Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
زۆنی سپی…زۆنی ڕەش

زۆنی سپی…زۆنی ڕەش

Closed

 

ئومێدەکان بەڕیز بەشوێن یەکتردا دێن و لەسەر کورسی سیسبوونەوە دادەنیشن
چەند کاڵن وەختێ بەر لە فڕینیان  ئەچن خیانەت لە دڵ ئەکەن و
 لەنێو پەنجەکانی شەودا بەدەم باوێشک دانەوە جفرەی ئەستێرەکان ئەخوێننەوە
سەر ئەخەنە سەر شانی مانگێکی شکاو
بەبەردەمی شەوەکاندا دەستی غەدر و سوێند بائەدەن
 بلیتی شەونخوونی بۆ ئاسمانەکانی دڵنیایی خەون ئەبڕن هەتا وەکو
لەگەڵ مەسیحە دەربەدەرەکانی ڕوحم بچن لەدەرگای یەئس بدەن
چەند ونن ئەو ماچانەی بەر لەئاشنابوون بە لێو و دەمی کۆستی مەراق کێشان
بێکەسییان قۆڵبەست ئەکرد و بەموئامەرەوە ڕەشەبایان دەنارد
بۆ سەفەرە نەهاتەکانی پێشوازی لە ئەهلی ئیرەیی و شەرم
لەمەودای نێوان خەیاڵی گەڵایەک و گێرانەوەی بەسەرهاتی باخچەکانی نائومێدی
پیاسەکانم کراسێکی تەنک تەنک لەتەمی تار لەبەر دەکەن
لەوەجدی خەیاڵی خێرایی خەونێکا، گوڵێک لەسەر گۆڕی گومان دائەنێن و
عەشق ئەگرنە بەهەشت و داتاکانی سەرکۆڵانی زۆنی وەرینی کتێب و
داوەشانی قارەمانە شەرم لەخۆ کردووەکانی ناو ئەفسانەکەی گلگامش 
لەسێبەری گرتنەوەی قۆڵی شیعرێکا
لەتەنیشت پەڵە هەورێکی نامراد و تەزیوی دەست شێوەکارێکی بەدگومان لەهێڵ و ڕەنگ
سەرخۆش بەکێل و بە گۆڕی زێوانێکی غەرق لە تاوان و گوناه
لەسەر پشتی ئێوارەیەکی ترساوی بەردەم مەسحەفێکی سپی
یەئس دێ و لەم خۆرهەڵاتی تاریکییەدا بۆنی میسک و بۆنی جەنگ و بۆنی شکان
بۆ شەقامەکانی شەڵاڵ لە شەرم و شەڕانگێزی و قەهر ئەبرژێنێ
ڕووتبەرەوە لەبەردەم هەناسەکانی هەوری هاوینەی ئینجانەی پەژارەیی و
تەمی بزێوی سەر جادە تەڕەکانی نێوان عەشق و هەڵدانی کۆلارەی  سەفەر
ڕووتبەرەوە…لەسەر باڵی شەوە لاقەکراوەکانی هەفتەیەکی سکپڕ بەتراژیدیای سپی
ببە بە گۆرانی و بەسەرهات. لەبەردەم ئاوێنەی شیعرا ڕووتبەرەوە
تا کتێبێک لەسەر جووتبوونی خەیاڵ و وشە و ڕەنگ و دەنگ و هێما
لەسەر جووتبوونی ئومێد و نائومێدی ئەخوێنییەوە
خەونێکی سوور لەبەردەم شەهوەتی شەوا خۆی ڕووت و قووت ئەکاتەوە و کراسێ لەهەور ئەپۆشێ
بەسەر ئەندێشەکانی خەم باز ئەداو بەگالیسکەی پێشبینییەوە دوورگەکانی مراز بەسەر ئەکاتەوە
چرایەکی سکپڕ ئەگرێ بەدەزگیران
هەینییەکانیش چەند کاژێڕێ لەسەر فەیسبووک ، سڵاو لەچەند شیعرێ ئەکات
وێنەی گەنجی خۆی دائەنێ  و چەند لایک و چەند کۆمۆنتێک بۆ هەتیو بوونی باران و
نەخۆشکەوتنی تەنیایی ئەنووسێت و سێ چوار حەزی جوان ئاد ئەکات
پەڕێک لەباڵی ئومێدم بەچاویلکەی دوودڵییەوە چاوکز چاوکز
شەقامەکانی بەر باغی زویربوون و
گۆڕەپانی ماڵئاوایی و شۆستەکانی گومان لەپاڵ یەک دائەنێن
وێنەی ئەگرتن بۆ بەردەم سەفەری شیعر و شەرم و شکۆ
منیش چەترێک لە نیگەرانی و باوەشێنێک لەترس بەنێو زۆنی ڕەش و سپی ئەگێڕم و
ڕەهێڵەیەک لە وشە و ماچ وەکو تارا ئەدەم بەسەر ئاسمانی ڕوح
ئەندێشەیەک ئەسپێرم بە کۆچی ڕەوە ئەستێرەیەک
نامەیەک ئەدەم بە غوربەت.

ئازاری 2011
ڤانکۆڤەر – کەنەدا

         شیعری : عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.