ئه‌ستورک! …. جه‌لال قادر
له‌گه‌ل به‌ریبه‌یان ئۆتۆمبیله‌که‌م به گڕ ده‌خست و تا به‌رده‌می نانه‌واخانه‌که لێمده‌خوری ، چوار پێنج کولێره‌ی گه‌رمم ده‌کڕی و ده‌گه‌رامه‌وه ماڵ .
زۆربه‌ی به‌یانیان مام هاوارم ده‌بینی به شه‌له شه‌ل به‌ره‌و نانه‌واخانه‌که ده‌چوو. ئه‌م ڕێگا کردنه‌ی مام هاوار وایلێکردم چیترمنیش به سواری ئۆتۆمبیل نه‌چم بۆ نان کڕین .
نانه‌واخانه‌که دوو کۆلان دوور بوو له‌مالی من و مام هاواره‌وه . زۆرجار له‌سه‌ر کۆلان توشم به توشی مام هاوار ده‌بوو، پێکه‌وه تا به‌رده‌می نانه‌واخانه‌که به قسه‌ی خۆش ڕێگامان ده‌کرد . به‌لام کێشه‌که‌م ئه‌وه‌بوو ده‌بوایه له گه‌ڕانه‌وه‌شدا له‌گه‌لی بگه‌ڕێمه‌وه چونکه شه‌رمم ده‌کرد بهجێیبهێلم .
چه‌ند به‌یانییه‌ک له‌گه‌لی ڕێگام کرد ، له پاشان ناچار بووم له درزی ده‌رگاوه چاو به کۆلاندا بگێڕم مام هاوار دیار نه‌بوایه به ڕاکردن خۆم ده‌گه‌یانده نانه‌واخانه‌که .
له هه‌مووی سه‌یروسه‌مه‌رتر ئه‌وه‌بوو مام هاوار باوکی دوو کوڕی گه‌نج و دووکچی عازه‌ب بوو ، نه‌مده‌زانی چۆن ویژدانیان ڕێیدهدا ئه‌و باوکه پیره‌یان بنێرن بۆ نان کڕین؟!
هه‌رچه‌نده پیرێکی په‌ککه‌وته نه‌بوو ، لێ مرۆڤێکی ماندوو دیاربوو . مرۆیه‌کی بالا کورت وجامانه له‌سه‌ر کلاوهکهشی وه‌ک زه‌ردێنه‌ی هێلکه له دووره‌وه ده‌بریقایه‌وه . چاوه‌کانی سپی سپی بوو، موی برۆکانی هه‌ر یه‌ک به‌لایه‌کدا ده‌رپه‌ڕیبوو . رووخۆشی و وته به نرخه‌کانی جوانیه‌کی تایبه‌تی پێ به‌خشی بوو!
جار هه‌بوو له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌مدا توشی مام هاوار ده‌بووم ، به بزه‌ی پێکه‌نین توانجی لێده‌دام و ده‌یگوت : هاوسێکه‌م گورجتر بووه ؟
منیش ده‌مگوت : مام هاوار ئه‌گه‌ر دوابکه‌وم ، به‌یانیان شه‌قامه‌کان قه‌ره‌بالخ ده‌بن و به دوو کاتژمێر ناگه‌مه سه‌رکار!
مام هاوار وهلامیدهدامهوه : ڕاست ده‌که‌یت کوڕم ،هه‌موو شت گۆڕاوه جاران له گه‌ڕه‌کێک یه‌ک ئۆتۆمبیل هه‌بوو که‌چی ئێستا مال هه‌یه دووی هه‌یه.
گوتم : مام هاوار بۆ کوڕه‌کانت نانێری بۆ نان کڕین؟
مام هاوار : جا کوڕم نه‌وه‌ی ئێستا که‌ی گوێ له دایک و باوک ده‌گرن !
وتم : مام هاوار ده‌بێت فێریان که‌یت .
وتی : کوڕم له‌بیرت نه‌چێت هه‌ندم خۆشده‌وێن نامه‌وێ له خه‌ویان که‌م .
له‌دلی خۆمدا وتم : ئای که باوکێکی به‌سته زمانی ، به‌م ڕۆژگاره کوڕه‌کانت ده‌بینم موبایلیان له گوێچکدایه و به ئۆپلهکهیان فڕکان فڕکانیانه .
به‌یانیه‌ک دره‌نگ له خه‌و بێ‌دار بوومه‌وه خێرا ئۆتۆمبیله‌که‌م داگیرساند و تیژ به‌ره‌و نانه‌واخانه‌که لێمخوڕی ، هه‌ر که له‌سه‌ر کۆلانه‌که پێچمدایهوه مام هاوارم بینی له ژێر دیوارێک بهسهردهمدا که‌وتوبوو .
گورج له ئۆتۆمبیله‌که دابه‌زیم مام هاوارم ڕاست کرده‌وه لێم‌پرسی : چیبووه مام هاوار ؟
وتی : حه‌به‌کانم !
وتم : بتبه‌م بۆ نه‌خۆشخانه ؟
وتی : نا کوڕم زوو بچۆ مالمان حه‌به‌کانم بگه‌یه‌نه ده‌ست !
مام هاوارم له‌کۆڵ کرد‌و خستمه ناو ئۆتۆمبیله‌که‌م ، تا به‌رده‌م ده‌رگای مالیان لێمخوڕێ . هه‌ر له‌گه‌ل ده‌رگا لێدان خۆم کرد به ژوورا .
دوو کوڕه گه‌نجه‌که‌ی پرسیان : چیبووه؟
وتم : باوکتان بووراوه‌ته‌وه و داوای حه‌به‌که‌ی ده‌کات .
وتیان : ئۆو دیسان حه‌به‌کانی له‌بیرچووه !
یه‌کێ له کوڕه‌کانی ده‌رگای ئۆتۆمبیلهکهمی کردهوهوحهبێکی خسته بن زمانی مام هاوار .
پرسیم : ئه‌وه حه‌بی چییه ؟
وتیان : حه‌بی نه‌خۆشی دڵه ..ئێستا چاکی ده‌کات!
وتم : جا توخوا بۆ ئێوه شووره‌ی نییه باوکتان به‌م پیرییه ده‌نێرن بۆ نان کڕین؟
هه‌ردوو کیان ملی خۆیان شۆڕ کرد وفزهیان له‌ده‌م ده‌رنه‌هات .
له پاش چه‌ند خوله‌کێک مام هاوار به هۆشتر بووه‌وه و هه‌ستایه سه‌رپێ ، دوو کوڕه‌که‌ی بن باڵیان گرتوو بردیانه ماله‌وه . منیش سواری ئۆتۆمیلهکهم بووم و گه‌ڕامه‌وه به‌ره‌و نانه‌واخانه‌که .
له پاش چه‌ند ڕۆژێکی‌تر دیسانه‌وه مام هاوارم بینی به‌ره‌و نانه‌واخانه‌که ڕێگای ده‌کرد . زۆر به‌زه‌ییم پێدا هاته‌وه وتم : مام هاوار چیتر تۆ مه‌یه بۆ نان کڕین ، له‌گه‌ل ده‌ستی خۆم نان بۆ ئێوه‌ش ده‌کڕم و به‌قه‌د ده‌رگای حه‌وشه‌که‌تانه‌وه ههلیدهواسم .
وتی : نا کوڕم ئه‌زێته !
وتم : ئه‌زێت نییه و خێره !
وتی : کوڕم ئه‌م خێره‌ت به قه‌د حه‌جێکه !
وتم : جا منیش ئه‌و ها نه‌بێت قه‌د حه‌جم پێناکری !
وتی : ده‌باشه منیش به‌یانیان له‌به‌رده‌م ده‌رگا چاوه‌ڕێت ده‌که‌م ؟
وتم : ده‌رزه‌نێ نان به‌شتان ده‌کات ؟
وتی : کوڕم من له‌به‌ر خاتری کولێره‌کان ده‌چم بۆ نان کڕین . ئه‌و کولێرانه وه‌ک ئهستورکهکانی ده‌ستی دایکم وایه !
وتم : ئه‌ستورک چییه ؟
وتی : ئه‌ستورک ..هه‌ر وه‌ک کولێره‌یه ، به‌س تام و چیژو بۆنێکی تایبه‌تی هه‌یه !.
وتم : خه‌مت نه‌بێت دوو ئهستورکهکهت له بیر ناکه‌م .
مام هاوار وتی : بێوه‌ی بیت کوڕم ..
به‌م شیوه‌یه هه‌موو به‌یانییه‌ک دهرزهنیک نان و دوو ئهستورکم بۆمالی مام هاوار ده‌کڕی به قه‌د ده‌رگای حه‌وشه‌یان ههلمدهواسی ، به‌لام مام هاوار هه‌میشه بێ‌دار بوو هه‌ر که گوێی له ده‌نگی ئۆتۆمبیله‌م ده‌بوو ده‌رگای حه‌وشه‌ی ده‌کرده‌وه به زۆر پاره‌که‌ی له ده‌ستم ده‌نا و سوپاسی ده‌کردم .
چیرۆکی ئه‌م نان کڕینهم لای که‌س نه‌ده‌وێرا بدرێکنم نه‌کا گالته‌م پێبکه‌ن و بلێن : ئه‌ی مام هاوار دوو کوڕی هه‌یه ئیتر تۆ بۆ خزمه‌تکارییان بۆده‌که‌یت؟! .
له هه‌مووی ترسناکتر ئه‌وه‌بوو ئهگهرهاوسهرهکهم بزانێت نان بۆ ماڵی مام هاوار ده‌کڕم له مالش دهرمدهکات.
به‌یانییه‌کیان وه‌ک جاران ده‌رزه‌نێک نانم بۆ مالی مام هاوار کڕی ، کاتێ گه‌یشتمه به‌رده‌رگای مالیان مام هاوار نه‌هاته ده‌ره‌وه . منیش کیسه نانه‌که‌م به قه‌د ده‌سکی ده‌رگاکه‌یان هه‌لواسی و گه‌رامه‌وه ماڵ .
نانی به‌یانیم خوارد و ڕۆیشتم بۆ سه‌رکار .
ئێواره که گه‌ڕامه‌وه ماڵ له‌سه‌ر کۆلانهکهوه بینیم به‌رده‌رگای مالی مام هاوار پڕ له خه‌لکه و داره‌مه‌یتێک له‌به‌رده‌م ده‌رگایان دانراوه . یه‌کسه‌ر زانیم مام هاوار گیانی سپاردووه .
له‌به‌ر لۆمه‌ی خه‌لک چه‌ند ڕۆژێک نه‌چوومه سه‌رکار، له‌گه‌ل هاوسێکان سه‌رپه‌رشتی پرسه‌که‌مان کرد .
پرسه ته‌واو بوو ، پووره (سورگڵ) هاوسه‌ری مام هاوار سوپاسی کردم وتی :خوا له هاوسێیهتیتان که‌م نه‌کات … ئه‌و پیرهمێردهم هه‌میشه باسی چاکه‌ی تۆی ده‌کرد .
ئیتر به‌یانیان به‌ته‌نیا ده‌چووم بۆ نانهواخهنهکهو ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵ . خۆشه‌ویستی و یادی مام هاواربهردهوام له ئه‌ندێشه‌مدا ده‌خولایه‌وه .
له‌دلی خۆم وتم : له‌وه‌بێ مام هاوار له کاتێکی باش مردبێت ، خوا خۆشی ویستووه نه‌یوستوه پیرتر بێت وله په‌ل و پۆ بکه‌وێت .
به‌یانیه‌کی زوو به خاوه خاو ده‌چووم بۆ نان کڕین بینیم پووره ( سۆرگل) کیسه‌یه‌کی له ده‌سته‌و به‌ره و نانه‌واخانه‌که ده‌چێت .
ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه سه‌رم لێشوابوو و نه‌مده‌زانی چیبکه‌م !..خۆم له پووره (سورگل) بدزمه‌وه ؟ پێکه‌وه ڕێگا بکه‌ین ، به سواری ئۆتۆمبیله‌که‌م بیبه‌م یان خۆم نانیان بۆکڕم؟
له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا هه‌موو بهریبهیانیهک پووره (سورگل)م ده‌بینی کیسه‌یه‌ک نانی به‌ده‌ستێک هه‌لگرتبوو ، بهدهستهکهیتری له‌تێ ئه‌ستورکی له کیسه‌که ده‌رده‌کرد و ده‌یخوارد!.