Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هاوڵاتییان لە نێوان تۆلیرانس و ڕقی نەتەوەدا

هاوڵاتییان لە نێوان تۆلیرانس و ڕقی نەتەوەدا

Closed
by July 28, 2012 گشتی

 

 

لە ژمارە ٢٢٠ ی رۆژنامەی “ڕووداو” دا ڕیپۆرتاژێکم بەرچاو کەوت لەسەر “حەیدەر موئەیەد”، ئەو قوتابییەی لەسەر کۆمێنتێکی فەیسبووک، لە بەرنامەی تواناسازی دورخراوەتەوە و کەسوکارەکەی بری پارەی تێچووی ساڵی ڕابردووی ئەو قوتابییەیان گەڕاندۆتەوە.

ئەم ڕوادوە شتێکی بیرخستمەوە، کە چەند ساڵیک پێش ئێستا لە دانیمارک روویدا، ئەویش بەم شێوەیە: لە ١١ ی سێپتێمبەردا، هاوڵاتییەکی دانیمارکی بە ئەسڵ جەزائیری لە ئەفغانستان بە ناوی ( سڵیمان حاجی عەبدولڕاحمان   ) گیرا و پاش زیندانیکردنی لە گوانتانامۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی دانیمارک ،ئاناس فۆگ راسموسن ( ئیستا سکرتێری ناتۆیە)، چەند جارێک بە شەخستی و تایبەتی چوو بۆ ئەمەریکا و داوای لە بۆشی کوڕ کرد، کە ئەو هاوڵاتییە دانیمارکییە ئازادکەن. بە کورتی دوای ئەوەی هاوڵاتییە دانیمارکییەکە ئازاد کرا، لە تەلەفزیۆن چاوپێکەوتنییان لەگەڵ (سڵیمان حاجی عەبدولڕاحمان  ) لەسەر ئەوەی کە چی بە سەرۆکوەزیران و دانیمارک دەڵێت کە توانییان ئازادی بکەن، قسەی ئەو هاوڵاتییە دانیمارکییە بە ڕەگەز جەزائیرییە ئەوەبوو کە وتی ” مەمنونی دانیمارک و سەرۆک وەزیران نیم، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی دانیمارک، لای ئێمەی ئیسلامیی ئامانجن بۆ پێکان، چونکە دژی موسڵمانان کاردەکەن”. لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو، کاتێک لە سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتییان پرسی، کە ئایا چی دەڵێت لەبارەی لێدوانەکەی ( سڵیمان حاجی عەبدولڕاحمان) و ئایا پەشیمان نییە لە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی، سەرۆکوەزیران لە وەڵامدا وتی ” نەک پەشیمان نیم، بەڵکو ئیستاش بخریتە زیندانەوە، ئامادەم بچمە ئەوپەڕی دنیا بۆ هەوڵدان بۆ ئازادکردنی، چونکە پرنسیپی ئێمە لەسەر وەلائو بەڕائی هاوڵاتییانی وڵاتەکەمان نییە لەسەر چاک و خراپی هاوڵاتییەکەو چەندێتی و چۆنێتی سوپاسگوزاری هاوڵاتییەکە نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە، ئایا ئەو کەسە هاوڵاتی ولاتی ئێمەیە یان نا”.

گێرانەوەی ئەو دوو ڕوداوە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئیمە وەک نەتەوە و وەک سیستەمێکی دەوڵەتی، چەند سادە بیر لە چەمکی هاوڵاتییبوون دەکەیەنەوە، ئەم سادەییەشمان دوا جار توشی ئیشکالێکی پرنسیپی هاوڵاتیبوون و چەمکی هاونیشتیمانی بوونمان دەکات.

دیارە ئەم ئیشکالەییەتە تەنها لای سیستەمە سیاسییەکە نییە، ئەوەتا وەک کەسوکاری حەیدەر مەئەیەد ئەڵێن، کە خەریکە ئەو خانەوادەیە ئابرویان دەچێت و ڕۆژانە تەهدید و قسەی ناشیرینیان پێ دەوترێت، چ لە ڕێگەی تەلەفۆن و مەسجەوە، یاخود لە ڕێگەی فەسیبووکەوە.

گرفتەکە لەوەدایە، کە ئێمە چۆن لە چەمکی هاوڵاتییبوون تێگەیشتوین، ئایا هاوڵاتی تەنها بەو کەسە دەوترێت کە وەلائی بۆ نەتەوە و نیشتیمان هەیە؟؟ یاخود مادام قەدەری هەر یەکێک لە ئێمە ئەوە بووە کە لەم نیشتیمانەدا لە دایک ببین، کەواتە هەمان ماف و ئیمتیازاتی ئەو کەسانەمان هەیە کە زۆر ئینتیمایان بۆ ئەم نیشتیمانە هەیە، ئینجا ئەگەر ئێمە هاوڵاتییەکی بە ئینتیما بین، یان دژە ئینتیمامان هەبێت بۆ ئەم نەتەوەیەی خۆمان.

دابەشکردنی هاوڵاتییان بۆ دوو بەرە، بەرەیەکی خاوەنی ئینتیما بۆ نەتەوە و نیستیمان و بەرەیەکی تر دژە نەتەوە و نیشتیمان ( وەک لە کەیسی حەیدەر موئەیەددا دەردەکەوێت کە تەنها وتویەتی کورد بێ ئەقڵن)، دوا جار جگە لەوەی ڕێگەی ئازادی رادەربڕینمان لی زەوت دەکات، دەشبێتە هۆی نائارامییەکی دەرونی تاک، لەسەر ئەوەی کە ئایا من سەر بەم نەتەوە و نیشتیمانەم یان نا، ئەمە جگە لەوەی کە دەموچاوی سیستەمە سیاسییەکە و خودی تاکەکانی ئەم نیشتیمانەش ناشریرن دەکات، چونکە هیچ نەتەوە و سیستەمێکی سیاسی لەم سەردەمەیەی ئیستاماندا بۆی نییە دان و لیسەندنەوەی مافێک لەسەر بناغەی چەندێتی ئینتیما دابەش بکات، چونکە وەک لە نمونەی دووەمدا بینیمان، کابرای جەزائیری، هیچ سوپاسگوزاری دەولەتی دانیمارک نەبوو، بەڵام چونکە لەو وڵاتە پرنسیپی هاوڵاتییبوون هەیە، دواجار نە سەرۆکی حکومەت و نە وەزارەت و نە هیج کەسێک لە هاولاتییانی ئەو وڵاتە بۆیان نییە مافێک لە هاوڵاتییەک بسەننەوە، کە یاسا لەو وڵاتەدا پێیداوە وەک هاوڵاتییەک.

هەرچەندە ئەم باسە جێگەی گفتوگۆی دورودرێژی فەلسەفە و کۆمەڵناسی بووە، بەڵام لیرەدا ئەوەندە بەسە کە کۆتایی بەوە بهینین، دەبوایە ئەگەر حەیدەر دژی هەموو نەتەوەی کوردیس بوایە، ئەگەر قسەی بە مێژووی کورد و هەتا بە کوردستانیس بوتایە، نە وەزارەت و نەهاوڵاتییان ئەوەیان نەدایەتەوە بە چاویدا، کە ئەو بە پارەی هەرێم و کورد چوەتە دەرەوە بۆ خوێندن و بەرنامەی تواناسازی، چونکە ئەمە ئیحراجییەک بۆ توانای بیرکردنەوەی نەتەوەکەمان دەردەخات و پرسیاری جدییش لەسەر سیستەمەکەمان دروست دەکات، کە تا چەند خاوەنی قبوڵکردنی هەموو ئەو هاوڵاتییانەیە کە جۆرێکی تر دەڕوانن لە نەتەوەی کورد.

Arei1976@hotmail.com

ئاری ئەبوبەکر

لە ڕۆژنامەی ڕووداو، ژمارە ٢٢١، بڵاوکراوەتەوە

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.