Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خەڵوەتى دلبەر

خەڵوەتى دلبەر

Closed
by April 14, 2008 ئەدەب

   حەمە سەعید كەلارى……
 
 لەماڵى  پەرتبووى   رۆحما
 خەیاڵم   چاو   ناپروكێنىَ و
 دوور   ئەڕوانىَ
 پەپوولەیەكى ناسك
   روخسار  فریشتە
 كیوى     پێست
  مەحەبەت  مەزهەب
 بۆى  قۆزاخەى  ئاوریشمى  خەمى  گرتوە
 لە قووڵایى ئاسمانى  هەورین بە  پرسیار
 باڵ  لێك ئەداو  دێتە خوارىَ
 بە ناو ژوورى  دڵتەنگیما  هەڵئەفرىَ
 لەنگەر ئەگرىَ و
 بەسەر  كتێبخانەى  نەستى  دارماڵمەوە
 هەڵئەنیشىَ ،
 بەشەوقەوە
 بە هەردوو لەپى  پڕ  لە نوورى  ماریفەت
 هەستەى  ناسك
 كتێبى  هاوڕێیەتیمان
 لە تۆزو  گەردى   تەنیایى   ئەتەكێنىَ
 بەشەقامى  فكرو پرسیارى   " كۆمار" ا  پیاسە ئەكا
 بەدیار  "   ئاشتكردنەوەى عەقل و عیشق    " ەوە
 عەشقى   قەڵەمى   كوردانە  
 رائەمێنێت  و    تێر نابىَ
 بەچاوى سۆز  ، دووسىَ كەڕەت
 بۆنى ریشە ماش و برنجیەكەى " نالى " هەڵئەمژىَ
 دڵۆپ  دڵۆپ  خۆشەویستیى  بۆ  حەبیبە
 لەوانەیە  بۆ خاترى  عەشقى  بێحەدى   شاعیر بىَ
 لەوانەیە   لەوانەیە
 من نازانم
 بۆ كام خەم   فرمێسك   ئەڕێژىَ
 لە سێبەرى  پرسیارە رەنگینەكانى  " مەحوى "ا
 قۆ قۆ پەلكى بێهودە  شى ئەكاتەوە
 لە تەك " دایە ترێزا " دا
 كۆڵىَ  خەم  ئەدات بە شانا
 بە سەرتابلۆى  هەردەو  چۆڵى  گەرمیانەوە
 بنچكە  قژى تۆزاویى   منداڵەكان  ئەتەكێنىَ
 بە مەقەسى   زەردەخەنە
 پەنجەى  میهرى  دایكایەتیى
 چەپك  چەپك
 پەرچەمەكان   قرپ ئەكات و
 زوڵفى  خەمیان  دائەهێنىَ ،
 حەسرەتى  چاوى  هەنگوینیى
 نیگاى تەڕى  كورتە  عەشقێكى  فۆركلۆر
 بە پارچەیە  كلینكسى دڵسۆزیى   وشك ئەكاتەوە
 دێت   و   ئەچىَ و
 شەكەت  نابىَ ،
 پەرداخێكى  كەمەرباریك    ئاسوودەیى
 فنجانێك  قاوەى   خەست ،
  شیرینى  پڕ گریان  ئەخواتەوەو
 بەقەڵەمى  سپیى  میكیاج
 سەرو بۆرى " زەردەشت ئاوا هاتە قسە "
 تۆخ  و  تۆختر  ئەكاتەوە
 بەگژ سەرشێتیى " نیچە "دا
 بە ڕووى  تەوارێكى  فتوور  و  كورتبینا  ئەچێتەوە
 هەناسەیەك   ئاسوودەیى   هەڵئەكێشى و
 چاوى  گوێلىَ  زەردە خەنە
 دڵى  دڵۆپىَ  ئۆقرەیى  تێئەڕژىَ
 لە وكاتەدا
 ئاگاهیەكى ناشیرین
 درێژدادڕ
  دەرگاى  رۆحم  ئەهەژێنىَ ،
 ناچار ئەبم
 روخسەت  لە رۆحیانەتى " میر " وەرئەگرم  و
 بەخۆم  یەژم  ،
 "" بە حەیا  بێرە  حوزور  و  بەئەدەب  سوژدە بەرە
     خەڵوەتى دلبەرە " سالم "  ئەمە مەیخانە نیە     ""
                                                             21/3/2008
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.