Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کوردبوون  و  ناسیۆنالیزم

کوردبوون و ناسیۆنالیزم

Closed
by October 1, 2011 گشتی

 

لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەختیار عەلی و دواتر من، هەندێ قسەی جیاوازمان لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی کرد. سەردار عەزیز لە ژمارە( 289) ی ئاوێنەدا و د.بەرزوو ئەلیاسییش لە ژمارە 292 دا  رەخنەمان لێدەگرن. د.بەرزوو رەخنەکانی زیاتر ئاڵوگۆڕی بیروڕایەو ئارگیومێنتی جیاواز دەکات، بەڵام سەردار بەشێوەیەکی پێرفێکتیزم و رەهاگەرایی رەخنە لە بۆچوونەکانی من دەگرێ. راستە سەردار ئێستا گەشەی فیکریی  کردووە، بەڵام پێناچێ لە ئەفسانەی ناسیۆنالیزم دوور کەوتبێتەوە. ئەو پێیوایە نوسینه‌که‌ی من ” پڕه له‌هه‌ڵه‌ی میتۆدی‌و خراپ تێگه‌یشتن له‌هه‌موو شتێک” . هەروەها دەڵێ “کامیار به هه‌ڵه له‌ڕێنان تێگه‌شتوه که خاوه‌نی کتێبی ژیانی عیسایه که کتێبێکی دژه سامه‌تیکه. به هه‌ڵه له‌ئارندیت تێگه‌شتوه، چونکه ئه‌و خانمه به چه‌‌ندین قوناغی جیاواز جیاواز له‌هه‌ڵوێستی دژ به‌یه‌ک به‌رامبه‌ر جوله‌‌که‌بوونی تێپه‌ڕیوه، وه‌ک جودیت باتله‌ر رانانی ئه‌کات”.
ئەم وتارە ئاڵوگۆڕی ئارگیومێنتە و رێزگرتنە لە بیروڕایای جیاوازی ئەوان، جارێ پێش هەموو شتێ، چەمکی ناسیۆنالیزم بە کۆنتێکستە فڕانسییەکە، لە ئەدەبیاتی کوردییدا جێکەوت بووە و پێویست ناکات بڵێین ناشیۆنالیزم، لەڕاستییدا بە ئینگلیزیی “ناشناڵیزم” دروستترە. هاوکات هانا ئارێنت Arendt ( دروستتر ئارنت)، دەنگی”د” ەکەی، نە لە ئاڵمانییەکەیداو نە لەئینگلیزییەکەیدا، ناخوێنرێتەوە ئەگەر هەڵەی رێنووسی هەڵەبڕەکانی ئاوێنە نەبێ، لەڕووی ئەکادیمیشەوە باشترە ناوەکان وەک فۆنەتیکی زمانە ئەسڵییەکە دابنرێن. دواتر ئەم پێرفێکتیزمە لە تێگەیشتنی فڵان سکۆلارو فیسار رۆشنبیر کەی لایەنی پۆزەتیڤی ئارگیومێنتەکانە؟ کەسێک بیەوێ ئارگیومێنتەکانی بە چەمک و بۆچوونی کەسانی تر دەوڵەمەند بکات ( بە پلەیجەریزم نا) کارێکی خراپ نییە، منیش هاتووم بۆچوونی ئاینشتاین و رێنان و ئارێنتم لەسەر ڤایرۆسی ناسیۆنالیزم خوێندووەتەوە و وەک ناواخن بەکارم هێناون. 
تێگەیشتن لە رێنان و ئارێنت زۆری ناوێ ئەگەر مرۆڤ ناوەڕۆکی نووسینەکانیان بخوێنێتەوە. بەڵام هیچ سکۆلارو رۆشنبیر و کەسایەتییەک مەرج نییە هەموو بۆچوون و نووسین و کردەوەکانی هاوتەریب بن و یەک ئاراستەیان هەبێ. ئەمە بۆ خۆی پێچەوانەی سروشتی مرۆڤە. تەنیا دە ساڵ لەمەوبەر من خۆم ناسیۆنالیستێکی زۆر سەرڕەق بووم، ئێستاش تەواو دژی ئەفسانەی ناسیۆنالیزمم. هیچ مرۆڤێکیش نییە ئاڵوگۆڕ بەسەر بیروباوەڕیدا نەیات، جا خۆ شەرم نییە ئارێنت و رێنانیش بیروباوەڕەکانیان هەڵبەز و دابەزی کردبێ و ئاراستەی جیاوازیان وەرگرتبێ.
هیچ کتێبێ لەسەدەی نۆزدەدا بەئەندازەی بنەچەی جۆرەکانی داروین، کاپیتالیزمەکەی مارکس و ژیانی مەسیحەکەی رێنان پڕفرۆش  نەبوونەو بەئەندازەی ئەوان لەسەر هزری ئینتێلێکچوواڵەکانی ئەورووپا رۆشناییان دانەناوە. رێنان پاش گەشتەکەی بۆ سووریا و ئورشەلیم( قودس) ی ئەوسا لەساڵی ١٨٦٠دا، سێ ساڵ دواترهات بەگژ دەسەڵاتی کڵێسادا چووەوەو ناوەڕۆکی ئەو کتێبەیشی ئەوەبوو کە ” مەسیح موعجیزە نییەو کوڕی خودا نییەو کەسێکی زۆر ئاساییە”. جا ئەگەر لاقرتێی بە جوولەکەو ئایینەکەیان کردبێ، تەنانەت ئەگەر ئەنتی سامییش بووبێ بۆ دەبێت ناوەڕۆکی بۆچوونەکانی بەهەند وەرنەگیردرێن؟  ئاخۆ ئارێنت پاش ئەو هەموو تۆلێرانس و مەعریفە زۆرەی لەسەر سیاسەت، دەسەڵات و تۆتالیتاریزم بەرهەمی هێناوە، بەس لەبەر ئەوەی ناوبەناو رای گوڕێوەو وەک سەردار دەڵێ: جودیت باتلەر Judith Butler  کە وەک فێمینیستێک ناسراوە رەخنەی لێگرتووە، ئیتر هانا ئارێنت و ئارگیومێنتەکانی بەکەڵکی ئەوە نایەن بۆ رەخنەگرتن لە ناسیۆنالیزم بەکاربهێنرێن. ئاخر نەک باتلەر بەڵکو دەیانی وەک مێژوونووس و فەیلەسووفی جوولەکە، جێرشۆم شخۆڵم Gershom Scholem ، کەسێکی وەک ئارێنت بە دڵڕەق لەقەڵەم بدەن، چونکە رەخنەی لە میتۆدی دەوڵەتی نەتەوەیی nation state جوولەکە هەبووە، دەکرێ ئارگیومێنتە دەوڵەمەندەکانی ئارێنت لەسەر ناسیۆنالیزم و فاشیزم و نازیزم و دیکتاتۆرییەتی کۆمۆنیزم بە جدیی وەرنەگیردرێن؟ ئایا هیچ فەیلەسووف و رۆشنبیرێک هەیە رەخنە لە بیروبۆچوون و نووسینەکانی نەگیردرابێ؟ ئەگەر وابێت، ژیان و مەعریفە و پێشبڕکێ دەوەستێ.

سەبارەت بە کوردبوونمان، بۆ ئەوەی مرۆڤێکی ئازاد بین دەبێ جۆرە کوردێک بین رقمان لە نەتەوەکانی تر نەبێتەوە. ئازادیی کورد پێش ئەوەی لای نەتەوەی سەردەست بێت لای خۆمانە، راستە کوردبوون ئەمڕۆ بووەتە تەوقێکی نەتەوەیی لە گەردنی نەتەوەی کورد کراوە. بەڵام ناسیۆنالیزم چارەسەر نییە بۆ ئەوەی کوربوونەکەمان رەزیلمان نەکات. مەسعود محەمەد جوان بۆی چووە کە دەڵێ” خەڵک دەتوانێ لەدینی خۆی دەربچێ، لە وەتەنی خۆی دەربچێت، بەڵام ناتوانێ لەقەومی خۆی دەربچێ”. رەخنەگرتن لە ناسیۆنالیزمی کوردیی، خۆدزینەوە نییە لەکوردبوون و لە نیشتمانییبوون لەسەر بناغەیەکی سیڤیل، بەمەرجێک نیشتیمانییبوون زادەی کولتووری ناسیۆنالیزم نەبێت، بەڵکو رەخنەیە لە میتۆدی فیکریی ڤایرۆسێک کە مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەخات و بەدڕندەیەکی خوێنخۆری دەکات. ئایا ئەوەندەی ئەم ڤایرۆسە دەمی لە خوێنی نەتەوەکان و شەڕە ناوخۆییەکان و شەڕی وڵاتانی نەتەوە جیاوازەکان ژەنیوە، ئەوەندە لە هیچ شەڕێکی تردا بەشەڕە گەورەکانی مێژووشەوە، خوینی چەکاندووەتەوە؟”.

سایکۆڵۆجیسیتی کۆمەڵایەتیی و فەیلەسووفی مرۆیی، ئێریک فرۆم دەڵێ” ناسیۆنالیزم شێوازێکە تێماندا وەک تاوانبارێک دەسترێژیی بۆ سەرم مەحرەم دەکات، جۆرێکە لە بتپەرستیی و لە شێتیی لەناوماندا…………تاد” هاوکات بۆچوونێکی جوانی دیپلۆماتی ئەمێریکیی Dan Fried هەیە کە پێیوایە” ناسیۆنالیزم وەک ئەلکهوولێکی هەزران وایە، سەرەتا سەرخۆشت دەکات، دواتر کوێرت دەکات و سەرەنجام لەناوت دەبات”. ئێستا ئەو ناسیۆنالیزمە باوە خێڵەکیی و ئێسنیکییەی  کورد کە لێرەو لەوێ کۆمەڵی خوێنگەرم و دەمار رەپی کورد لە هەندەران دەیگەشێننەوە، جۆرێکە لەو ڤایرۆسی بتپەرستییە، جۆرێکە لە سوورێژەکەی ئاینیشتاین و بە خواردنەوەی خوێنی تورک و عەرەب و فارس گەشە دەکات و خوێنی زیاتری دەوێ. لەبەرامبەریشدا کورد کوێر دەکات و سەرەنجامیش بەرەو فەنابوونی دەبات. راستە هەزاران ئارگیومێنتی جیاوازی سکۆلارەکان و فەیلەسووفەکانی ناسیۆنالیزمیش هەن، کە ناسیۆنالیزم بەکۆتری ئاشتیی دەچوێنن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع نەک لە وەهم و فەنتازیادا،مرۆڤی ژیر بڕیار دەدات کامیان گونجاوترە.

وێرای ئەوەی ئارێنت و ئاینشتاین و فرۆم هەموویان جوولەکەی گەردوونگەران و زیاتر لە جوغزی مرۆڤ و مرۆڤایەتییەوە قسەیان لەسەر دەردەسەرییەکانی فیکرو  ژیان کردووە، بەڵام بۆچوونە فیزیاوییەکانی ئاینشتاین خزمەتی بە زووتر دروستکردنی  ئەو چەکی ئەتۆمە کرد کە ناکازاکی و هێرۆشیمای وێرانکرد. ئایا دەکرێ لەبەر ئەوەی هەندێ لەڕەخنەگرانی ئاینشتاین، ناڕاستەوخۆ بەرپرسیارەتیی ئەو وێرانکردنە دەخەنە ئەستۆی، ئیتر تەواوی فۆرمەڵە زانستیی و کولتوورییەکانی ئاینشتاین بەهەند وەرنەگیردرێن؟ ئایا لەبەر ئەوەی بیردۆزی کوانتەم quantum  بیردۆزی رێژەیی خەریکە بپێچێتەوە، ئیتر بۆچوونەکانی ئاینشتاین لەسەر رێژەیی گشتیی و تایبەت، بەیەکجاریی دەبێ بەلاوە بنرێن؟ ئاخۆ میزاجی شەخسیی و گۆڕینی بیروڕای ئارێنت لە دەیەیەکەوە بۆ دەیەیەکی تر کەی شایانی ئەوەیە کرۆکی مرۆیی و سیاسیی و کولتووریی  تێکستە قووڵەکانی ئەو فەرامۆش بکرێن؟ بەهەمان  میتۆدیش ئایا لەبەر ئەوەی هەندێ جوولەکەی فەندەمێنتالیست و کۆنسێرڤەتیزم  لەگەڵ هەندێ قەشەی رادیکاڵدا رەخنەیان لە رێنان هەبووە، ئیتر خراپە باسی ئایدیا باشەکانی بکرێ؟   سکۆلارێکی وەک ئێدوارد سەعید، سەرەڕای ئەوەی هەڵویستی لەهەمبەر کێشەی کورددا زۆر نێگەتیڤ بوو، هەندێجار تەنانەت پرۆ بەعس و  پرۆ پانعەرەبیزم و ئەنتی ئەمێریکاییش بووە، بەڵام ئایا دەکرێ فیکری ئەو سکۆلارە هەمووی رەش بکرێتەوە؟ بێگومان نا، لای کەم لەبەر ئەوەی لەبواری فیکرییداو بەتایبەتییش لەسەر پۆست-کۆڵۆنیالیزم، زۆر تێکستی دانسقەی نووسیوە.

ناسیۆنالیستە عەرەب و تورکەکان بەئاشکرا و بە نەخشەی دۆزەخییەوە دژایەتی داوا سیاسیی و کولتوورییەکانی کورد دەکەن، ناسیۆنالیستە کوردەکانیش بەناوی دڵسۆزیی و غەمخۆریی بۆ پرسی کورد و نەتەوەی کورد و بنیاتنانی هەستی نەتەوەیی کورد، دژایەتیی پانعەرەبیزم و پانتۆرانیی و پانئێرانیی دەکەن. لەواقیعیشدا هەموو لایەکیان شۆڤینیزم بەرهەم دەهێنن. بەدڵنیاییشەوە شۆڤینیزمی کوردیی زۆر مەترسییدارترە لە شۆڤینیزمی نەتەوە سەردەستەکان، چونکە ئەوان بەئاشکراو بەشەفافیی دژایەتییت دەکەن، بەڵام شۆڤینیزمی کوردیی وەک خۆرە لەناو خۆتدایەو بەشێنەیی وەک ئایدز دەتخواتەوە.  کورد وەک گەل و وەک نەتەوە پێویستی بە چەمکی هاوڵاتییبوون و هاونیشتمانیی و ئازادیی و خۆشگوزەرانیی هەیە، نەک لەخەیاڵی  ناسیۆنالیزم و لەحیمکردنی چوار پارچەی کوردستاندا بێت.

ئەم شەڕەی ناسیۆنالیزمی کوردیی دەیکات بۆ بنیاتنانی نەتەوەو پێکەوەگرێدانی خەباتی چوار پارچە لەیەک سەبەتەدا، شەڕی خۆپساندنە. شەڕی بێ مەعریفەیی و هەژاریی فیکریی و ئیفلاسی سیاسیی و کولتوورییە. وێڕای ئەوەی بڕوام بەوە هەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان( نەک کوردیی) بەکەرکوکەوە لە کوردستانی عێراقەوە سەرئەنجام دەتوانرێ دروست ببێ ئەگەر ئیرادەی نیشتمانیی( نەک ناسیۆنالیستیی) و سیاسیی وکولتووریی لای سیاسییەکان و تاکی کورد بەگشتیی سازو ئامادە بێت. بەڵام بەو جۆرەی هەرێمی کوردستان 22 میلیار( بیلیۆن) دۆلار هاوردەی هەبێ و هەناردەکەیشی 1 % بێ، مەگەر ئەم هاوکێشەیە بەس لای ناسیۆنالیستەکانی کورد شیکاری هەبێ.


کامیار سابیر

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.