Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چۆڕێ میز! … جەلال قادر

چۆڕێ میز! … جەلال قادر

Closed
by April 5, 2012 چیرۆک

 

لەم ڕۆژانە ‌هیچ بابەتێکم نەبوو بینوسمەوە ، بیرمکردەوە بچمە یەکێ لە کافتریاکانی شارەکەم بەلکو بابەتێکم دەستکەوێت .  کاتێ گەیشتمە ناو کافتریایەک  لەپڕ دوو کەسم بینی شەڕیانە . بە جنێو دایک و خوشکی یەکتر دەگێن . . منیش وتم : ئەگەر ئەم شەڕە ڕانەگرن  تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکەم !
هەر دووکیان وتیان : نەکەی بۆ خاتری خوا.
وتم : ئەوە چیبوو … هەر کە ناوی پۆلیسم هێنا هەردووکتان لەشەڕ کردن وەستان.
وتیان : ئاخر ئەگەر پۆلیس بێت هەموو شتەکانمان لێ ئاشکرا دەبێت.
وتم : دەباشە پێم بلێن لەسەر چی شەڕ تانە و خوشک و دایکی یەکتر دەگێن ؟
وتیان : شتێکی نێوان خۆمانە چارەسەری دەکەین.
بۆ ئەوەی پێیان ڕابوێرم و بیانترسێنم  وتم : زۆر باشە ..بەس من هەردەبێ پۆلیس ئاگادار کەم !
وتیان : کاکە ئێستا ئێمە وازمان هێناوە تۆ واز ناهێنی ؟
وتم : باشە پێم بلێن لەسەر چی شەڕتانە تا واز بهێنم؟
کەسی یەکەم وتی : ئێستا شەڕ کەر وازی هێناوە ناوبژی کەر واز ناهێنێ !
کەسی دووەم ڕووی دەمی لەکەسی یەکەم کردو وتی : بە زاتی خوا بەشم نەدەی ، هەموو شت ئاشکرا دەکەم !
کەسی یەکەم وتی : هەر ئەوەی پێتم وت ..ئەوە بەشەکەتە !
کەسی دووەم وەلامی دایەوە : واتە تۆ نیو میلۆن دۆلار وەرگری من پێنج هەزار دۆلار!.
وتم : گوێ بگرن ..ئێوە شەڕتانە لەسەر پارەی دزراو ..بۆم نەدرکێنن ئێستا تەلەفۆن دەکەم بۆ پۆلیس .
کەسی یەکەم : بە خوا جوانە شەریکێکیترش پەیدا بوو.
وتم : نا من شەریکی دزی ناکەم ..بەس مادام سەرەکەیتان دەرخست عەیب نەبێت بنەکەشی دەرخەن .
کەسی دووەم وتی : باشە هەموو شتت بۆ باس دەکەین بزانین تۆ هەق بە کێ دەدەی !
وتم : فەرموو!
کەسی یەکەم بە کەسی دووەمی وت : ئێستا تۆبۆ دونیامان لێ تێدەگەیەنی!
وتم : کاکە منیش غەریبە نیم …
وتیان : باشە پێت دەلێین بە مەرجێ لای کەس نەیدرکێنی؟
 وتم : بەسەر چاو!
کەسی یەکەم  بەم شێوەیە گێڕایەوە : برا ..ئەم کاکەیە ئێوارەیەکیان هات بۆ مالم . دوای نان خواردن و چای خواردنەوە پێیوتم ، با بچین پیاسەیەک بکەین ..دەرچووینە دەرەوە پیاسەمان کرد …بەدەم ڕێگاوە وتی :  دەزانم ژنەکەت دووگیانەیە ..داواکارییەکم هەیە .
منیش وتم : فەرموو…. ئەویش وتی ڕاستی چۆڕێ میزی هاوسەرەکەتم دەوێت !.
لەسەرتا خەریکبوو بدەمە ناودەمی ..کەچی دەستی گرتم وتی : تووڕە مەبە برا .. ڕۆژ تا ئێوارە ژنەکەت میز دەکاتە ئاودەستەوە ئەگەر چۆڕی میز بکاتە ناو بتلێکەوە بیدات پیمان چی دەبێت؟
وتم : برا تۆ باسی شەرەف و ناموسی من دەکەیت !
وتی : نا ژنەکان ئەم کارە ئەنجامدەدەن .
وتم : پێم نالێیت ئەم چۆرە میزەت بۆ چییە؟ !
وتی : ناتوانم پێت بلێم ..بەس ئامادەم  چۆڕێ میزی ژەنەکەت بکڕم بە سەد دۆلار..
وتم : بە خوا هەزارش بدەیت نایدەم !
وتی : باشە وابزانە هیچ ڕووینەداوە ئێمە هەر برای جارانین ..ئەگەر بە هەزار دۆلاری دەدەیت ئامادەم بیکڕم .
وتم : کورە تۆ شێت بوویتە؟! .
وتی : نا من شێت نیم ، تۆ شێتی چۆڕێ میز بە هەزار دۆلار نادەیت ..کەواتە من دەچم لە شوێنێکیتر پەیدای دەکەم ..
دانیشتنەکەی ئەو ئێوارەیەی لێتێکداین و دڵتەنگی کردین ….
 شەو خەو نەچووە چاوم ، سەرم لەم کارە ئالۆزکابوو. هاوسەرەکەشم پێیوتم : چیبووە لەو کاتەوەی لەگەل میوانەکە چوونە پیاسە و هاتنەوە رڕوخسارت شێواوە.
وتم : هیچ نییە ژنەکە.
پاش چەند ڕۆژێک ئەم کابرایە تەلەفۆنی بۆ کردم وتی : چۆڕە میزەکە بە پێنج هەزار دۆلار .
منیش ڕازی بووم بە مەرجێ پێم بلێت چی لەو چۆڕە میزە دەکات ؟!…
ئەم کابرایە هات بۆلام پێی وتم : ئەو چۆڕە میزە دەبەمە لای دکتۆرێک . پێیدەلێم ئەمە میزی ژنەکەمە ، داوای لێدەکەم تاقی بکاتەوە بزانێت ژنەکەم دوگیانەیە ؟. کاخەزی دکتۆرەکە هەلدەگرم ..لەگەڵ ژنەکەم سواری ئۆتۆمبیلەکەم دەبین لەناو شار دەسوڕێینەوە خۆمان دەکەینە ژێر ئۆتۆمبیلێكیتر، لەکاتی ڕووداوەکە یەکسەر تەلەفۆن بۆ پۆلیس و فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە دەکەم . لە نەخۆشخانە ڕیپۆرت دەدەم کە ژنەکەم منداڵی لە بارچووە… بەم کارە پارەیەکی چاک لە بیمە وەردەگرم..
هەر کە بەسەرهاتەکەی بۆ گێڕامەوە ، من پەشیمان بوومەوە وتم : بێ چۆڕە میزەکەی ژنەکەم  هیچت پێ ناکرێ . دەبێت لەم کارە شەریکم کەیت.
کەسی یەکەم هاتە ئاخافتن : جا تۆ بۆ خوا بلێ  مەعقولە من خۆم و ژنەکەم بکەمە ژێر ماشینەوە ئەم برادەرەش بە  چۆڕێ میز بیکەم بە شەریک؟ .
وتم : ناوی خوا مەهێنن ..بابزانم چیرۆکەکەتان بە کوێ گەیشت ؟
کەسی دووەم وتی : برا … سەرەتا ئەم کاکەیە ڕازی نەبوو پاشان وتی باشە شەریکت دەکەم . ئێستا چەکەکەی لە بیمە وەرگرتووە دەلێم بەشی کەین ..دەلێ نەخێر هەر ئەو پێنج هەزارەت دەدەمێ کە ڕێکەوتین لەسەری !
کەسی یەکەم وتی : برا.. ئەم وتانەی هەموو ڕاستبوون… بەلام ئەم برادەرە سەرەتا پێی وتم ..من ڕازیم بە پێنج هەزاردۆلار بە مەرجێ پێی بلێم چۆڕە میزەکەم بۆ چییە ؟ کاتێ پێم گوت پەشیمان بووەوە ، کەواتە درۆی لەگەل کردم ، منیش ئێستا لەسەر وتەی خۆم ماوم پێنج هەزاری دەدەمێ ..چۆن ئەو درۆی لەگەل کردم منیش ئەوها وەلامی دەدەمەوە.
کەسی دووەم : ناتوانیت پارەم بخۆیت .
کەسی یەکەم : چیت پێدەکرێ بیکە.
کەسی دووەم : وەک سەگ دەتتۆپێنم ..
وتم : بابە ڕاوەستن… ئێوە لە بەیانییە هەردەکوژن و دەبڕن ، شەرەف و ناموستان تێکەلاو کردووە چیرۆکەکەشتان کەلکی باسکردنی نییە ئابرووتان دەچیت.
کەسی دووەم وتی : ئێستا ئەگەر تۆ بکەینە دادوەر چۆن بڕیار دەدەیت ؟
وتم : ڕاستی من زۆر کێشە هەیە دەتوانم چارەسەری بکەم ، بەس ئەمەی ئێوە ناوازە و سەری لێدەرناکەم…ڕاستە پێشینان وتویانە : تا سەر سپی دەبێت قنگ شتی عەجایب دەبینێ!
کەسی دووەم وتی: کاکە پێمان ڕامەبوێرە ..من پارەی خۆم دەوێ !
وتم : سەرەتا من کاکەی کەس نیم .. پاشان پێم بلێن چەکەکەی بیمە بە ناوی کێ تۆمارکراوە؟
کەسی یەکەم وتی: بەناوی من و ژنەکەم !
بە کەسی دووەمم وت : تۆ هەر لەگوپی خۆتبدە هیچت پێناکرێ..ئەگەر دەتەوێت دەتوانی پۆلیس ئاگادار بکەیت .
هەردوکیان لەترسا هاواریان لێبەرز بووەوە ، وتیان : برا …تۆ شێت بوویتە ، ئەگەر پۆلیس بەم کارەمان بزانێت هەردووکمان دەکاتە زیندانەوە ..مەگەر نازانیت ئەمە  تاوانە کردوومانە ..
وتم : کەواتە هەردووکتان تاوانبارن ..ئەگەر من دەکەن بە دادوەر هەردووکتان بۆ زیندان ڕەوانە دەکەم !
وتیان : سەرەتا لە تۆ بەلێنمان وەرگرت کە لای کەس ئەم نهێنییە نەدرکێنی ئێستا داواکارین بەلێنەکەت ببیتەسەر !
وتم : ڕاستی من من نهێنییەکەتان دەپارێزم ..بەس لەبەر ئەوەی چیرۆکنوسم بە شێوەیەکیتر دایدەڕێژم و بلاویدەکەمەوە .
هەردووکیان وتیان : نەکەی بینوسیتەوە تکات لێدەکەین .
وتم :  ئەی چینبوسمەوە؟
وتیان : چیرۆکەکەت بە هەزار دۆلار دەکڕین مەینوسەوە..
وتم : ببورن ناتوانم .. من خوێنەرەکانم خۆشدەوێ …
وتیان : پێنج هەزار !
وتم : باوەڕم بە وتەی پیاوی وەک ئێوە نایەت .
وتیان : دە هەزار ..بیست هەزار …پەنجا هەزار..
بە دڵخۆشییەوە لە دەرگای کافتریاکە هاتمە دەرەوە و پێیانم وت : زۆر سوپاس بۆ ئەو چیرۆکە ی بە خۆڕایی بۆتان گێڕامەوە .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.