Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئابووری سیاسی میدیا لە ڕوانگەی ئێدوارد. س هێرمان و نۆم چۆمسکییەوە

ئابووری سیاسی میدیا لە ڕوانگەی ئێدوارد. س هێرمان و نۆم چۆمسکییەوە

Closed
by November 24, 2011 گشتی

 

لە کتێبە تیۆرییە بەناوبانگەکەیاندا “مانیوفاکتۆرین کۆنسێنت،Manufacturing Consent واتە “مۆڵەتی بەرهەمهێنان”   هەردوو کەسیاتی ئەکادیمی باڵای ئەمڕۆ، ئیدوارد .س . هێرمان و نۆم چۆمسکی لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی دانسقە و باڵادا گەێشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە سیستەمی بە قازانج ئاراستەکراوی ئەمڕۆ و ئەو شێوەیەی کە خاوەندارێتی تایبەتی و ئابووری تایبەتی کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداری لەسەر سستراکتۆر کراوە، وای کردووە لەو کەشوهەوای ململانێی قازانج پەیداکردندا، میدیاکانیش کۆنتڕۆڵکراو بن و لە خزمەتی ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەو چینەدا بن کە فەرمانڕەوایی کۆمەڵگە دەکات. بە واتایەکی تر، لە خزمەتی سەرمایەداری و نوێنەرە سیاسی و بریکارە ئابووریەکانیدایە. لەم بابەتەماندا ، ئابووری سیاسی  میدیای باوی جیهانی لە سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆی جیهاندا لە دیدگای چۆمسکی و هێرمانەوە شیدەکەینەوە، ئەو تێز و تیۆر و نموونانەی ئەوان کە هەنووکە لە خوێندنی باڵای میدیا لە ڕۆژئاوادا، بوونەتە جێگەی مشتومڕێکی ئەکادیمی و  پرۆگرامی خوێندنی ڕۆژنامەگەری و زانستی میدیا لە زانکۆکاندا.  دیارە لە سەر ئاستی چالاکوانی زەمینەیشدا، ئەو تیۆرانە بوونە هۆکاری هاتنەمەیدانی میدیایەکی ئەڵتەرناتیڤ،  لای   تێكڕای ئەو لایەنانەی کە میدیای کۆنترۆلکراو هەوڵی بچوککردنەوە و وەلانان و پشتگوێخستنیانی دەدا، بە تایبەتی ئەوانەی لە دیدگای زانستی مارکسیزم و سۆسیالیزم و ئەو فەلسەفە سیاسییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەوە دەیانڕوانییە کێشەکان، فەلسەفەیەک کە هەمیشە وەک ئەڵتەرناتیڤ و ترسناکترین هۆکاری گۆڕین و گۆڕ بەگۆڕکردنی سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆ  و فەرمانڕەواکانی تەماشای دەکرێت. چۆمسکی و هێرمان  پەردە لەسەر ئەو فیلتەرە شاراوانەی ئەم سیستەمە قازانجپەرستە هەڵدەدەنەوە، کە دەبێت هەواڵ و بابەتەکانی بەناودا بڕۆن بەر لەوەی بڵاوببنەوە بۆ خوێنەران و بیسەران و بینەران ،  ئەمەش میدیای لە سەنگەری دەنگی خەڵکەوەی گواستۆتەوە بۆ ئامێرێکی پرۆپاگەند بۆ کاروبار و قازانجە تایبەتیەکانی چینی فەرمانڕەوا و نوێنەران و بریکارانی. چۆمسکی و هێرمان دەستنیشانی پێنج فیلتەری سەرەکی دەکەن کە دەبێت هەموو زانیارییەک بەناویاندا تێپەڕبن پێشئەوەی بڵاو ببنەو،  یاخود پەخش بکرێن بۆ خەڵک.
یەکەم فیلتەر:” قەبارە ، خاوەندارێتی و  قازانجە لە میدیای جەماوەریدایە”  کە هەردوو بیرمەند پێیان وایە لە کەشوهەوایەکی ئابووری وەک ئەوەی سیستەمی باڵای بەڕێوەبردنی ئەمڕۆی جیهان کە قازانجی تایبەتی ئاراستەی دەکات، بە مانایەکی تر ئەو ئابووریەی بازاڕی ئازاد کە لە ژێڕ ڕکێف و فەرمانی نوێ – لیبڕالەکاندایە ، وای کردووە کە کۆپانیا گەورەکان زیاتر ” بە ئاشکرا و   توندوتیژانە بیر لە قازانج بکەنەوە” دیارە ئەمەش وادەکات کە کۆمپانیاکانی میدیا زیاتر سەرنج بدەنە ئەو لایەنەی کە قازانجیان بۆ وەدەست دەخەن، نەک ببنە دەنگی خەڵک و نوێنەرایەتی جەماوەر بکەن. هەروەها، وەک هێرمان و چۆمسکی دەڵێن : “خاوەندارەکان و ئەو هێزانەی قازانجش، زیاتر هاوبەرژەوەندی کۆمپانیا و بازرگانە گەورەکان و حکومەتەکانن.” ئەمە یەکەمین فیلتەرە ئەو دوو بیرمەندە بە “بەهێزترین فیلەر” دەستنیشانیان کردووە و هەموو هەواڵ و بابەتەکان پیایدا دەڕۆن بەرلەوەی بڵاوبکرێنەوە یا پەخش بکرێن، بۆیە لێرەوە سانسۆر دەکرێن یان شێوازی گەیاندن و پرۆسەی پیشکەشکردنەکەی دیاری دەکەن. 
 پاشان فیلتەری دووم دەخەنە ڕوو لە تیۆرەکەیاندا ، ئەویش “مۆڵەتی ڕیکلامکردنە بۆ بازرگانیکرن” ئەم فیلتەرەش شیدەکاتەوە کە  ئەو بڵاوکراوە و بەرهەم و دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە ریکلام ناکەن  و لە بری بازرگانی لە پرۆسەیەکی دیموکراتیکدا بە بەشداریکردن بەڕێوە دەچن و خوێنەران خۆیان خاوەنین و بە سیستەمی خاوەندارێتی گشتی بەرێوە دەبرێن ، زۆر زوو وەلادەنرێن و لە ناو دەچن ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئەو کۆمپانیا تایبەتیانەی میدیای باوی ئەمڕۆمان، کە بە ریکلامکردن بە ڕێوە دەچن، لە بەرامبەردا زۆر پیشکەوتوتر و نوێتر و کاری زیاتر دەکەن بە هۆی ئەو قازانجەی لە کۆمپانیاکانی ریکلامەوەدەستیان دەکەوێت. بۆ وێنە، لە سەر کۆنترٶلی ریکلام لە پەخشی تەلەفزیۆنەکاندا  ئەوان دەڵێن: ”  دەسەڵاتی ریکلامەکان بە سەر تەلەفزیۆنەوە ئەو راستییە سانایە دەردەخەن کە ریکلامەکان هەم خەرجی درووستکردنی بەرنامەکان دەکەن هەم خۆشیان دەرەنجام دەیکڕنەوە” بە مانایەکی تر کۆمپانیا تایبەتییەکانی ریکلام و بازرگانییەکان بە تەواوەتی خاوەنی بەرنامەکان و پرۆسەی دەرچوون و بڵاوبونەوەشین، وە نەرێنی سروشتی ئەم سیستەمی ئابوورییەی میدیا لە سیستەمی ئەمڕۆدا ئەوەیە، کە کۆمپانیاکانی تری پەخش و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دەست دەکەن بە ململانێ و پێشبڕکێ بۆ ئەوەی کامیان بتوانن زۆرترین لە کۆمپانیاکانی ریکلام بۆ لای خۆیان ڕابکێشن تا بەرهەمیان هەبێت، خۆی ئەمە سروشتی سیستەمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادە، کە کۆمەڵگە بەو چاوچنۆکیە پەروەردە دەکات و بەڕێوەی دەبات،   لە ڕاگەیاندنیشدا ستاف و ئیدارەی نوێ و پارەیەکی زۆر تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ئامانجە ئابوورییەکانی کۆمپانیاکان بپێکن وپێشکەشی خوێنەران و بینەرانی بکەن و لە بەرامبەردا قازانجێکی ئابووری باش بکەن و بەرهەمەکانیان درووست بکەن. کەواتە لێرەدا کۆمپانیا تایبەتییەکانی میدیای باو خەڵک و جەماوەر دەکەنە بەرهەمخۆر و مشتەری، هەر لەم گۆشەیەوەیە کە هارمێن و چۆمسکی ئەو ڕەخنەیە بەڕووی سیستەمی خاوەندارێتی تایبەتی میدیای باودا دەدەنەوە ، کە دەرەنجام ئەوان لە قازانجی ئابووری کۆمپانیا تایبەتییەکاندا کارەکانی ڕاگەیاندنیان ڕادەپەڕێنن، نەک لە قازانجی گشتی تێکرای کۆمەڵانی خەڵکدا. ژۆن پیڵجەر ، کە ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی جیهانییە و نووسەرێکی تایبەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە ، لە پاڵپشتی بۆچوونەکانی چۆمسکی و هێرمان لە وتاری ” بەخێربێن بۆ مێردۆکراسی”  باس لە کۆنتڕۆلی ڕوپێرت مێردۆک دەکات و نووسیویە:” لە ساڵی ١٩٨٣دا ٥٠ کۆمپانیای گەورە هەبوون کە خاوەندارێتی میدیاکانیان دەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠دا تەنها ٩ کۆمپانیا بونیان هەیە و ڕوپێرت مێردۆکیش دەڵێت کە دەبێت بە کۆمپانیاکەی خۆیەوە هەموویان بکرێنە ٣ کۆمپانیای سەرەکی” ژۆن پیڵجەر دواتر دەڵێت:” ، ئەگەر ئەمە قبوڵ بکەین ، ئەوە کۆنتڕۆڵی  زانیارییەکان و کۆنترۆڵکردنی  میدیا دەبنە یەکشت و  ئیدی هەموومان دەبینە هاوڵاتی مێردۆکراسی.”  واتە نەک دیموکراسی وەک هەموو بۆرژوازی ڕۆژئاوا ئیدیعای بۆ دەکەن.  لە ڕاستیدا هێندە گران نییە نموونەی زۆر بدۆزینەوە بۆ بیرۆکەکانی ئەو دوو بیرمەندە ئەکادیمییە لە میدیای باوی بۆرژوازی ڕۆژئاوای ئەمڕۆدا . هەر لە ٢٩ی مانگی ٤ی ئەمساڵدا کاتێك لە وڵاتی بەحرەین سزای تیرباران و کوشتن دەرچوون بۆ ئەو خۆپیشاندەرانەی بۆ دیموکراسی ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، هەر لەو ڕۆژەدا  کە ئیسرائیل چەند موشەکێکی گرتە کەرتی غەزە و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیانی سیڤیل بوونە قوربانی، وە لە بەردەوامی جەنگی لیبیا و کۆنفرانسی یەکێتی ئەوروپا لە بەشداریکردنیان لەو جەنگەدا، لەو ڕۆژەدا کە ئەو هەموو هەواڵە گرنگانە دەبوایە بگوازرێنەوە و بڵاوببنەوە، کەناڵی هەوالێ بی بی سی کە زۆر بە “بێلایەن و بابەتی” زیاتر لە هەموو پێگەکانی تری ڕاگەیاندنی جیهان پێناسەی بۆ دەکرێت، لەو ڕٶژەدا ، چوار هەواڵی یەک بە دوای یەک لەگەڵ  پەخشێکی ڕاستەوخۆی لە سەر ئاهەنگی هاوسەرگیری ماڵی شاژن و ژنهێنانی شازادەی کوڕەزای بوو.  کەناڵی بی بی سی تەنانەت وتەیەکیان پەخش نەکرد  لە سەر ئەو هەواڵانەی باسمان کردن،  یان هەر لەو ڕۆژەدا بوو کە سەندیکاکان دەنگی پەرستار و دکتۆر و کرێکارانی کەرتی گشتیان کۆکردبۆوە  لە هەڵبژاردنی سەندیکاکان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری دژی پلانەکانی حکومەت بۆ بڕینی بودجەی کەرتە گشتییەکان و بەتایبەتیکردنی زیاتری بازاڕی وڵاتەکە، (ئەو مانگرتنە ئەوەبوو کە بەریتانیای هەژاند دواتر)، کەچی لە هەواڵەکانی پەخشی نیشتمانی و جیهانی کەناڵی بی بی سی دا هیچیان لەسەر نەوتران لەو ڕۆژەدا.  سەرباری ئەو ئالودەبوونەی میدیای پەخشی تایبەتی و دەوڵەتیی لە بەریتانیا بە ئاهەنگی هاوسەرگرییەکەی شازادەی جێنشینەوە ، ڕۆژی دوای ئاهەنگەکە هەرچی لاپەڕەی یەکەم و لاپەڕە سەرەکییەکانی ڕۆژنامەکانی دنیا هەبوون بە  وێنەی ” ماچی شاهانە” پڕ کرانەوە، هەر لە ڕۆژنامەی نیوۆرک تایمزی ئەمریکی و جیهانی، گاردیەنی بەریتانی هەتا ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوچەییەکانی شارۆچکە و گوندەکانیش هەر ئەو وێنە و هەواڵەیان کردە هەواڵی سەرەکیان، تەنها و تەنها  شازادەی جێنشین و خیزانەکەیت دەدی و هەموو دنیاش بەو هەواڵە تەرفیهیە فەرامۆش کران. ئەمە نمونەیەکی جەوهەری ئەو کۆنتڕٶڵکردنەیە کە خاوەندارێتی تایبەتی و نوێنەرانی سیستەمی سەرمایەداری بە سەر میدیای باوەوە هەیانە، بەڵام لەو ڕٶژەدا و لە ڕێکەوتی ئەو هاوسەرگیرییەدا، بەشێوەیەکی بەرچاو   و بشەرم و ئاشکرا لە سەر ئاستی جیهانی ئەو کۆنتڕۆڵکردنە دەرکەوت. جێگای خۆیەتی کە دەستڕاکێشین بۆ ئەوەی کە  ئەم کۆنتڕۆڵ و کێشانەی میدیا تەنها کێشەی میدیای بەریتانی و سنووری نیشتمانی بەریتانیا و ئەمریکا نییە، بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە، چونکە هەر وەک مارکس پێشبینی کرد و هاتە دی، سیستەمی سەرمایەداری لە دنیای عەولەمەی ئەمڕۆدا سیستەمێکی ئابووری جیهانییە، هەر لەبەر ئەمەشە کە ئەم کۆنتڕۆڵکردنە ئەمڕۆ کۆنتڕۆڵێکی گڵۆباڵییە. سەیر نییە کە  لە هەندێک وڵاتانی تری  یەکێتی ئەوروپادا پانتایی میدیای ئازاد و میدیای گشتی خەڵک  زۆر بەرتەسکتر دەردەکەون، بە تایبەتی لەو وڵاتانەدا کە نوێنەرانی چینی فەرمانڕەوا (بۆرژوازی) ڕاستەوخۆ ئاراستەی سیاسی و ئابووری دەکەن و هەر ئەوەشە بۆتە هۆکاری ئەوەی زۆر بە ئاشکرا کۆنتڕۆلی تاکەکەسی میدیاکان بکەن. بۆ نموونە، لە وڵاتی ئیتاڵیای ئەمڕۆدا کە سیلڤیۆ بێرلسکۆنی سەرۆک وەزیران و نوێنەری باڵی ڕاستی ئیتاڵی کە هەندێک جار نوێنەری نەژاد پەرستی ئیتاڵیا دەکات و تەنانەت هەندێک لە چەپی ئەوروپا وەک فاشیست پێناسە بۆ سیاسەتەکانی دەکەن، بەتەواوی خاوەنداریتی میدیای باوی ئیتاڵیا دەکات و  کۆنتڕۆڵی گۆڕەپانی بیرکردنەوەی خەڵکی ئەو وڵاتەی بە یەکجاری کردووە، بەوەی خاوەنی تەواوی میدیا بەکاریگەرەکانی ئەو وڵاتەیە. ڕیچارد ئۆوین، کە تیۆریزانی بواری میدیایە لە ڕۆژنامەی تایمز، لە وتارێکیدا پێی وایە ” ئەگەر سبەینێ سیلڤیۆ بێرلسکۆنی دەستلەکاربکیشێتەوە وەک سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، زۆربەی ئیتاڵییەکان، ئەوانەی کە سەرچاوەی هەواڵیان تەنها لە تەلەفزیۆنەوەیە، لەوانەیە زانیارییەکی زۆر کەمیان هەبێت پەیوەند بەوەی بێرلسکۆنی بۆچی وازی هێنابێت، هەندێکیان لەوانەیە هەرگیز نەزانن و پێیان نەگات بۆچی وازی هێناوە.”  هەروەها ئیریک جیندینی کە فیلمکارێکی  ئیتاڵی – سویدییە، ئەمساڵ فیلمێکی دەرهێناوە لە سەر ئەو کەلتووری خاوەندارێتییەی ڕاگەیاندن لە ئیتاڵیا کە ناسراوە بە ” بێرلسکۆنیزمۆ” ، جیندینی رایگەیاند کە لە فیلمەکەیدا خوازیارە نیشانی بینەران بدات و روونیبکاتەوە کە ” تەلەفزیۆن لە ئیتاڵیادا کاریگەری زۆری بەسەر خەڵکەوە هەیە و هەر بۆیە %٨٠ ی  ئیتالییەکان وەک سەرچاوەی یەکەم و سەرچاوەی سەرەکی زانیارییەکانیان بەکاری دەهێنن، وە ئەوە شەخسی بیرلسکۆنییە کە بڕیار دەدات چی بڵاو دەبێتەوە و چی بڵاونەبێتەوە بۆ خەڵك، چونکە لە ساڵی ١٩٧٠ ەوە خاوەندارێتی میدیاکان دەکات. بۆیە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردودا، ئێمە لە ئیتاڵیا بووینەتە بابەتی کلتوورێك، کە دەربڕینی ئەو کلتوورە یان باشترە بڵێین ئەو کەلتوورە ڕاسەوخۆ ئاوێنەی کەسایەتی خودی بێرلسکۆنییە.” ئینجا ئەمانە نموونە و بەڵگەی زیندوون بۆ فیلتەرەکانی یەکەم و دووەمی تیۆر و شیکارییەکانی چۆمسکی و هێرمان لە میدیای ئەمڕۆماندا، کە لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی ئەمڕٶ لە  ژێڕ باڵی ئەجێندای نوێ – لیبڕالیزمدا، پەخشی زانیارییەکان دەکات و ئاراستەی دەرەنجامی بڵاوبونەوەی زانیاریەکانیش دواجار بە قازانجی ئەو سیستەمەدا دەبات.
لە کتێبەکەیاندا ، هێرمان و چۆمسکی فیلتەری سێهەمی سانسۆرکردنی میدیایان ڕوونکرکدۆتەوە کە  ” بە سەرچاوەکردنی میدیای جەماوەرە” و ئەمەش پەیوەندە بە بەخشینەوەی زانیارییەکان بە ڕۆژنامەنووسان و کۆمپانیاکانی هەواڵ. هەروەها  فیلتەری چوارەمیان ” گێچەڵەکانی ڕاگەیاندن”  ە کە ئەمەشیان چۆنێتی رەتدانەوەی سکاڵاکانە.  بۆ فیلتەری سێهەم  چۆمسکی و هاێرمان پێیان وایە کە دەوڵەت و خاوەندارانی کۆمپانیاکان ئەجێندای هەواڵەکان و بڵاوبونەوەی زانیارییەکان بەلای خۆیاندا دەشکێننەوە، ئەمەش وای لێکردون کە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی، دەوڵەت و بازرگانەکان میدیا کۆنترۆل بکەن لە ڕێگای بەخشینی زانیاری و سەرەداوی هەواڵ و لێدواندان لە ڕێگای بریکارە گشتییەکانیانەوە، یان نوێنەرە گشتییەکانیان لە کۆمەڵگەدا ، بەڵام ، دواجار ئە م پێگە گشتیانەش بە بیرۆکراتیەکی ستونی هەر لەلایەن  دەوڵەت و خاوەندارەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و ئەو زانیاری و لێدوان و سەرەداوانەی هەواڵیش کە دەدرێنە ڕٶژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕەکان، ئەوانەن کە لە بەرژەوەندی خۆیاندان و بریکارەکانی دەسەڵات و کۆمپانیاکان بە میدیاکانی دەدەن.  بە بۆچوونی چۆمسکی و هێرمان ئەو لێدوان و زانیاری و هەواڵانەی ئەو بریکارانە پەخشی دەکەن، لە بەرامبەردا میدیاکانیش خۆیان بە موشتاقیەوە وەریدەگرن و  خوازیاری ئەو لێدوانانەن کە بڵاویبکەنەوە، چونکە زۆربەی سەرچاوەکان  کەسانی پایە بەرزی دەزگاکانی حکومەت و پێگە گرنگە بازرگانییەکانن لە کۆمەڵگەدا. بۆیە ئەو بیرمەەندانە دەڵێن ” تێکرای ئەو ماتریالانەی ئەم بیرۆکراتیانە دەیخەنە بەردەم میدیاکان هەر ئەوەیە کە دەزگاکانی میدیا خۆیان پێویستیانە، لە بەر ئەوەی ئەو سەرچاوانە ناسراون بەهۆی پێگەی حکومی و بازرگانی و پۆستە پلە بەرزەکانیانەوە.”  لەم لێکدانەوەیەوە دەردەکەوێت، کە سەرباری ئەوەی ئەم سەرچاوانە بەم شێوەیە کۆنتڕٶڵکراون و لە ڕێگای ئەو هەموو سانسۆر و شێواندنەوە  دەگەنە دەست میدیاکان، کەچی لە بەرامبەردا میدیای باو و کۆمپانیاکانی ڕۆژنامەگەری و هەواڵ پێشبڕکێیەکی جدی دەکەن بەوەی کامیان یەکەمجار  بەزووترین کات ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بەو فیلتەری سانسۆرانەدا ڕۆیشتوون ، دەرخواردی خەڵکی بدەن و جارێکی تر کۆنترۆلی بیری تاک و کۆمەڵگەی بە گشتی پێ بکەنەوە. ئەمە لە ڕاستیدا نۆرماڵە بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە سەر پێشبڕکێی دەستکەوتنی قازانجی تایبەتی بنیاتنراوە  و سیستەمە ئابوورییەکەشی هەر بەو ئامانجە توندڕەوە بیرتەسکە نامرۆییە داهاتوویەکی تاریکی بۆ دیاری دەکات. فیلتەری چوارەم، باس لەو داوا یاساییانە دەکات کە خاوەندارانی کۆمپانیا تایبەتییەکانی میدیا بەکاری دەهێنن دژی ئەو داوایانەی لە سەریان تۆمار کراوە یان ئەو ڕەخنە و بەڵگانەی ڕووبەرویان دەکرێنەوە. هەردوو بیرمەند ئەم فلتەرە بەم شێوەیە یە پێناسە دەکەن: ” وەڵامدانەوەی نیگەتیڤی میدیا لە بەرامبەر داواکان “. بە بۆچوونی وان ئەم فلتەرە دوو فۆرمی هەیە، یەکەم ئەگەر میدیا بابەتێکی بڵاوکردبێتەوە کە بچوکترین پیشێلکاری یاسایی ڕۆژنامەگەری تیادا بێت، ئەوە ئەوان بەکاری دەهێنن دژی ئەو میدیایە، کە ئەمەش زۆر گران دەکەوێتەوە لەسەر  میدیاکان چونکە سزا ئابوورییەکان بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆرن و دەکرێت میدیاکان لەناو ببات. چۆمسکی و هێرمان فۆرمێکی تری ئەم سەپاندنە دەگەڕێننەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووری و پێدانی پارەیەکی خەیاڵی بە پرۆژە و حزبە ڕاستڕەوە توندڕەوە نەژاد پەرستەکان، هەتاوەکو گوشار بخەنە سەر میدیاکان وە بوونی ئەم حزبانە  بۆئەوەیە بە پرۆپاگەندەی  ڕاگەیاندنەکانیان و چالاکییەکانیان دژی میدیای ئەڵتەرناتیڤ سنوور بۆ میدیای ڕاستەقینە و ڕۆژنامەنووسانی مرۆڤدۆست دابنێن.  وەک فیلتەرکانی تر، بۆ ئەم فیلتەرەش نموونە  زۆرن. بەرنامەکانی کەناڵەکانی فۆکس نیوس و سی ئێن ئێنی هێڵی میدیای توندڕەوی ڕاستڕەوی دنیای ئەمڕۆن و جێگەی گاڵتەپێکردنن لە کاتێکدا زۆر لە بەرنامەکانی بیروڕایان تەرخان کراون بۆ یەک دوو ڕۆژنامەنووسی دەمڕوتی بێئابڕووی توندڕەوی وەک بیڵ ئۆ ڕایڵی ڕاستڕەو و هاوکەسایەتییەکانی، کە ڕۆژ تا ئێوارە لە کەمپین و چالاکی و بیڕوباوەڕەکانی ئەڵتەرناتیڤی سەرمایەداری دەخوێنن، تەنانەت بە جنێوفرۆشتن و گاڵتەکردن بە بینەران ڕاستەوخۆ بەرنامەکانیان بەڕێوەدەبەن. ئێستاش ڤیدیۆکانی هەواڵی کەناڵی فۆکسی ڕاسترەوی ئەمریکی ماون کە بیڵ ئۆ ڕایڵی و ڕۆژنامەوانەکانی تر،  ڕاستەوخۆ داوا دەکەن کە حوسنی موبارەکی سەرۆکی پێشووی  میسر لە دەستی خۆپیشاندەرە “گێڕەشێوێن و تیرۆریستە کۆمۆنیستەکان” بپارێزن، ئاخر ئەمە کارەساتەکەیە. بێگومان ئەمە پێش ئەوە بوو کە ئەمریکا بەتەواوی دڵنیابێت لە خۆپیشاندانکانی گٶڕەپانی ئازادی قاهیرە و ڕٶژنامەنووسەکانی کەناڵی فۆکسیش هەر بە هێڵە سیاسییەکی جاران پەخشی بەرنامەکانیان دەکرد، کە ئەویش پاڵپشتیکردنی تەواوەتی حوسنی موبارەکی کۆنە دیکتاتۆر  بوو. لە تێڕوانینی چۆمسکی و  هێرمانەوە ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە نوخبەییەکانی دەسەڵات و ئەوانەی قۆرخی سامانی گشتی دەکەن، بە شێوەیەکی سیستەماتیکی گۆرەپانی بیرکردنەوەی خەڵکی دنیایان کۆنتڕٶلکردووە، لە ڕێگای ئامێری پرۆپاگەندەکەیانەوە، ئەویش میدیای باوی سەر بە نوخبەییەکانی نوێنەرانی سیستەمی سەرمایەدارین . لێرەدا ئاشکرایە و هەردوو  بیرمەند نایشارنەوە کە  ئەوان دەمانگێڕنەوە بۆ تێگەیشتنە کلاسیکیە مارکسیستیەکە، کە سەرمایەداران سەرباری خاونداریکردن و مۆنۆپۆڵکردنی بەرهەم و پێداویستییە گشتییەکانی بازاڕ،  خاوەنداری و مۆنۆپۆڵی بۆچوون و تێڕوانینەکانی کۆمەڵگەش دەکەن لە ڕێگای ئەو میدیا بە سانسۆر قۆرخکراوانەیانەوە ، هەروەها بۆرژوازی ئەگەر بۆی بلوێت بەهەموو شێوازێک تا دوا هەناسەی هەوڵدەدات لە پێناوی قازانجەکانی خۆیدا، ئاراستەی زانیاری و پروپاگەندەکانی دەکات.
پێنجەم فیلتەر و دوا فیلتەر، کە ئەو دوو بیرمەندە مەزنە  لە کتێبە بەپێز و تیۆرە زیدە گرنگەکەیاندا خستویانەتە روو، فلیتەری “دژە کۆمۆنیزمە” کە چۆمسکی و هێرمان پێیان وایە دەسەڵات  وەک ” میکانیزمێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بۆچوونەکانی جەماوەری خەڵک ” بەکاری دەهێنێت. بێگومان لە کاتی جەنگی سارددا و لە سەردەمی ماکارتیزم لە ئەمریکا، کە لە ساڵانی ١٩٥٠ وە دەستی پێکرد وەک پرۆسەیەکی “ڕاوە کۆمۆنیستەکان” کە بەهۆیەوە چەندین لە نووسەران و موزیکژەن و شاعیران و فیلمکارە کۆمۆنسیستەکان گیران و لە کارەکانیان دورخرانەوە و هەندێکیان بەس لەبەر ئەوەی ئەندامی حزبی شوعی ئەمریکی بوون بە نزیکەی  ١٠ ساڵ حوکمدران، ئەو کەلتووری ترس و تۆقاندنە لە ئایدۆلۆژیایەک یان هێڵێکی سیاسی ، ئەو  کەلتووری مەکارتیزمە لە میدیای باودا لە ڕۆژئاوا پەرەی پێدراو مارکسیزم و کۆمۆنیزمیان وەک دوژمنی سەرەکی بۆ خەڵک پۆرترەیت کرد، درێژەدان بەو هیستریایە لە میدیاکانی سیستەمی سەرمایەداریشدا هۆکاری یەکەم بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ناشرینپیشاندانی کۆمۆنیستەکاندا، هەر لایەنێک تەنانەت کەسایەتیەک ئەگەر ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز و یاخیان هەبوو وەک “گێڕەشیوێن و دوژمن” تەماشا بکرێن، نەک هەر مارکیسیستەکان لە دنیای ئەمڕۆدا ئەمانە تەنانەت   ئاشتیخوازە سەوزەکان و  ئەوانەی بە گشتی کەمپین بۆ پاراستنی ژینگە دەکەن، یان چالاکوانانی دژە – جیهانگیریش دەگرێتەوە، دەرەنجام ئەمەش وادەکات کە هەواڵ و زانیاری و کێشەکانی ئەو چالاکوانە سیاسییانە، کە خوازیاری گۆرینی کۆمەڵگەن، وەلابنرێن و بخرینە ژێر پێی سەرنووسیارەکانی میدیای باوەوە، چونکە ئەو میدیایەی کۆمەڵگە بە هیستریا و ترس لە کۆمۆنیزم و مارکسیزم پەروەردە دەکات، هەمیشە ئەو گروپ و لایەن و کەسایەتییانەی تۆسقاڵیک لەگەڵ ئەو فەلسەفەیەدا یەکبرگنەوە،  بە “توندڕەو” بە خوێنەران و بیسەران و بینەرانیان دەناسێنێت، تەنانەت بەشێوەیەک کە  خەڵکی خوازیاری گوێگرتنیش نەبێت لێیان هەرچەندە داواکانیان زێدە ڕەواو عادیلانەش بێت. بەڵگەنەویستە کە ئەمانە تێکڕا  لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی و کەشی قازانجی تایبەتی سیستەمەکەدایە. کەواتە سانسۆر لەسەر هەر کەسێکە، ئەگەر خوازیار بێت سیستەم بگۆرێت، یان تەنانەت پێی وابێت مرۆڤایەتی شایانی ئاستێکی زۆر باڵاترە لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی و ئاشتی و پێکەوەژیان  ، کۆمەڵە داوایەکی ڕەوا کە بۆرژوازی لای نییە و بڕوای پێناکات و لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ بەرتەسکرندەوەی، ئەمەش لە یەک پێناسەدا دەتوانین کورتیبکەیەنەوە،  دیموکراسی ڕادیکاڵی و خاوەندارێتی گشتی ئەو لایەنانەن کە  بۆرژوازی هەمیشە لێی تۆقیوە و ئێستاش لێیان دەلەرزێت بۆیە هێدە داپۆڵێسەنارانە هەوڵی کۆتڕٶڵکردنیان دەدات.  کەواتە “دژە – کۆمۆنیزم” پێویستییەکە بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەتە بەرژەوەندخوازە سەرمایەدارەکان، تا زیاتر هەژمونی ئابووری و سەربازی خۆیان فراوانتر بکەن و  درێژەبدەن بە ناوی ئاشتەوای  وپاراستیان لە “کۆمۆنیزم” هەروەها ئەو کۆنتڕۆڵکردنەی خەڵکیش لە ڕێگای میدیاکانەوە مسۆگەری پاڵپشتی خەڵک دەکاتەوە  بۆ ئەو باڵفراوانییە داگئرکارە و  بڕیارەکانی بۆرژوازی بە گشتی ، جا چی لە جەنگ و داگیرکاری و ماڵویرانیان بۆ فروانکردنی بەهیزترکردنی دەسەڵات و پێگەی خوێناوی خۆیان بە سەر جیهان و مرۆڤایەتییەوە چی بۆ قازاجە ئابوورییەکانین کە هەر بە جەنگەوە بەندە.
رەتکردنەوەی بڵاوبونەوەی وێنەکانی بین لادین وەک بەڵگە بۆ مردنی ئەو کەسەی کە هەموو دنیا چاوەڕیی دەکرد، لە سەردەمی فەیسبوک و تویتەر و میدیای ئەلکترۆنیدا، گەورەترین بەڵگە نییە بۆ ئەو  میکانیزمی کۆنترۆڵکردنە؟ سەیرەکەی لەوەدایە، میدیایەک دەنگی هەلنەبڕی، ئەگەر باسیشیان کردبێت  درێژەیان نەدا بەوەی کە ئەو وێنانە پێویستن بۆ رای گشتی و دەبێت بڵاو ببنەوە، میدیایەکی باو نەیکرد تەحەدای ئەو بریارە نادیموکراتیە تەڵخەی پینتاگۆن بکات، کە نەیانویست بیسەلمێنن بین لادین کوژراوە ؟ هەروەک لە دیمانەیەکی تایبەتیدا لەگەڵ بەندە و چەند خوێندکارێکی زانکۆکەمدا چۆمسکی گوتی : ” ئەو مامەڵەیەی کە ئەمریکا لەگەڵ میدیادا دەیکات هیچ جیاوازییەکی نییە لەوەی  چۆن چین سانسۆری ئینتەرنێت دەکات.”  ئەمە لە کاتێکدا  هەموو خەڵکی دنیا چین وەک دیکتاتۆر و ئەمریکا وەک دیموکراسی دەناسن بەهۆی میدیاکاەوە، هەرچەندە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ میدیادا جیاوازیەکەی ئەوتۆیان نییە. تەنها ئەوە نەبێت چین ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بەڵام ئەمریکا ناڕاستەوخۆ  بە میکانیزم و  شاراوەیی کۆنتڕۆڵ دەکات .


ڕۆژ ئەحمەد

لە ژمارە ٥٧ ی “ڕێگای کوردستان”دا بڵاوبۆتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.