ئای که چه‌ند ته‌نهای نیشتمان
– 1 –
ڕۆیشتن و یه‌که یه‌که به‌سه‌ر برینه‌کانته‌وه به‌جێیانده‌هێشتی
گۆرانییه‌کان کۆچیان ئه‌کرد و ئاوڕیان لێت نه‌ئه‌دایه‌وه
باوه‌ڕه‌کان سه‌ری خۆیان هه‌ڵئه‌گرت و
له‌و دیوی گرده‌کانی نائومێدییه‌وه
خه‌ریکی سڕینه‌وه‌ی فرمێسکه‌کانی دابڕان بوون
چه‌ند ساڵه ڕۆیشتوون به‌بێ ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌کت بۆ بنێرن
به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌بێده‌نگی شیعرێکت بۆ بنووسن یان داستانی خۆشه‌ویستی خۆیانت بۆ بخوێننه‌وه
له تاراوگه‌وه پێک له دوای پێک بۆ مه‌حفبوونه‌وه‌ی عه‌شقت هه‌ڵده‌ده‌ن و
قانکی جگه‌ره‌کانیان له نێو په‌نجه‌کانیانه‌وه فڕێده‌ده‌نه سه‌ر ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌یان و پێی لێده‌نێن
یاده‌کانیان سواری پشتی پیکابێک ده‌که‌ن و
بێماڵئاوایی ده‌ینێرن بۆ هه‌رێمه سارد و سڕه‌کانی غه‌ریبی
ده‌مبینین ده‌ست بۆ تاڵه گزنکێک له ئومێد ده‌به‌ن
به‌قامکه‌کانی خه‌یاڵ ئاوی ده‌ردراوی نێوچه‌وانی هیوایه‌کیان ده‌سڕییه‌وه و
بۆ پشووش ده‌چوون ڕوخسه‌ت له سێبه‌ره‌کان، له زێوانه بازوو و مه‌چه‌ک ئه‌ستووره‌کان بخوازن
ئای نیشتمان چه‌ند به‌تاسه‌وه له‌که‌نار ئێواره خه‌ونێکه‌وه ده‌تڕوانییه له‌دایک بوونی ئه‌ستێره‌کان
چه‌ند به په‌رۆشه‌وه داده‌نیشتی و به نیگایه‌گی غه‌مبارانه‌وه لێت ده‌ڕوانین
چۆن له خودا و له‌په‌یکه‌ره‌کانی ئومێد ڕاده‌مایت و
ئانیشک ده‌دایه‌وه سه‌ر بالیفی شه‌که‌ت و حه‌سره‌ت و خه‌فه‌ت
نامه‌ت ده‌نووسی بۆ باڵنده زیزبووه‌کان و پێیانت ده‌گووت ” له ته‌نهایی خۆمه‌وه ده‌چووم سه‌ری ڕێگاکانم پێکه‌وه گرێ ده‌دا و
جوگرافیای خه‌ونه‌کانم تێک‌و پێک ده‌دا و
هه‌ر بۆ خۆشیش نه‌فره‌تم ده‌سوایه سه‌ر و ڕیشی خه‌ون فرۆشه‌کان”ئه‌وانه‌ی خه‌ون و ئازادی به‌دوژمنی یه‌ک ده‌زانن
پێیانت ده‌گووت” ڕۆژ نه‌بوو له‌به‌رده‌م تۆفانی چاوه‌ڕوانیدا نه‌بمه که‌شتییه‌کی بێ چارۆکه و غه‌رقی نقوومی تاریکی نه‌بم.
ڕۆژ نه‌بوو نه‌درێمه به‌ر نووکه چه‌قۆی خیانه‌ت
ڕۆژ نه‌بوو نه‌کرێمه نێو قوتوویه‌کی ئاڵ‌و واڵاو نه‌بردرێم بۆ کۆشکه‌کان و نه‌کرێمه دیاری بۆ ژیان کوژه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه” .
– 2 –
ئای نیشتمان چه‌نده به‌ته‌نهایی ئه‌دوێیت
چه‌نده ته‌نهایت وه‌ختێ باسی ته‌نیایی خۆتمان بۆ ئه‌که‌یت
میلۆدییه‌کانی ماڵئاوایی به‌خشپه‌وه ئه‌چوون له‌پشت گه‌ڵا به‌ئه‌زموونه‌کانه‌وه خۆیان حه‌شارده‌دا و
سه‌ره‌تاتکێیان ده‌کرد که که‌ینێ ده‌ده‌ی له‌پڕمه‌ی گریان
چ فه‌نتاسیایه‌کی بێ ئۆقره‌یه کچان له‌سه‌فه‌ری نیشتماندا بشیوێنن و
سنگیان دادڕن و مه‌مکاکه‌نیان به‌ربده‌نه به‌ر له‌وه‌ڕی چاوه برسییه‌کانی کوڕوکاڵی قه‌ده‌ر
به‌دڵی پڕ له‌که‌سه‌ره‌وه ده‌ستیان گرتیت و به هه‌مه‌رێکی خیانه‌ت کیسه‌ی زوڵمیان له‌سه‌ر نایت و بردیانیت
بۆ کیشوه‌رێک نامۆ به‌کانی و به تاڤگه و به‌فر
نامۆ به ڕوبارێک له خوێنی وشک و برینگی خه‌یاڵ
نامۆ به سه‌فه‌ری ته‌ژی له جوانی و له‌ڕسکان
ئای که چه‌ند ته‌نهای ئازیزم ،ئه‌ی نیشتمان
له‌ته‌نیایی تۆوه ئه‌ستێره‌کانی ئاسمانم داده‌گرت و، له‌سێبه‌ری ڕژانی تریفه‌وه فێری سه‌ربڕینی متمانه‌کان و گومان بووم
وه‌ختێ له‌قه‌راغ خه‌ونێکتا پیاسه ده‌که‌ین
وه‌ختێ قۆڵی چه‌پت ده‌کوتی به‌دڵ و تیر
له‌مسه‌ره‌وه ناوی خۆتی لێ ده‌نووسی و ، له‌وسه‌ریشه‌وه ئازادی.
له‌و وه‌خته‌یا ئێمه‌ش ده‌بین به پۆله خه‌ونێک و ده‌فڕین به‌سه‌ر کۆشکه خۆڵه‌مێشیه‌کانی هیچدا.
ده‌فڕین به‌سه‌ر تارماییه‌کانی نغرۆ بوون
چه‌نده ته‌نهای..ئه‌ی ماڵه‌که‌م ته‌نهاتری له چایخانه قه‌ره‌رباڵغه‌کان
له‌ڕۆژنامه بێکه‌سه‌کان
له شیعره بێ شاعیره‌کان
ژوان له‌گه‌ڵ ده‌ریا تینووه‌کان ده‌به‌ستی و
به‌قه‌ڵه‌مبڕی ته‌نیایی سه‌ری لووله قامیشێکی نێو زه‌له‌کانی شیوێکی پڕ له شیعر ڕیکده‌خه‌یت و
چوار پێنج کونی لێده‌ردێنی تا مۆسیقایه‌کی غه‌مگین بچرپێنی به ڕوحی فه‌نابوونه‌وه
تا نه‌شئه‌یه‌ک بنێریت بۆ ده‌روازه‌کانی غه‌ریبی
ئای که چه‌ند ته‌نهای نیشتمان
له‌درزی سه‌رابێکه‌وه دیم ده‌گریایت بۆ ڕۆژی له‌دایک بوونت
که نه‌کێکێک له‌حه‌سره‌ت و نه مۆمێکیان له خه‌ون بۆت دانه‌گیرساند
ده‌مدیت ده‌چوویت پێیه‌کانت له‌ئاوی دۆڵی فه‌نابوون وه‌رده‌نا و
چاوه‌کانیشیت ده‌ناردنه کن گوڵه به‌یبوونه زه‌رده‌کانی ماڵئاوایی.
– 3 –
من و سه‌راب و نیشتمان شه‌رابێکی چڕتر له زه‌یبه‌قی عومر ده‌خۆینه‌وه
شه‌رابێک پڕ له تروسکه‌ی چاوه فسفۆڕییه‌کانی خه‌م
پڕ له‌بۆنی مه‌مکی ته‌ڕ و پڕ له نیگه‌رانی و ئه‌فسووس
پڕ له په‌ح و ئه‌ڵڵای دوای حیکایه‌تی ئه‌فسانه ده‌ست و پێ به‌ستراوه‌کانی نا‌خی نا‌خی ئاسمانه‌کان
شه‌رابێک پڕ له نووری خوا و پڕ له سیحری ئافاته‌کانی سه‌فه‌ری بوون و مه‌رگ
له‌په‌نای ئێواره‌یه‌کدا سه‌رابییانه له نیشتمانم ده‌ڕوانی که عه‌شته‌پای شک نه‌ده‌برد،عه‌شق نه‌بێت له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یه‌کی ماندوو
که نه به ڕووبار ئاشنا بوو و نه‌له‌گه‌ڵ مانگیش ده‌په‌یڤی
ئه‌و ڕۆژانه نیشتمانم خاکێک بوو پڕ له وه‌سوه‌سه
گه‌ڵای بیابانی ده‌برد بۆ هه‌تاو و
خۆری ده‌خسته سه‌ر پشتی گالیسکه‌ی خه‌ونێکی سپی و ساده و به‌تاڵ
وێنه‌کانی ئۆقیانووسی له‌ئه‌لبومی ئه‌ندێشه‌وه ده‌پێچاوه و
هێور..هێور به‌دیواره قوڕقۆشمه‌کانی زه‌مه‌ندا هه‌ڵده‌گه‌ڕا
له‌فه‌رزه‌نده‌ی گه‌ڕان به‌دووی خوا حاڵی بووم خۆشه‌ویستی کوچه‌و کۆڵانه‌کان ته‌ژین له تاریکی
شه‌یپوورژه‌نێک جاوید جاوید له‌کۆشیدا ده‌نوێ و ده‌بێت به‌دڕکه‌زی!!
– 4 –
ده‌ڵێن که نیشتمان له‌دایک بوو
خۆر نوتفه‌یه‌ک بوو له ئاگر،چاوه‌کانی قه‌ترانی به دڵه‌ڕاوکێ
شیعری منیش چه‌ند وێنه‌یه‌کی ته‌ڵخی سه‌ر دیواری سپی خه‌ونێک بوو
دڵیشم ته‌نها له‌ده‌وری مه‌مکی پڕ و نیگا و بزه و زه‌رده‌خه‌نه قامک قامیشییه‌کانی بوون سه‌مای ده‌کرد
که نیشتمان له‌دایک بوو، له تاریکیی چاوه‌کانم ڕووناکیان تێده‌زایی
به‌قوماته‌ی سه‌فه‌ره‌وه نێوچه‌وانیان به‌زه‌مزه‌مه‌ی خۆشنوودییه‌وه ته‌ڕترده‌کرد
به‌سه‌ر باڵی دوعایه‌کی نێو کتێبێکی پیرۆزدا بردیان به‌ره‌و گێڕانه‌وه‌ی داستانێکی سه‌رسوڕهێنه‌ر
ئاهۆرامه‌زدا خۆری ده‌نایه نێو له‌پی، تا وه‌کو ده‌فژه‌نێکی خاوه‌ن ئه‌زموون نمایشی حه‌قیقه‌ت بێنێته به‌رچاوی خه‌یاڵ و
به‌په‌یژه‌ی وه‌هم بچێته سه‌ر ئاسمانه بێکۆتاییه‌که‌ی ئه‌به‌دییه‌ت
که نیشتمان له‌دایک بوو، باڵنده‌کان باڵه‌کانی خۆیان ده‌دا به‌فریشته‌کانی خودا و
به‌پێغه‌مبه‌ره برسییه‌کانی به‌ر ده‌رگای دۆزه‌خێکی لێوڕێژ له به‌هه‌شت
ڕێگاکان ده‌بوون به تاڵه قژی ڕه‌ش و سپی سه‌ری پیره دایکی زه‌مه‌ن و
گۆرانییه‌کانی ئه‌ڤینه ته‌ڕه‌کانی هه‌تاهه‌تاش به‌ئاسمانه‌وه وشک وشک ده‌بوونه‌وه و
ده‌وه‌رینه سه‌ر کێڵگه‌کانی فه‌نائبوونه‌وه.
که نیشتمان چاوی پشکووت، ئازادی بوو به قه‌یره باڵنده‌یه‌کی ئه‌فسانه‌یی و
دای له‌شه‌قه‌ی باڵ و فڕی.. فڕی به‌ره‌و کیشوه‌ره تاریکه‌کانی خاڵی له هیوا و له ئومێد.
له‌دایک بوونی نیشتمان ،له‌دایک بوونی خۆشه‌ویستی و عه‌شقی فه‌رزه‌نده‌کانی خودایه.
له‌دایک بوونی خه‌یاڵ و من و شیعره .
– 5 –
که له نیشتمان زویر بووبووم خه‌ونه‌کانم ئاڵۆسکاو و ئاڵۆز بووبوون
خۆشه‌ویستی کچه‌کانم خستبۆوه نێو قوتووه‌کانی بیرچوونه‌وه و له ده‌لاقه‌ی ماڵێکی نیمچه ته‌ریکم حه‌شاردابوون
خه‌ونم ته‌نها له‌چاویلکه‌ی جوانکوژێکه‌وه ده‌بینی
ئازادیش ڕووت وڕه‌جاڵتر له‌نێو تابلۆیه‌کی خنکاو ده‌یویست ده‌ستی به‌چڵه وه‌همێکه‌وه بگرێ.
من ئازادی له‌زه‌رده‌خه‌نه‌ی نیشتمان و نیشتمانیش له نیگای ئازادییه‌وه ده‌بینم.
من سه‌رخۆشم به ئازادی ئه‌ی نیشتمان وه‌ک چۆن تۆ مه‌ستی به‌خه‌م و سه‌رخۆشی به ته‌نهایی بوون.
-6 –
ڕۆیشتین و هه‌موو له نێو ته‌می وه‌همی به‌هه‌شته‌کانی تاراوگه‌وه بووین به شه‌ونمی ڕژاوی سه‌ر په‌لکه گیای ژیان و
به ڕه‌نگی هه‌ڵبزڕکاوه‌وه شوێن کاروانێک له ته‌متومان که‌وتین
چاوه فلزاوییه‌کانمان ده‌رده‌هێنا و
به‌سه‌ر که‌شتی غوربه‌ته‌وه خه‌ریکی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ونه‌کانمان بووین
خه‌ریک بووین خۆمان به ئاوی چاوه‌ڕوانی پاقژ پاقژ ده‌کرده‌وه و
هۆش و هه‌ستمان به زه‌مزه‌مه‌ی دڵنه‌وایی ده‌شوشت و
له پارکه‌کانی بوونه‌وه سوێنده‌کانمان وه‌ک جگه‌ره ده‌پێچاوه و ده‌ماننایه سه‌ر لێوی که‌سه‌ر و ده‌گریاین
وه‌کو به‌فر هه‌موو ڕۆژێ ده‌باراین و ده‌تواینه‌وه و ڕۆده‌چووینه نێو خاکی یاده‌وه‌رییه‌کانی ڕۆژانی پێکه‌وه‌بوونمان.
هه‌موو ڕۆژێ له‌زه‌رده‌په‌ڕه‌وه تا سووره سووری خۆرئاوابوون چاومان له ئاسۆ ده‌بڕی بۆ بینینی خه‌ونێکی ڕی لێهه‌ڵه‌بوو
به چ گوناهێک ده‌سووتێین ،ئێمه‌ی کوڕ و کچانی سه‌ر هه‌ڵه‌ته‌کانی تاراوگه
ئێمه‌ی منداڵه زیزبووه‌کانی نیشتمان که به‌م ده‌ردی دووری نیشتمانه‌وه چووین؟
– 7 –
نه نیشتمان گوێی له گریانی ئێمه‌یه و
نه ئێمه‌ش هه‌ست به برینه به‌سوێکانی نیشتمانه بێکه‌سه‌که‌مان ده‌که‌ین.
– 8 –
نیشتمان چامه‌یه‌که و ئێمه له‌نێو وێنه ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانیا ونبووینه و بووینه به سێبه‌ر
بووینه به زریان هه‌تاکو له‌ڕۆژانی خۆڵبارینا
نمه نمه ئاوی جوانی بڕژێنینه سه‌ر په‌یکه‌ره تۆزاوییه‌که‌ی ئه‌و
وه‌کو تاڤگه‌ش بڕژێینه نێو خه‌ره‌ندی ته‌نیایی ئه‌و
نیشتمان چامه‌یه‌که له ڕوحی ئێمه و ئێمه‌ش له نێو ڕوحی ئه‌ودا ڕۆمانێکین بێ‌کۆتایی.
– 9 –
هه‌تاکو نیشتمان مابێ، ئێمه له نێو گه‌رووی گیراوی ئه‌و ده‌بین به گۆرانی
تا سه‌فه‌ر و تا ئه‌ندێشه‌و شیعر مابێ ئێمه عه‌شق ده‌ده‌ین به‌سه‌ر شه‌ونمه ته‌م
به‌بێ گوناه به جاده‌کانی تاوانا ڕێده‌که‌ین و
هه‌وری ئه‌شکه‌نجه وه‌ک قاپووت ده‌ده‌ین به‌سه‌ر شانی شاخی به‌رزی ته‌مه‌ن.
تا نیشتمان مابێ منیش ده‌بم به حیکایه‌تخوانی خۆشه‌ویستی
ده‌بم به وێرد..به‌سرووتی فرمێسک و به گریانی لێک‌دابڕان
مۆمی وشه‌م له‌سه‌ر تۆڕێک له ڕووناکی ده‌ده‌مه ده‌ست سێبه‌ره تاریکه‌کانی شیعره‌کانم
تا دڵ مابێ نیشتمان قه‌د بێ زێد نابێ
تا زێدیش هه‌بێ نیشتمان نابێت به تاراوگه‌ی خه‌یاڵ.
2009
که‌نه‌دا
تێبینی : ئه‌م قه‌سیده‌یه له ڤیستڤاڵی گەلاوێژ لە ساڵی 2010 له شاری که‌رکوک به‌ده‌نگی به‌ڕێز شاعیر و نووسه‌ر کاک دانا عه‌سکه‌ر خوێنرایه‌وه.