Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024

سیمبۆڵیزمی پارتیی لە ئاڵای هەرێمی کوردستاندا

Closed

 

 

لە مێژووی نوێی دەسەڵاتە لۆکاڵیی و پچڕپچڕەکانی کورددا، کۆمەڵێ ئاڵای جیاواز هەڵکراوە. یەکەمین ئاڵای گەلی کورد لەسەردەمی شێخ مەحموددا( ١٩٢٢-١٩٢٤) هەڵکراوە، کە کۆکتێلێکی خۆماڵییکراوی پەرچەمی عوسمانییەکان و ساسانییەکان بوو. ئەو ئاڵایە هیچ رەسمییەتێکی نەبووە.  دواتر لە نێوان ( ١٩٢٧ -١٩٣٠ ) ئاڵای کورد لەلایەن (خۆییبوون)ەوە، بەم سێ رەنگە سەرەکییەی هەنووکەی ئاڵای هەرێمەوە، بەخۆرێکی زەردو کەژی بەفرینەوە شەکێنراوەتەوە. ئاڵاکەی خۆییبوون زۆر لەئاڵای رژێمی شاهەنشاهیی ئێران دەچێ لە ریزبەندیی رەنگەکانیدا لەسەرەوە بۆ خوارەوە.
 alla_shexmahmud
ئاڵاکەی شێخ مەحمود

کۆماری مەهاباد، یان کۆماری کوردستان لە سابڵاغی ئێستادا، لە کۆتایی ١٩٤٥ و سەرەتای ١٩٤٦ دا ئاڵایەکی داهێنا و ناوی ” ئاڵای کوردستان” ی لێنا. هەمان رەنگەکانی ئاڵای خۆییبوونی بەکارهێناوە، لەگەڵ دیزایینێکی وردتر بەهەندێک دەستکارییکردنەوە. دیارە دوو بۆچوون هەیە لەسەر ئاڵاکەی قازیی محەمەد، یەکێیکان ئەوەیە، ئاڵاکەی (خۆییبوون)ی هەڵگێڕاوەتەوەو دەستکاریی کردووە، بۆچوونی باویش ئەوەیە کە ئاڵای ئێرانی شاهەنشاهیی هەڵگێڕاوەتەوە. ئەمەی دوایین یەکێک بوو لەو تۆمەتانەی کە قازیی پێ لەسێدارە درا.
alla_ararat

ئاڵای کورد لەسەردەمی “خۆییبوون”دا
یان ئەوەی بە کۆماری”ئارارات” ناسراوە

ئەوەی کەمترین رۆشنایی خراوەتە سەر، ئەم ئاڵایەی هەرێمی کوردستانی عێراقە، چۆن لە کۆماری مەهابادەوە بۆ ئەم شێوەیە گۆڕدرا؟ بەبڕوای من، ئەم ئاڵایە زیاتر پارتیی پێوەی ماندووەو خەریکی تەعمیمکردنییەتی لەئاستی ناوخۆی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستاندا. جگە لەمۆتیڤی ئایدیۆلۆژیی و حیزبیی و عەقڵییەتی کوردەنامووسیی خێڵ، هیچ دۆکیومێنتێکی یاسایی، پارلەمانیی، سیاسیی………..تاد بوونی نییە، کە چۆن ئایکۆنی دوو گوڵە گەنم و خۆرو قەڵەم و کتێبەکەی( یاخود سیمبوڵی خوێندن- کە خودی قازیی داکۆکیکەرێکی جدیی خوێندن و پەروەردە بوو) ناو ئاڵاکەی قازیی، بەم خۆرە بیست و یەک تیشکەی هەنووکەی ئاڵای هەرێم گۆڕدرا؟

alla_sablagh
ئاڵاکەی کۆماری مەهاباد

بەدەر لەوەی بەهۆنی نەبوونی قەوارەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆی کوردەوە، بەشێکی زۆر لە ئیحساساتی خەڵک بە ئاقاری نەتەوەییدا، بە خۆشەویستیی ئاڵاوە ئالوودە بووە، بەڵام بەوردیی سەرنجدان لەوانەی حەماسەتیان بۆ ئەم ئاڵایەی ئێستا هەیە، مرۆڤ تێ دەگات کە کێن؟ زۆرینەی رەهای کوردەکانی کوردستانی تورکیاو پی کەی کەی(پەکەکە) نیین، بەشێکی بەرچاوی کوردەکانی ئێران و حیزبەکانیان نیین. بەشێکی دیاریش لە خەڵکی کوردستانی باشوور، لە موزایەدەکردن و بەحیزبییکردن و بەبنەماڵەییکردنی ئەم ئاڵایە تێگەیشتوون.
لەولاشەوە، شەڕی ساردی پەکەکە و پارتیی لەسەر ئاڵای کوردستان، زۆر بەوردیی هەستی پێدەکرێ. پەکەکە بڕوای وایە کە ئاڵای کوردستان، ناکرێ لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی هەرێم و حکومەتی هەرێمەوە جێکەوت بکرێ! بیانووشی ئەوەیە، سنووری تەسکی جیۆگرافیای هەرێم و عەقڵیەتی حیزبێک” پارتیی” ناکرێ بەسەر پارچەکانی تری کوردستاندا هەژموون پەیدا بکات. هەروەها رەخنە لەوە دەگرن کە بەئەمانەتەوە ئاڵاکەی کۆماری کوردستان نەگواستراوەتەوە. ئەوەی پەکەکە دەیڵێ، لەئاستی چەمکە نەتەوەییەکاندا راستییەکی تێدایە، بەلام پەکەکە لەنێوان  چەمکی نەتەوەییبوونی کورد لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان و هەژموونی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیدا تێکەولێکە دەکات و سیاسەت بە نرخی رۆژ دەکات. هاوکات پەکەکەش زیاتر بەشوێن ئەجێندای حیزبییەوەیە.
پارتییش، زیاتر جەخت لە دەستگرتن بە ئەمانەتی ئاڵاکە، دەکاتەوە. ئەفسانەی نەتەوەییبوون بۆ ئەم پرسە دادەتاشێ، گوایە بارزانیی درێژەپێدەری هەڵکردنی ئاڵاکەی کۆمارەو کوڕی بارزانییش( سەرۆکی هەرێم) لەژێر ئەو ئاڵایەدا لەدایک بووە. لەکاتێکدا ئەم ئاڵایەو ئاڵاکەی قازیی، جیاوازییان هەیەو دەستکارییەکی بنەڕەتیی کراوە. لێرەوە کوردەنامووسیی خێڵ و  بنەماڵەو بەرەباب و حیزب و ئایدۆلۆژیا تێکەڵ دەبن.  بەکورتییەکەی پارتیی دەیەوێ ئاڵای هەنووکەی هەرێم، لە مێژوودا وا جێکەوت بکات کە بارزانییەکان و سەرۆکی هەرێم، لەمێژووی نوێی کورددا جێکەوتیان کردووە! لێرەشەوە دەیانەوێ لەڕێی پرۆ-پارتیییەکان و پارەخۆەرەکانی بەناو ” کوردستانییان” ەوە بۆ پارچەکانی تری کوردستان، بەتایبەتیی هەندێ لە کوردەکانی کوردستانی رۆژهەڵات کە زۆر نزیکن لە پارتییەوە، تەسویقی بکەن.
هەرچی یەکێتییە، زیاتر لە حیزبێک دەچێ، پارتیی دەیەوێ هەڵی لووشێ و لە ڕێی تەوقی” رێککەوتنی ستراتیژیی” ەوە، دوا دڵۆپی ژیلەی بخواتەوە. یەکێتیی لەدڵەوە قەناعەتی بەم ئاڵایە نییە، بەڵام بەهۆی کوردەنامووسیی و رێکردن لەگەڵ شەپۆلی شەقامی کوردییدا، خۆی داوەتە دەست قەدەری پارتییەوە. ئێستا نەوەی نوێی کورد، گەنجان و لاوانی کورد لەئاست ئەو هەموو قڵپکردنەوە و سەربەرەوخوار و سەربەرەوژوورکردنەوەیەی ئاڵادا، لەسەردەمی ئیحسان نووریی پاشاوە( خۆییبوون) بۆ سەردەمی قازیی و تا هەنووکە، دەبێ چۆن لە چەمکە سیاسیی و کولتووریی وئایدیۆلۆژیی و نەتەوەییەکانی ئەم حیزبانە تێ بگەن؟ ئەم هەموو سەرلێشێواندنە، ئایا بەخاتری گەلی کوردە، یان موزایەدەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی کۆمەڵێ حیزبە کە بە مێنتاڵی خێڵ و ناوچەگەراییەوە، سیاسەت دەکەن.
یەکێک لە عەقڵانییترین لێکدانەوە سیاسییەکان لە نێو سەرکردەی حیزبە کوردییەکاندا لەسەر ئاڵا کە بە دۆکیومێنت هەبێ، بۆچوونی مستەفای هیجرییە لە کۆنگرەی ١٣ی “حدکا”دا. هیجریی لەسەر ئاڵای کوردستانی رۆژهەڵات پێیوایە” کوردستانی ئێران و عێراق جودان، بەپێی سیستمی نێودەوڵەتیی نابێ ئاڵای دوو وڵات وەک یەک بێ، بستێک خاکمان نییە و دێین ئاڵا هەڵدەکەین، لەکاتێکدا ئاڵا نیشانەی سەقامگیریی میللەتێکە، لەباری سیاسییشەوە هەڵدانی ئاڵا لە هەنووکەدا زیانەکانی لە قازانجەکانی زۆر زیاترە. ناکرێ ئاڵای ئێمەو ئاڵای کوردستانی عێراق یەک بێ، بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبیی هەیە، بەڵام ئاڵاکانیان جیاوازە. رەنگەکانی ئاڵاکەی قازیی دەکرێ دەستیان پێوە بگیردرێ، بەڵام تەنانەت لەسبەی رۆژی ئازادبوونی کوردستانی ئێرانیشدا هیچ زەمانەتێک نییە کە ئاڵاکەی قازیی وەک خۆی بمێنێتەوە، چونکە حیزب و بیروڕای جیاواز پەیدا بوونەو دەبن…..”
ئەو قسانەی هیجریی لۆژیکی سیاسییان تێدایە، هەرچەند پاش دوولەتبوونی ئەو حیزبەو چاو لەدەستبوونی هەردووکیان لە پارتیی، سیاسەتەکانیان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، چونکە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان(حدک) وێڕای بوونی هەندێ سەرکردەی گەنجی رۆشنفیکر، رێک وەک پارتیی لەسەر مەسەلەی ئاڵا بیر دەکەنەوە، کە بە دڵنیاییەوە زۆر نێگەتیڤانە بیر دەکەنەوە. ئەگەری ئەوەش هەیە حدکا سیاسەتی خۆی تەبا بکات لەگەڵ ئیغرای هەستە نەتەوەییەکان و بازاڕی شەقامی کوردییدا. بەشێکی تریشی کێبەرکێی حیزبیی نێوان ئەو دوو لەتە حیزبە، حدک و حدکا،  وایان لێدەکات  بەناچاریی، رووەو شەقامی کوردیی قسە بکەن وسیاسەتی هەلپەرستانە و بەرژەوەندییخوازانە پێڕۆ بکەن.
بەبڕوای من، نەتەوەی کورد لە گشت پارچەکانی کوردستاندا ناکرێ یەک ئاڵای هەبێ، یەکێک لە گەمژانەترین بیرکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی و ئەکادیمیستە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان و تاراوگەمان ئەوەیە بە هاتوهاوارو فیکوفاک، بەهەڵپەڕکێ و خۆبادان و سەماکردن و عاتیفەسازیی نەتەوەیی، دەیانەوێ ئاڵای کوردستان بناسێنن. ئەو ئاڵایەی هەنووکەی هەرێمیش دەکرێ بە فەرمیی ساغبکرێتەوە لە ریفراندۆمێکی ئازاددا، یان لە پارلەمانێکی ئازاددا، پاش ئەوەی مۆڵەت بدرێ بەتەواوی حیزبەکان و رۆشنبیران  و هونەرمەندان، تا بیرۆکەو دیزایینی تر بۆ ئاڵای هەرێم  پێشنیار بکەن. ئەوانەی دەشڵێن پارلەمان بڕیاری داوە، گومانی تێدا نییە پارلەمانی دوو حیزب ( پارتیی و یەکێتیی) ناتوانێ پارلەمانی واقیعی هەرێمی کوردستان بێ. دیارە ئەوەی بۆ ئاڵا دروستە، بۆ سروودی نیشتمانییش دروستە.
خاڵێکی تر کە گرینگیی خۆی هەیە، رۆشنبیری جدیی کورد غەمی ئەم پرسانە لەکۆڵ ناگرێ و هەموو ئەمانە بۆ ژۆرناڵیستە حیزبییەکان جێ دەهێڵن. چوار وتارو لێکدانەوەی مەعقولت دەست ناکەوێ لە تێکستی کوردییدا، کە دوور لە حەماس و هەڵچوونی ناسیۆنالیستیی و دەربڕینی شاعیرانە، لەسەر مەسەلەی ئاڵا و سروودی نیشتمانیی نووسرابێتن. ئەم بێدەربەستییەی رووناکبیری کورد، کارێکی وایکردووە، سەرکردەی بێسەواد و حیزبی مێنتاڵ خێڵیی و هەژموونی ئایدیۆلۆژیستی تەسکبین، بەرچاولێڵییەکی زۆر بەسەر فەزای سیاسیی و کولتووریی گەلی کورددا بسەپێنن.
مرۆییترو سیاسییتر و عەقڵانییترە، کە ئاڵای هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی نەتەوەو ئێسنیکە جیاوازەکانی غەیری کوردی تێدا بێ، دەکرێ ئاڵای هەر بەشێکی کوردستان ئەو رەنگانەی هەنووکە لە خۆ بگرێ، کە لەبنەڕەتدا بە رەوی ماددەکان  بۆ ناوچەی حەرانییەکان ( ‌Haurrians)  و مەملەکەتی میتانیی بوونەتە سیمبۆڵی مێژوویی بۆ میتانیی و گووتییەکان، سەرەنجامیش بۆ ئاریاییەکان بەگشتیی و ئێرانییەکان ( فارس و کورد) بەتایبەتیی، بۆیە دیزایینی هەنووکەی ئاڵای هەرێم و ئەو زیاتر جەختکردنەوە حیزبیی و ئایدیۆلۆژییەی سێمبۆڵیزمی پارتیی، زیانی گەورە بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەگەیەنێ و پرۆژە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە پرۆژەی حیزبیی و بنەماڵەیی و شەخسیی دەکرێن.
راستە کورد ناتوانێ نکۆڵی لە رەگە ئێرانیی-ئاریاییەکەی بکات، هەروەک ئاڵای هەنووکەی ئێران و سەرجەم ئاڵا کوردستانییەکان، لەسەر یەک باکگراوندی رەنگیی دیزایین کراون، بەڵام ئاڵ،ا پێشوەخت سێمبۆڵ و راسانی نەتەوەییە بۆ ژیان، نەک بۆ خێڵ و حیزب. ئاڵا نوێنەرایەتیی گەلێک، نەتەوەیەک دەکات کە ئینتیگرەیشنی( تەواوکاریی) مێژوویی و کولتووریی و سیاسیی کردبێ، بە مێنتاڵی نەتەوەییبوونەوە نەک بە مێنتاڵی ئاغاوات و ئۆلیگارشی سیاسییەوە. سەرەنجام ئاڵا مانیفێستی سەربەخۆیی نەتەوەیی، یان نیشتمانیی، قەوارەیەکی سیاسییە کە ئیڵیتێکی باوەڕپێکراو و پەرێزخاوێن رابەرایەتیی بکەن، لەچەشنی کەسێکی نیشتمانیی وەک قازیی محەمەد، نەک بە عەقڵیەتی هەنووکەی حیزبە کوردییەکان، موزایەداتی سیاسیی  پێوە بکەن.

ئەم وتارە، لە ئاوێنەی ژمارە ٣٢٠ دا لە رۆژی ٣ی نیسانی ٢٠١٢ دا بڵاوبووەتەوە.


کامیار سابیر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.