Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لەشفرۆشی وەک دیاردەیەکی ترسناک لە  هەرێمی کوردستاندا…

لەشفرۆشی وەک دیاردەیەکی ترسناک لە هەرێمی کوردستاندا…

Closed
by February 11, 2012 گشتی

 
 هۆی تەشەنەکردنی و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی*¬

وەک ئەرک و پیشەی ڕۆژنامەوانی، ڕۆژنامەنووس بەشوێن ڕوداو و هەواڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و هونەری و وەرزشی و ڕوداوی جۆراوجۆری تری ناو کۆمەڵدایە و هەرواش  لە بابەتی جوراوجۆر ئەکۆڵێتەوە و بەڕێگای میدیاوە ئەیانخاتە بەر گوێ و چاوی خوێنەران. پێوانەی هەڵسەنگاندن ونرخاندنی هەر بابەتێکی ڕۆژنامەوانی لە هەر یەکێک لەو بوارانەدا، لە بایخدان و بەداواداچونەوە و باسکردنی لەناو کۆڕوکۆمەڵی خەڵکدا و نووسین و شیکردنەوەی نووسەران و ڕۆشنبیراندا دەرئەکەوێت. بەوەش ئەکرێت تا ڕادەیەک ئەو بابەتە پۆلین بکرێت؛ یان ئەوەتا وەک حاڵەت چاوی لێبکرت  یان وەک دیاردە پێناسەبکرێت.
 لێرەوە ئەکرێت باس لە بابەتی لەشفرۆشی بکەین کە لەمدواییانەدا ڕۆژنامەی ئاوینە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ بەڕیوبەری ئاسایشی سلێمانیدا وروژاندی و بەدوای ئەوەشدا چەندین بابەتیش بڵاوبوونەوە لە سایت و ڕۆژنامەکاندا و هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوە بۆ داخستنی خانەکانی لەشفرۆشی و بەیاسایی نەکردنی کاری لەشفرۆشی بەرپاکرا. ئەوە لە کاتێکدا چەند جارێک لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا باسی لێوەکراوە وهەوڵی دەرکردنی یاسای تایبەت بە قەدەغەکردنییەوە دراوە. بۆیە ئەتوانین بڵێین لەشفرۆشی بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو لە کوردستاندا، کە دیاردەیەکە لە ڕاستیدا چ لە ئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆمەڵدا جگە لە کاردانەوەی نەرێنی چیتر ناداتەدەستەوە. چگە لە نەخۆشی کوشندەی فیزیکی، نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئێجگار زۆری لێئەکەوێتەوە بەتایبەتی لەسەر ئاستی کەسێتی تاک و پەیوەندی نیوان ئەندامانی خێزاندا.
دیارە لەشفرۆشی هەر لەسەرەتای بوونی مرۆڤەوە تا ئەمڕۆ هەبووە. تا لەشکڕ هەبێت و ئامادەبێت پاداشت بدات، لەشفرۆشیش بوونی ئەبێت. هەڵپەی سێکس لای پیاوان، بەهێزترین هۆکاری لەشفرۆشییە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە زۆرینەی پیاوان بەردەوام لە هەڵپەی سێکسدان، تەنانەت دوای هاوسەرگیریش ڕوئەکەنە ئەو شوینە تایبەتانەی کە لەشفرۆشی تیادا ئەکرێت وەک خانەی تایبەت و یانەی شەوانە و شوێنی مەساج. لەشفرۆشی لە شارەکانی کوردستان هەروەک هەموو شوێنێکی تری جیهان، هەبووە. بەڵام وەک حاڵەتێکی نەفرەت لێکراو لەناو کۆمەڵدا و تاڕادەیەک گەر لەشفرۆشێک لەگەڕەکێدا هەبوایە، دانیشتوانی ئەو گەڕەکە گشت ڕێگایەکیان ئەگرتەبەر بۆ دەرکردنی. بەڵام ئێستا وەک بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی درکاندی؛ زیاتر لە چوارسەد شوێن هەیە لەشفرۆشییان تیادا ئەکرێت، ڕاستە بەشێکیان ماڵە عارەبن لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە هاتوون، بەڵام حەفتا لەوانە ماڵی کوردن و ئەوانی تر ماڵە قەرەجن و بێجگە لە چەندین یانەی شەوانە و شوێنی مەساجکردن کە بە ئاشکرا لەشفرۆشی تیادا ئەکرێت لە شارەکەدا.
دیارە ئەو لەشفرۆشە عەرەبانەی ڕوویانکردوەتە کوردستان بەشێکی کەمی دەیان هەزار لەشفرۆشە کە بەرەوە سوریا و ئوردن و وڵاتانی کەنداو چوون پاش ئەو هەموو نەهامەتیانەی بەسەر خێزانە عیراقیەکاندا هات بەهۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی سەددام و گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق و برسێتی و هەژاری وبێکاری وزیادبوونی ڕێژەی بێوەژنان بەهۆی کۆشتنی ژمارەیەکی زۆر لە پیاوان، چ بەهۆی شەڕی وێرانکارانەوەو چ لە کاری تیرۆریستیدا، یان بەهۆی ململانێی چەکدارانەی نێوان گروپە سیاسیەکانی عێراقی دوای سەددامەوە، هەروەها بە هۆی نائارامی و بارودۆخ و سەختی ژیان لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقدا و ڕاونانی لەشفرۆشان و داخستنی یانەی شەوان و چٶڵکردنی شوینە تایبەتەکانی لەشفرۆشی کێوەلییەکانی ناوچەکانی کەمالیە لە خواروی بەغدا و کەنعان لە دیالە وعەفەچ و فەجر لە خواروی عێراق و سەحاجیە لە ناوچەی موسڵ.
لەهەمان کاتیشدا لە کوردستاندا، بەبەراورد لەگەڵ شارەکانی عێراقدا، ئاسایش و ئارامی و بۆژانەوەی ئابوری و گەشەکردنی بازرگانی و کرانەوە بەڕووی وڵاتانی جیهاندا، هاندەرێک بوو بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکانی عێراق و ولاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ڕووی تێبکەن بۆ هەلی کار.
ئەوەی جەنابی بەرێوەبەری ئاسایش باسی ئەکات، زەنگی خەتەرە و ئەوە ئەگەیەنێت شار بێخاوەن بێت، یان خاوەنەکەی کۆمەڵە کەسێکی مافیایی لە سەرووی یاساوە بن. ئەگەرنا چۆن دیاردەیەکی وا خەتەرناک دوور لە پشکنین و چاودێری ئاسایش و لایەنی پەیوەندیداری تەندروستی و پزیشکی وا خیرا تەشەنە ئەکات. لە کاتێکدا بەرپرسان چاک ئەزانن هەر ئەو شوێنانەن ئەبنە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی تاوان. هەر ئەو شوێنانە و ئەوانەی کاری تیایدا ئەکەن و پەیوەندییان پێوە هەیە، باشترین کەرەستەن بۆ تۆڕی جاسوسی دەزگا هەواڵگرییەکان، بۆئەوەی بۆ مەبەست و مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاریان بێنن. بۆیە ئەکرێت بڵێین، ئەمە لە بێ باکی بەرپرسە باڵادەستەکانی دەسەڵات و گوێنەدان بە ژیان و تەندروستی خەڵکی و ئاسایشی کوردستان زیاتر هیچیتر ناگەیەنێت.
هەروەها ئەگەر ئەو بێسەروبەرییە لە کوردستاندا وابڕوات و ئەو دیاردەیە کۆنترۆڵ نەکرێت  لەلایەن دەسەڵاتەوە بەپێی یاسایەکی تایبەت، ئەگەری ئەوە لەبارە کە تۆڕی بازرگانی مافیایی تایبەت بە لەشفرۆشی یەوە سەرهەڵبدات و تێوەگلێن بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە Trafficking Human لەگەڵ تۆڕە جیهانییەکاندا کە لە چەندین وڵاتی جیهاندا چالاکن بە تایبەت وڵاتانی: تایلاند، چین، هیندستان، نایجیریا، مۆلداڤیا، بولگاریا، بیلاروس، ئوکرانیا و چەندین وڵاتی تر، هەزاران ئەکەنە قوربانی ئەو بازرگانییەی ناسراوە بە بازرگانی کٶیلەی سپی (White Slave Trade) کە بەبێ گومان نەک هەر ژنان بە ڵکو بەسەدان کچی منداڵ لە  کوردستاندا ئەکەونە داوی ئەو جۆرە بازرگانییە گڵاوەی کە دوورە لە هەموو بەها و مۆراڵێکی مرۆڤەوە و هەڕەشەیەکی ترسناکە بۆ سەر تاک و کۆمەڵی کوردەواری و ئاسایشی نەتەوەیی.    
هەرچەندە بنبڕکردنی لەشفرۆشی کارێکی وا ئاسان نییە و بگرە لە توانای هیچ دەسەڵاتێکدا نییە. نموونەی یاساکانی ئێران و عەربستانی سعودی و سودان کە بەوپەڕی توندوتیژی بەرەنگاری لەشفرۆشی ئەبنەوە، نەتوانراوە بنبڕبکرێت بەڵکو لە هەموو شارەکانی ئەو وڵاتانەدا شوێنی لەشفرۆشی بە نهێنی هەیە تەنانەت لە شاری مەکەدا کە پیرۆزترین شوینی موسڵمانانە، دەیان تۆڕی لەشفرۆشی بازرگانی بە ژنانی لەشفرۆشەوە هەیە. بەڵام بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک لە بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە و دەرئەنجامەکانی لە توشبوون بە نەخۆشی کوشندە و ماڵویرانی ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگرتن لە دروستبوونی مافیا و بازرگانی بە مرۆڤەوە، بەر لە هەموو شتێک گرنگە لایەنی بەرپرسیار هەبێت بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ئەو دیاردەیە و لەپاڵ دانانی یاسایەکی تایبەت بەڕێکخستن و چاودێری ئەم بوارە، وەک کارێکی دەستبەجێ و گرنگی پەرلەمانی کوردستان و ئەرکێکی مێژوویی ئەم قۆناغە، پێویستە بەزووترین کات بیخاتە ئەجیندای خۆیەوە و یاسای بۆ دانێت.  ئەوجا بە پێی یاسا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەتوانن دەستبەکاربن و ئەوەی سەرپێچی یاسای کرد پێویستە سزابدرێت. لە پاڵئەوەشدا زۆر پێویستە ئەو بازرگان و مافیانەی کە بازرگانی بە مرۆڤەوە ئەکەن و دوورنییە بەرپرسی پلەبەرزیش هاوکاریان بێت، بناسرێن و ڕووبەڕوی یاسا ببنەوە و ڕێگەنەدرێن شێوەی ناشیاو و نایاسایی بگرنەبەر بۆ مەرامی گەندەڵ و نامرۆڤانەی خۆیان.

سەبارەت چارەسەرکرنی ئەو دیاردەیە بە دەرکردنی ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستان هاتوون بۆ لەشفرۆشی. دیارە تەنیا بەشێک لە لەشفرۆشەکان لە دەرەوەی کوردستانەوە ڕوویان کردووەتە شارەکانی کوردستان، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆریان کوردن و ئەوانەشی ڕێخۆشکەریان بۆئەکەن و شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆشئەکەن و بازرگانیان پێوە دەکەن، دانیشتووی شارەکانی کوردستانن و بە بەرچاو و ئاگاداری ودووریش نییە بەهاوکاری بەرپرسەکانیشەوە بەڕێوە بچێت. کەواتا دەرکردن و گەڕانەوەی ئەو لەشفرۆشانەی لەدەرەوەی کوردستان هاتوون، دیاردەکە بنبڕ ناکات، بگرە تا یاسا و سزادان ناتوانیت ئەو دیاردەیە بنبڕبکات، هەروەکو پێشتر ئاماژەمدا بە نموونەی ئێران وعەرەبستانی سعودی و سودان.
ئەوەی گرنگە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی کوردستان لە بڵاوبونەوە ی لەشفرۆشی و ڕێگرتن لە تێوەگلانی کچان و ژنانی کورد و یارمەتیدانی ئەوانەی توشبوون بۆ گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی ناو کۆمەڵ، دابینکردنی هەلی کار بۆ بێکاران و دابینکردنی بیمەی بێکاری ئەوانەی توانای کاریان نییە و لەپێش هەموویانەوە ئەوانەی سەرپەرشتی خێزانیان لە ئەستۆدایە بەتایبەتی بێوەژنان. هەروەها زۆر گرنگە کە خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و دەروونی و یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاوسەرگیری و نەهێشتی توندوتیژی خێزان و یارمەتیدانی لاوان بە پێشینەی هاوسەرگیری و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمکردنەوەی گوشاری بژێوی ژیان. لەلایەکی ترەوە بایەخدان بە هۆشیارکردنەوەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی لە ڕێی کەناڵەکانی میدیا و پەروەردە وفیرکردنەوە ڕٶڵیکی گرنگی هەیە لەو بوارەدا.
واپێویستئەکات، خەمخۆران و  لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی ڕۆشنبیر و کۆمەڵناس و دەرونناس و سەنتەری لیکۆڵینەوە و زانکۆکان و دەزگاکانی تەندروستی و بەرپرسانی بواری پەروەردە بەو پەڕی بایەخەوە و هەر لایەنێک لەبواری خۆیدا، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەسەربکەن و بەرنامەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داڕێژن و لەسەر ئاستێکی فراواندا هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و کۆڕ و سیمیناری بۆ بکرێت.  لەسەروی ئاوانیشەوە پێویستە بەرنامەی چاکسازی هەبێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە هەموو جمگەکانی دەزگا حکومەتییەکاندا و بە گوێرەی یاسا سزای توندی ئەو بەرپرسانە بدرێت کە کەمتەرخەمی ئەکەن، یان کارئاسانی و چاوپۆشی ئەکەن لەوانەی بە بازرگانی لەشفرۆشییەوە تێوەگلاون.


د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان

selah.germian@yahoo.com.au

 

*¬¬_ له‌ ژماره‌ی (8) ی گۆڤاری 4 ستار له‌ رۆژی 15/1/2012 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.