Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئازیزم من تەنیا  بەڵێنکم بەس بوو!

ئازیزم من تەنیا بەڵێنکم بەس بوو!

Closed
by March 6, 2012 چیرۆک

لەو ڕۆژەوەی (نەرمین )م ناسی بووم بە شاعر و شیعرم لێدەباری . هەرچی برادەروگەنجی گەڕەک هەبوو لێم کۆدەبوونەوە کۆپلە شیعرەکانمیان دەنووسیەوە دەیان بەخشی بەسەر دەزگیرانەکەیان .
دێڕی شیعرەکانم بەسەر بەژنو بالای نەرمین  و خزم و کەسەکەی نەرمین..  تەنانەت شیعرم بەسەر شارە مێروولەکەی حەوشە و درزی دیواری مالیشیان نووسی . کەس نەما نەزانێ کە من چەندە نەرمینم خۆشدەوێ .
لە ئەنجامدا نەرمین ڕازی بوو شووم پێبکات بە مەرجێ هەردەم شیعری بەسەر هەڵدەم !.
لەو ڕۆژەوەی نەرمینم خواست یەک دێڕە شیعرم بۆ نەهات . مانگی یەکەم هەر وەک هەنگ بەسەر گولەوە شیلەم دەمژی ، مانگی دووەم ڕووتم دەکردەوە تێم دەڕووانی ، دەمگوت : ئافەرین یەزدان بۆ ئەو دەستە ڕەنگینانەت .
مانگی سێیەم نەرمین کەوتە بۆڵە بۆل و گلەیی . دەیگوت : ئێستا بۆ شعرم بەسەر هەڵنادەی؟
دەمگوت : لەش ولاری تۆ منی بەنج کردووە و شیعرم بۆ نایەت !
گوتی : من گومانم هەیە شیعرەکانت دەدزی !
گوتم : نا ئازیزم .. عەشق دزی تیانییە و خۆشمدەوێی ، لەو ڕۆژەوەی تۆم ناسی شیعرم لێدەباری ..لەو ڕۆژەوەی تۆم خواستووە شیعرەکانم وەک سەهۆل بەستاویەتی .
گوتی : من کەسێکم دەوێت شیعرم بەسەر هەلدا ، نامەوێ بەدیار تۆوە دانیشم ئەگەر نەبیت بە شاعر!
 گوتم : من شاعرنیم ..من کەسێکی عاشقم ..کاتێ تۆ لەگەڵمای چێژ لە ژیان وەردەگرم .
گوتی : بەجێتدەهێلم …
گوتم : نەکەی بەجێمبێلی لەدوای تۆ سەرگەردان دەبم ..
پێش ئەوەی بەجێم بێلێ لەسەر پێستی مەچەکم  ناویم کوتا .. ئەم کوتانە ئازاری لە چاوەکانم دەرهێنا .
کاتێ پیشانی نەرمین دا و گوتم : سەیرکە نەرمین گیان .. ناوتم لەسەر دەستی ڕاستم کوتاوە .
 گوتی : ببورە .. زۆر درەنگ هاتی من دەڕۆم .
بێبەزەیی بوو بەجێیهێشتم …نەیزانی چ جۆرە عەشقێ لە دڵما پەنگی خواردۆتەوە .
 چەند مانگێگ بەسەر ئەم جووداییەم بەسەر چوو ، خەم باری بەسەرما ..دووبارە شیعر وەک کانیاو لەناو دڵم  خولپەی کردو و هاتە نووسین.
ئەمجارە شیعرەکانم لە گیرفانی عاشقە بریندارەکانی شار دەدۆزرایەوە .
 کۆپلە شیعرەکانم سەریان سپی بوو..شاعرێکی وجاخ کوێربووم تا ئەو کاتەی لە دیداری  کچێکی چاو دەنکە ترێ میوان بووم .. ئەم کچە شۆخ و شەنگە ڕووخساری وەک ئەستێرە دەدرەوشایەوە .
زۆر دەترسام ئەم کچە بخوازم و شیعرەکانم کۆتایی بێت ..لەوەش ترسناکتر ئەوە بوو ناوی نەرمینم لەسەر مەچەکم نوسیبوو ..بچمە داخوازی هەرکچێک و دەستم ببینێ پێمدەلێ : نامەوێ لەگەل کەسێکدا بژیم دەستی بگرم و ناوی کچێکیتری لە دڵدا بێت !
 ناوی نەرمین بوو بە لەکەیەک بە جەستەو روحمەوە ، لەگەل هەر ژنێکش بژیم ئەم ناوە ببینێ بریندار دەبێت و بەجێمدەهێلێ .
شیعرەکانم بوون بە کێچ و گیانیان دەخوراندم و دەیانگووت : بڕۆخۆت بکوژە .. ئەم ژیانە بۆ تۆ تاڵە!
 شیعرەکانم  خەمیان لێدەباری.. هەرچی گەنجی عەبەسی شارەکەم هەبوون باڕ بە باڕ بە دوام دەگەڕان و لەسەر مێزەکەم دادەنیشتن و شیعرەکانمیان کۆپی دەکرد .
لەگەڵ ئەم هەموو ڕەشبینیەم کەچی دڵم هەر لای کچە چاو دەنکە ترێیەکە بوو . تا ڕۆژێکیان شیعرێکم  بۆ هات بە ناونیشانی( ئەو عاشقەی دەستی خۆی بڕی بۆ مەعشووقەکەی ) ..گوتم : بە کچە چاو دەنکە ترێکە دەلێم من ئامادەم دەستی خۆم ببڕم لە پێناو خۆشەویستیت.. ئەو کات بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژم هەم  ناوی نەرمین نابینێ لەسەر دەستم ،  هەم ئەو بە پەرۆشتر دەبێت بۆ ئەوینەکەم!
ئێوارەیەکیان ڕێگام لە کچە چاو دەنکە ترێکە گرتوو پێمگووت : من عاشقی تۆم ئامادەم دەستێکی خۆم ببڕم لە پێناو ئەم خۆشەویستیە !
پێی گوتم : بیستوومە تۆ شاعری ، پێویست ناکات دەستت ببڕی ، شیعرم بەسەر هەلدا .
گوتم : ئازیزم هەر کاتێ تۆ بخوازم شیعرەکانم هەرەس دێنن ..ناتوانم یەک دێڕ بنوسم ..تکات لێدەکەم با دەستێکم ببڕم .
گوتی : دەستت مەبڕە بەلێنبدە خۆشمت بوێ .
گوتم : بیگومان خۆشمدەوێی .. بەس دەستەکانم کەڵەبچەکراون .. چۆن بە کەڵەبچەکراوی بتوانم قامکەکانم بە نێو قژتا بهێنم .
گوتی : من لە شیعرەکانی تۆ تێناگەم ، ئەکرێت بە سادەیی پێم بلێی دەتەوێ بلێی چی ؟
گوتم : منیش لە تۆ سادەترم ..بەس ژیان ئالۆزی کردووم ..بە کورتی دەمەوێ بلێم ئەم دەستەم بووەتە بەلایەک بەسەرمەوە ..دەستی چەپم ڕاتدەکێشێ و دەستی ڕاستم نایەلێت نزیکم کەویت.
گوتی : بێنە ئازیزم ..با کەمێک دەستی ڕاستت بشێڵم بەلکو دڵ نەرم بێت و بەزەیی بەم عەشقەمان بێتەوە!
قۆلی قەمیسەکەم هەلبڕیی و بازووی دەستم  بەڕووتی کەوتە بەر چاوی  .
هەر کە بینی ناوی (نەرمین)ی لەسەر کوتراوە سەری سووڕما و باوەشی  پێما کرد .
 سەرسام بووم لەم کارەی ..نەمدەزانی چی پێبلێم ..هاتم بلێم : بمبوورە ئەگەر بریندارم کردووی !
ئینجا چاوە دەنکە ترێکەی لێبڕیم و گوتی : ئەوە چۆن ناوی منت زانیوە ؟ چۆن دڵت هات ئازاری دەستت بدەی ..ئازیزم من تەنیا بەلێنکم بەس بوو!


ن/جەلال قادر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.