Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئاگاداریەک بۆ هەموو ئەوانەی لە ماڵپەری دەنگەکان دەنووسن

ئاگاداریەک بۆ هەموو ئەوانەی لە ماڵپەری دەنگەکان دەنووسن

Closed
by December 12, 2011 تایبەت

ئەوەی لە ماڵپەری دەنگەکان ماوەیەکە سەرنجی ڕاکێشاوین ئەوەیە زۆربەی نووسەرانی خۆشەویست لەگەڵ ناردنی بابەتەکانیاندا، بێ گوێدانە ژانرەی بابەتەکانیان،  بە تەنها وێنەیەکی خۆیان دەنێرن بۆ بڵاوبوونەوە لەگەڵ بابەتەکانیاندا.
لە ڕاستیدا ئەم وێنانە لە کاتێکدا پێویستن کە بابەتەکان ژانرەی بیروڕان ، واتە بابەتەکە دەربری بیروبۆچوونی نووسەرەکە یەولەڕێگایەوە بە تەنها ڕای خۆی  بۆ خوێنەر بەیان  دەکات، بەڵام ئەم وینەیە بۆ هەموو ژانرەکانی تر شیاو نییە. 
 لێرەدا جێگای ئاماژەپێکردنە ماڵپەری دەنگەکان هەوڵی زۆری خۆی داوە بە هەموو تواناکانیەوە  هەتاوەکو بەجوانترین شێوە بابەتەکان بخاتە بەر دیدی خوێنەرانمان .هەرچەندە نووسەران خۆیان دەبێت وێنەی جیاواز بۆ بابەتە جیاوازەکانیان بنێرن، بەڵام لە گوێپێنەدانی  ئەو کارە لەلایەن نووسەرانی ئازیزەوە، زۆر جار دەنگەکان خۆی هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی داوە و گەڕاوە بۆ دانانی وێنەیەکی گونجاو بۆ بابەتەکان ، بە تایبەتی بۆ ژانرەکانی وەرگێڕان، کە نەک هەر شیاو نییە وێنەی وەرگێڕ لەگەڵیدا بڵاوبێتەوە، بەڵکو لە ڕاستیدا وەرگێڕ مافی ئەکادیمی و مافی نووسەریش پێشێل دەکات بە دانانی وێنەی خۆی لەتەک ئەو بابەتانەدا.
هەروەها گەڕان بە دوای وێنەکان بۆ بابەتی نووسەران سەرباری ئەوەی کاتێکی زۆر دەگرێت و هەندێک جاریش دوای ئەو هەوڵانە و بەسەربردنی کاتێکی زۆری خۆمان، هەندێک لە نووسەران لێشمان زویر بوون. بۆیە پێمان وایە زۆر باشترە هەتاوەکو پێتان دەکرێت ،خۆتان ئەو وێنانەی کە گونجاون بۆ نووسینەکانتان بۆ بابەتە جۆراو جۆرەکانتان،  بەم شێوەیەی خوارەوە بۆمان ڕەوانە بکەن بۆ بڵاوکردنەوە ، چونکە  سەرباری ئەوەی وێنەکان زانیاری زیاتر دەبەخشێتە خوێنەران، ئاسانتر و خێراتر دەکرێت  بابەتەکەناتان بڵاوببنەوە ، لە هەمووشی گرنگتر وێنەکان ڕٶڵێکی زێدە گرنگ دەگیڕن،لە ناساندن  و ڕاکێشانی خوێنەر بۆ بابەتەکان. 

تکایە وێنەی بابەتەکانی ئەم ژانرانەمان بەم شێوانە بۆ بنێرن:-
وەرگێڕان –

  بۆ هەموو بابەتێکی وەرگێڕان وێنەی نووسەرە ڕەسەنەکە لەگەڵ بابەتەکاندا بنێرن، یان وێنەی کتێبەکە ، وتارەکە،  لێكۆڵینەوەکە. یاخود هەر وێنەیەک بێت کە پەیوەستە بە بابەتە وەرگێراوەکە یان نووسەرەکەوە. ئەمە نەک تەنها مافی نووسەری ڕەسەنی ئەو بابەتانە دەپارێزێت،  بەڵکو لە هەمانکاتدا درووستکردنی پرۆفایلە بۆ وەرگێڕە کوردیەکەش خۆی، چونکە وەرگێڕانەکە بڵاوکردنەوەی نووسەرێکە لە  دەرەوەی دنیای کوردی و لەڕێی وێنەی ناوبراوەوە یان وێنەی پەیوەست بە بابەتە وەرگێردراوەکە دەکرێت خوێنەرانی دنیا ئاگاداربن لەوەی کە ئەو بابەتە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێراوە.

هەواڵ و بانگەوازەکان  –
بۆ هەموو بابەتێکی هەواڵ یان بانگەواز بۆ سیمینار و کۆر و گردبونەوە و  خۆپیشاندان و هەر ڕووداوێکی دیکە،  پێویستە وێنەی ڕۆژنامەنووس/نووسەر خۆی نەنێرێت بۆ بڵاوکردنەوە لەگەڵ بابەتەکەدا، بەڵکو وێنەی ئەو ڕووداوە،هەواڵە ، سیمینار، کۆڕە گردبونەوەیە بنێرێت،  وێنەیەکی گونجاو لەگەڵ بابەتەکەدا بێتەوە.

دیمانەکان –

بۆ وێنەی دیمانەکان هەوڵ بدەن هەتاوەکو دەتوانن وێنەکان  پاسیڤ نەبن. دەتوانن بە ئەکتیڤکردنی وێنەکان سەرنجی خوێنەران بۆ لای دیمانەکانتان زۆر زیاتر ڕابکێشن. بۆ نموونە: وێنەی ئەو کەسەی دیمانەی لەگەڵداکراوە لەو ساتەدا بیگرن کە سەرقاڵی کارێکە یان خۆی بە کارێکەوە خەریک کردووە کە پەیوەستە بەباسەکەوە، یان لە شوێنێکە پەیوەستە بەباسەکەوە ، یان هەر سیمبولیکی تر کە لە دیمانەکەدا گفتوگۆی لەسەرکراوە یان  وێنەکە ببیێە سیمبولێک کە لەگەڵ تەوەری گفتوگۆکەدا بێتەوە.ئەگەر دەرفەت نەبوو بۆ ئەەوانەی سەرەوە، دەتوانن وێنەی ئەو کەسەی کە دیمانەی لەگەڵ دەکەن لەو کاتەدا بگرن کە ئاخافتن دەکات ، یان کە دەستەکانی دەجوڵێنێت، توڕەیە خۆشحاڵە ؟ بەشێوەیەک وێنەکان ببنە سیمبولێکی پتەو بۆ زیاتر قورسکردنی دیمانەکان. چونکە وێنە ئەکتیڤەکان دەتوانن سەرنجی خوێنەران زۆر خێرارتر ڕابکیشن بەبەراورد لەگەڵ وێنە پاسیڤەکان کە ئەنجامەکەی تەواو پێچەوانەیە.

لێکۆڵینەوە و چاوپیاخشاندنەوەی بابەتە ئەدەبیەکان  –

بە هەمانشێوە بۆ ڵێکۆڵینەوە و بابەتە ئەدەبیەکان، گەر بابەتەکە لەسەر نوسینی نوسەرێکی دیارە بۆ زیاتر ڕاکیشانی خوێنەر باشترە وێنەی ئەو نووسەرەی لەسەری نوسراوە لەگەڵ بابەتەکدا بڵاوببێتەوە. هەروەها بۆ ئەو بابەتانەی لە سەر کتێبی ڕۆمان و شیعر و  چیرۆک و  نۆڤلێتەکان دەنوسرێن ، زۆر باشترە و ڕونتر و ئاسانترە بۆ خوێنەرانی ئەلکترۆنی کە وێنەی ئەو کتێبە  لەگەڵ بابەتەکەدا ببینن.

تیبینی:

ئەگەر دەرفەتی وێنەگرتن نەبوو ، ئەوە گەران لە ماڵپەرە ئەلکترۆنیەکاندا چی بە زمانی کوردی یان بە زمانە بیانیەکان کارئاسانییەکی زۆر دەکات بۆ بە بەدەستهێنانی وێنە  گشتییە پەیوەندیدارەکان. کە هەم کاتی ئێمە و  هەم کاتێ ئێوەش وەک یەک ڕزگار دەکات، بەو هەوڵە دوولایەنەیەش دڵنییان پێکەوە ئێمە وەک ماڵپەری دەنگەکان و ئێوەش وەک نووسەران و داینەمۆی بەردەوامی ئەم ماڵە ئەلکترۆنییەی خۆتان، دەتوانین بابەتەکان زۆر جوانتر و دیارتر و ڕوو گەشتر و بەپێزتر بخەیەنە بەر دیدی خوێنەرانی خۆشەویستمان.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.