بۆنی نه‌وت … ئاسۆعه‌بدولله‌تیف
هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه بیزنس بكات به بێ ده‌ستكه‌وت، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و بیزنسه نه‌وت و موشته‌قاته‌كانی بێت، توركیا له‌سه‌رده‌می دامه‌زراندنی كۆمارهكهیانهوه به‌ده‌ستی “مسته‌فا كه‌مال” ئه‌وه‌ی كه رایگرتووه جگه له گوتاره نه‌گۆره ئایدۆلۆژیكه نه‌ته‌وه پهرستهكهیان بیزنس و بازرگانییه، لوتكه‌ی ئه‌م بازرگانیه ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی ئاكپارتی به‌رێوه‌ی ئه‌بات بۆ تۆكمه‌كردنی پایه‌كانی ده‌وڵه‌ت، به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نه‌وتیان هه‌بێت، لێ هه‌میشه زیره‌كانه سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و گازی ده‌ره‌كییان بۆ خۆیان پاوانكردووه.
ئاكپارتی واته پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان سیاسه‌تێك پێرۆ ئه‌كات كه سیاسه‌تی گه‌شه‌كردنی ئاسۆییانه‌ی توركیایه به‌ناو بۆریه نه‌وتیه‌كاندا، له لایه‌كی تر شاقوڵیانه گه‌شه به خۆی ئه‌دات به زیندوكردنه‌وه‌ی بیری شۆڤێنیزمی توركی و تۆخكردنه‌وه‌ی مه‌یلی توركاندنی گشت نه‌ته‌وه‌كان به‌ناوی ئاین و گه‌شه‌ی ئابورییه‌وه، دوباره عوسمانیه نوێكان له توركیا ئاین وه‌ك فاكته‌ر به‌كاردێنن بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و گه‌راندنه‌وه‌ی توركیا بۆ ناو خه‌ونی ئیمپراتۆریای عوسمانلی، ئه‌وه‌ی گرنگی پێ‌نادرێت له توركیا پرسی كورد‌و دۆزگهریه ره‌واكه‌یه‌تی و ئه‌وه‌ش گرنگی پێده‌درێت بۆنی نهوتهكهیهتی، توند كردنی ئه‌حكامه عورفیهكان دژی پارته كوردیه‌كان به‌تایبه‌تی “به‌ده‌په”و خراپكردنی ره‌وشی زیندانیكردنی “عه‌بدوڵا ئۆچ ئالان” و دیسان حوكمدان به‌سه‌ر “له‌یلا زانا” بۆ 10 ساڵ و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادیه‌كان زاده‌ی سیاسه‌تی نه‌گۆری توركه‌كانه بۆ كورد.
له‌لایه‌ك توركه‌كان خوازیاری كرانه‌وه‌ی دیموكراسین، كه وه‌ك تێزێك به‌رده‌وام له رووی میدیاییه‌وه “ئۆردو‌غان” كاری له‌سه‌ر ئه‌كات، لێ له سه‌ر ئاستی ناوخۆیی به‌رده‌وام ئازادیه سیاسیه‌كان به‌رته‌سك ئه‌كاته‌وه، ره‌نگه ئه‌م باس و خواسه‌ی كرانه‌وه‌ی ئازادی ته‌نها بۆ رازیكردنی”یه‌كێتی ئه‌وروپا”بێت تا توركیا ئه‌و خه‌ونه‌ی وه‌دی بێت بۆ چوونه ناو بازاری ئه‌وروپی تا گه‌شه به ئابوریه‌كه‌ی بدات، كاتێ بریاری هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم راگه‌یه‌نرا بۆ توركیا “له‌یلا زانا” كه‌سایه‌تی دیاری كورد‌و چالاكوانی سیاسی كورد حوكمدرا، كه ئه‌مه مهسجێكه بۆ جێگیریی سیاسه‌تی تورك به‌رانبه‌ر به كورد، ئێستا هه‌لێكی زێڕین له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی كوردی باشوردایه، ئه‌گه‌ر نه‌وت نه‌توانێ ئه‌م ئازاره نه‌ته‌وه‌ییانه كۆتایی پێ بهێنێت ئه‌وا ناشتوانێت گوتاری ده‌وڵه‌ت له ئاینده‌یا به‌رهه‌م بهێنێت، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كورد‌و هاوپشتی و سهپۆرتیش بۆ هه‌ر چه‌شنه سه‌ربه‌خۆییه‌ك كرانه‌وه گه‌وره‌كه‌ی پێویسته كه به رارهوهكانی ئه‌نكه‌ره‌دا ده‌روات، توركیا ئێستا بۆنی نه‌وتی خاوی كوردستانی كردووه به‌باشی و لوتی مه‌سته به‌و بۆنه، هه‌ندێ كرانه‌وه‌ی پێوه دیاره بۆ باشوری كوردستان له‌سه‌ر ئاستی نه‌ك فیكری به‌ڵكو دیبلۆماسی، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی باشوری كوردستان ده‌بێت ئه‌م بۆنكردنه ته‌وزیف بكات له نه‌ته‌وه‌دا، كه ئه‌م بۆنی نه‌وته هه‌روا به ئاسانی نه‌كه‌ن به لوتی توركه‌كاندا به‌بێ ده‌ستكه‌وتێكی سیاسی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی وه‌ك “راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت”، ئه‌وه‌ی كه “بارزانی” له نه‌ورۆزدا وه‌ك مژده‌یه‌ك دای به گوێماندا. چونكه زیهنیه‌تی به‌رێوه‌بردنمان زیهنیه‌تێكی كاتییه له كۆنتراكته سیاسیه‌كان، كه پشت به عه‌قلانیه‌ت نابه‌ستێ ئه‌وه‌نده‌ی پشت به شه‌رعیه‌تی شۆرش و قوربانی ده‌به‌ستێ، ئه‌مه‌ش ناتوانێت ته‌ریب بوه‌ستێت له‌گه‌ڵ خه‌ونی سه‌ربه‌خۆییدا.
له 16/5/2010 ئێران و توركیا، په‌یماننامه‌یه‌كی ناوكیان واژۆكرد، بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی یه‌ده‌گی ئاست نزم كه ئاژانسی ووزه‌ی ئه‌تۆمیش ئاگادار بوو، په‌یماننامه‌كه‌ش رێك له ساڵیادی په‌یماننامه‌ی قه‌سری شیرین 1639 واژۆ كرا، كه ئه‌و په‌یماننامه‌یه ئه‌جندایه‌كی تراژیدیانه‌یه بوو بۆ كورد، له‌نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی و سهفهویهكاندا بۆ دابه‌شكردنی خاكی كوردستان، كه‌واته هه‌رگیز نابێ كورد دڵی به فۆرمه‌كانی سیاسه‌ت و توێكڵه‌كانی سیاسه‌ت و فاكته‌ره كاتیه‌كان خۆش بكات له توركیا به‌وه‌ی ئاراسته‌ی سیاسه‌تی توركی به‌رانبه‌ر به كورد گۆراوه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه جگه له ده‌ستكه‌وتی سه‌رمایه‌ی مادی بۆ كورد، ئاخۆ بۆنی نه‌وت چ ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌دوای خۆیدا دێنێت بۆمان.
• له ژماره 328 ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاو كراوه‌ته‌وه