تا ئهبهد چاوهڕێ ، ههمیشه نائومێد وهک چناری عاشقان!
بەشێکی تر لە قەسیدەی ؛
تا ئهبهد چاوهڕێ ،
ههمیشه نائومێد وهک چناری عاشقان !
کەسێک هەمیشە ئەبارێ و ناگاتە جێ ،
کەسێک هەمیشە گۆرانیی ئەکاتە ماڵ !
(دیسان بۆ ههڵاتن له نیشتمان ..بۆ ههڵاتن له ئاو )
جەمال غەمبار
1
دڵی غەمگینم کەوتۆتە ڕوباری بێدەنگییتەوە و
پێدەچێت تۆ هەر پایزان دەرکەویت !
سەری داگیرساوم لە سینەی پڕ لە نوری تۆدا بە جێماوە و
پێدەچێت تۆ هەر لە دەمی سەماکردنی باڵندەکاندا هەتاو هەڵکەیت !
هاتم هەتا ئەوسەری کوێستانەکانی خولودت ،
هاتم هەتا ئەوسەری دەشتەکانی یەقینت ،
هاتم هەتا سنوورەکانی گریانی تۆ ، هەتا پڕبوون لە دەریای پەرستنی تۆ !
هاتم و لە گۆرانییەکی ناوەختا ، هاژەی گەیشتن بە تۆ ، بە گوڵی تۆ ، تاڤگەیەکیان لێ خوڵقاندم !
هاتم و ، هەر هاتم و ، تائەبەد هەر هاتم و سێبەرەکەتم ڕاوکرد و کەچی نەگەیشتم بە خۆت .
2
من شمشاڵی خەمێکی تۆ دەنگی بردوم ،
من لە کۆڵانی ئازارێکی تۆدا ماڵێکم هەیە لە شیعر .
ئەوە ترێی ڕۆحی تۆیە لەگەڵ تەنیاییم پێدەگات ،
ئەوە شەرابی ناوی تۆیە دڵی من ئەکاتە بادە .
وەرە بچینەوە دەریا ،
ببینەوە بە یاوەری ئەو ئاگرەی لە دوورەوە بانگمان ئەکا ،
ئەو ئاگرەی بێهودە لە کۆڵانە غەمگینەکانی تۆدا ئەگەڕێت !
ئەگەڕێت بۆ خاتری ئەوەی ؛
– غەزەلێک لە مردن
– چڵێک لە غوربەت
– قەسیدەیەک لە شەوی کلارا
– فەسڵێک لە بێزاریی نیشتیمان ،
داگیرسێنێت !
ئاگرێکی چەندە سەیرە ئەم دڵەی تۆ
چەندە مۆسیقای سووتان بژەنێت ، نابێتەوە بە خۆڵەمێشی گۆرانیی !
تاڤگەیەکی چەند بێدارە ئەم عیشقەی تۆ
ڕوبارێکی چەند بە شەوقە ئەم خەمەی تۆ
گیتارێکی چەند غەمگینە ئەم دەنگەی تۆ
ئەرخەوانێکی چەندە بێنازە ئەم شیعرەی تۆ !
3
وەرە بە سەوڵی بێدەنگیی ئەم بەلەمە شکاوەی ژیان بخەینە ڕێ !
من ئەزانم ڕۆژێک دێت خەیاڵ نغرۆ بێت ، سەری شیعر سپیی بێت و
ژیانیش لە دەربەندی حیکایەتێ ، یان لە کێوی ڕۆمانێ گیربخوات و ،
من ئەزانم ئێوارەیەک لە دەرەوەی گوندەکەمان
تەرمی مانگ ئەخەنە سەر پشتی ئەسپێک و ئیتر بۆ ئەبەد تریفە نابینین !
من ئەزانم بارانێک دێت ، لە یەکتری ئەپرسین : ڕێگەی زەریا لە کوێوەیە ؟
بە کراسی – با – یەکی تەڕەوە شوێن عیسایەکی بریندار ئەکەوین .
لە زەمەنێکدا ڕووت ئەبینەوە ، مەرگ هەموو جوانییەکان بۆ خۆی ئەبات ..
لە زەمەنێکدا فێری خوێندنەوەی سپێتیی ئەبین ، هەرچی ڕێگەکانی دنیایە ڕەش ئەچنەوە !
لە زەمەنێکدا دەست ئەبەین بۆ کریستاڵی عیشق کە ئیتر ڕۆژهەڵات خاڵیی ئەبێت لە ئەفسانە ،
کە ئیتر ماچ کاڵ ئەبێتەوە ،
کە ئیتر تەمەن بەشی کۆکردنەوەی ئەو هەموو گوڵی ئازارەی ئینسان ناکات !
کە ئیتر ناچینەوە سەر وێنەکانی خۆمان .. کە ئیتر لە مێژوو ڕائەکەین
جوگرافیای ئاسمان لە فڕین تێک ئەدەین !
4
ماڵێکی چەندە بێزارین ئێمە خوایە !
گەڕەکێکی چەند وێرانین ئێمە خوایە !
ژیانێکی چەند هەراسانین ئێمە خوایە !
هەموو ڕۆژێ شەهیدێکمان جێماندێڵێت ،
هەموو بەیانییەک ڕوباری خۆزگەیەکمان لە دەنگی شەڕ ڕائەچڵەکێ !
هەموو نیوەڕۆیەک هەتاوی ئەڤینێکمان ئەکەوێتە خوارێ و تاریک ئەبین .
هێندە بە تەنافی گوناهدا شۆر ئەبینەوە ، هەتا دەمەو بارانێک
ئاوێکی زوڵاڵ بە خۆی و ئاوێنە تەڕەکانیەوە دێت و پێمان ئەڵێ :
– گەر نەشتوانین دەرگاکان بکەینەوە ، هەر نەبێ وەرن ڕەسمی دەرگاکان بە کراوەیی بکێشین
– جارێکی تر پەنجەرەکانی مناڵیی بۆ گمەی کۆترەکانی ژیان بکەینەوە !
– وەرن ئومێدی هەورەکان تەسلیمی باران بکەینەوە
– وەرن ببینەوە خۆمان ، ئەم جەنگەڵە بکەینەوە بە گوڵجاڕی خۆشەویستیی !
– وەرن ماڵی بێزاریی چۆڵ بکەین ، وەرن هەتا مردن ئەگاتە ئێرە خۆمان پڕکەین لە جریوە !
کۆتایی زستانی 2011 ی ئەدیلاید – ئوسترالیا