Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
پەروەردە لەکابینەی شەشەمدا …2

پەروەردە لەکابینەی شەشەمدا …2

Closed
by January 22, 2012 گشتی


بێتوانایی وزارەت رەنگرێژ دەکات

لەبەشی یەکەمدا باسمان لەدواکەوتنی کۆمەلێک لایەنی پەروەردەکرد بەدرێژایی تەمەنی کابینەی شەشەم. لەم بەشەشدا کۆمەلێک بواری دیکە دەخەینەروو
مەنهەجەکان
گۆرانکاری پۆزەتیڤ لەمەنهەجەکانی وەک کیمیا، فیزیا، ئینگلیزی و زانستدا کراون، بەڵام بەپێ میدیاکان ناوەرۆکی هەندێ مەنهەجی دیکەی وەک ئابوری، جوگرافیا یەکجار کۆنن. ئەوەی جێگای سەرنج بێت کتێبی مێژووە کە بەتۆپزی لەلایەن یەکێک لەحیزبەکانەوە کۆمەلێ بابەتی زۆر هەستیاری وەک شۆرشی ئەیلول، بارزان، ئەنفال، هەرەسی 1975 …هتد تێخراوو لەدیدێکی تاک حیزبی رووتەوە نووسراون کەزوربەیان لەپێوەری زانستیەوە دوورن. ئەم کارە هەنگاوەکانی بەعسمان بیردێنێتەوە چۆن پرۆسەی دووبارە نووسینەوەی مێژوویان لەروانگەی بەعسەوە نووسیەوە. ئەگەر کابینە شەشەم بریار بێت ئاوا مێژوو بەمندالی کورد بلێتەوە، ئەوە نەوەیەکی نوێ دێتە ئاراوە حەقیقەتەکان پێچەوانە دەکاتەوە. ئەمەش یەکەمجار نیە کەسەرۆکی کابینەی شەشەم لەبەرامبەر کاری زۆر هەستیارو گرینگدا بێهەلوێست بووە.


لەسەر ئاستی نێودەولەتی

بواری شێوەکاری و مۆسیقا دوو بوارن کەخاوەنی رەهەندێکی نێونەتەوەیین و هەموو کەسێک لەجیهاندا بەبێ هەماهەنگی و زمان زانین دەتوانێت لێیان تێبگات و چێژیان لێوەربگرێت. بەلام بۆ تێگەیشتن و گفتوگۆکردن لەزوربەی بوارەکانی دیکەدا مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە لەکۆدەکانی یەکتر تێبگات. لەبواری پەروەردەشدا هەموو ولاتە پێشکەوتووەکان خاوەنی کۆمەلێک یاساو رێسای تایبەتن بۆ ئەوەی لەکۆدی سیستمەکانی یەکتر تێبگەن. ئێمە تاوەکو ئێستا خاوەنی ئەو کۆدانە  نین و کاتێک لەگەل ولاتەکانی دیکەدا دادەنیشین ناتوانین لەسەر یەک مێز گفتوگۆ قسە لەسەر ئەو کۆدانە بکەین چونکە سیستمی ئێمە شتی هاوبەشی لەگەل ئەواندا نیە. دانانی پلانی فێرکاری (Curriculum) و یاسای قوتابخانەکان دوو سیستمن کەبەهۆیانەوە دەتوانین خۆمان لەگەل سیستمەکانی دیکەدا بەراورد بکەین. پلانی فێرکاری تیۆرییەکی تازە نیەو و لەچلەکانەوە لەسەر ئاستی ولاتە پێشکەوتووەکان بەئەکتیڤی کاری پێدەکرێت و بنەمایەکی مەعریفی بۆ وانەکان و کۆی پرۆسەی فێربوون و فێرکردن دابین دەکات. من پێم وایە سیستمێک کەبێ پلانی فێرکاری بێت وەکو ولاتێکی بێ دەستوور وایە. ئەم نوقسانیە گەورەیە کەبەهۆی نەشارەزایی سەرەک کابینەکان و وەزیرەکانی پەروەردەوە دروست بووە، خالی هاوبەشی سەرجەم کابینەکانی کوردستانە.
لەهەموو دنیادا سیاسیەکان سیستم دادەرێژن، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی و ناپسپۆرییەوە تاوەکو ئێستا هیچ سیاسیەک بەوەزیرەکانی پەروەردەشەوە نەیانتوانیوە نەباسی ئەو دوو بابەتە بکەن و نەدوو وتاریشی لەسەر بنووسن.  کابینەی شەشەمیش بەشێوەیەکی زۆر دیار بازی بەسەر ئەم گرفتەدا  داوەو بەرای ئێمە هاوکاری کابینەی شەشەم لەگەل ولاتەکانی دیکەدا بۆ بەرجەستەکردنی پلانی فێرکاری تاوەکو ئێستا بوونی نیە. لەلایەکی دیکەشەوە سیستمی پەروەردەیی ئێمە خاوەنی هیچ بنەمایەکی تیۆری نیەو وخۆی بەهیچ قوتابخانەیەکەوە نەبەستۆتەوەو ئاستی تێگەیشتن لەو قوتابخانە فیکرییانە لەلای وەزارەتی پەروەردە لەخوار سفرەوەیە.

پلانی پەروەردەیی

بەدەر لەپلانی فێرکاری کەلەسەرەوە باسمان کرد، وەزارەتی پەروەردە پلانی سالانەی خۆشی ئاشکرا نەکردووە لەماوەی یەک سالدا بەتەمایە چیبکات. بەهەمان شێوەی ئێمە گومانمان لەوە هەیە کەکۆی کابینەی شەشەم هیچ پلانێکی واقیعی بۆ گەشەسەندنی مەعریفی خوێندکاران هەبێت یا بیەوێت گۆرانکارییەکی فیعلی لەسیستمی پەروەردەییدا بکات. هەروەها ئێمە هیچ شێوە ستروکتورێکی ئەوتۆمان نەبینیوە کەنیشانەی ئەوە بێت کارێکی جیدی بۆ هەلسەنگاندنی پلانەکانی پێشوتر  بەرێوەیە. نەبوونی ستروکتورێکی هاوچەرخ بۆ کارکردن نیشانەی لاوازییەکی گەورەیە لەبونیادی وەزارەتدا.
وەزارەتی پەروەردە خاوەنی خراپترین مالپەرە لەناو حکومەتداو هیچ شتێکی ئەوتۆی تێدا نیە کەپێویست بێت هەبێت. وەزارەتی پەروەردە بەمەبەستی شاردنەوەی راستیەکان  بەئەنقەست بریارو زانیاری و داتا گرینگەکان لەمالپەرەکەی خۆیدا دانانێت و بەدەگمەن نەبێت ئەو مالپەرە بەشتی پێویست نوێ ناکرێتەوە.

بەرێوبەرە گشتیەکان
لەهەموو تەمەنی دەسەلاتی کوردیدا سەرجەمی پۆستە بالاکانی ناو وەزارەتی پەروەردە لەسەر بنەمای حیزبی و خزمایەتی  دابەشکراون. کارەسات ئەوەیە سەرکردە گەورەکانی ناو ئەو دوو حیزبە لەو مەسەلەیەوە تێگلاون و پشتیوانیەکی گەورە لەوەزیرو بەرێوبەرە گشتیە نەشارەزاکان دەکەن. تەنها بۆ نموونە دەلێن بەرێز مام جەلال دوور لەهەموو پێوەرێکی زانستی یەکێک لەپیاوە هەرە بێتواناکان بۆ پۆستی بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دادەنێ کەبووبووە مایەی نیگەرانیەکی زۆر بۆ پەروەردەی سلێمانی و کەسە شارەزاکانی ئەو شارە. ئەم بەرێوبەرە تا کاتی خانەنشینبوونی بەرپرس بوو لەخراپکردن و ئیفلیجکردنی پەروەردەی هەزارەها مندال و لاوی کورد. لەم کابینەیەدا نەسەرەک وەزیران و نە وەزیری پەروەردەش بەهیچ شێوەیەک هەولی ئەوەیان نەداوە بەرێوبەرە گشتیە نەشارەزاکان بگۆرن، کەئێمە بەبەربەستێکی گەورەی دەزانین لەبەردەم گەشەنەکردنی پەروەردە لەکوردستاندا. بەم شێوەیە ئەم دوو کارەکتەرە گرینگە بەردەوامیان بەدواخستنی پەروەردە داوە لەکوردستانداو،  خراپ پەروەردەکردنی منداڵەکان و مردنیان دەکەوێتە ئەوستۆی هەردووکیان.
ئێمە لێرەدا ناتوانین کاری هەموو بەرێوبەرایەتیەکان هەلبسەنگێنین بەلام وەکو نموونە هەندێک سەرەقەلەم لەسەر بەرێوبەرایەتی ئەزموونەکان یاداشت دەکەین  کەپارتی دیموکراتی کوردستان بەهیچ شێوەیەک رازی نیە بدرێتە کەسێکی شارەزا. ئەگەر داوای رای سەرۆکی کابینەو وەزیری پەروەردە  لەسەر ئەم بەرێوبەرایەتیەو بەرێوبەری بەرپرس بکەین، بێگومان وەلامەکانیان لەموجامەلەیەکی سیاسی تێپەر ناکات کەبەرێوبەری گشتی ئەزموونەکان کەسێکی شارەزایەو بەدرێژایی چەندین سال گەشەی بەم بوارە داوە. ئەمە لەکاتێکدا ئەم بەرێوبەرایەتیە شکست لەدوای شکت تۆمار دەکات و سەری لەخوێندکاران و مامۆستایانیش شێواندووەو ئەوەی نیشانەی شارەزایی بێت پێوەی دیار نیە. تەنها تێروانین لەکارەکانی ئەم بەرێوبەرایەتیە لەسالی پارو پێراردا ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کەچەندین بریاری هاودژی لەماوەیەکی کورتدا بۆ قوتابخانەکان ناردووە، سەری لەمامۆستایان و خوێندکاران شێواندووە، هەرچارەی بریارێک لەبارەی دانانی پرسیارەکان یا راستکردنەوەی تێچوونەکانەوە دەردەکات …هتد. بۆ نموونە لەنێوان بەرێوبەرایەتی ئەزمونەکان و پەروەردەی شارەکاندا هەندێگ لەو ناکۆکیانە لەسالی 2009 دا ئاشکرابووە. سەرەرای ئەوەش ئەم بەرێوبەرایەتیە جیهانبینیەکی زۆر کۆنی بەرامبەر بەمەسەلەی تاقیکردنەوە هەیە کەتەنها لەولاتە دواکەوتووەکاندا پیادە دەکرێت. ئەم سەر لێشێواویە بووە هۆی ئەوەی پەروەردەی شارەکان لێدوانی هاودژ لەگەل بەرێوبەرایەتی ئەزموونەکان بدەن. ئێمە لەکاتی کارکردن و لێدوان لەگەل مامۆستاکاندا ئەو بێزارییەمان بەروونی بەدیکرد. ئەمە سەرەرای ئەوەی هەندێک کاری ئەم بەرێوبەرایەتیە هاودژە لەگەل هەندێک بەندی ناو سیستمی پەروەردەیی 2007، بۆ نموونە بەندی 10 ی سیستمەکە . هاوکات ئێمە ماوەیەک بەر لەئێستا چەند وتارێکیمان لەسەر ئەو سەرلێشێواوییە بلاوکردەوە کەئەم بەرێوبەرایەتیە دروستی کردبوو (ئاوێنە ژ 191-193). ئەمە سەرەرای دزینی پرسیارەکان و چۆنێتی دانانیان لەناوچە جیاوازەکان ….هتد. لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ناچالاکی و سستی خودی وەزیری پەروەردەوە کاری هەندێک لەبەرێوبەرایەتیە چالاکەکانیش سست بۆتەوەوە هیچ پێشکەوتنێک تۆمار ناکەن.

بەرێوبەری قوتابخانەکان
وەزارەتی پەروەردە لەزۆر بواردا پێچەوانەی سیستمەکەی خۆی کار دەکات، بۆ نموونە لەبەندی‌  12 ی ئەو سیستمەدا 5 مەرج بۆ دانانی بەرێوبەرو یاریدەرەکان دانراوە کەهیچیان جێبەجێ نەکراون و بەمەش وەزارەتی پەروەردە دژی بەندێکی ئەو سیستمە کاری کردووە کەوەزیری پەروەردەو سەرۆکی کابینە بەلێنیان دابوو پیادەی بکەن. لێرەدا جێگەی سەرنجە ئەوە بلێین لابردنی بەرێوبەرەکانی سەر بەگۆران  کەلەکابینەی پێنجەمەوە دەستی پێکرد، یاساشکێنی بوو، بەڵام دانانی بەرێوبەرە حیزبیەکان لەشوێنی ئەوان بەپێچەوانەی بەندی 12 وە یاساشکێنیەکی دیکە بوو. وەک دەرئەنجام ئەم کابینەیە هەولی ئەوەی نەداوە بەندی 12 پیادە بکات و کۆتایی بەو شێوەیە بێنێت کەبەعسیەکان کاریان لەسەر دەکرد ئەویش دامەزراندنی بەرێوبەرەکان لەسەر بنەمای حیزبی بوون.  لەلایەکی دیکەوە هێشتا کار بەبەندێکی دیکەی سیستمەکە ناکرێت کەدەبێ بەرێوبەرەکان هەلگری بروانامەی بەکالۆریۆس بن، ئەمەش یاساشکێنیەکی دیکەی وەزارەتە (هاولاتی ژمارە 704/2011).


پێگەی مامۆستا

پێگەی مامۆستایان لەئاستێکی زۆر نزمدایەو هیچ پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی ئەو ئاستە لەئارادا نیە. بۆ نموونە لەتاقیکردنەوەی سەرپەرشتیارەکاندا تەنها 4% یان توانیویانە پلەی دەرچوون بەدەست بێنن کە 60 نمرە بووە. ئەوەی هەیە چەند خولێکی شیاندنە کەکات و پارەی تەواوی بۆ تەرخان نەکراوەو ئەمە جگە لەوەی ناوەرۆکی ئەو خولانەو زۆر لاوازن و بەدەگمەن نەبێت کەسانی شارەزا وانەی تێدا نالێنەوە. بەشێوەیەکی دی ئاستی مامۆستاو بەرێوبەرو سەرجەم کادیرە پەروەردەیەکانی وەزارەت لاوازەو مرۆڤ ئەوە بەرووونی دەبینێت کەتوانای ئەوەیان نیە کار لەگەل سیستمێکی هاوچەرخدا بکەن. بەبێ ئەو کادیرانەش هیچ بەرەوپێشچوونێک ناکرێت. ئێمە لەکاتی کارکردن و بەدواداچوونمان لەسەردەمی چەسپاندنی سیستمی نوێی خوێندندا ئەوەمان بەروونی دەبینی کەنزمی ئاستی زانستی کادیرەکانی پەروەردە ، گەورەترین بەربەست بوو لەبەردەم گەشەنەکردنی ئەو سیستمەدا. بەرێز وەزیر پەروەردە زۆر ناکارایە لەم بوارەدا لەگەل ئەوەشدا خۆشی لەدیدارێکدا دانی بەم گرفتەدا ناوە
ئەوەی  زۆر پێویست بوو کەوەزراەتی پەروەردە لەگەل وەزارەتی خوێندنی بالادا بیکات ئەوەبوو مامۆستاکان بنێرێتەوە زانکۆکان بۆ ئەوەی ئاستی خۆیان بەرزبکەنەوە. لێرەدا مەبەست تەنها لەوە نیە ئەوان ماوەی 4 یا دوو سال بخوێنن، بەڵکو دەشێ چەند مانگێک یا هەفتەیەک ئەو کارە بکەن بەبێ ئەوەی کار لەکارەکانیان بکات. ئەم جۆرە خوێندنانە لەجیهاندا بەبەردەوامی هەیە. حکومەت و وەزارەتی پەروەردە زۆر بەبێبایەخیەوە تەماشای ئاستی کادیرە پەروەردەییەکانیان کردووەو نەیانتوانیوە هیچیان بۆ بکەن. تەنانەت سەنتەرێکی دیداکتیکیشیان بۆ نەکردوونەتەوە کەهەوێنی گەشەسەندنی مەعریفی خوێندکارانە. بەهەر حال لەم بوارەدا چارەسەرەکان بۆ کەسێکی شارەزا  تا بلێی زۆرن . لەوتاری داهاتوودا باس لەهەندێ لایەنی دیکە دەکەین.

   فایەق سەعید
faiekk@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.