شیعر نووسینی پێشه‌كی بۆ چییه ؟
شیعر پێشه‌كی نووسینی قووڵ نییه و هیچ پێشه‌كییه‌كیش خوێنه‌ر له‌شیعردا كۆناكاته‌وه. شیعری زیندوو خۆی پێشه‌كییه‌ك بۆ خۆی داده‌نێت، خۆی ده‌روازه‌ی خۆیه‌تی. لێ له‌ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مڕۆی كوردییماندا پێشه‌كی نووسین بۆ دیوانه شیعرییه‌كان بۆته مۆده‌ی به‌شێك له شاعیران، ئه‌م مۆده‌یه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه زۆرێك هانانی ناو په‌یداكردن و دووباره خۆنوێكردنه‌وه بۆ ( به‌ختیار عه‌لی ) ده‌به‌ن. هونه‌ری به‌مۆده‌بوونی پێشه‌كی نووسین به پێنووسی به‌ختیار عه‌لی جیا له دیوانه شیعرییه‌كان، به‌شه‌كانی تری ئه‌ده‌بیاتیشی گرتووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت چۆته نێو پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانیشه‌وه، ئه‌وه‌ی له سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ئه‌و به‌زمه‌ستانه ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه به‌ختیار عه‌لی پێشه‌كی بۆ هه‌ندێك كاری وه‌رگێڕانیش نووسیوه كه‌ناوبراو هیچ له‌باره‌ی ئه‌و زمانه‌وه نازانێت. لێره بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كه‌كانمان نه‌كه‌ونه بازنه‌ی گومانه‌وه ئاماژه به‌كارێكی وه‌رگێڕانی وه‌رگێڕی به‌توانا به‌كرشوانی ده‌ده‌ین كه ناوبراو رۆمانێكی ئورهان پاموكی له توركییه‌وه كردووه به‌كوردی، كه‌چی به‌ختیار عه‌لی پێشه‌كی بۆ ئه‌وكاره وه‌رگێڕانه‌ی به‌كر شوانی نووسیوه. به‌زمی ئه‌و به‌زمه‌ستانه ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی به‌رگی كتێبه‌كان به خه‌تێكی درشت ده‌نووسن { نووسینی پێشه‌كی / به‌ختیار عه‌لی }یان { به‌ختیار عه‌لی پێشه‌كی بۆ نووسیوه }، له‌دواوه‌ی به‌رگه‌كه‌ش چه‌ند ده‌ربڕینێكی ناوبراو ده‌رده‌هێنن. هه‌ندێك وه‌ها كۆتره‌باریكه‌ی هزریان ده‌فڕێنن، هه‌ركه به‌ختیار عه‌لی پێشه‌كی بۆ دیوانه شیعرییه‌كه‌ی نووسی ئیدی ئه‌وه ده‌بێته ده‌نگی شیعری ڕاسته‌قینه‌ی نێو ئه‌ده‌بیاتی كوردی. لێره‌دا ئێمه كێشه‌ی ئه‌وه‌مان نییه كه به‌ختیار عه‌لی چییه و چۆن ده‌نووسێت. كێشه‌كه به‌مۆده‌بوونی دیارده‌كه‌یه. جیا له‌وه من ده‌مێكه گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌وا شیعر نووسینی پێشه‌كی پێویست نییه، شیعر هیچ پێشه‌كییه‌ك له‌خۆیدا قووڵ ناكات. ته‌نانه‌ت پێم وایه زۆرێك له خوێنه‌ران له‌ده‌رئه‌نجامی سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌ی پێشه‌كییه‌كه به‌هه‌مان ئه‌و ئاڕاسته فیكرییه‌دا ده‌ڕۆن كه پێشه‌كی نووس له‌سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌كه‌ی بۆ شیعره‌كاندا پێدا ڕۆیشتووه. یاخود خوێنه‌ر به‌هه‌مان ئاڕاسته‌ی پێشه‌كییه‌كه‌دا ده‌چێته ناو پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌كه. به‌واتایه‌كی ڕوونتر خوێنه‌ر به شوێن پێی هه‌نگاوه‌كانی پێشه‌كی نووسدا ده‌ڕوات و كۆڵانی شیعره‌كان ته‌ی ده‌كات. لێره‌دا ده‌شێت به قورمیش بوونی خوێنه‌ر ناوزه‌ندی بكه‌ین ،چونكه به‌شێكی زۆری خوێنه‌ری كوردیی به‌دوای ناوه‌وه‌یه نه‌وه‌ك شیعر و كڕۆكی ده‌ق. لێ ئه‌وه بۆ شاعیرێك كه نزیكه‌ی نیو سه‌ده ڕه‌شماڵی شیعرییه‌تی خۆی له هه‌واری ئه‌ده‌ب هه‌ڵدا بێت كاره‌ساته بێت له ڕێگه‌ی دووباره ناوپیداكردنه‌وه و نوێبوونه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی له‌لایه‌ن خوێنه‌ری كوردییه‌وه داوا له‌نووسه‌رێكی پڕ خوێنه‌رتر بكات پێشه‌كی بۆ دیوانه شیعرییه‌كه‌ی بنووسێت. ئاخر ئه‌م مۆده‌یه‌ی پێشه‌كی نووسینانه زیاتر له‌بازنه‌ی پیاهه‌ڵگوتن و چه‌پڵه‌ی نووسیندا ده‌خولێنه‌وه. هه‌رچه‌نده به‌نده له‌نووسینی پێشه‌كی كتێبی شیعریی (من و تۆ و عه‌شقی )ی شاعیری لاو ڕه‌شید بێ به‌شدا تاكو ئه‌ندازه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی شه‌خته‌ی ئه‌و گۆمه به‌ستووه‌ی شكاندووه، له‌بڕی چه‌پڵه‌ی نێو نووسین و پیاهه‌ڵگوتنی هاوڕێیانه، له‌چه‌ند ڕوانگه‌یه‌كی گشتگیره‌وه چه‌ند ڕوانینێكی ڕه‌خنه‌یی له‌باره‌ی شیعره‌كانی ناوبراوه‌وه ده‌ربڕیوه. لێ له‌كتێبگه‌لێكی تردا گه‌لێك چه‌پڵه‌ی نووسینم له پێشه‌كی نووسین بۆ شیعریی چرووك لێداوه، به وشه‌ی بریقه‌دار سینگی لافی گه‌وره‌بوونم ده‌رپه‌ڕاندووه. ته‌نیا ده‌زانم ئه‌وكاتانه هێنده دڵخۆش بووم به پێشه‌كی نووسین بۆ كتێبی شیعریی ئه‌و شیعرنووسه لاوانه، تاكو ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی لافی خۆبه‌زلزانینم پێوه‌یان لێده‌دا. من چه‌نده مه‌له باسكه‌ی بێئاگاییم له‌نێو ئه‌و ده‌ریایه‌دا به‌هه‌ڵه كردووه و خۆشم وه‌ك ڕێنیشانده‌ریان نواندووه، له‌كاتێكدا خۆم پێویستم به رۆشنبوونی ڕێگاكانی نووسین هه‌بووه. به‌شێك له‌و كتێبه ( شیعر)ییانه‌ی كه‌تاكو ئێستا بڵاوبوونه‌ته‌وه بریتینه له: كتێبه شیعری ( زمانی عه‌شق )ی كاروان عه‌لی و كتێبه شیعری ( فرمێسكی ماڵئاوایی )ی ڕابه‌ر فاریق و كتێبه شیعری ( ورده هه‌ناسه‌كانی ڕۆح )ی پێشه‌وا هاشم و كتێبه شیعری (عه‌شقی تۆ بێ وێنه‌یه )ی نافیز عه‌زیز و كتێبه شیعری ( ناڵه‌ی عه‌شقێكی شێت )ی هاوڕێ سه‌فین جه‌لال و كتێبه شیعری(بۆعاشق بووی ؟)ی رێبوار شێروانی و كتێبه شیعری ( من و تۆ وعه‌شق )ی ڕه‌شید بێ به‌ش و كتێبه شیعری ( بۆنی سووتان )ی بێگه‌ر حوسێن. دیاره به‌شێكی تریش تاكو ئێستایش بڵاونه‌بوونه‌ته‌وه، لێره‌وه ئومێد ده‌كه‌م هه‌ر بڵاونه‌بنه‌وه، كه‌بڵاویش ببنه‌وه به‌نووسینی پێشه‌كییه‌كه‌ی منه‌وه بڵاونه‌بنه‌وه.
شیعر كه شیعر بوو خۆی به‌باڵی شیعربوونی خۆیه‌وه ده‌فڕێنێت و ئاسمانه‌كانی دنیای خوێنه‌ران ته‌ی ده‌كات. شیعریش كه شیعر نه‌بوو به پێشه‌كی نووسین نه ده‌بێته شیعر و نه باڵی فڕینیش ده‌گرێت. من سه‌ره‌تا داوای لێبووردن له هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م كه پێشه‌كیم بۆ ( شیعر )ه‌كانیان نووسیوه، له‌كۆتاییشدا له خودی خوێنه‌ران.
غه‌مگین بۆڵی