Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
راستڕەوی.. چەپڕەوی؟

راستڕەوی.. چەپڕەوی؟

Closed

لەو ژوورەی نەخۆشخانەکەدا سێ قەریۆڵە هەبوو. قەریۆڵەیەکیان بەتاڵ بوو، یەکێکی تریان لاوێکی لەسەر راکشابوو سەرو دەموچاوو دەست و بازووی پێچرابووەوە، تەنیا بە دەنگیدا دیار بوو کە لاوە، ئەگینا لەبەر ئەوەی وەکو مۆمیای پێچراوە هیچ لایەکی بەدەرەوە نەبوو، نەئەزانرا تەمەنی چەندە. تەنیا لاچاوێك و بۆشایی دەمی بەدەرەوە بوو.
ئەو قەریۆڵەیەی لەناو دەرگاکەشدا بوو نەخۆشێکی تەمەن مام ناوەند کە پێش نیوەڕۆ هێنابوویان لەسەری راکشابوو. لاوەکەی لەناو پێچەردا ئەیناڵاند بە نەخۆشە تەمەن مام ناوەندەکەی وت:
–    مامە چاك ئەبی ئیشاڵلا
–    خۆش بیت، تۆش چاك ئەبی ئیشاڵلا
–    خوا لێت کەم نەکات مامە. ئەوە سێ رۆژە لەم شوێنەدا هەر نزا بۆ خوا ئەکەم  بەندەیەکی خوێندەوارم بۆ بنێرێ. خوێندەواریت هەیە مامە؟
–    هەندێ خوێندەواریم هەیە. بۆ ئەپرسن؟
–    خوا ناردتی بۆ ئێرە. من لێرە رەزیل و سەفیل بوومە مامە. هەموو ئێسك و پرووسکیان تێك شکاندووم، وردوخاشیان کردووم مامە.
لاوەکە کە بەدەنگیەوە دیار بوو ئەگریا، بە ناڵەوە ئەدوا:
–    نامەیەکم بۆ نانووسی مامە؟ نامەیەکم بۆ بنووسە وەزع و حاڵم بۆ خزمانی لادێ روون بکەمەوە.. ئەوە زەرف و ئەوەش کاغەز، فەرموو.
–    باشە، با دەست پێ بکەین.
نەخۆشە مام ناوەندەکە زەرف و کاغەزی لاوەکەی لەسەر کۆمەدییەکە دانا، قەڵەمیکی لە گیرفانی پێجامەکەی دەرهێنا، کاغەزەکەی بەدەستەوە گرت،  کارتۆنێکی مقەبای خستە ژێری و خۆی بۆ نووسین ئامادە کرد:
–    بڵێ بزانم
لاوە بە تف قووتدانەوە باسی بۆ ئەکردو کابراش ئەینووسی یەوە:
“بۆ برای بەڕێزو پایە بەرزم عومەرە شەل مەخسووسە. سەرەتا بە ئەرکی سەرشانمی ئەزانم هەواڵت بپرسم، پاشان لە گوڵ ناسکتر پرسیاری تەندروستیی جەنابتان ئەکەم.”
کابرای مام ناوەند وتی: – ئافەرین، چەند جوانی لێ ئەزانی.
لاوە وتی:
–    سەرەتاو کۆتایی نامە نووسین باش ئەزانم مامە. ئەو نامانەی لە چایخانەی دێ یەکەمان دا ئەخوێنرانەوە من بە وردی گوێم بۆ ئەگرتن و ئەزبەرم ئەکردن. بەڵام مەتنی نامە نووسین زەحمەتە. مامە بنووسە:
“ئەگەر ئێوەش هەواڵی من ئەپرسن، ئەوا من زۆر خراپم، وا لە کونجی نەخۆشخانەدا ئەناڵێنم. هێشتا روحم لەلەشم نەبۆتەوە. چ بەختەوەری یەکی گەورەیە کە هێشتا گیانم لەدەست نەداوە… لاوە وتی:
–    مامە، ئیتر لەمە بەولاوە نامە نووسین ئەستەمە. ئەمەی ئێستا نووسیمان چەندین رۆژ بیرم لێ ئەکردەوەو ئەزبەرم کردووە.
کابرای مام ناوەند کە بەپەرۆشەوە بوو بەسەرهاتی لاوە بزانێ پرسی:
–    ئەوەی دوای ئەمە بۆچی ئەستەمە؟
–    ئیتر ئەستەمە، چونکە نامەی هیچ کەسێك، ناوەڕاستەکەی لەیەك ناچێت. من گەر بەسەرهاتی خۆمت بۆ بگێڕمەوە، ناکرێ بە شێوازی خۆت بینووسیتەوە؟
–    بۆ ناکرێ؟ بێگومان ئەکرێ، بگێڕەوە بزانم.
لاوە چووە ناو باسەوە:
مامە، کاتی سەربازیمان نزیك بۆتەوە، قسمەت بێ ساڵی داهاتوو ئەبین بە سەرباز. ساڵی پار هاوڕێکانم کە بوون بە سەرباز ئەوەی پارەدار بوو چێژی لەژیانی سەربازی کرد. بەڵام ئەوەی بێپارە بوو دووچاری گەلێ ئاستەنگی بوو. ئیتر تێگەیشتم، بۆ بەجێهێنانی ئەرکی نیشتمانی ئەبێ پارەدار بین، پارەی جغارەو مغارەو… کە بیرم لەمە کردەوە، وتم بەرلەوەی بڕۆمە خزمەتی سەربازی، لەم شوێنە گڵاوەی پێی ئەڵێن ئیستانبوڵ کارێك بکەم. دەست بەکار بکەم و هەندێ پارەو پوول و خەرجیی گیرفان کۆکەمەوە.
کە گەیشتمە ئیستانبوڵ، ئەو کاغەزەی دەستم کە ناوی هەندێ لە برادەرانی دێ یەکەمانی لەسەر نووسرابوو، پیشانی خەڵکی خوێندەوارم داو پرسیاری جێ و رێم کردن. ئیتر کەوتمە گەڕان بەشوێن ئەو چایخانەیەی هاوڕێکانمی لێ کۆ ئەبنەوە. پاشان لەڕێی پۆلیسخانەوە زانیم ئەو شوێنە شوومەی بۆی هاتووم ناوی “تەقسیم”ە. لەوێ، کاتێ ناونیشانەکانی ناو کاغەزەکەی دەستم  پیشانی ئەم و ئەو ئەدا، هێندەم زانی ئاپوورەیەك ئەو ناوەی تەنی یەوە، ئاپوورەیەکی وا هەر مەپرسە. هەزار هێندەی دێ یەکەی ئێمە خەڵك لەو شوێنە کۆ بوونەوە. گەر بشمەوێ خۆم راپسکێنم و تێپەڕم، ئەو حەشاماتە یەکگرتووە لەوەدا نەبوو کەلێنی تێکەوێ. زۆرم هەوڵ دا رێچکەیەك بۆ خۆم بکەمەوە بێ سوود بوو. بەملاو بەولادا پاڵیان پێوە ئەنام و، لەگەڵ ئەو شاڵاوەدا راماڵدرام. هەر بە راکێشان هاتم هەتا لە شوێنێك دا ئارامم گرت. لەوێدا، یەکێك لە حەشاماتەکە سەر شوێنێکی بڵند کەوت و دەستی بە قیڕەقیڕ کرد. هەرچیی ئەووت، گەر لەبەر قەرەباڵغی تێشنەگەیشتنایە، بۆ هەر قسەیەکی کابرا دەستیان رائەوەشاندو هاواریان ئەکرد “بژی”. جا ئەو قسانە چی بوو، چۆن تەواو بوو، تێنەگەیشتم. هێندەم زانی پێشبڕکێ بوو نازانم غاردان بوو دەستی پێ کرد. بەڵام بەجۆرێك غاریان ئەدا وەك ئەوەی لەکێشەدا بن. نەئەزانرا کێ راونراو بوو، کێ راونەر بوو. لەبەر ئەوەی لەپشتەوە پاڵیان پێوە ئەنام، منیش وەکو ئەو خەڵکە بە ناچاری دەستم بە غاردان کرد. بەڵام چونکە زۆر ماندوو بووم و دوو رۆژ بوو نانم نەخواردبوو، نەمئەتوانی لەگەڵ پێی ئەوان غار بدەم. ئیتر نازانم تاقەتم چوو، یان لەدواوە زۆڵێك پاڵی پێوە نام، یاخود گیرفانیان بڕیم، هەرچی یەك بووبێ، بەدەما کەوتم. راونراوو راونەریش بەجۆرێك بەسەرما تێ ئەپەڕین و ئەیانشێلام لەتوانامدا نەبوو هەڵسمەوە. منیان لەناو زام و ئازارو ئارەقەو خوێنو داپڵۆسین دا جێهێشت. خۆم رێك خستەوەو هەڵسامە سەرپێ. ئەمجا چی ببینم. ئاپوورەیەکی دی بە دەسکە پاچ و بۆڕی و ئاسن و تۆپزو دارو داردەستەوە بەرەو ئەملا غار ئەدەن و هەریەکەیان روحکێش، چاوسوور، دەم کەفاوی. تومەز ئەوانەی هەندێ لەمەوبەر دایان پڵۆسیم و هەڵاتن، ئەمان راویان ئەنان. سێ چوارێك لەم چاوسوورو دەم کەفاوییانە توند گرتمیان و سواری سەرم بوون. یەکێکیان هاواری لێ هەڵسا: “ئەوا یەکێکمان لە بێنامووس و ناپاکەکان گرت. هەر کێ دین و ئیمان و خواو پێغەمبەری خۆش ئەوێ با دایپڵۆسێ!”. لەگەڵ وای وت چی داربەدەست بوو رژانە سەرم. کەوتمە پاڕانەوە “خوا هاوارە دەستم دامێنتان نەکەن، من بۆ کارکردن هاتوومەتە ئەم شاری ئیستانبوڵە، غەریبم… ” بەڵام قسەو پاڕانەوەم لەناو ژاوەژاودا وەکوو تڕی دەهۆڵ لێدەر ون بوو. لە تووڕەییدا کەس گوێی لەقسە نەئەگرت، هەر بەلێدان تەواویان کردم. هەرچۆنێك بوو یەکێکی بەویژدان لەناویان دا پەیدا بوو وتی “راوەستن، با جارێ بزانین چیی لەدڵدایە”، لێی پرسیم: “کورە تۆ راسترەوی، چەپڕەوی؟”. منیش لەبەر ئەوەی نەمئەزانی  راسترەوو چەپڕەو چی یە، تەخمینیشم نەئەکرد کامیان بڵێم پێیان خۆش ئەبێ و لەیەخەم ئەبنەوە، ئیدی بەو ئومێدەی گیانم لە چنگیان قورتار بکەم وتم: “ئێوە ئەڵێن چی، ئەلحەمدولیللا هەموومان چەپرەوین”. هەر کە وام وت، داردەستێك بەرز ئەبووەوەو پێنج داردەست ئەکێشرا بە سەرما. وامزانی دنیام بەسەردا رووخا. گەر خۆم وەکوو مردوویەکی بێ گیان لێ نەکەم هەر ئەمکوژن. “تۆپی بێنامووسە! سوپاس بۆ خوا یەکێکی دیمان تۆپاند!”. سەروچاومیان بەتف سواغ داو رۆیشتن.
کاتێ حەشاماتەکە رەوی یەوەو ئەو ناوە چۆڵ بوو، بەشێنەیی هەڵسامە سەرپێ بەڵام لەبەر ئەوەی گەلێکیان تێ هەڵدابووم یارای هەنگاو هەڵهێنانم نەبوو. بە شەلەشەل کەوتمە رێ تا کەوتمە ناوەندی حەشاماتیکی دی یەوە. ئنجا ئەوان دەوریان لێدام و لێیان پرسیم:
“راستڕەوی، چەپڕەوی؟”
جارێك وتم چەپڕەوم زۆریان تێهەڵدام، جارێکی دی ناڵێم چەپڕەوم. بۆ ئەوەی لێم رازی بن و لەدەستیان قورتار بم وتم: “سوپاس بۆ خوا راستڕەوم!” هەموو بەجارێ نیشتنە سەرم. ئای خوایە، چی بڵێم بۆ ئەوەی لە کوتەکیان رزگارم بێ نازانم. هەرچۆنێ بێ ئەمان لەوانی پێشوو بەویژدانتر بوون و بەدواتدا غاریان نەئەدا. هەڵاتم و خۆم دەرباز کرد.
درێژەی نەدەمی مامە، راسترەوم وت تێهەڵدرام، چەپڕەوم وت تێهەڵدرام، من تەواو دەستم لەخۆم شۆریبوو، هۆشم لێ بڕا بوو، چۆنە وا ماوم نازانم. بە نەقیزەی کەسێك بەئاگا هاتم. دیسان ئەبینم ئەو کێبڵ بەدەست و بەرچاو تاریك و گیانکێشانەی لەوێنەی مرۆڤدان لەژوور سەرم وەستاون. لەدڵی خۆمدا کەوتمە نزا کردن “ئەی خوای گەورە بۆ خاتری گەورەیی خۆت وا لەم بەندە غەریبەی خۆت بکە شتێك بڵێ کوتەك نەخوات!”. بەوانەی لەژوور سەرم وەستاون وتم: “برایان هێشتا سەربازیمان نەکردووە، ئێمە لادێ یین، هێشتا راست و چەپیان فێر نەکردووین، لەکوێ بزانین…” یەکێکیان بەپاڵ نانەوە لیی پرسیم: “ئەی کەواتە چیت؟”. ئەئاوا، پرسیاری وا بکە، منیش وەڵامت ئەدەمەوە. هەر کە وتم “کرێکارم!”
–    واااای کرێکاری ها؟ بڵێ رەنجدەری.. یانی چەپڕەوی!
ئیدی لەسەر زەوی پاڵیان خستم و دایان پڵۆسیم. روح شیرینە مامە، روح زۆر شیرینە.. بەو حاڵەوە قەڵەمبازێکم داو خۆم خزاندە ناو دووکانیکی ئەو تەنیشتەوە. ئەوانیش هاتن و لەبەردەمی دووکانەکەدا گرد بوونەوە. خاوەن دووکان کەوتە پاڕانەوە لێم ” ئەرێ برا، بڕۆ دەرەوە، دووکانەکەم بەڕووخان ئەدەی…”. دەرنەچم دووکانەکە بەسەر خاوەنەکەیدا ئەڕووخێنن، دەرچم پێستم کەوڵ ئەکەن. خێرا لە دووکانەکە دەرپەڕیم. ئەوەندە قەرەباڵغی کەوتنە دوام، بڵێم قەرەباڵغی پڕکێشی ناکەیت، تا ئەهات زیاتر ئەبوو، وەکوو رەنووە بەفر لەزیاد بووندا بوو. هەموو خەڵکی ئیستانبوڵ بەدوامەوە بوون. ئەڵێن راونراو لە راونەر خێراتر رائەکات.
بەڵێ راونراو لەڕاونەر خێراتر ڕائەکات، ئەزانی بۆ؟ لەتاو گیانی خۆی، زۆر راستە! منیش بەجۆرێك رام ئەکرد، هەڵلا هەڵلا.. برا.. تۆ بڵێی ئێمە بۆ کوتەك خواردن هاتبینە ئەم شاری ئیستانبوڵە؟
درێژەی نەدەمێ مامە.. نەیسە، دڵنیا بووم لەوەی ئەوانەی بەدوامدا غار ئەدەن نامگەنێ، کەسیش لەپێشمەوە بۆم دەرنەچوو رێم لێ بگرێت! ئیتر هەر بەملاو بەولادا غارمان ئەدا تا تەختەیەکی نووسراوی پۆلیسخانەم کەوتە بەرچاو.. بڵێ خوا بەزەیی پیاما هاتەوە پۆلیسخانەی خستە سەر رێم. خۆم بەناو پۆلیسخانەدا کرد. ئۆه، سوپاس بۆ خوا، لە پۆلیسخانەی دەوڵەت دا گیانمان پارێزراوە. هێشتا ئۆخەیم نەکردبوو یەکێك لە پۆلیسەکان چەپۆکێکی بەدەمما کێشاو وتی:
–    کورە تۆ لای هەموو کەسێك وتووتە من چەپڕەوم!
–    ئەسڵەن ئەوە قەبووڵ ناکەم. لەژێر زەبری کوتەك دا پێیان کردم!
پۆلیس کە ئەم زانیارییانەی لابوو دامیە بەر شەق و زللە، بە لێدانەوە ئەیووت:
–    بڵێ، قسە بکە، چەپڕەوی؟
–    حاشا هەو نیم، من کێم تاوەکوو ببم بە چەپڕەو،،
–    ئای، بڵێ.. نیازت هەیە ببیتە چەپڕەو، ها؟
–    ئەستەغفورەڵلا..
–    کورە قسە بکە، چەپڕەوی؟
ئیدی خۆم بۆ نەگیراو دامە پڕمەی گریان:
–    نەکەن براکانم، نە ڕاستڕەوم، نە چەپرەوم، ئێوە چین منیش ئەوەم.
یەکێك لە گەورە پۆلیسەکان وتی:
–    راوەستن، من ئێستا بۆم دەرئەکەوێ ئەمە چەپڕەوە یان نا. ئێستا پرسیارێکی لێ ئەکەم چەپڕەوەکان ناتوانن لەئاستیدا درۆ بکەن… لێی پرسیم:
–    بڵێ بزانم، نازم حیکمەت چۆن پیاوێکە؟ چۆنی ئەناسیت؟
ناوی ئەو کابرایەم قەت نەبیستبوو. گەر بڵێم نایناسم رەنگە یەکێك بێ لە گەورەکانمان ئەوسا لێم تووڕە ئەبن و دیسان دامئەپڵۆسنەوە. پەنام بۆ خوا بردو کەوتمە نزا کردن “خوایە بەقوربانت بم راستیم بۆ بدرکێنە…”. ناوی ئەو پیاوەی لێیان پرسیم هەبێ و نەبێ یەکێکە لەو گەورە پیاوانەی لەژوور سەرم وەستاون. ئیدی بیرم کردەوەو وتم:
–    خوا لە چاکەی کەم نەکات، شوێنی لەسەر سەرمانە، تا دنیا مابێ ناوی هەر بمێنێ، پیاوێکی زۆر باش و مەزنە…
هێندەم زانی بەرچاوم تاریك داهات. بروسکەو هەورە تریشقە دابارینە سەرم. ئیدی چۆنیان لێداوم ئاگام لەخۆم نەبووە. کاتێ چاو ئەکەمەوە مامە ئەها لەم نەخۆشخانەیەدام و هەموو ئێسقانی گیانم تێکشکاوە، وردوخاش بوومە. هەفتەیەکە لەناو ئازارێکی سەخت دام. بڵێی ئێسقانەکانم بخەنەوە جێی خۆی و وەکوو پێشانی لێ بکەنەوە، نازانم، چونکە نازانم قاچم لە کوێ یە، قۆڵم لە کوێ یە. دەست و قاچم لەجێی خۆیان دا نەماون.
ئیدی ئەمە بوو بەسەرهاتی من مامە. هەر ئاواش لەنامەکەدا بنووسە. بشنووسە بە پەلە پارەی رێوبان و جلوبەرگم بۆ بێنن و لەم ئیستانبوڵەم رزگار بکەن. لە کۆتایی نامەکەشدا بنووسە “باقی وە سەلام، دەستی گەورەکان و چاوی منداڵەکان ماچ ئەکەم”.


چیرۆکی: عەزیز نەسین
لە تورکی یەوە: ئازاد ئەحمەد

    سەرچاوە: کۆمەڵە چیرۆکی (ئافەرین) بە تورکی – عەزیز نەسین – ئیستانبوڵ 1959
Aferin – Öykü – Aziz Nesin – İstanbul 1959
تێبینی: ئەم چیرۆکە لە رۆژنامەی هاوکاری ژمارە 2281 و 2282 سێپتەمبەری 1995 بە دوو بەش بڵاو کرایەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.