خوێنەرانی هێژا، ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون. بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن: http://emrro.com/goranuwergoran.htm

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.