Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”…8

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران”…8

Closed
by July 10, 2011 گشتی

كات و شوێن له‌ شۆڕشی سۆشیالیستیی.

شۆڕشی سۆشیالیستیی به‌و پێیه‌ی ده‌بێته‌ گۆڕانكاریی و وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ و مه‌زن بۆ گشت باره‌كانی كۆمه‌ڵ.. پێشبینییكردن و ده‌ستنیشانكردنی كات و شوێنی هه‌ڵگیرسانه‌كه‌ی كار و بڕیارێكی هێنده‌ ئاسان و ئاسایی نییه‌، …….؛ سه‌ره‌تا پێویسته ‌سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی (سه‌رهه‌ڵدان و پاراستن و درێژه‌پێدان)ی ئاماده ‌و رێكخرابێ.. هه‌روا نه‌خشه‌یه‌كی پێشنیاركراوی ئاكام و ده‌ره‌نجامه‌كانیشی بۆ دارێژدرابێ ئه‌نجا به‌ باوه‌ڕبه‌خۆبوونێكی چه‌سپاو – خۆڕاگرانه ‌و بێ دووڵیی – بڕیارێكی چاره‌نوسسازانه له‌سه‌ر هه‌ردووكیان بدرێ؛ له‌سه‌ر كاتێكی گونجاو و دیاركراو (بۆ دایسانی یه‌كه‌م ترووسكه‌ی شۆڕش) و له‌سه‌ر شوێنێكی له‌بار و دیاركراو (جا ئه‌و شوێنه ‌وڵاتێكه ‌یا ناوچه‌یه‌كه ‌یا سه‌راسه‌ری جیهانه‌). ل.44
كات و شوێن بۆ شۆڕشی سۆشیالیستیی شتێكی ئاماده‌كراو یان یه‌ده‌گێكی به‌رده‌ست و دانراو نییه ‌تا هه‌ر كاتێك ئاره‌زوو بكرێ ده‌ستی بۆ ببردرێ و به‌كاربهێندرێ، هێشتا له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتپێكردن و كار راپه‌ڕاندنێكی نوێ خۆی ده‌نوێنێ و ئه‌زموونێكی هێنده ‌زۆری نییه ‌تا چه‌ندین رێوشوێنی ئه‌و كاره ‌كرده‌ییه ‌ساغ كرابێته‌‌وه ‌و دیارده ‌و ئه‌نجامی ئاشكرا و به‌رجه‌سته‌ی هه‌بێ و له ‌چه‌ندباره‌كردنه‌وه‌یدا سه‌رپێییانه‌ ته‌ماشا بكرێ و به ‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رێبخرێ. ل.45

ئەم دوو پەرەگرافە، دووجار یەکدی ڕەتدەکەنەوە؛ جارێك لە ( ل.44)دا پلان و کاتی شۆڕش بە پێشمەرج دادەنێت، کەچی لە (ل.45)دا بۆچوونەکەی (ل.44) ڕەتدەکاتەوە. جارێك باس له‌ دوورینی شۆڕش دەکات وەك پۆشاکی بەردەستی بەرگدوورێك نەك وەك دیاردەیەکی زیندووی خۆبەخۆ و کتوپڕ و هەمیشە ئامادەی نێو بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان. جارێکی دی دەڵێت “ كات و شوێن بۆ شۆڕشی سۆشیالیستیی شتێكی ئاماده‌كراو یان یه‌ده‌گێكی به‌رده‌ست و دانراو نییه ‌تا هه‌ر كاتێك ئاره‌زوو بكرێ ده‌ستی بۆ ببردرێ و به‌كاربهێندرێ،“ کە ئەمەش ڕەتکەرەوەی نەخشە و پلانی نێودێرەکانی پێشووترە و یەکدی ڕەتدەکەنەوە.

ئەگەر لەم ناکۆکییە بگوزەرێم، ئەوا هێشتا خۆم لەتەك ڕوانگەیەکی میکانیکیدا دەرگیر دەبینم، کە شۆڕش بە خاڵی بڕیاردانی چەند کەسێك یا کاتژێری ڕاگەیاندن دەبینێت. ئەمە کتومت ڕوانگەی لێنیستەکانە، کە لە فێبریوەری خەڵك لەسەر شەقامەکان بوون، سەدان هەزار ژن مانیانگرتبوو، سۆڤیەتەکان پێکهاتبوون، کەچی ئەوان بیریان لە ئەندازیاری شۆرش دەکردەوە و لۆتۆ (یانەسیب)ی بەشداری دەسەلاتی بۆرجوازی یا شۆرشیان ڕادەکێشا.

پێشتر لەمەڕ هوشیاری شۆڕشگێڕانەی چینایەتی و ڕێکخستن و خەباتی جەماوەری بۆچوونی خۆم خستەڕوو، هەروەك پێموایە، کە ئەو خۆهوشیارییە و خەباتە ڕۆژانەیە، پێداویستی و ئەزموونکردن و ناکۆکی کار و سەرمایە دروستی دەکات و لە لای کرێکاران و توێژە بەرهەلستکارەکانی کۆمەڵگە گەڵاڵە دەبێت و وەك وەڵام بە پێداویستییه‌كانی خەباتی ڕۆژانە دێتە بوون، هەرواش شۆڕش ڕەوتێکی مێژوویی گۆڕانی کۆمەڵگەیە و سەروکەتنی خاڵی بە لوتکەگەیشتنی ناکۆکییەکانە. ئەگەر شۆڕش بە بەری درەختێك بچوێنم، ئەوا ئەو بەرانەی کە نەخۆشن، زوو دەکەونە خوارەوە، به‌ڵام بەرە تەندروستەکان تا دواخاڵی گەیین پەروەردە دەبن و ئینجا دەکەونە خوارەوە. بەمجۆرە شۆڕش خاڵی کەوتنەخوارەوەی بەرە گەنیو و کڕمۆڵەکان نییە، بەڵکو خاڵی بە ئەنجامگەیشتنی پرۆسەی شۆڕشەکەیە. سەرهەڵدان و پێگەیینی شۆڕشیش وەك پێگەیینی بەری درەختێك [ بە فەرمانی خوا نایێتەبوون وەك ئایدیالیستەکان پاگەندەی دەکەن] بەڵکو بە یەکانگیری کۆمەلێك پێداویستی و بارودۆخ و لەباری کەشی پێگەیینەکەیە، دروستی دەکات. شۆڕشیش بەرهەمی ئەندازیاری دەستەبژێرێکی کۆمونیست  نییە، بەڵکو بەرهەمی یەکانگیری هوشیاری شۆڕشگێرانە و گشتگیری ئەو خۆهوشیارییە و پێگەییینی ناکۆکییەکانی بندەستان لەتەك سەروەران و بەلوتکەگەیینی خەباتەکەیان و هاتنی خاڵی تەقینەوەی یەکجارییه‌، واتە پێداویستی ڕوخانی سیستەمەکە، وەك سیستەمەکانی پێشوو کاتی خۆی دێت و ئەمەش بە ئامادەیی و خۆهوشیاری و ویستی چەوساوانەوە بەستراوە. هەرواش سەرکەوتنی دژەشۆڕشان لە چەشنی بۆرجواکان لە شۆڕشی دژی فیئۆدالیزمدا، وەك بەربوونەوەی بەرە نەخۆشەکانی درەختێکە و ئەوەش کۆمەلێك هۆکاری ناوەکی و دەرەکی خۆی هەیە و گەورەترینیان نائامادەیی خۆهوشیاری شۆڕشگێرانەی چەوساوان و خۆشباوەڕییانه‌ بە تێڕوانین و بەرنامەی وردەبۆرجوازی دسەلاتخواز، وەك خۆشباوەڕیی چەوساوان بە سۆشیالیستە دەسەلاتخوازەکان لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917ی ڕوسیەدا.

 هه‌رچه‌نده ئه‌زموونی هه‌ردوو شۆڕشی کۆمونەه‌ی پاریس و ئۆكتۆبه‌ری سۆڤیه‌تیی كۆمه‌ڵێك په‌ند و وانه‌ی چاكیان له‌ دوای خۆیانه‌وه‌ جێهێشت….. هه‌ر له ‌نێو ئه‌وانیشدا به‌وه‌ گه‌یشت بڕیاری كات و شوێن دیاركردنی هه‌ردوو شۆڕش بدرێ و پاشانیش به‌ ته‌واویی به‌ لاڕێدا بچن.  ل.45

وەك پێشتر وتم، ڕوانگەیەك کە شۆرش و خاڵی بە تەقینەوەگەیشتنی شۆڕش یەکی دەگرێت، ناچار ئەندازیاران و ڕاگەیێنەرانی کاتژێری سفر قوت بکاتەوە، ئەوا بێجگە لەو دوو تەقینەوانە شۆڕش لە هیچ شوێنێکی دیکە نابینێت. ئەمە گەورەترین گورزی کوشندەبووە لە هزری شۆڕشگێڕیی و ڕۆڵ و کارای خودی چەوساوان لەو شۆڕشانەدا.

بە بۆچوونی من، جیهان تەنیا دوو شۆرشی بە خۆوە نەدیوە و بەردەوام بە خەباتی چه‌وساوان شۆرش بارگاوی دەبێت. ئەگەر ئێمە داخوازی و گۆرانەکانی ژیان لە ڕەوتی مێژوودا بە نموونە وەربگرین، بۆمان دەردەکەوێت، کە شۆرش پرۆسێسێکی بەردەوامی ڕوو لە پێشە؛ بۆ نموونە لە ئەوروپا و ئەمەریکا 300 ساڵ ڕەشپێشتەکان وەك کاڵا بازرگانیان پێوە دەکرا و تەنانەت کەم سه‌یرکردنیان لەلایەن خودی چەوساوانی ئەو وڵاتانەوە دیاردەیەکی نکۆڵی هەڵنەگرە، کەچی ئەوڕۆکە نەوەی ئەو چەوساوە ناهوشیارانە لەتەك ڕەشپێستەکان ئەوینداری دەکەن. شەش دەهە پێشتر چەوساوانی فەرەنسە و ئاڵمان دەچوونە سەنگەری دەسەڵاتدارانەوە و دژی یەکدی دەجەنگان، کەچی ئەمڕۆ لە هاوخەباتی چینایەتیدا پشتیوانی لەیەك دەکەن. ڕۆژگارێك بوو، ئەوروپییەکان بە گوێڕایەڵی کەنیسەکان بەرەو خۆرهەلات بەڕێ دەکەوتن، کەچی لە جەنگەکانی ڤیتنام و کوریا و ئەفگانستان و عیراقدا لە 120 شاری ئەوروپی و ئەمەریکیدا ملیۆنان مرۆڤ وەك هاودەردی و وەستانەوە دژی جەنگ، ڕژانە سەرشەقامەکان. ئایا ئەمانە بەشێك لە بەرگرتنی پرۆسێسی شۆرش نین، ئایا ئەمانە هەنگاوەکانی ناو شۆرش و بەرهەمی ئەو گۆڕانانانە نین، کە بەردەوامی شۆرش دروستییان دەکات؟ ئایا ئەمانە نیشانەی شۆڕش و هەنگاوی هەنووکەیی شۆڕش نین؟

من بۆخۆم ئەو تاقیگەرییەی سۆشیالیزم و دێمۆکراتی لە خوارەوەرا لە ئەرژەنتین [دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان و خۆبەرێوەبەرایەتی کرێکاریی و پێکهێنانی هەرەوەزییەکانی ناو گەڕەکەکان و هاریکاری و هاوپشتی چینایەتی نێوان بزووتنەوەی بێکاران و ڕێکخراوی دایکانی زیندانیان و خۆبەڕیوەبەرایەتییە کرێکارییەکان و ئەنجومەنی گەڕەکەکان ] کەمتر لەو دوو شٶڕشە نابینم، کە نووسەر و زۆرێکی دیکە ڕیزیان کردوون و دەکەن. چونکە لەم ئەزموونە تازەدا ئەوە زانا و فیلۆسۆف و بیریارە ڕیشن و سەکسۆکەدار و بۆیباخلەملەکان نین، کە لە سەرکردایەتی پارتەکانەوە پلانی خەباتی و شێوازی ڕێکخستن و هەنگاو و کاتی شۆڕشییان بۆ کرێکاران دیاری دەکەن، ئەوە خۆیانن و تەنیا خۆیان خەریکن هەر لەناو ئەم سیستەمە خۆیدا، سۆشیالیزم و دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ، پێشنیار دەکەن و ئەزموونی دەکەن و نیشانی دەدەن، کە گەشەسەندن و پەرەسەندنی بەرهەمهێنان لە یەکێتی و یەکسانی و خۆبەڕێوەبەرایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا باشتر لە سایەی بوونی بۆرجواکان و هیراشییەکەیاندا ڕوو لەسەر دەبێت و ئەمەش ئایدیای پێویستی قۆناخی سەرمایەداری بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم بەدرۆخستەوە، هەروەك کۆمونەکانی ئۆکرانیا ١٩١٧- ١٩٢١ هەرەوەزییەکانی کەتەلۆنیا ١٩٣٦-١٩٣٩  پێشتر نیشانیان دا، لە هەژارترین و دواکەوتووترین شوێنی ئەم گۆی زەمینەدا سۆشیالیزم وەك هەر شوێنێکی گەشەکردوو و دەوڵەمەندی دیکە شیاوی ڕوودان و سەرکەوتنە و لە هەردوو بارەکەدا ژیان و ئازادی و دادپەروەری و گەشەی بەرهەمهێنان و پەروەردەبوونی مرۆڤی ئازاد باشتر لەو [قۆناخە خوێناوییە] بەرهەم دێت، کە بیریارانی سەدەی نۆزدە پەسەندەیان دەکردن. بەڵام لە نموونەی دیکتاتۆری بۆلشەڤیزم لە روسیە و پاشرەوانیدا هاوکیشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و دوای ٧٠ ساڵ ئیمپراتۆرییەکەیان وەك پەشمەك دەتوێتەوە و کۆتایی بە زیندانی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و  نەتەوەیی ڕوسەکان و ئەوانی دیکە دێت، ئەزموونەکان نیشانمان دەدەن، کە ئێمە ڕزگار ناکرێین، بەڵکو تەنیا خۆمان دەتوانین خۆمان ڕزگار بکەین و بۆ وەها ڕزگاربوونێکیش بێجگە لە خۆهوشیاریی و ویست (ئیرادە)ی خۆمان، هیچ پێشمەرجێکی گەشەسەندوویی ئابووریی و بوونی ڕێکخراوی قوچکەیی رامیاریی و نوێنەرانی چەنەبازی پارلەمان، پێویست و مەرجی سەرکەوتن نین.

ته‌نانه‌ت له‌و دواییانه‌ش كه‌ڵه‌گایی رژێمی سه‌رمایه‌داریی نه‌یانتوانیوه‌ بزاڤی کۆمونیستی رابردوو كه‌ هیچ رێكخراوێكی ئه‌وتۆ یان هێزێكی به‌رانگارییشی نه‌ماوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كاركه‌نار و سه‌ركوت بكا  كه ‌هیچ رۆلێكی نه‌مێنێ له‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نه‌خشه ‌رامیارییه‌كان، هاوكات له‌ باری ئێستادا ته‌می سه‌ر به‌ لارێدا چوونی بزاڤی کۆمونیستی رابردوو به ‌ته‌واویی ره‌ویته‌وه‌ و یه‌كسانییخوازان رێگه‌چاره‌ و هێڵی تازه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و زۆر به‌كه‌موپوختیی كار ده‌كه‌ن و هه‌نگاوی گه‌وره‌ ده‌نێن. ل.46

لە سەراپای بابەتەکانی پەرتووکەکەی نووسەردا، بزاڤی یا هزری” نوێی کۆمونیستی” لەلای خوێنەر ئیدەکانی خودی نووسەر دەگەیێنێت، بەڵام لێرەدا خەریکە باس لەو ڕێکخراو و گروپانە دەکات، کە پاش داڕمانی ئیمپراتۆرییەکەی بۆلشەڤیزم سەریانهەلداوە. لەبەرئەوە پرسیارێکی دی لای من قوتدەبێتەوە، ئایا ئەو گروپ و هزرە ئەو تێڕوانینانەی ڕەتکردووەتەوە، کە بوونە نەزۆکی هزری کۆمونیستی کلاسیك؟ من بۆخۆم هێشتا شتی وام بەرچاو نەکەوتووە، کە کۆمونیزم وەك هزرێكی ئازاد واتە نائایدیۆلۆجیا هاتبێتە مەیدان و دەوڵەت و پارت و دیکتاتۆری و دەستەبژێری خۆی ڕەتکردبێتەوە.

 ئێستا هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی سۆشیالیستیی له ‌جاران پتر له‌بارتر و گونجاوتره ‌و پێویسته‌هه‌ر ئێستا ئه‌نجام بدرێ، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ئێستایه ‌ئه‌وه ‌ده‌گه‌یه‌نێ كه ‌ده‌بێ بای هێنده‌کۆمونیستانێك په‌یدا بووبن كه ‌هێزێكی هه‌مه‌لایه‌نیان تێدا بێ بۆ هه‌ڵگیرساندن و پاراستن و درێژه‌پێدانی شۆڕش ل.46

ئەگەر خۆم لەوە ببوێرم، کە بڕوام بەو شۆرشە قورمیشکراوە نییە، گریمان شۆڕش هەر ئەوەیە، کە دەستەبژێرێك ئاوەزییان پێی دەشکێت و بەو سەرەنجامە دەگەن، کە کاتی شۆڕشە، ئەوا لەم بارەدا هیچ بروام بە شۆرش نامێنێت، چونکە ئەگەر لەتەك سەدەکانی ڕابوردوو و سەردەمە پڕ هەڵچوونەکانی ڕابوردوو و ناجێگیری یا نەبوونی دەوڵەتە سەراپاگیرە نەتەوەییەکان لەتەك جیهانیبوونەوەی دەسەڵات و کولتووریبوونەوەی مشەخۆریی و هێز و پانتایی میدیایان بەراوردی بکەم، ئەوا بەپێچەوانەوە شۆڕش لە جاران گونجاوتر و لەبارتر نییە. ئەمە لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە، شۆڕشی سۆشیالیستی، بەرهەمی شەڕی پارتیزانی و خۆپیشاندانی یاسایی و کودەتای دستەبژێرێکی کۆمونیست نییە، تاکو بە هەبوونی ژمارەیەکی دیاریکراو  پیشە-ڕامیار[وەك  بلانکی و لێنین و مەنسووری حیکمەت و ئەوانی دیکەی پێش و پاشیان پاگەندەیان بۆدەکرد]، سۆشیالیزم دامەزرێنن. نەخێر شۆڕشی سۆاشیالیستی، ڕاپەڕینی کۆمەڵگەیە، ڕاپەڕینی چین و توێژە بندەست و چەوساوەکانە، کە چیدیکە وەك سەردەمی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی لەتەك بارودۆخ و سیستەمەکەدا ناگونجێن و ناچار بە گۆڕینی دەبن.

هەروەها وەك وتم هەڵگیرساندنی  شۆرش و پاراستن و درێژەپیدانی بە هەبوونی ژمارەیەك دەستەبژێرەوە نەبەستراوە و پەیوەندی بە پێداویستی و ویستی ڕزگاربوونی چەوساوانەوە هەیە، کەی ئەو ویست و ناچارییە گشتگیر و یەکانگیر بوو، ئەگەر کۆمونیستەکانی هەموو دونیاش ببنە پارێزەری ئەم سیستەمە هەنووکەییە، ئەوا هەر دەبێت بڕوخیت و کەس ناتوانێت بیگێڕێتە دواوە، وەك چۆن سیستەمەکانی کۆیلایەتی، فیئۆداڵی، بەسەرچوون و بوونە بەشێك لە ڕابوردووی هەرگیز نەگەڕاوە.

به‌ڵام به ‌راگه‌یاندن و ده‌ستبه‌كاربوونی بزاڤێكی کۆمونیستی راشكاو و پشت ئه‌ستوور به‌جیهانبینیی نوێ و له‌دایكبووی نێو كه‌لتووری ڕەسەنی کۆمونیزم ده‌تواندرێ ئه‌و هێزه‌به ‌زوویی وه‌ده‌ستبهێندرێ، ل. 46

بەداخەوە من لە خوێندنەوەی واژەی ڕەسەندا تەنیا ئۆرتۆدۆکسیزمەکەی حیکمەتیستەکان دەخوێنمەوە. ڕەسەن واتە چی و ناڕەسەن کامەیە؟ ڕەسەن لە هەموو بوارەکاندا واتە نەگۆڕ، شتێك کە وەك خۆی مابێتەوە. (ئۆرتۆدۆکسی مارکسی)یش هەر ئەمەیە، ئایا مەبەستی نووسەریش هەر مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسە؟ ئەگەر ئەرێ، ئیدی پاگەندەکانی زانستیبوونی مارکسیزم چ بنەمایەکیان هەیە؟ لەوەها بارێکدا ئایا ئۆرتۆدۆکسیبوون ناکاتە کۆنەپەرستی و کۆنەپارێزی؟

به‌ڵكه ‌له‌هه‌ر شوێنێك توانا و پێداویستییه‌كانی هه‌ڵگیرسان په‌یداكرابێ و توانای پاراستن و درێژه‌پێدانی ئاواكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆشیالیستیی نه‌خشه‌یه‌كی به‌رنامه‌ئامێزی زانستیی و هونه‌ریی بۆ كێشرابێ ئه‌وا پێویسته ‌ئه‌و شۆڕشه ‌له‌وێ ئه‌نجام بدرێ ل. 46

ئەم تێڕوانینە میکانیکیانە و ئەم وێنا کۆمیدییە لە شۆڕش سەردەمی بەسەر چوو، لەو کاتەوەی نووسەر ئەم بابەتانەی نووسیون و من دەستم بە خوێندنەوەیان کردووە، دەیان شت وەك هەنگاوە وردەکانی شۆڕش گۆڕاون و ڕوویانداوە. شۆڕش لەسەر پلانی زانستی و هونەری ناوەستێت. شۆرش کۆپی خانەیی مەڕ و پلانی هێڕشی سەربازی نییە، تاوەکو ” نەخشەیەکی بەرنامەئامێزی زانستی و هونەری” بۆ بکێشرێت. شۆڕش، هوشیاربوونەوە و خەبات و یەکگرتنی چەوساوانە، کە دوا وێستگەی لە سەرزەمینی سەرمایەداریدا، لەناوبردنی دەسەڵات و پێکهاتە هیرارشییەکانی کۆمەڵگە و ناوەندەکانی بڕیاردانی سەروو خەڵکییە و خاڵی دەستپێکردنی مێژوویەکی دیکەیە؛ مێژووی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری مرۆڤ وەك تاکی کۆمەڵایەتی هوشیارەوەبوو لە بەرەبەیانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە تا هەنووکە و تا کاتیك کە سەروەری مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا یا کۆیلەتی مرۆڤ بۆ مرۆڤ لە ئارادا بێت، شۆڕش بەردەوام دەبێت و مرۆڤی ئازادیخواز هەموو ساتێك لە شۆڕشدا دەبێت، بە واتایەکی دیکە شۆڕش پڕۆسێسێکی بەردەوامی مێژووییە، کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە سەروەرییەکان لە هەر ساتێکی خەباتی ڕۆژانەدا پایەکانی جێگیر و سەرکەوتنەکانی تۆمار دەکەن، شۆڕش کاتێکی دیاریکرا و نەخشەیەکی پێش ئامادەکراو نییە . چونکە هەروا کە هیچ دیاردەیەك یا سیستەمێك لە شەوڕۆژێك و بە پلانێکی میکانیکی نەهاتووەتە بوون، هەرواش شۆڕش دژی دیاردەکان و سیستەمەکان و لەناوبردنیان لە خاڵێك و ساتێکی دیاریکراو و قورمیشکراو و لە شەوڕۆژێکدا ڕوونادات و سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت و ئەو دیاردە چینایەتییانەی کە بە پرۆسێسێکی مێژوویی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە و بوونەتە بەشێك لە کولتووری خەڵك، بە راگەیاندنێکی جادووییانەی دەستەبژێرێك لە شەووڕۆژێکدا لەناو ناچن، هەر ئەمە وەك ئەرکێکی شۆرشگێڕانە بەسەرماندا دەسەپێنێت، کە هەر ئەمڕۆ و لەناو ئەم سیستەمە چینایەتییەدا بۆ ڕاگرتن و ئاوەژووکدنەوەی ئەو پرۆسێسە مێژوویە، ڕۆژانە لە پایە کۆمەلایەتی و کولتوورییەکانی سیستەمی سەروەری چینایەتی بدەین و ئەڵتەرناتیڤە ئابووریی و رامیاریی و کولتوورییەکانی خۆمان بەهەر رادەیەك کە بۆمان لواو بێت، جێگیر و کۆمەڵایەتی بکەینەوە. لەسەر ئەم بنەمایەیە، کە دەڵێم ڕۆڵی دەستەبژێری پیشە-ڕامیار بێجگە لە وێناکردنی سۆپەرمانی بە کەتوار، هیچی دیکە نابێت و ئەگەر هەزاران جار ئەو هەلەیان بۆ بڕەخسێتەوە، کە لە خۆشباوەڕیی چەوساوانی شۆڕشی 1917دا بۆیان ڕەخسا، ئەوا بێجگە لە گەورەتربوون و فراوانتربوونی ئاست و ڕەهەندی دیکتاتۆری و ماڵوێرانی و “کوشتن و سێدارەی شۆڕشگێڕانە“ی خودی چەوساوانی ناڕازی، هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێنەوە. سەرهەڵدانی هەموو دیکتاتۆرییەکیش لەو خاڵەوە سەرهەڵدەدات، کە کەمینەیەك، زۆرینە بە گەمژە و نەزان دەزانێت و پێیوایە ئەرکی ئەوە، کە ژیان و چۆنیتەتی بیرکردنەوە و هەلسوکەوتییان پێ دیکتە بکات و کودەتا بکات و میری دامەزرێنێت و بڕیاریان بۆ بدات و کۆمەڵگەیان بۆ بکات بەو” بەهەشت”ەی کە خۆی نێوی دێمۆکراسی و سۆشیالیزم و زۆری دیکەی لێدەنێت.

سه‌ره‌نجام دیاركردنی كات و شوێن بۆ شۆڕشی سۆشیالیستیی به‌گوێره‌ی (چه‌ند و چۆن و چیه‌تیی)ی هه‌ڵسانه‌سه‌رپێی كرێكاران و چینه ‌زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵ و بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌كردنی هزری کۆمونیستی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێ كه ‌ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه ‌ماوه‌یه‌كی كه‌م یان زۆر بخایه‌نێ به‌ڵام بێگومان هه‌ر دێته‌پێش و گرنگیش ئه‌وه‌یه‌ كه ‌تا پێنه‌گه‌یشتبێ ده‌ستی بۆ نه‌بردرێ. ل.46

کات و شوێن دیاریکردن لە پانتایی گەردووندا چەندە لە کەتوارەوە دوورە، هێندەش ساتی تەقینەوەی کۆتایی شۆرش (نەك شۆڕش)ی کۆمەڵایەتی، لە نەخشە و سات دیاریکردنی کودەتاچییانە [نەك شۆڕشگێڕانە]وە دوورە.

خوێنەرانی هێژا، ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون. بۆ خوێندنەوەی پەرتووکەکە، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن: http://emrro.com/goranuwergoran.htm

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.