Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
میدیای ئازاد و مافیاکانی دەسەڵاتی کوردیی

میدیای ئازاد و مافیاکانی دەسەڵاتی کوردیی

Closed
by September 11, 2011 گشتی

پاش دەسترێژییکردنە سەر بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوێنە، وردە وردە سەری داوەکان و سەری مافیاکانی پشت ئەو کەسانە دەردەکەون کە دارکاریی ئاسۆس هەردییان کرد. گومانی تێدا نییە ئەو نووزە کەمەی میدیای سەربەخۆ کە خۆی لەچەند رۆژنامەو گۆڤارێکدا دەبینێتەوە، لە ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیان قەتیس بووەو پایتەختی هەرێمی کوردستان تەنیا یەک رۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆیشی تێدا نییە. هاوکات ئەم دەسترێژییانەی لەسلێمانیی بۆ سەر هەندێ رۆژنامەو گۆڤارو رۆژنامەنووس دەکرێ، مەرج نییە لەئاست میدیای کوردیی و رۆژنامەنووساندا ناشیرینیی یەکێتیی دەربخات و لوتفی پارتییش بلاوێنێتەوە.
بەکورتییەکەی ئەگەر ئاوێنە لە هەولێر دەربچووایە، ئەوە ئاسۆسیان وەک سەردەشت عوسمان دەفڕاند و دووریش نەبوو سیناریۆیەکی گەمژانەی بۆ دروست بکەن، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە مافیاکانی ناو یەکێتیی نیشتمانیی مۆدێرنتر و ئینسانییترن، بەڵکو ئەوان خەفەت لەوە دەخۆن کە لە سلێمانیی ناتوانن وەک دەسەڵاتی هەولێر  زەبروزەنگیان بە ئاشکرا هەبێ، لای کەم بەهۆی هەلومەرجی کولتووریی شاری سلێمانییەوە ئەوەیان بۆ لەبار نییە.
مام رۆستەمی کۆنە کادیری عەسکەریی یەکێتیی، وێڕای ئەوەی پسپۆریی بەس لە تەقەکردن و بۆسەدانانەوە و رەبایەگرتندا هەیە، بەڵام لەبەرنامەیەکی NRT   دا قسەیەکی مەعقول دەکات. ( یەکێتیی نیشتمانیی دەڵێ رووبارێ خوێنم داوە. مام رۆستەم: بڕۆ بۆ حەلاوی باس بکە). مەعقولییەکەی لەوەدایە کە لەشوێن و کاتێکی گونجاودا ئەو کۆمێنتە لە یەکێتیی دەگرێ، هەروەها گاڵتەپێکردنێکی سیاسییشە بە یەکێتیی، کە چیتر بەڕابردووەوە مەنازێ، گرینگ ئەوەیە ئەمڕۆ بۆ نەوەی نوێ و خەڵکی کوردستان چییت لەباردایە؟ رابردووش بۆ پوورە حەلاوی بێسەواد باس بکە.
ئێستا ئەندامانی سەرکردایەتیی و کۆمیتەی ناوەندیی و مەکتەب سیاسییەکانی پارتیی و یەکێتیی ئەگەر رۆژگارێک دەستڕێژێکیان بۆ خۆشییش تەقاندبێ، لەبری هەر گوللەیەک میلیۆنێک دۆلاریان پێکەوە ناوە. بەدڵنیاییشەوە بۆ پاراستنی ئەو کەسایەتییە وەهمییەو قەڵافەتە سیاسیی و ئابوورییەی هەیانە، ئامادەن هەموو کارێکی مافیایی بکەن بۆ ئەوەی رەخنەگرەکانیان بترسێنن. تێروری سۆرانی مامە حەمەو سەردەشت عوسمان و شێخ ستار……. و لێدانی رۆژنامەنووسان و کەسایەتییەکانی میدیای ئازادی کوردیی تێکچوونی باڵانسی سیاسیی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارە لە ئاست قەڵەمدا.  
لە رۆژئاوا، ئەگەر هەر کەسێکی حیزبی لە هەر پلەیەکدابێ، کارێکی وا بکات و لێی ئاشکرا بێ ، پێش ئەوەی پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات، ئەو کەمە کەرامەتەی هەیەتی رێگەی پێنادات درێژە بەکاری سیاسیی بدات، بەڵکو خۆی دەست لەکاردەکێشێتەوە، پێش ئەوەی حیزبەکەیشی کارتی سووری بۆ هەڵبڕێ. ئێستا یەکێتیی بەکردەوە کەوتووەتە هەلومەرجێکە، یان دەبێت داکۆکیی لە کارێکی مافیایی بکات و بیانووی بۆ دابتاشێ، یاخود لای کەم لاسایی دەستە خوشکەکانی رۆژئاوای دەکاتەوە کە زۆر پێیانەوە دەنازێ، هەر هیچ نا، لای کەم  لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی و رێزگرتن لە رای جیاواز پێویستە شەرم لەخۆی بکات.
ئەمە تاقییکردنەوەیەکی زۆر جیدییە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی و ئەو پڕوپاگەندانەی دەیکات کە حیزبی بنەماڵە نییەو میتۆدو فیکری سیۆشیال دیموکراتیی پێڕٶ دەکات و خۆی بە هێزێکی کراوەو مۆدێرن پیشان دەدات. ئەمە رەنگە دوا تاقییکردنەوەش بێت بۆ سێکرێتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە مافیایەکی لەو چەشنە لە هەڕەمی دەسەڵاتی حیزبەکەیدا بێ و بێدەنگیی بشکێنێ. بەساغبوونەوەی ئەم تاوانە، یەکێتیی جگە لەدەرکردنی تاوانبار هیچ رێگەیەکی تر ئابڕووی بەتەواویی ناکڕێتەوە.
سەیر لەوەدایە، ئەو ئەندامی کارگێڕیی- مەکتەب سیاسییەی یەکێتیی، نە عەشیرەت و بنەماڵەیەکی ئەوتۆی بەدەورەوەیە کە یەکێتیی دڵی پێی خۆش بێت و لەهەلومەرجی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا کەڵکی لێوەربگرێ، نە کاریزمایەکی سیاسیی و عەسکەرییشە بۆ هەر تەنگانەیەک فریای یەکێتیی بکەوێت. هاوکات لە ئاستی جەماوەرییشدا رەنگە هیچ کەسایەتییەکی یەکێتیی بەئەندازەی ئەو لەناو خەڵکدا جێگەی رەخنەو گاڵتەجاڕیی و نوکتەی سیاسیی نەبێت.
ئەگەر سەرەنجام یەکێتیی ئەم تاوانە دابپۆشێ و بەشێوەیەک بەلاڕێیدا ببات و بیخاتە گەردنی چەند کادیرێکی ریزەکانی خوارەوەی، بەدڵنیاییەوە تەنیا دڵی دەیان کەسێک لە مافیاو دەست و پێوەندەکانی تۆمەتبار خۆش دەکات، بەڵام لەبەرامبەردا دڵی سەدان هەزار کەس لەخەڵک ئەوەندەی تر دەتۆرێنێ و رووبەڕووی شەپۆلێکی بێزاریی دەبێتەوە تەنانەت لەنێو ئەو کادیرو ئەندامانەی خۆیشیدا کە تا ئێستا ئومێدێکیان بەیەکێتیی ماوە.
 رۆژانی داهاتوو دەردەکەوێ، یەکێتیی ئەو رووبارە خوێنەی داویەتیی، بۆ ئەو حەلاوانەی داوە کە گوێی لێ دەگرن، یان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی داوە بەهەموو چین و توێژەکانیەوە. هەرچەندە زۆر ناخۆشە ئەو هەزاران گەنج و لاو و پیرەی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی بەگشتیی و بۆ کۆمەڵە بەتایبەتیی خۆیان بەقوربانیی کرد، هەنووکە هەندێ مافیای وەک ئەو پیاوە سیاسییەی کە پیاوەکانی دەنێرێ بۆ لێدانی ئاسۆس هەردیی، خۆی پێوە بادەدات و ناز بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەکات. ئەمە وێستگەیەکی زۆر گرینگە بۆ یەکێتیی، ئایا دوومەڵێکی مافیایی لە جەستەی خۆی دەبڕێ و لێی دەکاتەوە و ریسوای دەکات، یان وەک هەموو جارەکانی تر دیزەبەدەرخۆنەی دەکات.
 
کامیار سابیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.