Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
پریشکەکانی شانۆ …. دانا رەووف

پریشکەکانی شانۆ …. دانا رەووف

Closed
by September 11, 2011 شانۆ

پریشکەکانی شانۆ
هەموو شتێک جیاوازە، هەموو شتێک نوێیە
دانا رەووف

 

شانۆ پیشەیەکی پیاوانەیە، زۆربەی ریژیسۆرەکانی دنیا، بەڕێوبەری شانۆکان، شانۆنامەنووسە دیارەکان و ئەو شانۆکارە گەورانەشی کە تیۆرەیان بۆ شانۆ کردووە، هەر پیاون. تەنانەت ڕەخنەگری شانۆکانیش  هەر پیاون و زۆر بە دەگمەن و لەسەر ئاستی دنیا ڕەخنەگرێکی شانۆیی ژن دەرکەوتووە. ئەم دیاردەیە جیهانییەو نەخشەو پلانی شانۆکانی ئەوروپا، ئەمەریکا و وڵاتانی جیهانی سێهەمیش بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە.
ژن هەمیشە لە پەراوێزدا بووە و لە ئەکتەر بەولاوە هیچ پێگەیەکی دیاری لە شانۆدا نەبووە، تەنانەت شانۆنامەنووسەکانیش لە کلاسیکەوە بیگرە تامۆدێرن، رۆڵی ئافرەتیان سنوردار کردووە، بێگومان لێرەو لەوێ لە مێژووی شانۆی جیهانیدا رۆڵێکی تایبەتمەندی ئافرەت دەرکەوتووە، بەڵام شتێک نەبووە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ رۆڵی پیاودا.
ئەمڕۆ شانۆی ئەڵمانی، کە پێگە و رۆڵێکی گەورەیان لە شانۆی ئەوروپی و جیهانیدا هەیە، دەیانەوێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراکتوری ژیانی رۆشنبیری و شانۆیی ئەڵمانیدا بکەن. شانۆکانی ئەڵمانیا و لە دەروازەکانی ئەم گۆڕانکارییانەوە، دەیانەوێت رێگایەکی فراوانتر بۆ رۆڵی ئافرەت لەسەر شانۆکان بکەنەوە.
هەر لەبەرئەوە شتێکی ڕێکەوت نییە کە ڤیستیڤاڵی ساڵانەی شانۆیی لە بەرلین  Theatertreff i Berlin  کە یەکێکە لە گرینگترین ڤیستیڤاڵە شانۆییەکانی ئەوروپا، دەیەوێت پێگەی شانۆکاری ئافرەت بەهێزبکات. ڤیستیڤاڵەکە بە دروشمی (هەموو شتێک جیاوازە، هەموو شتێک نوێیە) دەکرێتەوە.
(ئیریش لاوفێنباری) کە خۆی ئافرەتەو بەڕێوبەری ئەم ڤیستیڤاڵەیە، دوای کێشمەکێشێکی گەورە توانیویەتی درز بخاتە نێو دیوارە پۆڵاینەکەی دەستەی (پیاوانی) دادوەری ڤیستیڤاڵەکەوەو لەو حەوت ئەندامەی دەستەی دادوەر، ئێستا سیانیان ئافرەتە.
لەو دە شانۆنامانەی کە ئەم ساڵ بە شداربوون، سیانیان لەلایەن ئافرەتی ریژیسۆرەوە بۆ شانۆ ئامادەکرابوون. ئەمە جگە لە چەندین ۆرک شۆپ، سیمنار، گفتوگۆ و چالاکی هونەری تر سەبارەت بە پرسی ئافرەتان و دەنگی ئافرەت لە شانۆدا.
شانۆنامەنووسی ئافرەت، ریژیسۆری ئافرەت، ڕەخنەگری ئافرەت و بەڕێوبەرێکی بەهێزی ئافرەتیش بۆ خودی ڤیستیڤاڵەکە، ئەمە جگەلە کردنەوەی پێشانگایەکی گەلێک بە بەها و گرینگ و سەرنج راکێش بە ناوی (ئافرەتە ریژیسۆرەکان– پیشەیەکی پیاوانە بە دەستی ئافرەتەوە).
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەڵمانیا و خاتوو ئێریش لاوفێنباری خاوەنی یەکەمی ئەم پێشنیارەو ئەم دەست پێشخەرییە نین، بەڵکو کوردستان و خاتوو گەزیزە عومەر عەلی ئەمین، یەکەمین دیداری گوڵە مێخەک کە دەستپێشکەری و بیرۆکەی گەزیزەیە، لە سەرەتای مانگی چواردا لە سلێمانی سازکراو بۆ یەکەمجار تواناکانی ئافرەتی شانۆکاری (نووسەری شانۆنامە ئافرەت، ریژیسۆری ئافرەت، رۆڵی ئافرەتی سەرەکی لە سەر شانۆکان، هەڵسوڕێنەرو سەرپەرشتیاری ئافرەت و لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە پرسی ئافرەت لە ڤیستیڤاڵێکی بچکۆلەی ئافرەتاندا و بە ئامادەبوونی ئافرەت و پیاو کۆبوونەوە).
لەگەڵ هەموو کەمووکوڕییەکانی یەکەمین دیداری گوڵە مێخەکدا، دەستپێکی گرینگ و هاوارێکی بە هێز و دووپاتکردنەوەیەکی ئەرێیانەی ڕۆڵی ئافرەت و ئافرەتی شانۆکاری کورد بوو.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.