له خه‌وما ئانارشیستێك مرد
كامه‌ران سوبحان
قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌وتی كۆمیدیا له بزاوی شانۆیماندا یه‌كێكه له ئه‌گه‌ره مه‌حاڵه‌كانی توێژه‌ری بواری تیۆریی شانۆیی، چونكه تا هه‌نووكه یان لانی كه‌م له بیست ساڵی رابردوودا ئه‌زموونێكی پراكتیكی كۆمیدیامان نییه بۆ ئه‌وه‌ی توێژه‌ر بیكاته ده‌روازه و بنه‌مایه‌ك بۆ كاركردن و خوێندنه‌وه‌ی شیكارییانه‌ی ئه‌و ره‌هه‌نده شانۆییه‌ی كه به شانۆی كۆمیدیا ناسراوه، ئه‌وه‌ی تا هه‌نووكه‌ش به ناوی كۆمیدیاوه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت جگه له بێ بایه‌خ كردنی ئه‌و هونه‌ره زیاتر هیچی تر نییه.
بۆیه هه‌ر ئه‌گه‌رێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه هونه‌رییه‌ی كه به كۆمیدیا ناسراوه به‌ناچاری پێویستیمان به تیۆریزه‌كردنی لایه‌نی بینراووی پرۆسێسی ئه‌و كرده هونه‌رییه ده‌بێت، ئه‌گه‌ر له هه‌ر چركه‌ساتێكدا ئێمه ئه‌زموونێكی له‌و شێوازه ببینین پێویسته به چاوێكی تیژه‌وه لێی بڕوانین بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م ئه‌و ریتمه كۆمیدیا راسته‌قینه‌یه له كاری پراكتیكی هونه‌ریماندا هان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بره‌و به‌و شێوازه كاركردنه بده‌ن له ئه‌زموونی شانۆییماندا، یان لانی كه‌م ئه‌م شێوازه كاركردنه هونه‌رییه له‌و شێوازه گاڵته‌جاڕییه (به‌ناو كۆمیدی)یه جیابكه‌ینه‌وه كه له رابردوودا رۆڵێكی زۆری بینیوه له شێواندنی چێژ و چاوی بینه‌ری كوردی له هۆڵه‌كانی شانۆدا.
************
ئه‌م پێشه‌كییه كورته ده‌روازه‌یه‌كی ئێمه‌یه بۆ قسه‌كردن له‌شانۆگه‌ری به‌ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك، وه‌ك یه‌كێك له ئه‌زموونه ناوازه‌كانی بواری شانۆی كۆمیدیا له شاری سلێمانی و له كۆتاییه‌كانی مانگی كانوونی یه‌كه‌م/دێسێمبه‌ری 2011 له‌لایه‌ن گروپێك شانۆكاره‌وه نمایشكرا، كه تاڕاده‌یه‌ك ئه‌م گرووپه وه‌ك خۆیان ئاماژه‌یان پێدا خه‌ونیان هه‌بووه بۆ پیشاندانی ئه‌و ریتمه له شانۆی كۆمیدیا، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش مانگ به به‌رده‌وامی له هۆڵی پڕۆڤه‌دابوون بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م شانۆگه‌رییه.
ئه‌م شانۆكاره لاوانه له یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م نمایشه شانۆییه‌شدا په‌نایان بۆ تێكست و شاكاری یه‌كێك له نووسه‌ره هه‌ره دیاره‌كانی بواری تێكستی كۆمیدیا بردووه كه ئه‌ویش (داریۆ فۆ)ی نووسه‌ری ئیتالی و وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیاتی ساڵی 1997 به‌بڕوای من وه‌ك یه‌كێك له خوێنه‌رانی ئه‌و نووسه‌ره ئیتالیه به‌ده‌ر له بینه‌ری ئه‌م شانۆییه، ئه‌وه‌ی ئه‌م نمایشه پێی گه‌یاندین رۆحێكی پاك و بێگه‌ردی ده‌قه جیهانه كۆمیدیاكه‌ی داریۆفۆ بوو، به بێ رتووشكردن و به پارێزگاریكردن له زمانی تایبه‌تمه‌ندیی كاریگه‌رییه‌كه‌ی ئه‌و نووسه‌ره گه‌وره‌یه له دیالۆگ و دیمه‌نه‌كاندا، ئه‌مه جگه له هه‌ندێ ده‌سكاری كه‌م كه ده‌رهێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی نێو دیمه‌نی شانۆییه‌كه به رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تی و رامیارییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمانه‌وه ببه‌ستێته‌وه، به‌بڕوای من گه‌ر ئه‌و ده‌سكارییه‌شی نه‌كردایه ئه‌وا به ره‌هه‌ندی مرۆیی و گه‌ردوونی ئه‌و نووسه‌ره له ده‌قه‌كه‌یدا بینه‌ر رووداوی شانۆییه‌كه‌ی به رووداوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان ده‌به‌سته‌وه، ره‌نگه په‌نابردنه به‌ر ئه‌و گۆرانكاریی و ده‌سكارییه‌كه كه‌مه‌ش له دڵه‌ڕاوكێی زه‌ریا سامی ده‌رهێنه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه له نمایشێكی (داریۆ فۆ)دا كه زیاتر له دوو سه‌عات بوو ویستبووی به چه‌ند دێڕێك ئه‌و په‌یوه‌ندییه له نێوان رووداوه‌كانی ده‌قه‌كانی داریۆفۆ و رووداوه‌كانی وڵاتی خۆمان به‌ریتمێكی كۆمیدییانه درووست بكات، بریا ئه‌و ده‌سكارییه كه‌مه‌شی نه‌كردایه.
**** *******
داریۆ كه باوكی كۆمیدیای مۆدێرنی ئه‌وروپی داده‌نرێت، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌تی ده‌قه شانۆییه‌كانی ده‌رفه‌تی زۆر كراوه‌ی بۆ ده‌رهێنه‌ر ده‌هێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یاری به دیالۆگ و كاره‌كته‌ر و دیمه‌نه‌كانی شانۆییه‌كه بكات، ره‌نگه هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه به‌شێكی زۆری ده‌قه شانۆییه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره ئیتالیه به هه‌مان شێوه‌ی برتۆڵد برێخت نووسه‌رو ده‌رهێنه‌ری ئه‌ڵمانی دوای نمایشه شانۆییه‌كان ده‌قه‌كان ده‌نووسێته‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات ده‌رفه‌ت و ئازادی زیاتر به ده‌رهێنه‌ر بدات بۆ كاركردنی ده‌رهێنان، ئه‌مه جگه له ستایلی نامۆكردنی بینه‌ردا داریۆفۆ بۆ تێكسته شانۆییه‌كانی زۆر سوودی له شێوازی (نامۆكردن-Alienation )ی شانۆی داستانی برێخت وه‌رگرتووه، به‌وه‌ی زۆرێك له رووداووی شانۆییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی پێشبینییه‌كانی بینه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌م ریتمه هه‌ندێ جار له‌م شانۆییه‌دا نه‌ده‌بینراو هه‌ندێ له روودوه‌كانی له جێگه‌ی چاوه‌ڕوانی بینه‌راندا بوو كه ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ریتمی شانۆییه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌وه‌یه به‌تایبه‌تیش له دیمه‌نه‌كانی كۆتایی، به پله‌ی یه‌ك ئه‌م گرفته‌ش ده‌كه‌وێـته سه‌ر رێكخه‌رو ده‌رهێنه‌ری شانۆییه‌كه، كه نه‌یتوانی بوو به‌شێوازێكی سیسته‌ماتیك ئه‌و جوڵانه رێكبخات و هێڵی ده‌رهێنان به‌و شێوازه ئاڕاسته بكات كه دیمه‌ن و دیالۆگ و جوڵه‌كان به‌و ره‌هه‌نده كۆمیدیا مه‌به‌ستگه‌راییه هه‌نگاو بنێت كه له مانا شاراوه‌كانی ده‌قه‌كه‌وه هه‌ڵقوڵابێـت نه‌ك هه‌ندێ جوڵه‌ی زیاده‌ڕۆیی ئه‌كته‌ره‌كان كه هه‌ندێ جار له خاووبوونه‌وه‌ی ریتمی شانۆییه‌كه و رووداوی نێو چیرۆكی نمایشه‌كه‌دا بینه‌ر هه‌ستی به‌و زیاده‌ڕۆییه بێمه‌به‌سته ده‌كرد، ره‌نگه ئه‌مه‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌م ئه‌زموونی ده‌رهێنه‌ر له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شاكارێكی وا گه‌وره‌دا، به‌لام به‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌ره‌تایه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره لاوه ده‌كات كه له داهاتوودا كاری هونه‌ری تر و جوانتر ببینین.
************
له ره‌گه‌زی ده‌رهێنانی شانۆگه‌ریی به‌ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێكدا ده‌سه‌ڵات و توانای ده‌رهێنه‌ر له رێكخستنی دیمه‌ن و رووداوه‌كاندا ده‌بینرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كار و كاركردنی ده‌رهێنه‌ر له‌م ریتمه شانۆییانه له شانۆییه‌كی تر جیاده‌كاته‌وه هه‌ستیاریی به‌ها و كاركردنی شانۆی كۆمیدییه، چونكه جوڵه و دیمه‌ن و دیالۆگی شانۆی كۆمیدی زیاتر هه‌ستی بینه‌ر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات و زیاتر چاوی بینه‌ر به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت كه ره‌نگه له شانۆییه‌كی تردا ئه‌م ده‌رفه‌ته بۆ ده‌رهێنه‌ران زیاتر كراوه بێت، به دیوێكی تریشدا ده‌رهێنه‌ر له ره‌گه‌زی ره‌نگ و شێوازی دیالۆگ گوتندا توانیبووی پارێزگاریی له ره‌هه‌ندی كۆمیدییایی شانۆییه‌كه بكات، به‌ڵام به پێی ئه‌وه‌ی شه‌ش مانگ له هۆڵی پڕۆڤه‌دا بوون ده‌بوایه ده‌رفه‌تی رێكخستنی زیاتری جوڵه و دیمه‌ن و بونیادنانی ره‌گه‌زی ده‌رهێنانی كۆمیدیایانه له‌به‌رده‌م ده‌رهێنه‌ردا زیاتر كراوه بێت، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه زیاتر گرفت له ریتم و كه‌شی گشتیی و په‌یوه‌ندی بینه‌ردا هه‌بوو، به‌و پێییه‌ی زیاتر له دوو سه‌عات بۆ نمایشێكی شانۆیی ده‌رهێنه‌ر پێویستی به ریتمێكی خێراتر و جوڵه‌ی كه‌مه‌ندكێشتر ده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر هه‌ست به بێزاری نه‌كات، ئه‌مه له كاتێكدا ده‌قه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌هێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر له رووداوه‌كان دانه‌بڕێت، به تایبه‌تیش له هێڵی به‌رز و نزمی شێوازی وتنی وشه‌و رێكخستنی دیمه‌ن و چیرۆكه جیاوازه‌كانی نێو ده‌قه‌كانی، به‌ڵام هه‌ندێ چركه ودیمه‌ن و رووداو هه‌بوو ئه‌گه‌ر توانا و لێهاتووی ئه‌كته‌ره‌كان و شێوازی نمایشكردن نه‌بوایه به‌دڵنییاییه‌وه بینه‌ر تووشی بێزاری ده‌بوو، ئه‌مه له كاتێكدا بێزاری ره‌گه‌زی نه‌خوازراووی كۆمیدیایه به‌تایبه‌تی لای ئه‌م نووسه‌ره به‌ناوبانگه.
داریۆفۆ خۆشی له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ده‌ڵێت “هه‌ركاتێك یه‌كێك له بینه‌ره‌كانم باوێشكیان دابێت بێ دوودڵی نمایشه‌كه‌م وه‌ستاندووه، چونكه زانیوومه كه نمایشه‌كه‌م و رووداو‌و دیمه‌ن و دیالۆگ و وشه‌كان و شێوازی نواندنی ئه‌كته‌ره‌كان هه‌ڵه و كه‌م و كورتییه‌ك هه‌یه، چونكه ده‌قه‌كه به بێ نمایش بخوێنیته‌وه بۆ یه‌ك چركه‌ساتیش خوێنه‌ر له شانۆییه‌كانم دانابڕێت.”
ده‌بایه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ش له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌م نمایشه‌دا ره‌چاو بكرایه، به‌ڵام هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌تاشدا ئاماژه‌مان پێدا كه‌م ئه‌زموونی شانۆیه‌كی كۆمیدی راسته‌قینه ئه‌و كۆسپانه و ده‌یان كۆسپی تری هونه‌ریی بۆ ده‌رهێنه‌رانی ئه‌و بواره درووست ده‌كات.
***********
ره‌گه‌زێكی جوڵێنه‌ری ئه‌م شانۆییه كه هانده‌ری زیاتری ئێمه‌یه بۆ هه‌ڵوێسته‌كردن له‌سه‌ری، توانست و هێزیی درووستكردنی كاره‌كته‌ری كۆمیدیایه له‌لای ئه‌كته‌ره‌كانی ئه‌م شانۆییه، كه توانای هه‌ریه‌ك له‌و ئه‌كته‌رانه كه پێشتر بینیبوومان زۆر جودایه له‌م بینینه‌ی كه له‌م نمایشه‌دا بینیمان، ئه‌مه‌شه وامان لێده‌كات بڵێین ئه‌م نمایشه شانۆییه ریتمێكی نوێیه له شانۆی ئێمه‌دا به‌و مانایه‌ی پێشتر شانۆی كۆمیدیا به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی له شانۆی ئێمه‌دا نا ئاماده‌یه‌كی قوڵی هه‌بووه، بۆیه ده‌ركه‌وتنی ئه‌كته‌ره‌كان به‌و توانسته كۆمیدیایه رامان ده‌وه‌ستێنێت له به‌رامبه‌ر نمایشه‌كه‌دا، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ریتمه شانۆییه كۆمیدییانه له بزاووی هونه‌ریی ئێمه‌دا له داهاتوودا هه‌نگاوی تریی به دواوه بێت، گه‌ر وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی گشتگیر سه‌یریی توانای ئه‌كته‌ر له‌م شانۆییه‌دا بكه‌ین من بۆخۆم هه‌ر شه‌ش ئه‌كته‌ره‌كه به سه‌ركه‌وتوو ده‌بینم له نمایشه‌كه‌دا و پێم وایه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كۆمیدیا مامه‌ڵه‌یان كردبوو له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كاندا جگه له هه‌ندێ (زیاده‌ڕۆیی -موبالغه)ی بكه‌م نه‌بێت به‌تایبه‌تیش توانستی نواندن لای پێشڕه‌و حسێن و نه‌هرۆ مه‌لا محه‌مه‌د و شاد شه‌وكه‌ت زیاتر ئه‌و توانایه‌ی پێ نیشان ده‌داین كه ئه‌م ئه‌كته‌رانه له فیگه‌ری نێو ده‌قه‌كانی تری داریۆ فۆ ده‌چن و بینه‌ر له بینینی جوڵه و ریتمی دیالۆگ و شێوازی ئاخافتنیاندا هه‌ستت به‌و ره‌گه‌زه كۆمیدییایه باڵایه ده‌كرد، كه لای من ئه‌م گۆڕانه له ریتمی ئه‌و ئه‌كته‌رانه له نمایش و ئه‌زموونی پێشترییانه‌وه بۆ ئێستا مایه‌ی قسه له‌سه‌ر كردن و هاندان و ده‌ستخۆشییه‌كۆی گشتی تێڕوانینی من بۆ شانۆگه‌ری به رێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك له شیكاركردن و لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونێكی فرۆیدانه ده‌چێت كه هه‌ریه‌ك له ئێمه خه‌ون به مردنی ئانارشیستێكه‌وه ببینین له شانۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، به‌ڵام ئه‌و مردنه به نمایشێكی هونه‌رییانه‌ی كۆمیدیایانه‌ی راسته‌قینه نه‌ك به مردنی ئانارشیستێكی عه‌فه‌وییانه‌ی نا مه‌به‌ستگه‌رایی، به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و ئانارشیستێك له‌م نمایشه‌دا مرد مردنێك بوو له خه‌ونی شاعیرانه‌ی نێو ئه‌فسانه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان هێنده جوان و پڕ له ئه‌فسوون بوو.
*به‌ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك، نووسینی نووسه‌ری به‌ناوبانگی كۆمدیای ئیتالی و وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵ داریۆ فۆ و وه‌رگێڕانی سیروان مه‌حمود، ده‌رهێنانی زه‌ریا سامی، نواندنی پێشڕه‌و حسێن، نه‌هرۆ مه‌لا محه‌مه‌د، عه‌تا حه‌مه‌ساڵح، نیشتیمان عه‌بدوڵڵا، شاد شه‌وكه‌ت، مه‌هدی خزر.
شانۆگه‌ری به‌ڕێكه‌وت مردنی ئانارشیستێك رۆژی 20 -28 كانوونی یه‌كه‌م/دێسێمبه‌ری 2011 له هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی نمایشكرا، ئه‌م شانۆگه‌ریی به‌رهه‌می وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی و لاوان به‌ڕێوبه‌رایه‌تی تیپ و سه‌نته‌ره رۆشنبیرییه‌كانی شاری سلێمانی بوو.