Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کۆمه‌لکوژیه‌که‌ی شه‌رناخ تاوانێک له‌ تارمایی راسیسزمدا

کۆمه‌لکوژیه‌که‌ی شه‌رناخ تاوانێک له‌ تارمایی راسیسزمدا

Closed
by January 6, 2012 گشتی

له‌ 28له‌سه‌ر 29 ی مانگی دیسه‌مبه‌ردا سوپا و فرۆکه‌کانی تورکیا له‌ سنوری شه‌رناخ 35-38 مێرمنداڵ و لاوی کوردی سڤیلیان به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ له‌ناوبرد. ئه‌و گه‌نجه‌ جوانه‌ مه‌رگانه‌‌ له‌به‌ر بێکاری بۆ په‌یداکردنی پاروێ نان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره‌یه‌کی که‌م ئه‌و رێگه‌ سه‌خت و مه‌ترسیداره‌ی سنوریان گرتبووه‌به‌ر، به‌ڵام  سوپای تورکیا ئه‌وه‌شی پێ ره‌وا نه‌بینین و مۆمی ژیانیانی تاهه‌تایه‌ کوژاندنه‌وه‌.
خه‌ڵکی دیهاته‌کانی کوردستان که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر سنور به‌تایبه‌تی دێهاته‌کانی که‌ ده‌که‌ونه‌ سنوری ئێران و تورکیا زۆرینه‌یان خێزانی هه‌ژارن، ژیانێكی سه‌ختی دژوار کۆله‌مه‌رگانه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سه‌خته‌کانیاندا به‌سه‌رده‌به‌ن. ژیانی سه‌خت و نه‌داری ناچاریان ده‌کات که‌ ژیانی خۆیان بۆ پاروێ نان بخه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌. رژێمه‌کانی ئێران و تورکیا هیچ به‌رنامه‌یه‌کیان بۆ چاره‌سه‌ری کیشه‌ی ئابوری ئه‌و ناوچانه‌ نییه‌، که‌مترین ده‌ستی هاوکاری و یارمه‌تی بۆ دابینکردنی کار و گوزه‌رانێکی باشتر له‌لایه‌ن ستاته‌وه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ژاره‌ بوونی نییه‌. بچوکرین پرۆژه‌ی بووژانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان له‌و ناوچانه‌ بوونیان نییه‌. ئه‌و ناوچانه‌ به‌هۆی شه‌ری نێوان شۆڕشگێرانی کورد و سوپای ئێران و تورکیا زیاتر له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی ده‌ستبه‌سه‌رکراو پشتگوێ خراون و گه‌ماڕۆیان له‌سه‌ره‌. ئه‌وه‌ی ستات به‌رامبه‌ر به‌و خه‌لکه‌ ده‌یکات چاودێری تووند و کۆنترۆلی بێبه‌به‌زه‌ییانه‌یه‌، ته‌نینی گردوچیاکانی ناوچه‌کانه‌ به‌ بنکه‌ و باره‌گا سه‌ربازیه‌کان. ستاتی داگیرکه‌ر ته‌نها بره‌و به‌یه‌ک پێشه‌ له‌ناوچه‌ سنوریه‌کاندا ده‌دات، ئه‌ویش هه‌وڵی کردنی گوندنشینه‌کانه‌ به‌جاش و ناپاک دژ به‌ هاوگه‌لی خۆیان. به‌مجۆره‌ هه‌وڵی به‌کوشتدانیان له‌گه‌ڵ خوشک و برا کورده‌ شۆڕشگێڕه‌کانیان. هه‌رکام له‌وان له‌هه‌ر به‌ره‌یه‌کدا بکوژرێن کوردن و ئه‌وه‌ش لای ستاتی داگیرکه‌ر قازانجه‌.  ‌
دیاره‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ ئه‌و سنوره‌ سه‌پێندراوانه‌ ده‌بڕن، به‌هۆی کاره‌وه‌ نایبڕن. زۆر له‌و خه‌ڵکه‌ی دێهاته‌کانی ئه‌وبه‌ر و ئه‌مبه‌ر خزمایه‌تیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه‌، بۆیه‌ ناوه‌ ناوه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆکار و بابه‌تێکی کۆمه‌لایه‌تی یا ئابوری بێت سه‌ردانی یه‌کتر ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مه‌ترسی بۆسه‌ و تیرۆری سه‌ربازه‌کانی تورک و عه‌جه‌م هه‌میشه‌ هه‌ن.
ئه‌گه‌ر تاوانه‌که‌ی شه‌رناخ هێنده‌ گه‌وره‌ نه‌بوایه‌ و کوشتنی چه‌ند که‌سێکی بێپشتیوانی کورد بوایه‌ زۆر دوورنه‌بوو وه‌کو هه‌ندێ تاوانی دیکه‌ی رابردوو بنگۆم بکرێ و سه‌داکه‌ی له‌ ماڵ و مزگه‌وته‌کانی گونده‌کانی ناوچه‌که‌ تێنه‌‌په‌ڕێ. پرسیارێک به‌ره‌ورووی تاوانباران نه‌ده‌کرایه‌وه‌. به‌مجۆره‌ تاوانه‌که‌ هه‌رگیز به‌گوێی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی و جیهانی نه‌ده‌گه‌یشت. چیرۆکی جه‌رگبڕ له‌ دێهاته‌کانی ئه‌و سنوره‌ هه‌ن که‌ له‌ بێده‌نگی و کپکردندا مرۆڤایه‌تی شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن. قوربانیان نه‌قه‌ره‌بوو کرانه‌ته‌‌وه‌ و نه‌ هیچ. ئه‌وانه‌ی چوون له‌ کیسی خێزانه‌کانی خۆیان چوون و ماڵوێرانیه‌که‌ بۆ خه‌لکه‌ قوربانیه‌که‌ ماوه‌ته‌وه‌. هه‌رگیز رۆژێک له‌ رۆژان سه‌ربازێکی تورک یا عه‌جه‌م له‌سه‌ر تاوانه‌کانیان به‌ره‌وڕووی سزا نه‌بوونه‌ته‌وه‌. دیاره‌ تا کوردستان ژێرده‌سته‌ بێت ئه‌و چیرۆکانه‌ به‌رده‌وامن و درێژه‌یان ده‌بێ. 
بابێینه‌وه‌ سه‌ر تاوانه‌که‌ی سوپای تورکیا. ئایا راسته‌ سوپای تورک به‌هه‌ڵه‌ وای زانی ئه‌وانه‌ گه‌ریللاکانی په‌که‌که‌ن؟ ئایا سوپای تورکیا هێنده‌ نه‌شاره‌زا و بێتوانایه‌ که‌ نه‌توانێ خه‌ڵکی سڤیل و  گه‌ریلای چه‌کدرار له‌یه‌کتر جیابکاته‌وه‌؟ کوشتی ئه‌وانه‌ بۆ؟
ئه‌و لاوه‌ جوانه‌مه‌رگانه‌ رۆژی پێشتر به‌هه‌مان رێگه‌دا سنوریان بڕیبوو، پاشان به‌هه‌مان رێگه‌دا گه‌ڕابوونه‌وه‌. ئه‌وانه‌ بێچه‌ک به‌ به‌رگی سڤیل، به‌ کۆمه‌ڵێ وڵاغه‌وه‌ له‌ رێگه‌دابوون. سوپای تورکیا به‌پێی گوتنی که‌سوکاری قوربانیان هاتبوونه‌ ئه‌و ناوه‌، بۆیه ‌ناکرێ ئاگاداری هاتووچۆی ئه‌و قوربانیانه‌ نه‌بووبن. پاشان ئه‌وانه‌ له‌لایه‌ن سوپاوه‌ ته‌قه‌یان لێکراوه‌ و ناچاری ئاراسته‌یه‌ک کراون بێئه‌وه‌ی هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کیان هه‌بووبێت. ئه‌وه‌ی ته‌نها رۆژێک له‌و ناوچانه‌ ژیابێت، ده‌زانێت ئه‌وانه‌ کێن و بۆ له‌و رێگه‌یه‌دان. ئه‌و رێگه‌یه‌ رۆژانه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکی گونده‌کان به‌کارده‌هێندرێت، سوپای تورکیا ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت. پاشان ئایا گه‌ریللا بێچه‌ک ده‌سورێنه‌وه‌؟ ئایا گه‌ریللا به‌ کۆمه‌ڵێ وڵاغه‌وه‌ ده‌سورێنه‌وه‌؟ ئایا گه‌ریللا ئه‌و رێگه‌ ئاشکرایانه‌ به‌کارده‌هێنن؟ 
تورکه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌کان هیوای وێرانبوونی شاره‌کورده‌کانیان ده‌خواست کاتێ بومه‌له‌رزه‌که‌ی وان روویدا. سه‌رانی تورکیا به‌ڵێنی تۆڵه‌ی ده‌قاتیان دایه‌وه‌ و به‌ چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراو هێرشیان کرده‌سه‌ر چیاکانی کوردستان. ئه‌گه‌ر بزانین که‌ دانیشتوانی گونده‌کانی سنور هه‌میشه‌ وه‌کو لایه‌نگیری پ.ک.ک سه‌یرده‌کرێن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر چه‌کی جاشایه‌تی هه‌ڵنه‌گرن. ده‌کرێ بپرسین به‌ڵگه‌ چییه‌ که‌ کوشتنی ئه‌و لاوانه‌ درێژه‌ی ئه‌و زنجیره‌ کوشتاره‌ نییه‌ که‌ له‌ تۆڵه‌ی خوێنی 24 سه‌ربازه‌ تورکه‌که‌ له‌ کۆتایی ئۆکتۆبه‌ره‌وه ده‌ستی پێکردووه.‌ رژێمی تورکیا رژێمێکی ره‌گه‌زپه‌رستی دژه‌ کورده‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی تواندنه‌وه‌ی کورد له‌ چوارچێوه‌ی سنوری به‌زۆرسه‌پێنداروی تورکیا دامه‌زراوه‌. رژێمی ئێستای تورکیا هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوتن له‌ ئازادی کوردان ده‌که‌ن به‌ ناپاک دژ به‌ ستاتی تورکیا سه‌یریان ده‌کات، بۆنمونه‌ به‌سه‌دان و هه‌زاران خه‌ڵکی رۆشنبیرو ئازادیخوازی میانره‌وی خستۆته‌ زیندان. رژێمێک ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنی بێت له‌کاتی گرژی و ته‌نگژه‌دا سڵ له‌ پاکتاو و تاوانی به‌کۆمه‌ڵ له‌ناوبردن ناکاته‌وه‌. بۆیه‌ هیچ دوور نییه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ ئه‌نجامی تۆڵه‌یه‌کی راسیستانه‌ی سوپای تورکیا بێت. نیازی تورکیا به‌ ئاگایانه‌ بێت یا بێئاگایانه‌ ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجامیاندا کۆمه‌ڵکوژی کۆمه‌ڵێ مێرمنداڵ و لاوی سڤیلی کورده‌، که‌ نابی هه‌روا ئاسان به‌سه‌ر تورکیادا تێپه‌ڕێت.
ئۆردۆگان ده‌ڵێ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌که‌ ده‌که‌ین دیاره‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن تورکیا جێگه‌ی بروا نییه‌، چونکه‌ تورکیا له‌ کێشه‌که‌دا (کێشه‌ی نێوان کورد و تورک) بێلایه‌ن نییه‌. بۆیه‌ ئه‌و ده‌سته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی تورکیا دیاری ده‌کات ناتوانن بگه‌نه‌ بنجوبناوانی راستیه‌کان، هه‌روه‌کو تورکیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدا نییه راستیه‌کان ئاشکرا بکرێن.‌ دیاره‌ له‌سه‌ر کورده‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی باکوره‌ له‌م تاوانه‌ بکۆڵنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ده‌سته‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی بێلایه‌ن بێت جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌ی زیاتره‌ بێگومان.
جێگری سه‌رۆکی تورکیا بولند ئارینج ده‌ڵێ “قه‌ره‌بووی قوربانیه‌کان ده‌که‌ینه‌وه‌، به‌لام داوای لێبووردن له‌که‌س ناکه‌ین!” تورکیا وه‌کو هه‌ڵه‌ی ته‌کنیکی دان به‌ کوشتاره‌که‌ داده‌نیت، به‌لام تورکیا‌ نکۆڵی داوای لێبوردن له‌ خێزانی قوربانیان ده‌کات. واپێده‌چی تورکیا لای وانییه‌ هیچ تاوانێکی ئه‌نجام دابێت. تورکیا دان به‌وه‌دا ده‌نیت که‌ ئه‌وانه‌ کۆمه‌ڵێ هه‌رزه‌کارو گه‌نجی سڤیل بوون که‌ به‌کۆمه‌ڵ له‌ناویان بردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌تاوان نازانێ و نایه‌وێ داوای لیبوردن بکات. به‌رپرس و سه‌رۆکی وڵاتان له‌سه‌رپیشێلکاری بچوکی وه‌ک هاتووچۆ داوای لێبووردن له‌خه‌ڵکی ولاته‌که‌یان ده‌که‌ن، سوپای تورکیا‌ گه‌نجه‌کانی ئه‌و ناوه‌یان قڕ کردووه‌، که‌چی سه‌رۆکی تورکیا داوای لێبوردن بۆ خه‌ڵکه‌که‌ به‌ ڕه‌وا نابینێ. ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و قوربانیانه‌ تورک بان، سه‌رانی تورکیا هه‌مان هه‌ڵوێستیان ده‌بوو؟ بێگومان نا. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تورکیا نامۆیی تورکیا به‌رامبه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی له‌ کوردستانی داگیرکراودا پیشان ده‌دات. ئه‌گه‌رچی ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌ ناو سنوری تورکیادا ده‌ژین به‌ڵام  واپیناچی تورکیا ئه‌و خه‌ڵکه‌  به‌هی خۆی بزانێ، ئه‌گه‌رنا چۆن ده‌کرێ له‌سه‌ر تاوانێکی ئه‌وها گه‌وره‌ داوای لێبووردن له‌ خه‌ڵک و که‌سوکاری قوربانیان نه‌کرێت. دیاره‌ کێشه‌ی تورکیا ته‌نها قه‌ره‌بوو و داوای لێبوردن نییه‌، تورکیا به‌رپرساره‌ له‌ هه‌ژاری و نه‌داری گوندنشینه‌کان، تورکیا به‌رپرسیاره‌ له‌ په‌راوێزکردنی ئه‌و خه‌ڵکه‌ و هه‌موو ئه‌و گه‌ماڕۆیانه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پاندوون. کوا چاره‌سه‌ری تورکیا بۆ ئه‌و کیشانه‌؟
له‌راستیدا ده‌سه‌ڵاتی تورکیا به‌چاوی نزم سه‌یری کورده‌کان ده‌کات و ئاماده‌ نییه‌ وه‌کو تورک به‌ چاوێکی یه‌کسان سه‌یریان بکات. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تورکیا بۆشایی نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و تورکی به‌رفراوانترده‌کات، بێمتمانه‌یی زیاتر لای کورده‌کان به‌ ستاتی تورکیا زیاتر ده‌کات. دواجار ئه‌و تاوانه‌ی تورکیا و خوێنساردی تورکیا به‌رامبه‌ر به‌ تاوانه‌که‌ هه‌وڵه‌کانی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا  دوورتر ده‌کاته‌وه‌.
له‌ کۆتاییدا ده‌بێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بکه‌ین که‌ پۆلیسی کوردی له‌ هه‌ولێر سه‌ریان به‌ نه‌بوونی مۆڵه‌تی خۆپیشاندان لای خۆپیشانده‌ران گران بوو و هه‌لسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران باش نه‌بوو، به‌وه‌ تاوانباریان کردن که‌ ئاژاوه‌یان ناوه‌ته‌وه‌ و زیانیان به‌ سامانی گشتی گه‌یاندووه‌. ئه‌گه‌ر رێگه‌ی گردبوونه‌وه‌ی ئازادانه‌ی بێ سانسۆر هه‌بێ له‌به‌رچی هاولاتیانی کوردی زیان به‌ سامانی گشتی ده‌گه‌یه‌نن؟ پۆلیسی هه‌ولێر و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر پێویسته‌ چاوێک به‌ کانونی سنوردارکردنی خۆپیشاندان بخشێننه‌وه‌ کێشه‌کان له‌وێ بدۆزنه‌وه‌، نه‌ک له‌ ئاکامی تاوانێکی ئه‌وها گه‌وره‌دا بیانووی بێمۆڵه‌تی دژ به‌ خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ر به‌کاربهێنن و هه‌وڵی په‌رته‌پێکردنیان به‌ زووترین کات بده‌ن. ده‌سه‌ڵاتی پارتی خۆپیشانده‌رانی به‌لایه‌نگرانی پ.ک.ک ناوزه‌د کرد به‌مجۆره‌ نه‌یتوانی وه‌کو ده‌سه‌لاتێکی به‌رپرسیار بێلایه‌نانه سه‌یری خۆپیشانده‌ران بکات‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ریسوای ئه‌و تاوانه‌ی تورکیای نه‌کرد، “پارله‌مانی” بۆ ئه‌و کاره‌ راسپارد ئه‌وانیش ئیدانه‌یه‌کی شه‌رمنانه‌ی تاوانه‌که‌یان کرد. سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ کوشتنی سه‌ربازه‌ تورکه‌کان که‌ له‌شه‌ر کوژرابوون راسته‌وخۆ زه‌نگی بۆ ئه‌ردۆگان لێدا مه‌حکومی هێرشه‌که‌ی پ.ک.ک ی کرد و لایه‌نگیری و سۆزداری خۆی بۆ تورکیا راگه‌یاند، به‌لام له‌ ئاست ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی تورکیا و کۆمه‌ڵکوژی ده‌یان گه‌نجی بێتاوان بێده‌نگی هه‌ڵبژارد!


شاخه‌وان شۆڕش
4ی ژانیوه‌ری 2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.