Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە پەراوێزی یادەوەری پێشێلكاریەكانی  19ی نیساندا

لە پەراوێزی یادەوەری پێشێلكاریەكانی 19ی نیساندا

Closed
by April 19, 2012 جینۆساید

 

ناوەندی هەڵەبجە
دژبەئەنفالكـردن‌وجینۆســـــــــــــایدكردنی گەلی كــــــورد – چاك
The centre of Halabja against Anfalization and genocide of the Kurds – CHAK

لە پەراوێزی یادەوەری پێشێلكاریەكانی  19ی نیساندا
هۆشداریەك بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن

بەداخەوە هەلومەرجی كوردستان  بەقۆناغێكدا تێدەپەڕێ‌ كە كورد نەتوانێ‌ ئاوڕێكی تەندروست لە برینەكانی جەستەی‌و ئەو تاوانانە بداتەوە كەدەرهەقی كراون، ئەگەر حزبە سیاسیەكانی كوردستان پشكی شێر لە بێباكی‌و خەمساردی بەرن ئەوا راگەیاندنەكان‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و كۆی كۆمەڵگەی كوردستانیش لەم بێباكی‌و خەمساردیە بەدەرنین .
19ی نیسان كە ساڵیادی سەركوتكردن‌و پێشیلكارییەكانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانە لەبەرامبەر داخوازیە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان‌و خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی، چونكە لەمرۆژەدا هێزە ئەمنیەكانی كوردستان لەبری ئەوەی ئەمنیەتی خۆپیشاندەران بپارێزن بەپێچەوانەوە كەوتنە پەلاماردان‌و ئازاردانی خۆپیشاندەران‌و سوكایەتی كردن پێیان ..یەكێك لەو پێشیلكاریانە دەستبەسەركردنی كۆمەڵێك خوێندكاری زانكۆی سلێمانی‌و راگواستنیان بوو بۆ بۆ (قولەرەیسی) كە چۆڵەوانییەكی نزیك شاری سلێمانی ..راستە ئەوە بێحورمەتی‌و سوكایەتی كردن بوو بە خۆپیشاندەران‌و ئەزمونی هەرێمی كوردستان بەڵام ئەوەش نارەوایە كە لەو رۆژەوە چەندین جار خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی‌و زۆرێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن وەكو پەرچەكردارێك بێباكانە ئەو سوكایەتی پێكردن‌و دەستبەسەركردنە بە قۆناغی نۆهەمی ئەنفال ناودەبەن ..!! بەبروای ئێمە وێرای قێزەونی تاوانەكەو ئەو زەبروزەنگ‌و توندڕەفتاریەی هێزە ئەمنیەكانی شاری سلێمانی غەدرێكی گەورەیە لە قوربانیانی ئەنفال‌و دۆسێی ئەنفالیش دەكەن كە تاوانی گەورەی ئەنفال كە بە(تاوانی سەدە ) ناسراوەو لە دادگا بە جینۆساید یەكلایی كراوەتەوە.. كەنالەكانی راگەیاندن وەكو تێناكۆشن شیكردنەوەو بەدواداچوون بۆ تاوانی گەورەی ئەنفال بكەن، هەق نیە رێگە بەخۆیان‌و رۆژنامەنوس‌و بێژەرەكانیان بدەن تاوانی گەورەی ئەنفال بچوك بكەنەوە بۆ ئاستی پێشیلكارییەكی لۆكاڵی‌و توند رەفتاری چەند ئەفسەرو بەرپرسێكی ئەمنی‌و سەربازی .
لێرەوە هۆشداری دەدەینە سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن‌و خوێندكارانی زانكۆ كە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆسێی ئەنفال بكەن .. چونكە لەتاوانی ئەنفالدا بەسەدان هەزار مرۆڤ بێسەروشوێنكران، بەدەیان هەزار منداڵ گوللەبارانكران‌ودەیانیان لە زیندان لەبرسان مردن ئێستا دەست‌وپەنجەیان لەگەڵ لمی بیابان تێكەڵ بووە، چەندینیان لەناو زیندان‌و لەناو ئیڤای سەربازی لەدایكبوون، تەنها لە زیندانی دوزبز كە لەچاو نوگرەسەلمان بەبەهەشت ناودەبرێ‌ 102 منداڵ لەبرسا مردوون ئیتر چۆن‌و بەچ لۆیكێك ڕەوایە تاوانی ئەنفال بچوكبكرێتەوە بۆ ئاستی پێشیلكارییەكانی ناوخۆ ..؟! 
بەهیواین وەكو دەسەلات بەهۆی توندرەفتاری خۆیەوە رێزی لە قوربانیانی ئەنفال نەگرت‌و نەیارانی دەسەڵات‌و راگەیاندنەكانی ئۆپزسیونیش تاوانی گەورەی ئەنفال ئەوەندە بچوك نەكەنەوە  چونكە دوجار هەردوو نەنگییەكە بەسەر كوردی ئەنفالكراودا دەشكێتەوە نەك نەیارەكانی كورد .

ناوەندی هەلەبجە دژبە ئەنفالكردن‌و جینۆسایدی گەلی كورد – چاك
ساڵنامەی ئەنفالستان
19/4/2012
———————————————————————————————————————————
ناوەندی هەڵەبجە- دژ بەئەنفالكردن‌و جینۆسایدكردنی گەلی كورد – چاك
E: chak.kurdistan@yahoo.com
   www.chak.info
TL: 07701520287
07501223421

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.