Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رۆژی 5ی ئایار وەک رۆژی ئازادی لە کوردستان بەرز و بەڕێز ڕادەگرین!

رۆژی 5ی ئایار وەک رۆژی ئازادی لە کوردستان بەرز و بەڕێز ڕادەگرین!

Closed

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکیتر بەرەوڕووی یەکێک لە هێرشەکانی دەسەڵاتی کوردی بۆ سەر خەڵک  بووینەوە. لە سەرەتا فشارهێنان بۆ دەستگیرکردن و دادگایی هەڵسوراو و بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات، دوابەدوای ئەوەش نمایشی قێزەونی سیناریۆی بەناو دادگایی دۆسیەی تیرۆری سەردەشت عوسمان.
ئەوەی بەڕێوەچوو سیناریۆیەکی گالتەجاری بوو و بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزاری دەکەین. تا ئەو کاتەی تاوانباران و بکوژان و ئەوانەی لەپشتی تیرۆری سەردەشت وەستاون، دادگایی نەکرێن و بەسزای عادلانە نەگەن، ئەو دۆسیە لای ئێمە و رۆژنامەنووسان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەکراوەیی دەمێنێتەوە. رایدەگەیەنین کە کەیسی سەردەشت کراوەیە و هەر بە کراوەییش دەمێنیتەوە تاوەکو لە دادگایەکی بێلایەن و دوور لە فشاری دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت و بە ئەنجام دەگات.
ئێمە لێرەدا بۆ وەستانەوەو پێشگرتن بە هێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر خەڵک و ئازادی، بانگەوازی رۆژنامەنوسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، هێز و لایەنە سیاسییەکان، خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، کۆمیتەکانی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی و کۆمیتەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان….. تاد  لە شارەکانی کوردستان و دەرەوە دەکەین، رۆژی ٥ ئایار وەک ڕۆژی ئازادی لە کوردستان بە مەراسیم و چالاکی  جۆراو جۆر بەرز و بەڕێز ڕابگرن.
ڕۆژی ٥ ئایار وەک یاد و ڕێز لێنان لە رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، ئەو ڕۆژە بکەینە بۆنەیەک بۆ داکۆکی لە ئازادی. هاوکات دەبێتە فشارێک بۆ پووچەڵکردنەوە و ڕیسواکردنی سیناریۆکانی دەسەڵات، ئەوەش هەنگاوێک نزیکمان دەکاتەوە لە دادگایی کردنی تاوانبارانی تیرۆری  سەردەشتەکان و سۆرانەکان.
گرینگە ئەم رۆژە وەکو (رۆژی ئازادی) لە کوردستان لەلایەن ئازادیخوازان دیاریبکرێت. هەوڵێکە بۆ بەستنی ئەو دەستانەی گوللە ئەنێن بەنێو دەمی گەنجان و ئەو رۆژنامەنووسانەی ڕاستی بە خەڵکی کوردستان دەڵێن.
ئێمە لەکاتێکدا ئەم بەیاننامەیە رادەگەیەنین کە دەسەڵاتداران فشارەکانیان چڕتر کردۆتەوە بۆ سەر رۆژنامە و دەنگە ئازادەکان لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت و دەیانەوێت جگە لە یارییە گاڵتەجاڕییەکەی ساڵی پاری لیژنەکەی ئاسایشی هەولێر یارییەکی دیکە بەم کەیسە بکەن و پەیامی دیکە ئاراستەی رای خەڵک بکەن، بەوشێوەیەی کە دەسەڵاتداران و حیزبەکان دەیانەوێت!
 بانگەوازی هەموو لایەک دەکەین بەیەکەوە لە ٥ ئایاردا بەیەک دەنگ کاربکەین بۆ :
•    گرتنی مەراسیمی ڕێزلێنان و یادی سەردەشت عوسمان.
•    سازدانی کۆڕ و سیمینار لەسەر ڕەوشی ئازادی لە کوردستان.
•    پێشانگای وێنەکانی سەردەشت و پێشانگای فۆتۆگرافی و کاریکاتێری.
•    سازدانی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لەبەردەم سەفارەتەکانی عیراقی یا ئۆفیسی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم.
•    هەر کار و چالاکییەک کە خۆتان بە گونجاوی دەزانن…

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

2012-03-28

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.