Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
وەستاویی ئایین و گەشەی زانست

وەستاویی ئایین و گەشەی زانست

Closed

 

زانست لە تێرمۆنۆڵۆجییە لاتیینییەکەوە بە واتای زانین( مەعریفە) دێت، بەڵام مەعریفەی زانست لەگەڵ مەعریفەی فەلسەفییدا لەو شوێنەدا جیاوازن کە زانست بە سیستماتیک و تاقیکردنەوەو دۆزینەوەی تیۆریی نوێ گەشە دەکات.  دوو لقی زانست، زانستی بایۆلۆژیی و پەیدابوونی ژیان، لەگەڵ زانستی گەردوونناسیی و فیزیای کوانتەم گەشەیەکی زۆر خێرایان کردووە.  تیۆرییەکانیان، بە هەزاران فاکت و بەڵگەی زانستیی و تاقیکردنەوە و بەچاو بینین سەلێمێنراون. هێشتا ئایین لە هەندێ وڵات و کۆمەڵگەدا مل بە حەقیقەتی زانستیی و دیتێرمینیزمی ( حەتمیەت) زانستیی نادات. ئەم فەناتیکبوون و رەتکردنەوەو دداننەنانە بە حەقیقەتی زانستدا لەلایەن ئایینەوە، لە وڵاتانی رۆژئاوادا کەمتر دەبینرێ، کەچیی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناویندا تەواوی زانکۆ و ئینستیتیوتە زانستییەکان، لە  مەغزاو وناوەڕۆکی توێژینەوە زانستییەکان داماڵراون. 
ئەگەر چەند نموونەیەک بهێنینەوە، نکۆڵییکردن لەپەرەسەندنی ژیان و رووەکەکان و زیندەوەرەکان لەلایەن  ئایینەوە، هەر خەڵک گێلکردن نییە، بەڵکو درۆیەکی گەورەیە کە زانست و ئایین دەتوانن بگونجێن. پەرەسەندن بە فاکت، توێژینەوە، بەڵگە، نموونە، تاقیکردنەوە و پاشماوەی بەبەردبووەکانەوە تەواو سەلمێنراوە. ئەوە زانستە بەبەڵگەوە دەیسەلمێنێ وەک تازەترین دۆزینەوە ئەوەی دەرخستووە،  پاشماوەی بەبەردبووەکانی ژیان بۆ نزیکەی 3.4 بیلیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە کە بە stromatolites سترۆماتەڵایت ناسراوە، لەکاتێکدا تەمەنی زەویی نزیکەی 4.5 بیلیۆن ساڵە.  لە بنەڕەتدا گرفتی ئایین و زانست، تۆخکردنەوەی سنوورە جیاوازەکانە، کە بە ئینگلیزیی پێی دەگوترێ ( demarcation problem ).  ئێستا ئیتر بۆ مرۆڤێک کە فەزیڵەی زانست بدا بەسەر فەزیڵەی زیهنیی پێشوەختدا، بەبەڵگەو فاکتی زانستییەوە سەلمێنراوە،  ئایین و  زانست بەیەکەوە هەڵناکەن  و دەبێ سنوورەکانیان جیا بکرێنەوە.
تیۆریی پەرەسەندن بۆیە بە مشتومڕو ئیعجازاتی ئایینیی ناسەلمێنرێ، چونکە وەک میتۆدی زانستیی و تاقیکردنەوەی بێشوومارو بەڵگەو فاکتی زانستیی سەلمێنراوە. ژیان ئەگەر لەئاوی دەریاکانەوە دەستی پێکردبێ، یان لە ئەستێرەکانی ترەوە بەهۆی نەیزەک و کوەیزارەکان و تەنە ئاسمانییەکانەوە پەڕیبێتە سەر زەویی، گومانێک بۆ پەرەسەندنی ژیان ناهێڵێتەوە. کاتێ لەسەرەتادا زەویی تۆپەڵێ ئاگر بووەو  پاش سەتان میلیۆن ساڵ کە ساردبووەتەوەو ئاو و پۆڵێمەری ئۆرگانیی دروست بوون، ئیتر ژیانی سەرەتایی زیندەوەرە ئاوییەکان دەستی پێکردووە و پەرەسەندن بەسەتان میلیۆن ساڵ بەدوایدا هاتووە.   لێرەدا دینییەکان بەشوێن ئەوەوەن کە زانست دەستکاریی کاری خودا دەکات. ئەم دیدانە نەک دیدێکی پاوانخوازییە، کە خودا بۆ دنیای بچووکی دین قۆرغ دەکەن، بەڵکو تۆتالیتاریزمێکی سەرپانکردنەوەی لەپشتەوەیە کە بەناوی خوداوە هەموو تاوانێک دژی ئەوانە دەکرێ کە دیندارەکان بە کوفری دەزانن. راستییەکەی دین دەبێ بگەڕێتەوە سەر کرۆکی پەیامە سەرەتاییەکانی خۆی کە کاری رۆحانیی بووە و باشتریشە دین لەگەڵ زانست و تەکنەلۆژیادا بگونجێنرێ، نەک بەپێچەوانەوە.

گەردوونناسیی و فیزیای کوانتەم:

زۆربەی ئایینەکان دەڵێن ئافرێنەر، زەویی لەچەند شەو و رۆژێکدا دروستکرد و ژیانی خستەوە. ئێستا زانستی فیزیای مۆدێرن و کوانتەم بەتایبەتیی……… زۆر بەوردیی بۆ بنجوبنەوانی گەردوون دەگەڕێنەوە کە نزیکەی 13.7 بیلیۆن ساڵە. ئەم رێژەیە گۆترەو درۆی زانست و زاناکان نییە، بەڵکو بە دەیان هەزار تاقییکردنەوەی فیزیایی و کیمیایی و ماتماتیکیی بەو ئاکامانە گەیشتوون. تەنانەت لەیەک تاقیکردنەوەشدا تا هەنووکە فیزیای کوانتەم نەکەوتووە و ساڵ بە ساڵ لەعەقڵی گەردوون و مۆخی گەردوون نزیکتر دەبێتەوە.
کاتێک مرۆڤ ئەگەر بیەوێ شتێ لە فیزیاو گەردوون بزانێ، هەر زوو تێدەگات کە گەردوونەکەی ئێمە لە بیلیۆن بیلیۆن ئەستێرە پێکهاتووە.  گەردوونەکەشمان یەک دانە گەردوونە لە تریلیۆن تریلیۆن گەردوونی تر، ژمارەی گەردوونەکان بە میتۆدی زانستیی و ئەگەرەکانی کوانتەم بە( دە توان پێنجسەت)  10500    گەردوون دەقەبڵێنرێن. ئایا لەو ژمارە زۆرەدا کە عەقڵی مرۆڤ رادەوەستێ لە ئاستیدا، لەو نزیکەی ١٤ بیلیۆن ساڵەی گەردووندا، لەو نزیکەی 4.5 بیلیۆن ساڵەی زەوییدا، دەچێ بە عەقڵی زانستدا کە ریوایەتەکانی دین بپەژرێنێ؟  لەکاتێکدا بە تاقیکردنەوە سەلمێنراوە کە  مرۆڤی ژییر تەمەنیان زۆر نییەو  هەمووی بەسەریەکەوە چەند دەیان هەزار ساڵێک دەبێ مرۆڤی ژییر هەیە و بەگەشەکردنی دەیان میلیۆن ساڵیش بەهەنووکە گەیشتووە ؟

هیچ ئایینێ ناتوانی بە میتۆد و دێتێرمینیزمی زانستیی ئەوە بسەلمێنێ،گەردوون چۆن دروست بووە! بەڵام زانست پەی بە نهێنییەکانی سروشت و یاساکانی سروشت دەبات.  لە هەموو کتێبە ئاسمانییەکاندا تەنیا باسی یەک خۆر دەکرێ؟ خۆرێک بەچاوی ئاسایی رووت، دەیان هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤە کۆنەکان بەس ئەویان بینیوە.  لەکاتێکدا  میلیۆنان خۆری جیاواز، گەورەتر و بچووکتر، گەرمتر و ساردتر لە خۆرەکەی ئێمە هەن. ، کاتێک میکانیکی کوانتەم و بیردۆزی رێژەیی گشتیی پێکەوە دەگەنە ئەو حەقیقەتەی کات و فەزا، دوورایین و سەرەتا و کۆتاییان هەیە و ماددەو وزە دەیانپێچننەوە، بەواتایەکی تر لە بینگ بانگ ( تەقینەوە گەورەکە) بەولاوەتر شتێک نامێنی بەناوی کات و فەزا. ئەمانە بەعەقڵی  زۆرینەی مرۆڤی ئاساییدا ناچێ، بەڵام بە هاوکێشەی فیزیایی و ماتماتیکیی سەلمێنراون. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، باشتر نییە ئایین خۆی خەریک نەکات بەکاری زانستەوە و لێکدانەوە بە موعجیزەوە نەکات و خەریکی کارە رۆحانیی و ئەخلاقییەکانی خۆی بێ. باشتر نییە ئایین خۆی بگونجێنی لەگەڵ زانستدا و ملهوڕیی بەرامبەری نەکات.

لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هاوشێوە  لە کولتووری ئێمە ، هەر کاتێک توانرا دەستی ئایین لە زانکۆکان و ئینستیتیوتەکان و لێکۆڵینەوەکاندا بکێشرێتە دواوەو ببرێتەوە بۆ ناو شوێنی پەرستگاکان و پێوەندییە تایبەتییەکانی نێوان خوداوەندو مرۆڤ، ئەوسا پێشکەوتن و گەشەی زانستیی و کولتووریی روودەدەن. هەندێ مەلا و دینداری توندڕۆ هەن، بەناوی بەرگرییکردن لە خودا و حەقانییەتی خودای ئایینەکەی خۆیانەوە، ئامادەن هەزاران گۆمی خوێن بۆ کافرو زەندیق و بێبڕواکان بسازێنن. لەکاتێکدا ئەو خودایەی ئەوان خۆیانی بۆ فیدا دەکەن، خودای ناو کتێبە ئایینییەکان، زۆر بچووکە لەچاو ئەو خودایەی کە بڕیارە لە پشت دروستکردنی گەردوونەوە بێ. بەهەموو ئایینەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی بەئەندازەی ئەریستۆ لە گەردوون تێگەیشتنیان نەبووە، وێڕای ئەوەی ئەریستۆ بۆخۆیشی وەک فەیلەسووفێک هەڵەی زۆر زەقی کردووە و دوو هەزار ساڵیش بۆچوونە فەلسەفییەکانی لەبەردەم زانستدا رێگربوونە. بەهەموو کتێبە ئاسمانییەکان یەک لەسەر تریلیۆنی ئەو زانییارییانەی نیوتن و ئاینشتاین و فەینمان و ستیڤن هۆوکینگ….تاد بە مرۆڤایەتییان داوە، زانیارییان لەسەر گەردوون و یاساکانی سروشت، تێدا نییە.

 ئایا دەکرێ کاهین و قەشەو مەلاکان، بەو باکگراوندە کەمە لەزانیاریی ( ئەویش زۆربەی ناکۆک) خۆیان وەک وەکیلی خودا لەسەر زەویی بناسێنن؟ ئایا بەڕاستیی خودای مەغزی گەردوون، بەراورد بەو خودایەی لە کتێبە دینییەکاندا هەیە، خودایەکی زۆر جیاواز نییە؟ کاتێ زانست دەڵێ لە زۆربەی کتێبە دینییەکاندا سووکایەتیی بەخودا کراوە، ئەمە بەمانای کوفر نییە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت خودا بە بوون و نەبوون، زۆر لەوە گەورەترە کە ئایینەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی قسەیان لەسەر کردووە.
زانایانی ئایینیی هەموو ئایینەکان،گرینگە گوێ لە زانست بگرن ، کە ڤێرژنی جیاواز  بۆ ژیان و سروشت هەیە. زانست بڕوای وایە زۆرینەی پێغەمبەرەکانی خودا بەناوی خوداوە قسەیان کردووە و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان و قەومەکان  و ناوچەکانیان، چیرۆکی ئایینییان داتاشیوە.  هەندێ لە پیاوانی ئایینیی ئەو هەموو داکۆکییە لە خودا دەکەن، ئایا لە راستییدا خودا پێویستی بەوان هەیە بەو زانیارییانەی لە کتێبە ئاسمانییەکانەوە هەیانە داکۆکیی لە مەغزی گەردوون و ژیان بکەن؟ بەدرێژایی مێژووی هەزاران ساڵەش، هەر کۆمەڵگەیەک کاهین و قەشەو مەلاو هاوجۆرەکانیان چەرخی رۆژگاریان بەدەستەوە گرتبێ، ئەو کۆمەڵگەیە پاشەکشەی کردووەو لەکاروانی شارستانییەتی مرۆڤایەتیی بەجێماوە. ئەگەر پێشکەوتنە زانستیی و تەکنەلۆژییەکانی رۆژئاواو و ژاپۆن و کۆریاو چایینە( چین) …….تاد لە ژیانی وڵاتە ئیسلامییەکان و ئەفریقییەکان دەربکەیت، چەندین هەزار ساڵ دەگەڕێیینە دواوە. ئەمەش جیاوازیی نێوان زانست و ئاییینە لەیەک بواری سادەدا کە  زانست چەند رۆڵێکی گەورەی لەگەشەی ژیاندا هەیە.

کامیار سابیر

ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی “ئاوێنە” دا ژمارە ٣١٨ ی رۆژی ٢٠ /٣/٢٠١٢ بڵاو بووەتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.