Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پەروەردە لەکابینەی شەشەمدا … بەشی ١

پەروەردە لەکابینەی شەشەمدا … بەشی ١

Closed
by January 14, 2012 گشتی


لەنێوان جیهانبینی لاوازی وەزیرو سەرەک وەزیراندا

دڵنیام خه‌ڵکی به‌ ویژدان و به‌ ئینساف ده‌بینن حکومه‌تی هه‌رێم
بایه‌خێکی گونجاوی به‌که‌رتی په‌روه‌رده‌و به‌تایبه‌تیش به‌ مامۆستایان داوه‌
بەرهەم سالح 2011

پێشەکی  
                          
ئێمە خۆمان بەیەکێک لەو خەلکە بەویژدانە دەزانین کەلەبواری پەروەردەا کار دەکەین بەڵام رای ئێمە تەواو پێچەوانەی رای سەرەک وەزیرانە. بەپێچەوانەی ئەمەوە ئێمە پێمان وایە وەزارەتی پەروەردە لەکابینەی شەشەمدا وەزارەتێکی تەواو بێتواناو سست و ناکارامەیە. ئەو وەزارەتە زۆر بریارو یاسا پێشیل دەکات و بەپێچەوانەی سیستمی پەروەردەیی 2007 کەخۆی دایرشتووە کار دەکات، لەکاتێکدا ئەم سیستمە  لەپەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کراوە . ئێمە لەسێ  وتاری جیاوازدا هەول دەدەین بەشێوەیەکی خێرا هەندێک لەکارەکانی وەزارەتی پەروەردە لەماوەی دوو سالی رابردوودا هەلبسەنگێنین و ئەوەش یاداشت دەکەین ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران یا وەزارەتی پەروەردە پێیان وایە ئێمە هەلسەنگادنی هەلەمان بۆ کارەکان کردووە دەتوانن رایان خۆیان بخەنەروو بۆ ئەوەی بتوانی بەشێوەیەکی وردتر قسەیان لەسەر بکەین.
ئێمە لەم هەلسەنگاندنەدا هیچ یەکێک لەسەرەک وەزیران و وەزپری پەروەردە بەسەرەک کابینەکانی رابردوو وەزیرەکانی دیکە بەروارد ناکەین و باسی خاڵە لاوازو بەهێزەکانیشیان تەنها لەبواری پەروەردەدا دەکەین. ئەمەش بەو مانایە نایەتەوە کەئەوانی دیکە لەمان باشتربوون و بەو مانایەش نایەتەوە کەئەمان لەبوارەکانی دیکەدا سەرکەوتوو نەبوون. بەهەمان شێوە ئەم هەلسەنگاندنە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەو وتارو بەرنامانەوە نیە کەلەلایەن ئۆپۆزیسیۆن یا پارتی و رێکخراوەکانی سەر بەپارتی ئامادەو بڵاودەکرێنەوە.

مێژوی پەروەردە
بەدرێژایی مێژووی پەروەردە لەهەرێمی کوردستاندا تاوەکو ئەمرۆ یەک دانە وەزیری پەروەردە دانەنراوە بروانامەی لەپەروەدەا هەبێت وسەرجەمیان لەسەر بنەمای حیزبیبوون دامەزراون. بۆیە لەهەموو کابینەکاندا بەدەر لەکابینەی پێنجەم، پەروەردە لەشوێنی خوێیدا وەستاوەوە ئەمەش مانای وایە بەشێوەیەکی نیسبی بۆ دواوە گەراوەتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە جیهانبینی پەورەدەیی لەلای سەرۆکی کابینەکان و وەزیرەکانی پەروەردە، جیهانبینیەکی لاوازو تەمومژاوی تێکەل بەنەشارەزایی بووە. سیستمی پەروەردەیی ئێمە یەکێکە لەسیستمە دواکەوتووەکانی ناوچەکە.

پاشخانی سەرەک وەزیران و وەزیری پەروەردە

بەرێز بەرهەم ساڵح دەرچووی زانکۆکانی رۆژئاوایەو خاوەنی پەروەردەیەکی لیبراڵە، بۆیە مرۆڤ زیاد لەهەموو سەرەک کابینەکانی دیکە چاوەروانیەکی گەورەتری لێی هەبووە. لەماوەی کارکردنی خۆیدا زیاد لەسیاسیەکانی دیکە زرینگی نواندووە بەتایبەت لەبواری خوێندنی بالا، بەلام ئەم زرینگیە بەهیچ شێوەیەک پەروەردەی نەگرتۆتەوە. وەزیری پەروەردە بەپێچەوانەی سەرەک وەزیرانەوە خاوەنی هیچ پاشخانێکی ئەوتۆ نیە کەجێگای دڵخۆشی بێت بۆ ئەوەی کارێکی کۆنسترەکتیڤانە لەبواری پەروەردەدا ئەنجام بدات. ئەو زیاتر خەریکی کاری حیزبی و هەوالگری بووە تا هەر بوارێکی دیکە.
 لەلایەکی دیکەوە ئێمە وەزارەتئ پەروەردە بەکەمتەرخەمی یەکەم دەزانین لەبەرامبەر ئەو دواکەوتن و شکستانەی لەبواری پەروەردا هەیە. بەلام لەهەمان کاتدا نیشانەی کەمتەرخەمیەکی گەورەی سەرەک وەزیرانە چونکە بەپێی یاسا سەرەک وەزیران بەرپرسیاری یەکەمە لەکاری هەموو کابینەکەی خۆی. ئێمە هیوادارین ئەم وتارەی ئێمە لەبری توڕەکردنیان ببێتە هاندەرێک بۆ هەردووکیان، واتە سەرەک وەزیران و وەزیری پەروەردە بۆ ئەوەی پەروەردە لەداهاتوودا جێگایەک لەجیهانبینی ئەواندا بگرێتەوە.
سەرەک وەزیران لەبواری پەروەردەدا خاوەنی جیهانبینیەکی بەهێز نیە. بۆ پشتراستکردنەوەی ئەم بۆچوونەش ئەو لەماوەی کارکردنی وەکو سەرەک وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی نەیتوانی هیچ شتێکی باش لەکەرتی پەروەردەدا بکات، بەپێچەوانەوە کۆمەڵێک شتی خراپیش بەرجەستە کرد. دروستە کەئێمە لەبارودۆخێکی دیکەدا بووین، بەلام  ئەو وەزیرێکی زۆر خراپی بۆ پەروەردە هەڵبژاردو خۆشی نەیتوانی پرۆژەیەکی چاکسازی بخاتەروو. هۆکاری ئەمەش بەرادەی یەکەم بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کەپەروەردە لایەنی بەهێزی سەرەک وەزیران نیە. بەهەمان شێوەش وەزیری پەروەردە هەرگیز ئەوەی نیشان نەداوە کەنە لەدوورو نەلەنزیکەوە توانای بەسەر پەروەردا دەشکێت و شارەزاییەکانی ئەو لەم بوارەدا زۆر لەخوار سفرەوەیە. پێشمان خۆشە ئەوە یاداشت بکەین کەهیچ کابینەیەکی کوردستان بەئەندازەی کابینەکەی بەرهەم ساڵح توشی سەختی و دژواری نەبۆتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا جیاوازییەکی یەکجار گەورە لە نێوان ئاستی وشیاری و مەعریفی و ستروکتوری کارکردنی سەرەک وەزیران و وەزیری پەروەردەدا هەیە.
ئێستا ئێمە لەسەردەمێکی دیکەدا دەژین و سەرەک وەزیران لەبواری دیکەدا ئەوەی سەلماندووە کەدەتوانێت کاری باش بکات و لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە خاوەنی پەیوەندییەکی زۆر بەربلاوە. بەلام بەداخەوە لەئێستاشدا پەروەدە لەقەیراندایەو هەردوو ئەم پیاوە  نەیانوانیوە لەم قەیرانەدا  هەنگاوی باش بنێن.  یەکێک لەگرفتەکانی سەرەک وەزیران ئەوەیە زۆر جار رێکەوتنی ستراتیژی دەبێتە کۆسپ و بەئاسانی ناتوانێت دەست لەوەزارەتەکانی پارتی وەربدات. ئەم حالەتە بۆ بەرێزنێچیرڤان بارزانیش هەروا بوو.  بەرهەم سالح هەموو هەولەکانی خۆی بۆ بواری خوێندنی بالا تەرخان کردووەو لەم بوارەدا دەتوانین بلێن سەرکەوتنی بەدەست هێناوە

وتاری سەرەک وەزیران و وەزیری پەروەردە 
ئێمە تا ئەو رادەیەی پێمان کرابێت چاودێری وتارەکانی سەرۆکی کابینەو بەتایبەت وەزیری پەروەردەمان کردووە. دەرئەنجام هیچ یەکێک لەو وتارانەی ئێمە بینیومانە نیشانەی ئەوەیان پێوە نەبووە کەجیهانبینیەکی پەروەردەییان لەپشتەوەیە. هیچ یەکێکیان چەمکە مەعریفی، دەرووناسی یا پەروەردەناسیە بایەخدارەکانیان لەپشتەوە نەبووە کەئاماژە  بەتەوژمێک بکەن کەلەتوانایاندا هەیە سیستمی پەروەردەیی لەم ولاتەدا بەشێوەیەک بگۆرن کەشایەنی مندالەکانی ئێمە بێت. لەوەش خراپتر ئاماژەیەکی ئەوتۆی تێدا نەبووە ئەوان رۆژێک لەرۆژان کەمێک لەو بوارانەی سەرەوەدا قول بوونەتەوەو خۆیان بەقوتابخانەیەکی فیکری دەرووناسی- پەروەردەناسیەوە خەریک کردبێت. بەهەمان شێوە نەشارەزایی خۆیان لەبەکارهێنانی  چەمکە مەعریفیەکانی پەیوەست بەپەروەردە نیشانداوە. ئێمە لەم روانگەیەوەو لەگۆشەنیگای ئەو کارانەوە کەلەماوەی ئەم کابینەیەدا کراون یا نەکراون ئومێدێکی ئەوتۆمان نیە کەبواری پەروەردە هیچ گەشەسەندنێک بەخۆیەوە ببینێ.

سەروەرییەکانی کابینەی شەشەم

وەکو پالپشتیەک بۆ ناکارامەبوونی کابینەی شەشەم لەبواری پەروەردەدا، ئاماژە بەپەروەندەیەکی دەزگای خەندان دەکەین کەپالپشتی لەسەرەک وەزیران دەکات. خەندان پەروەندەیەکی تایبەتی لەسەر سەروەرییەکانی کابینەی شەشەم بلاوکردۆتەوە (مالپەری خەندان 25/7/2011) کەسێ بواریان بەتایبەت پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بەمندال و پەروەردەوە هەیەو دەکرا جێگای زۆر چاکسازیان تێدا ببێتەوە : لەبواری ژن و مندالدا دەیەها خال و برگە نووسراون هیچیان پەیوەندییان بەمندالەوە نیە. بەهەمان شێوە لەبواری چاودێری کۆمەلایەتیدا دەیەها خال و برگە نووسراون هیچیان پەیوەندییان بەمندالەوە نیە. هەروەها لەبواری پەروەردەو خوێندنی بالادا دەیەها خال و برگەی دیکە نووسراون تەنها یەک خالیان نەبێت هیچیان پەیوەندییان بەپەروەردەوە نیە.   ئەو خالەش کەبەرای ئێمە پەیوەندییەکی ناراستەوخۆی بەپەروەردەوە هەیە، بریتیە لەدروستکردنی تەلاری قوتابخانەکان. ئێمە پێمان وایە لەنێو نزیکەی ئەو 70 خالەدا کەلەپەروەندەکەدا هاتووەو سەرەک وەزیران جێبەجێی کردوون سەرەک وەزیران دەیتوانی زۆر شت بۆ منداڵان بکات.

تەلاری قوتابخانەکان

خالی گەشی راپۆرتەکەی خەندان باس  لەتەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەکات. ئەم برگەیە ئەگەرچی کارێکی پۆزەتیڤ وباشەو بۆ یەکەمین جارە بەو روونیە بودجە بۆ تەلاری قوتابخانەکان تەرخان دەکرێت، بەلام لەلایەکی دیکەوە ئەم مەسەلەیە ئەوەندەی پەیوەندی بەئاوەدانکردنەوەوە هەیە پەیوەندی بەگەشەسەندنی پرۆسەی مەعریفیەوە نیە.  ئێمە پێمان خۆش بوو کابینەی شەشەم یەک خالیشی لەبواری گەشەسەندنی مەعریفی و دەروونی منداڵان یا بوارە هاوپەیوەندەکانی دیکە تۆمار بکردایە.
هەر لەم بوارەدا کابینەی شەشەم زۆر ناچالاک و ناکارامە چارەسەری گرفتی بینای قوتابخانەکانی کردووە بەوەی لەجیهانبینیەکی زۆر کلاسیکەوە دەروانێتە ئەم گرفتە و توانای ئەوەی نەبووە لەگۆشەنیگایەکی دینامیکیەوە ئەم گرفتە چارەسەر بکات. ئەم کابینەیەش هەر ئەوەندە دەڵێ کەبودجەیان نیە ئەو هەموو قوتابخانەیە دروست بکەن، لەکاتێکدا ئێمە پێمان وایە چارەسەری دیکە لەئارادا هەن بۆ ئەم گرفتە، سیاسی دەبێ زیاتر لەیەک چارەسەری بۆ هەر گرفتێک هەبێت. بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە تاوەکو ئێستا هەزارەها قوتابخانە بینایان نیەو لەزۆر پۆلدا نزیکەی 50 خوێندکار دادەنیشێت. 

شکستی دەگمەن

سیستمی پەروەردەیی نوێ لەماوەی کابینەی شەشەمدا بەلایەنی کەمەوە بەرەو دواوە دەچێت و رووبەرووی چەندین بەربەست بۆتەوە بەبێ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە توانای چارەسەرکردنی هەبێت. بەرای ئێمە یەکێک لەبریارە باشەکانی ریفۆرمی پەروەردەیی 2007  کەمکردنەوەی هەیبەتی تاقیکردنەوەکانی بەکەلۆری بوو بەوەی کۆنمرەی پۆلی دوازدەیەم بەسەر سێ پۆلدا دابەش کرا لەبری ئەوەی بریتی بێت لەتەنها یەک تاقیکردنەوەی سێ سەعاتی. وەزارەتی پەروەردە بەشێوەیەکی نایاسایی ئەو بریارەی هەلوەشاندەوە (وەزارەت بەهەلە ناوی ناوە هەلپەساردن) بەبێ ئەوەی سەرەک وەزیران یا وەزیری پەروەردە روونکردنەوەیەک بدەن. ناکرێ بریارێک پەرلەمان پەسەندی بکات تاقە وەزیرێک هەلیبوەشێنێتەوە یا رایبگرێت. ئەم هەلوەشانەوەیە پاش خۆپیشاندانی کۆمەلێک خوێندکار هات کەلەسلێمانی بەرجەستە بوو. ئەم هەلوەشانەوەیە بەرای پسپۆرەکان کارێکی نایاسایی و خراپ بوو (نموونە بروانە پاشکۆی هەفتەنامەنی دەستوور 2010). لەلایەکی دیکەوە ئەمە گالتەپێکردن و پەیمانشکێنی کابینەی شەشەم بوو بەرامبەر بەو خوێندکارانەی لەپۆلی دەیەمدا کۆششیان کردو نمرەیان  کۆکردەوە.  ئەم پەیمانشکێنیە بێمتمانەییەکی لەلای خوێندکاران دروستکردوو کەمەرج نیە وەزارەتی پەروەردە پەیمانەکانی دیکەی یا سیستمەکە پیادە بکات. بەشێکی گەورە لەم کارە بۆ نەشارەزایی وەزیری پەروەردە دەگەرێتەوە بەو پێیەی خاوەنی ئەو جیهانبینیە پەروەردەییە نیە کەمرۆڤ ئومێدی پێ پبخوازێت. ئەم کارەی کابینەی شەشەم رێگرتن بوو لەیەکەمین کاری ریفۆرمخوازی کەلەکوردستاندا هاتە کایەوە. لەوتاری داهاتوودا باس لەکۆمەلێک گرفتی دیکە دەکەین.

  فایەق سەعید
faiekk@hotmail.com

بۆ خوێندنەوەی بەشی دوو کلیکی ئێرەبکەن ….

بۆ خوێندنەوەی بەشی سێیەم کلیکی ئێرەبکەن …..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.