كێ بوو كێشای به سه‌ری ئاسۆسدا؟
بینینی ئاسۆس هه‌ردی به كراسێكی خوێناویه‌وه، یه‌كێكه له‌و وێنه تراژیدیایانه‌ی كه ئاسان نیه به زوویی فه‌رامۆش بكرێت. ئاسۆس به كراسێكی خوێناویه‌وه وه‌ك یوسفێك كه به ده‌ست براكانی زامدار كرابێت سه‌ره‌تایه‌ك له سه‌رده‌مێك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تاریكی پیشانداین كه كۆڵانه‌كانی پڕن له مافیا و له‌گه‌ڵ لێڵایی ئیواره‌دا ڕێرهومان له‌جیاتی به‌ره‌و ماڵ، به‌ره‌و نه‌خۆشخانه ئاراسته ده‌كه‌ن.
به‌بڕوای من لێدان له ئاسۆس هه‌ردی سه‌ره‌تای ئازاردانی قهڵهمهكانه به‌بێ هیچ به‌هانه و بیانوویه‌ك . ئه‌گه‌ر سۆرانی مامه‌حه‌مه ناوی به‌رپرسانی كه‌ركوكی لابووبێت كه چونه‌ته لای سوزانیهكان، ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت عوسمان قسه‌ی له‌سه‌ر پیرۆزیه‌كانی بنه‌ماڵه‌یه‌ك كردبێت، ئه‌گه‌ر ڕێبین هه‌ردی چالاكوانێكی خۆپیشاندانه‌كان بووبێت و كورسی ده‌سه‌ڵاتی جوڵاندبێت ( كه ئه‌مانه هیچی به‌هانه نین بۆ لێدان له قه‌ڵه‌مه‌كان)، ئه‌وا لێدان له ئاسۆس هه‌ردی بێ هیچ به‌هانه‌یه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی نوێیه. دوای لێدان له ئاسۆس ئیدی ئێمه ده‌چینه سه‌رده‌م و قۆناغێكی تره‌وه ئه‌ویش لێدان و سزادانی قهڵهمهكانه به‌بێ دۆزینه‌وه‌ی هیچ به‌هانه‌یه‌ك.
لێدان له ئاسۆس به جۆرێك له جۆره‌كان لێدانه له شار. ئه‌وه شاره زیاد له ده‌نگێكی تێدایه و ئه‌وه‌ش به‌ربه‌ریه‌ته كه زیاد له ده‌نگێك نابیستێت. ئه‌وه دووه‌م جاره كوڕه‌كانی ئه‌حمه‌د هه‌ردی وه‌ك خوێنده‌وارانی شار ده‌كه‌ونه به‌ر لێدان. لێدانی ڕێبین هه‌ردی و شین كردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی به ڕۆژی ڕووناك و به ده‌ستێكی دیار و ئاشكرا، لێدانی ئاسۆس و خوێناویكردنی كراسه‌كه‌ی له ناوجه‌رگه‌ی هه‌مان شار و به‌ده‌ستێكی نادیار، ده‌ركه‌وته‌ی دوو ڕوداوی ناخۆش بوون كه ده‌كرا به‌م جۆره قه‌ڵه‌مانه‌وه شار جوانتر بن.
دۆخه‌كه هه‌رچۆنێك بێت كوڕێكی ئه‌حمه‌د هه‌ردی ئازار ده‌درێت. شه‌قام توڕه بێت كوڕێكی ئه‌حمه‌د هه‌ردی ده‌درێته به‌ر شه‌ق و لێدان، شه‌قام هێمن ده‌بێته‌وه، كورێكی تری ئه‌حمه‌د هه‌ردی له سوچێكی كۆلانێكدا جه‌سته‌ی خوێناوی ده‌كرێت. دۆخ ئارام بێت یان شڵه‌ژاو ئه‌وا كوڕێكی ئه‌حمه‌د هه‌ردی ده‌بێته قوربانی.
له ئێستادا دیارده‌یه‌ك ده‌بینرێت ئه‌ویش ئه‌تككردنی شاره. ئه‌وه‌ی شار ئه‌تك بكات ده‌بێت گومانی لێ بكه‌ین به جوانكردنی شه‌قامه‌كانی شار بیه‌وێت به‌راستی شارمان پیشان بدات. ئه‌وه‌ی شار جوان ده‌كات بلۆك و چهمهنتۆكانی نیه، ئه‌وه‌ی شار جوان ده‌كات بینای به‌رز و شه‌قامه قیرتاوكراوهكانی نیه، به‌ڵكو به‌راستی ئه‌وه‌ی شار جوان ده‌كات ئه‌و قه‌ڵه‌م و ڕۆژنامانه‌ن كه ده‌یانه‌وێت شار شوێنێك بێت بۆ هه‌موان، شار شوێنێك بێت بۆ جیاوازی و كۆڵانهكانیشی خاڵی بێت له مافیا.
ده‌سه‌ڵات ده‌زانێت له ئێستادا هیچ هێزێكی بۆ ده‌سته‌مۆكردن نه‌ماوه ،بۆیه قسه‌ی ڕۆشنبیره‌كان وه‌ك مه‌ترسیه‌ك بۆسه‌ر خۆی ده‌بینێت. باندێكی تاریك هه‌یه به پاڵپشتی یان له بێده‌نگی ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌م كاره له تاریكی‌دا ئه‌نجان ده‌دات. لێدانی ئاسۆس له تاریكی ئێواره‌دا ئه‌و ئه‌و ئاماژه‌یه نیشان ده‌دات كه هێزێك هه‌یه له تاریكدا ده‌ست ده‌وه‌شێنێت و ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و تاریكی ببات. له به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتێك هه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه كۆڵانه‌كان تاریك بن تاكو له‌نێوان حه‌ق و ناحه‌قدا جیاوازی نه‌كه‌ین. من ده‌زانم ئه‌وه‌ی له ئێستادا ئاوه‌كه لێڵ ده‌كات دواجار هه‌ر خۆی له تینواندا ده‌خنكێت و ئه‌وه‌ی كراسه‌كان خوێناوی ده‌كات وه‌ك براكانی یوسف شكست ده‌خۆن و هه‌ر یوسفهكانیش به كراسێكی خاوێن و سه‌رێكی به‌رزه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
من دروست بڕوام به‌وه هه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌كێشێت به سه‌ری ئاسۆسدا ده‌زانێت ئاسۆس هیچ له‌وانه‌ی نه‌كردووه كه شایه‌نی پێداكێشان بێت. هیچ نوسینێكی ئاسۆسیش كه‌سی زویر نه‌كردووه. ئه‌وه‌ی ده‌كێشێت به‌سه‌ری ئاسۆسدا ده‌یه‌وێت بكێشێت به‌و سه‌ره زیندوانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت به جیهانێكی ڕوناكتر و شایستانهتر به ژیان ئاشنامان بكه‌ن.
كێ بوو كێشای به‌سه‌ری ئاسۆسدا؟ من ده‌زانم له ئێستادا كه‌س نازانێ به‌ڕاستی كێ بوو كێشای به سه‌ری ئاسۆسدا و نابێت ئومێد له‌سه‌ر هێزه ئه‌منیه‌كانی وڵات هه‌ڵچنین كه ده‌ستی وه‌شێنه‌ر بدۆزێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانم ئێستا سه‌ری هاوشێوه‌ی ئاسۆس ئه‌وه‌نده زۆرن كه هه‌موو ئه‌و ده‌ستانه شل ده‌بن گه‌ر بیانه‌وێت له ئێواره‌یه‌كدا بكێشن به سه‌ریاندا.
عه‌زیز ڕه‌ئووف
azizrauf75@yahoo.com