Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بەدكاری ڕۆژنامەنوس‌و توندوتیژی میدیا لە كوردستان

بەدكاری ڕۆژنامەنوس‌و توندوتیژی میدیا لە كوردستان

Closed

مرۆڤ چەندە جوانە لەستەمكاری یاخی بێت، ئەوەندەش دزێوە،كە بەبێ‌ باكگراوەندێكی مەعریفی یاخی بێت، هەر شۆڕش‌و یاخی بوونێكیش ئەگەر باكگراوەندێكی مەعریفی‌و ئامانجێكی مرۆڤدۆستی لەپشتەوە نەبێت، دواجار هەرستەمكاری بەرهەم دەهێنێتەوە، ئەمە بۆ میدیاو میدیاكارانیش هەروایە، چونكە لەوەها حاڵێكدا میدیاكاریش ناتوانێ‌ وەك پێویست رێز لەدەستكەوتەكان بگرێ‌‌و گۆڕانكاری‌ قووڵ‌و ریشەیی بكات، ئەگەر مرۆڤ ئیرادە بكات هەرگیز ناهێلێت شەیتانەكەی ناو ناخی خۆی بیداربێتەوە، بێگومان ئەوە گەورەییە كەمرۆڤ  هەوڵبدات شەیتانەكەی ناو ناخی خۆی بكوژێت‌و هەمیشە فریشتەكەی نێوناخی خۆی بێدار بهێڵێتەوە، داواكارم گرگنی خۆمان یان ئەوستەمكارە بچووكەی ناو خۆمان بكوژین،چونكە لەتواناماندا هەیە ئەو كارە بكەین ” رەنگە ئەمەش تەنها رۆمانسیەتی خۆم بێ‌ ” كەچی لەسۆنگەی ئەم بیركردنەوەیەمەوە بەتوندی كەوتوومەتە بەرپلارو تۆمەتی كەسانی دڵرەق‌و بەدكار‌و ئەم دڵرەقی‌و بەدكاریەشیان بەشێكی لە رێگەی میدیاوە بووە.
لەم چەند ڕۆژەی‌ رابوردوودا لە قاوەخانەی كەلتوری، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی‌ ڕۆژنامەوانی‌‌و توندوتیژی میدیایی كرابوو، بەداخەوە سەرباری ئەوەی خۆمم بۆ ئامادە كردبوو بچم، هەتا لەوێ‌ هەندێك تیبینی بخەمەرو، بەلای كەمەوە بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نوخبەیەدا كە لەوێ‌ دانیشتوون بۆ گوێگرتن، بەبەڵگە هەندێك بەدكاری‌و ناڕاستی بە ڕووی ئەو سەرنوسەرو ڕۆژنامەنوسانەشدا بدەمەوە كە تومەت‌و بوختانیشمان بە نرخی ڕەخنە پێدەفرۆشنەوەو بێباكن لەشكاندنی كەرامەتی خەڵك، ئەمەش جگە لەبەرهەمهێنانەوەی ستەمكاری‌و توندرەفتاری هیچی تری لێ شین نابێ‌..! ئەفسوس . دەرفەتم بۆ نەرەخساو نەمتوانی بەشداری هیچ یەكێك لەو گفتوگۆیانە بكەم، بەڵام لەكەناڵی تیڤیەكانەوە هەندێكیانم بینی .
چ گرفتێكی گەورەی ئێمەیە كە دەبینین میدیای ئەهلی‌وحزبی، تەنانەت خودی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانیش، بەناوی داكۆكی‌و ئازادییەوە، بەبێ بەدواداچوون‌و لێكۆلینەوە كەرامەتی خەڵك بشكێنن.! كە ڕاستیەكانیش دەركەوتن لەبری ئەوەی شەرم بكەن، لەبری ئەوەی پۆزشێك بنوسن، كەچی  بێباكانە بەدمتەوە پێدەكەنن. ؟!
چۆن دەبێت ڕۆژنامەنوس هەڵگری رق بێت‌و تۆوی نائومێدی بڕێژێ‌ ؟  ئەم توندو تیژیەی میدیا بۆچی ؟‌ بڵاوكردنەوەی تۆوی ڕق لە نێوان ڕۆژنامەنوساندا لەپای چی ؟  ئەی بۆ دەبێت سەندیكایەك كە ( هی رۆژنامەنوسانە..!) زانیاری ناڕاست بڵاوبكاتەوە..؟ ئاخر كە سیاسەتمەدار‌و بەرپرسان دەڵێن: ڕۆژنامەنوسان درۆزنن. ئەمە ئەگەر قسەی چەند بەرپرسێكی توندرەفتارو گەندەڵیش بێت، خۆ بەشێك ڕاستی تێدایە،باشە بۆچی  ڕۆژنامەنوسان‌و دەزگاكان بەئاڕاستەی پێچەوانەدا لەبری بەردەوامی دان بەدرۆبڵاوكردنەوە ئەوەندە بوێری نانوێنن دان بەهەڵەكانیاندا بنێن، چی دەبێت ئەگەر بێن‌و هەفتەیەك، هەرهیچ نەبێت رۆژێك دابنێن بۆ خۆڕاستكردنەوە..؟ هەرچی درۆیان بڵاوكردووەتەوە لەو رۆژەدا دانی پێدابنێن‌و ڕاستیەكەشی بڵاوبكەنەوە ..؟! چی دەبێت ئەگەر بێن‌وئەمە بكەن..؟  رەنگە وەها هەڵوێستێك باشترین رێزگرتن بێت لە خوێنەران‌و لەوانەشی بوونە قوربانی درۆكانیان .
بەهۆی نزیكیم لە ڕۆژنامەنوسان‌و كاری ڕۆژنامەوانییەوە “بەداخێكی زۆرەوە” ئەو ڕاستیەم بۆ دەركەوت، كە زۆربەی ڕۆژنامەنوسان درۆزنترین توێژی كۆمەڵایەتین، دوڕو تەنانەت هەندێك جار بەدكاریشن، بێگومان ئەمە گشتاندن نیە بەسەر هەموو ڕۆژنامە‌و ڕۆژنامەنوسێكدا. كێ‌ بەڵگەی دەوێت بابیدەمێ‌، چاوخشاندێك بەناو میدیای كوردیدا بەسە بۆ ئەوەی درۆو درۆزنەكان بەزەقی ببینین..لەنێومیدیای حزبیدا هەر ئەو ( نوسەر، هەواڵساز، بێژەر)ەی دۆێنێ‌ وێنەی خائین‌و شەیتانی بەسەركردەیەك یان حزبێكی نەیار بەخشیوە، هەمان نوسەریان بێژەر ئەمرۆ هەمان سەركردەمان بەفریشتە بۆنمایش دەكاتەوە..؟! لەناو میدیای ئەهلیدا كە بە میدیای ئازادیش ناو دەبرێ‌ تەشهیرو سوكایەتی پێكردن، شكاندن لەپەنای رەخنەوە دیاردەیەكی حاشاهەڵنەگرە.. باشە چۆن شیاوە میدیا فلتەری ئەوەندە شاش بێت ئەوەندە رێز لەخۆی نەگرێت، هەموو قسەیەكی سوك‌و نزمی پێدا تێپەڕێ‌ .؟  چ جای خۆی بە ئازاد‌و دژی درۆو گەندەلیش بزانێ‌ ؟ بێگومان چ میدیای ئەهلی‌وچ حزبی بەو رەفتارانە عەیبدارن. چ عەیبێكی گەورەیە رۆژنامەیەك قسەلەسەر كەسایەتیەك یان لایەنێك بكات‌و وەڵامی بەرامبەریش بڵاونەكەنەوە..؟ ئەمە جگە لەخراپەكاری چیترە ؟! ئەی كەوایە بایەخی میدیا چیە ؟ بایەخی گفتوگۆ چییە ؟ بایەخی ئازادی چیترە ؟ جگەلەوەی هەوڵدانە بۆ گۆڕینی‌ ڕای‌ بەرامبەر ؟ من ناڵیم لەكاری میدیادا گفتوگۆی توند هێلًَی سورەو نابێت هەبێت، بەڵی دەكرێت هەبێت، بەڵام گرنگ ئیتیكی رۆژنامەنوسی‌و پاڕاستنی مافی بەرامبەرو كەرامەتی ئەوی دترە، چونكە هەم گفتوگۆكاران و هەم گوێگران مافی خۆیانە زۆرترین زانیاری‌ بەدەستبهێنن، تەنانەت ئەگەر بەزمانێكی توندیش ئاراستە بكرێت، ئەگەر وانەبێ‌ چ بایەخێك بۆمیدیا دەمێنێتەوە ؟
گفتوگۆكردن‌وگوێگرتن لەیەكتری باشترین رێگای چارەسەری هەركێشەیەكە، بەدەرلەمە چۆن بتوانین خۆمان‌و بیروهۆشمان بگۆڕین. بێگومان هەموو گۆرانێك لەسایەی جەنگ‌و توندوتیژییەوە زەرەرەكانی زۆرترن لە سودەكانی دەشێت لەم رێگایەدا میدیا بەچاك یان بەخراپ رۆڵی كاریگەر بگێڕێت .
وەلی ئەفسوس لەناومیدیاشدا خەسڵەتە خێلەكیەكان ئامادەیە، خزمایەتی‌و برادەرایەتی‌و بەرژەوەندی تایبەتی پێش لێهاتووی‌و لێوەشاوەیی دەكەوێ‌،هەر بۆیە دەبینین نەخوێندەوارێك سەرنوسەرەو یەكێكی تر، لەكەرامەت شكاندنی خەڵكدا وەستایە، بێئەوەی خاوەنی زمان‌و ئاكاری ڕۆژنامەنوسی بێت، دەبێتە گۆشەنوسی پڕفرۆشترین ڕۆژنامە ؟!
مرۆڤی كورد بەگشتی‌و میدیاكار‌و روناكبیران بەتایبەتی دەبوایە لەدوای تاوانی ئەنفالەوە خاوەنی خەسلەتێكی تایبەتی بوونایە لە مرۆڤدۆستی، چونكەئەو تاوانە تێكرای شیرازەی كۆمەڵگای كوردی گۆڕی، ئێوەببینن لە ئێستادا كە دەست‌وپەنجەی هەزاران ئازیزمان لەبیابانەكانی خواروی عێراق تێكەڵ بەلم بوون، چ عەیبێكی گەورەیە،بە بابەتی ترۆهاتەوە سەرقاڵبین‌و خەریكی شكاندنی دەست‌وپەنجەی یەكتری بین، ئایا ئەمە سوكایەتیەكی گەورەیە نیە بەو هەموو قوربانیانەی لەسەدەی رابوردوودا لەسۆنگەی دلرەقی‌و توند رەفتاری رژێمێكەوە كەوتنەوە.؟ ئایا ئەمە رێزگرتن نیە لە رەفتاری جەللادو سوكایەتی نیە بە ئازادی..؟ بێگومان دەبووایە بەدوای ژیانێكی شكۆمەندانەوە بین تا ئایندەمان مسۆگەرتربێ‌..بەداخەوە لەم نێوەدا میدیا بەحزبی‌و ناحزبیەوە نەبووەتە هۆكارێك بۆ دانانی بەردی بناغەی خۆشەویستی، بەڵكو هێشتا هۆكارێكە بۆ ڕق دروستكردن، رێگەیەكە بۆ شكاندنی كەسایەتی، لەكاتێكدا دەبوایە میدیا ئەو ڕۆڵەی بگیرایە كە كۆمەڵگا كەسایەتی بەهێز دروست بكات، ئەی خۆ بەخۆرایی نیە میدیا بەرەو ڕووی شكست دەبێتەوەو متمانە لەدەست دەدات، واخەریكە چیتر نابێتە مایەی ئومیدو بڕوای‌ پێناكرێت، بەداخەوە قەڵەمێكی‌ كولیتی نزم‌و ڕقاوی‌ دەتوانێت ئەوەی‌ بیەوێت پێت بڵێت و بەكەیفی خۆی تۆمەت هەڵبەستێت، چونكە كێ‌ بەدواداچوون بۆ راستی‌و ناراستی دەكات، بەڕاست دوبارە بوونەوەی ئەم جۆرە بەدكاریانە كێ‌ لێی بەرپرسیارە‌و رەوشەكە بەرەو كوێ‌ دەبەن..؟.
سیاسەتمەداران‌و دەسەڵاتداران ناهەقیان نیە كە ڕۆژنامەنوسان بەدرۆزن دەزانن، چونكە هەندێكجار خۆیان میدیاكارانی‌ سەربەخۆیان، یان دەزگاكانی راگەیندنی خۆیان درۆیان بۆ دەكەن” كردویانەو دەشی كەن ” ئیتر بۆچی ناهەقیانە كە بروایان بە رۆژنامەنوس نەبێ‌‌و وێنەی درۆزنێك ببەخشنە میدیاكار ؟ كەم نەبوون ئەو ڕۆژنامەنوسانەی بەتوندی دەیانوسی‌و قسەیان لەسەر دەسەڵاتداران دەكرد، ئەمەش بۆ ئەوە نەبوو كەئەو دەسەڵاتدارانە توند ڕەفتاروگەندەڵن، بەڵكو بۆئەوە بوو بەهۆیەوە پشكێكی لەو گەندەڵیە بەربكەوێ‌‌و پۆستێك یان لوقمە نانێكی دەستبكەوێ‌،نمونەی لەمجۆرەمان زۆرە‌وئێستاش بەردەوامە. من دڵنیام تۆی خوێنەریش دەتوانیت نموونە بهێنیتەوە، بەڵام ئەوە گرفتەكە نیە، بەڵكو ئەوەیە كە بزانین ئایا ڕەوشەكە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێ‌ ؟ یان پەرۆیەك لەخۆمان دادەدڕین‌و دەلێین ئیتر بابەس بێت، ئاخر رۆژنامەنوس هەیە حەز دەكات هەموو رۆژێك كوردستان خومپارە باران بكرێ‌‌و پێشیلكاری بەردەوام بێت بۆئەوەی ستونێك دەربارەی بنوسێ‌، ئەی‌ كەوایە ئەو متمانەیەی‌ بۆ میدیا بەتایبەتیش میدیای ئازاد پێویستە، چۆن دەستەبەردەبێت ؟


عومەرمحەمەد

omerm2006@yahoo.com

تێبینی :
ئەم وتارە لە ژمارە ( 1572) یەك شەممە 16/10/2011  رۆژنامەی ئاسۆدا بڵاوكراوەتەوە .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.