Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
بارزانیی و کۆنفرانسی زمانی کوردیی!

بارزانیی و کۆنفرانسی زمانی کوردیی!

Closed
by October 3, 2011 گشتی


ئەم بابەتەم نارد بۆ “هاوڵاتی” زۆر بەڕێزەوە گوتیان داوای لێبووردن دەکەین لەبڵاونەکردنەوەی، لە کوردستان و دادگاکانی کوردستاندا کێشەی یاساییمان بۆ دروست دەکات. راستییەکەی ناهەقیان ناگرم و تووشی سەریەشەیان دەکەن، بەڵام حیزبێک و سەرۆکەکەی و یاسا دەمەزەردکراوەکانی  سەردەمی بەعس بیان پارێزێ، دەبێ چەند لە میدیای ئازاد بترسن؟ لەکاتێکدا ئەو ماشێنە زەبەلاحەی میدیای حیزبیان لەژێر دەستدایە.


ئەم دەمارگیرییە ناوچەییە لەئاست ساغکردنەوەی زمانی کوردیی لەهەرێمی کوردستاندا پێوەندیی بەوەوە هەیە کە ئێمە وەک کورد بە پرۆسێسی دەوڵەتی نەتەوەییدا nation-state نەک نەڕۆیشتووینە بەڵکو زۆر خێڵەکیی و ناوچەییش بیر دەکەینەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 21 ی سێپتەمبەری 2011 دا لەشارۆچکەی سۆران لەگەڵ جەماوەری حیزبیی و خەڵکی ئەو شارەدا کۆمەڵێک قسەی سەرنجڕاکێشی کرد. ئەم وتارە خاڵی پێنجەمی وتەکانی بارزانیی بەر رەخنەو تێڕوانین دەدات، کە دیارە بەلای بارزانییشەوە خاڵێكی زۆر گرینگە.
بارزانیی لە خاڵی پێنجدا دەڵێ” ئەمەش بۆ من مەسەلەیەكی زۆر زۆر گرینگە، دەبێ ئێمە كارێكی جیددی بكەین بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی زمانی خوێندن و نووسین، هەموو میللەتێك زاراوەی جۆراوجۆری هەیەو ئێمەش وەكو هەر میللەتێكی دیكە، بەڵام خەڵكی دیكە و میللەتانی دیكە توانیویایە لەسەر زمانی خوێندن و نووسین ڕێكبكەون و زمانی خوێندن و نووسین دروست بكەن، ئێمەش پێویستیمان بەو زمانە هەیە، بۆیە ئەمە كارێكە مومكینە لە تەمەنی ئێمەمانان نەبێت، بەڵام پێویستە كاری بۆ بكەین بۆ ئەوەی نەوەكانی ئاییندە كاتێك لە قوتابخانەكان قسە دەكەن یەك زمانی خوێندن و نووسینیان هەبێت، ئەوەی دیكە ئاساییە زاراوە ….، بەڵام زمانی خوێندن و نووسین كارێكی زۆر گرنگەو زۆریش پێویستە، بەڵام ئەمە كارێكی جیددی دەوێ وخەڵكێكی ئەكادیمی و شارەزاو پسپۆڕ ئامادەی بكەن و جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە نەوەكانی داهاتوو دەتوانن بەری ئەمە بخۆن وڕەنگە ئێمەمانان پێی ڕانەگەین” ( لە لاپەڕەی پەیامنێری هەمان رۆژدا بڵاوبووەتەوە).
پاش چەندین ساڵ هەوڵ تەقەلای رۆشنبیران و ئەکادیمستان و زمانناسان و غەمخۆرانی زمانی ستانداردی( ستاندەرد) کوردیی، یان هەر ناوێکی تری لێ بنرێ لەچەشنی زمانی خوێندن و پەروەردە، ئێستا سەرۆکی هەرێم بە راشکاویی باس لە گرینگیی ئەو زمانە دەکات. هاوکات غەمساردیی و لاموبالاتیی سیاسیی و کولتووریی سەرۆکی هەرێم لەئاست مەسەلەیەکی ئەوەندە هەستیاردا زۆر بەزەقیی، نامەسئولیی پێوە دیارە. زۆر بێدەسەڵاتانە دەڵێ ” ئەمە کارێکە مومکینە لەتەمەنی ئێمەمان نەبێت” هەروەها جەختی لێ دەکاتەوەو دەڵێ ” رەنگە ئێمەمانان پێی رانەگەین”.
ئەو بۆچوونانەی بارزانیی لەکاتێکدایە، لە هەولێر لە 19 – 22 ی سێپتێمبەری 2011 دا کۆنفراسی زانستیی زمانی کوردیی بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی بارزانیی و وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان بەڕێوە چوو. کۆنفراسێک کە زۆربەی رۆشنبیران و تەنانەت ئەوانەی شارەزاییشیان لەڕەهەندی زمانی کوردییدا هەیە، زۆربەی هەرە زۆری بەشداربووانی ناناسن. هەرچەندە بەشێکی زۆر کەم لەوانەی کە بەجیدیی بیر لە جێکەوتکردنی یەک زمانی نووسین و خوێندن و پەروەردە دەکەنەوە و بەشدارییان تێداکرد، بەڵام زۆرینەی بەشداربووان، کەسانێک بوون  توانای بەرهەمێنانی پارەگرافێک یان ئارگیومێنتێکی فیکریی و زمانەوانییان نییە. ئاخر ئەوان نەک هەر نەناسراون و دێڕێک نووسینیان لەو ئاقارەدا  نییە، بەڵکو جگە لە بەرهەمی گەندەڵیی حیزب و مشەخۆریی و بلیت خۆری فرۆکە و نانخۆرو جێگری ناو هۆتێلی بەرپرسە حیزبیییەکان شتێکی تر نەبوون.
بارزانیی وەک سیاسییەک، زۆر رەخنەی ئەوەی لێ دەگیردرێ کە پیاوێکە ئەوەندەی ئینتیمای بۆ ناوچەگەرایی و عەشیرەتگەرایی و تەنانەت ئینتیمای بنەماڵەیی تێدایە ئەوەندە لە مەودا و ئەجێندای نیشتمانیی ورد نابێتەوە. ئەمە هەر لە شێوازی پۆشینە لۆکاڵییەکەیەوە بگرە، تا بایکۆتکردنی بەشێکی زۆر لە هەرێمی  کوردستان، ئەو بایکۆتەی لەماوەی ١٩ ساڵی رابردوودا بەگەشتێکی چەند رۆژە بۆ گەرمیان شکاندی. لە بیرکردنەوەی بارزانییدا زمانی دەسەڵاتی سیاسیی حکومەتی هەرێم لەهەولێر، زمانی پەروەردەو خوێندنی هەولێرو سلێمانیی و کەرکوک و گەرمیان، ئەو زمانە کوردییەی لەناو پارلەمانی عێراقدا تابلۆکەی لەپاڵ ئینگلیزیی و عەرەبیی پێ نووسراوە، زمانی کوردیی سەر پاسپۆرتی عێراقیی و ئەوەی کە بڕیارە لەسەر دراوی عێراقییش بنووسرێ، بەزمانی سەرەکیی و رەسمیی وگونجاو نازانێ بۆ پەروەردەوخوێندن لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. ئاخر ئەم لێکدانەوانەی بارزانیی جگە لە ناوچەگەرایی و تایەفییبوون شتێکی تر دەگەیەنن؟
دنیای قسەو گفت و بەڵێن لەسیاسەتدا دیوە ئاسان و ساختەکەیەتی، دنیای پراکتیک و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیش دیوە سەخت و رەچەڵەکەکەیەتی. بەدروشم و حەماسی کوردایەتیی بێ، هیچی بۆ کەرکوک تێدا نەهێشتووەتەوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، ئەجێندای حیزبەکەی لەمەڕ کەرکوک شتێکی تر دەکات. لەسەر پرسی زمانی کوردییش،  تایەفییبوونەکەی ئەوەندە بەسەریدا زاڵە  بە قسەو بەکردەوەش دژایەتیی زمانێکی یەکگرتوو بۆ خوێندن و پەروەردە لەهەرێمی  کوردستان دا دەکات. حیزبەکەی و خۆی و دەستڕۆیشتووانی ناو بنەماڵەکەی، زمانی کوردییان  لە بادینانەوە دوو پارچەکرد و نەتەوەی کوردیشیان دووپارچە کرد. خەتەری ئەم دابەشبوونە ئەوەیە رەهەندێکی کولتووریی گەورەی پێش خۆی داوەو کورد لەناو مێشکییەوە لەناو مەغزی بیرکردنەوەیەوە بۆ هەتا هەتایە لەسەر دەستی بارزانیی و سیاسەتەکانی، لای کەم دوو پارچە دەبێت.
نەریمان خۆشناو، سەرنووسەری گۆڤاری ” زمانناسی” لەڕاپۆرتێکدا کە لە  ژمارە ١٦٨ ی لڤیندا بڵاوی کردووەتەوە، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنی کە سەرۆکی هەرێم و برازاکەی ( نێچیرڤان بارزانیی) و سەرۆکی حکومەتەکەی ئەوسای پارتیی ( رۆژ شاوەیس) بەکردەوە زمانی کوردییان لە بادینانەوە لەتکرد. کاتێک مرۆڤێکی کەمێک بەئاگا سەیری کارو کردەوەی حیزبەکەی سەرۆکی هەرێم دەکات، چۆن بڕوا بەوە بهێنێ کە کاریزمای سەرکردەیەکی نیشتمانیی تێدایە کە جورئەتی ئەوە بکات زمانی کوردیی لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا لەڕووی سیاسییەوە ساغبکاتەوە؟ ئاخر ئەو خۆی بەشێک بێ لە تایەفییبوون و لەو دابڕانە زمانییەی یەخەی کوردی گرتووە، چۆن دەکرێ ئەو پیاوێکی نیشتمانیی و دووربین بێت؟
 تێکەڵاوکردنی ئەم هەموو کارتە کوردستانییە، زمانناسانی پارچەکانی تری کوردستان و کۆنفراسێک بۆ زمانی کوردیی لەهەرێمی کوردستاندا چ شتێک بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە؟ چۆن پێکەوەگرێدانی خەباتی سیاسیی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لەپاکیجێکدا نەک عەقڵانیی نییە، بەڵکو زۆر منداڵانەو ساویلکانەو عاتیفییشە، بەهەمان شێوەش چێکردنی زمانی نووسین و خوێندن  بۆ هەموو نەتەوەی کورد لەهەموو پارچەکاندا و لەیەک کاتدا و لە هەرێمی کوردستانەوە ، جگە لەخۆڵ لەچاوکردن و بەڵاڕێدابردنی بابەتەکە و کەرتوپەرتکردنی زمانی کوردیی نەبێ، شتێکی ترنییە.
راستییەکەی بارزانیی بەقسەکانی لەسۆران و بەو کۆنفراسە بێسەرەوبەرەیەی لەمەڕ زمانی کوردیی لەهەولێر کرا، سەلماندی ماددەی ١٤٠ی بۆ پەرتکردنی زمانی ستانداردی کوردیی بە دیدێکی تایەفیی و ناوچەگەراییەوە فۆرمەڵە کردووە و خۆیشی دڵنیایە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە نایبینێ، مەگەر نەوەکانی دوایی بیبینن. ئاخر مانای چییە، کاتێک زمانی پەروەردەوخوێندن لە هەولێر و سلێمانیی و کەرکوک و ناوچەکانیان بەو زمانە بێت کە بارزانیی قسەی پێدەکات و کۆبوونە رەسمیی و حیزبیی و سیاسییە گرینگەکانی کوردستانی پێدەکات، ئەوە بە زمانی پەروەردەو خوێندن و ستانداردی کوردیی نەبینێ؟ بەڵام ئەو زمانەی لەناوچەکەی خۆی و لەناو ماڵەکەی خۆیدا قسەی پێدەکات، بەتەمایە بۆ نەوەکانی داهاتوو بیکات بەزمانی ستانداردی کوردیی! ئایا ئەمە نیشتمانییبوونە یان تایەفییبوونە؟ ئایا ئەمە میتۆدی بیرکردنەوەی ئینسانێکی سیاسیی جەریئو دووربین و تەنانەت نەتەوەییشە، یان عەقڵیەتی پیاوێکی ئایدیۆلۆژیی، حیزبیی و ناوچەییە ؟
ئاخر کەی گرفتی زمانی کوردیی، ناساندن و جێکەوتکردنی تیپی تورکیی-لاتیینیە؟ بەپێچەوانەوە ئەم تورکیی_لاتیینییە وەک کێردێک زمانی کوردیی لەسەردەستی بەدرخانییەکان لەتکرد و ئاکامەکەیشی ئەوەیە کە کوردەکانی تورکیا نەک رادەی تێگەیشتن و پێوەندییە کولتوورییەکانیان لەگەڵ کوردستانی عێراق و ئێراندا سنووردارە، بەڵکو لەو هەموو پاشخانە فیکریی و ئەدەبیی و کولتوورییەی خۆیشیان ناگەن کە پێشتر بە تیپی ئارامیی-عەرەبیی نووسراوون.
ئەجێندای ئەو کۆنفراسە سەقەتەی هەولێر سەربگرێ، بارزانیی دوا بزماری خۆی لە تابووتی پانکوردایەتییەکەی خۆی دەدات و لە دەیان ساڵی داهاتوودا شتێک بەناوی کوردەوە وەک یەک نەتەوە نامێنێتەوە. بارزانیی چۆن لە خەیاڵاتی ئایدیۆلۆژیی خۆیدا خۆی بە کەسێکی نەتەوەیی دەناسێنێ و کاریزمای پانکوردایەتیی خۆی لەئاست کوردی پارچەکانی تردا تەسویق دەکات، لە مەسەلەی زمانی کوردییشدا دەیەوێ زاراوەی ناوچەکەی خۆی وردە وردە لەسەر حیسابی زمانی شارەکانی هەولێرو سلێمانیی و ناوچەکانی کەرکوک، لەسەر حیسابی زمانی کۆمارەکەی قازی محەمەد و شێخ مەحمود و زمانی ٩٠% تێکستی  کوردیی پەرە پێبدات و ناوچەگەرایی بەسەر ئەجێندا نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بدات.
یەکێک لەشاعیرەکانی پارتیی لە دوای ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ەوە، چەند دێڕە شیعرێکی وەک گلەیی نووسی و بە مەلا مستەفا بارزانیی گوت وەجاغی کوێرە. دیارە مستەفا بارزانیی وێڕای هەر رەخنەیەک لە مێژووی سیاسیی ئەو، بەڵام لەئاست پرسی زمانی رەسمیی  کوردییدا، تایەفییبوون و ناوچەگەرایی خستبووە لاوەو بەکردەوەش جەختی لەسەر ئەم زمانەی ئێستا  کردەوە و وەک زمانی ستانداردو سەرەکیی بۆ کوردستانی عێراق، ساغیکردەوە. ئێستا مەسعود بارزانیی و نێچیرڤانی زڕ برازای بەکردەوە سەلماندنیان لەمەڕ پرسی زمانی خوێندن و پەروەردەدا وەجاغی بارزانیی باوک و باپیریان کوێر کردووەتەوە.
زمانی پەروەردەو خوێندن، زمانی رەسمی دامودەسگا یاسایی و پەروەردەییەکان لەهەرێمی کوردستان و کەرکوکدا هیچ پێوەندییەکی بە ئایدیۆلۆژیای پانکوردایەتیی و چوارپارچەی کوردستانەوە نییە. هیچ پێویستی ناکرد بۆ کۆنفرانسێکی زمان سەبارەت بەهەرێمی کوردستان، کوردانی سوریاو تورکیا و ئێران بانگهێشت بکرێن. دەکرا وەک چاودێر و خزمەتکردن بە پرۆسێسەکە بەشدارییان بکردایە، بەڵام نەک بۆ تەگەرە دروستکردن. تێکەڵکردنی ئەم کارتانە خۆدزینەوەیە لەئاست ساغکردنەوەی زمانی کوردییدا. ئەگەر کورد وەک نەتەوە  لەهەرێمی کوردستاندا دەیەوێ زمانێکی یەکگرتووی هەبێ، دەبێ بەشانازییەوە ئەو زمانە کوردییەی لەهەولێری پایتەختی دەسەڵاتدا بەرقەرارە  دەستی پێوەبگرێ و گەشەی پێبدات و بە یارمەتیی زاراوە جیاوازەکانی زمانی کوردیی دەوڵەمەندتری بکات، نەک دوو کەرت و چوار کەرتی بکات.
لە هیچ شوێنێکی دنیادا، نەتەوەیەک نییە لەسەر بناغەی یەک ئێسنیکیی و یەک نەژادیی و یەک رەگەزی وەک کورد خاوەنی چەندین زمانی جیاواز بێت، بەو شێوەیەی بیەوێ هەموو لەهجەکانی بەرەو زمانی ستاندارد بەرێت. تەنانەت بۆچوونی گرووپی دووستانداردەکانی زمانی کوردیی لەمەڕ بوونی دوو زمانی جیاواز لە نەرویژ و ئەرمێنیا جگە لە دیدێکی ئایدیۆلۆژیی و نا واقیعیی ، جگە لە هەڵوێستێکی نامەسئولانە لەسەر ئەرزی واقیع، یەک زمانیی و یەک سیستەمی پەروەردە بەرەو جێکەوتبوون دەچن.  ئەوان لەیەک شتدا راست دەکەن، زمانی فڕانسیی و ئینگلیزیی لە کانەدا وەک دوو زمانی ستاندارد و رەسمیی بوونی هەیە، بەڵام ئەوەندە ئایدیۆلۆژییانە بیر دەکەنەوە کە زاراوە کوردییەکانیان لەگەڵ گەورەترین دوو زمانی دنیادا تێکەڵکردووە باسی مافی مرۆڤ و مافی خوێندن و ئازادییش دەکەن!
ئیڤار ئاسین Ivar Aasen ەکانی کورد، واتە گرووپی جووتسانداردەکانی زمانی  کوردیی، چوونەتە بن هەنگڵی بارزانییەوەو ئەو ئاوە دەڕێژن کە ئیڤار ئاسین لە نەرویژ رشتی و زمانی بەشێکی کەمی خەڵکی ئەو وڵاتەی لە زمانی زۆرینە دابڕی، نینۆڕشکی لە بوکماڵی دابڕی. ناونانی نینۆرشک بە هاینۆرشك Høgnorsk واتە نۆرشکی باڵا لەلایەن ناسیۆنالیستە نینۆرشکییەکانەوە نەک دەرەتانی گەشەکردنی زمانەکایانی زیاد نەکرد، بەڵکو ساڵ لەدوای ساڵ لە پاشەکدایە. خەڵکی بیانیی دەچێتە نەرویژ، فێری بۆکماڵیی دەبێ نەک نینۆرشکیی، چونکە نزیکەی ٩٠% ی خەڵکی ئەو وڵاتە بەکاری دەهێنن.
ئەم دەمارگیرییە ناوچەییە لەئاست ساغکردنەوەی زمانی کوردیی لەهەرێمی کوردستاندا پێوەندیی بەوەوە هەیە کە ئێمە وەک کورد بە پرۆسێسی دەوڵەتی نەتەوەییدا nation-state نەک نەڕۆیشتووینە بەڵکو زۆر خێڵەکیی و ناوچەییش بیر دەکەینەوە. وەک نموونە، زۆرینەی لایەنگرانی پەکەکەو خەباتی رەوای کوردەکانی تورکیا، نەک بچووکترین ناڕەزایی بەرامبەر ئەم دوو زمانییەی هەرێمی  کوردستان و سیاسەتی بەرنامە داڕێژراوی پارتیی و گرووپی جووتستانداردەکان دەرنابڕن، بەڵکو لەدڵیشەوە لایەنگریی دەکەن. ئەوە وێڕای ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە چەند ناکۆکن، بەڵام لەسەر پرسی کەرتوپەرتکردنی زمانی کوردیی هاوڕان.
 هۆکاری ئەمانە جگە لە پابەندبوون بە دابونەریتی خێڵەکیی و حیزبیی و ناوچەیی و لەهجەپەرستییەوە، هیچ پێوەندییەکی بە مەودافراوانیی بیری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە نییە. بۆیە چ تاکی کورد و چ حیزبی کوردیی و چ هەر بزوتنەوەیەکی سیاسیی کوردی، ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبێ تەجاوزی ناوچەگەرایی و لەهجەپەرستیی و شۆڤینیزمی لەهجەیی بکات،  لای کەم لەبەر ئەوەی ئاساییشیی نەتەوەیی کورد دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر بەو پێوەرە سەیر بکرێ کە یەکگرتوویی کورد وەک نەتەوەو ئینتیما پێکەوە گرێ بدرێ وبیر لەزمانێکی یەکگرتوو بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بکرێتەوە، ئەوە بەڕاستیی دەبێ ئەو پرسیارە بکرێ، ئایا کورد شایانی ئەوەی هەیە دەوڵەتی هەبێ؟ ئایا کورد یەک نەتەوەیە یان وردە وردە دەبین بەچەندین نەتەوەی جیاوازەوە.
کورد لەرابردوودا چەند هەلێکی مێژوویی و سیاسیی بۆ رێککەوتووەو نەیتوانیوە بیانقۆسێتەوە. بارزانییش ئەم هەلە مێژووییەی لەبەردەمدایە وەک سەرکردەیەکی سیاسیی، رۆڵی هەبێ لە جێکەوتکردنی یەک زمانی پەروەردەو خوێندندا لەئاستی هەرێمی کوردستاندا، بێئەوەی هیچ زاراوەیەکیش بەلاوە بنرێ، بەڵکو بەهەموویان خزمەتی ئەو زمانە بکەن، زمانێکی هاوبەشی نووسین بۆ هەموو هەرێمی کوردستانی عێراق.  بەدڵنیاییەوە ئەگەر بارزانیی ئەمە بەئەنقەست ببات بەو ئاقارەی کە کۆنفراسەکەی هەولێرو لایەنگرانیی چەند زمانیی دەیانەوێ، مێژوو بە سیاسییەکی عەشایەرو ناوچەگەرایی دەیخوێنێتەوەو نەوەکانی داهاتوو حوکمی قورسی خۆیانی بەسەردا دەدەن.


کامیار سابیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.