Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
خەیاڵەكانی مرۆڤ … محەمەد كوردۆ

خەیاڵەكانی مرۆڤ … محەمەد كوردۆ

Closed
by August 7, 2012 گشتی

 

 

من وەكو خۆم، بڕوایەكی قووڵم بەوە هەیە، بۆ مرۆڤ، هەرگیز خەیاڵ لە واقیع كەمتر نییە. ئەوەی ڕەنگ بە ژیانی مرۆڤ دەبەخشێت، زیاتر خەیاڵەكانێتی. تەنانەت وەك (لاكان) ئاماژەی بۆ كردووە هۆكارێكی سەرەكی لەوەی كە مرۆڤ كەمتر دەتوانێت لە هاوسەرگیرییدا سەركەوتوو بێت ئەوەیە كە لەو پرۆسەیەدا خەیاڵ دەمرێت. من ناڵێم ئەوەی لە ناو واقیع و لە دەوروبەرمان دەگوزەرێت گرنگ نییە، بەڵام بێگومان ئەوەش كە لە ناو خەیاڵەكانماندا دەگوزەرێت گرنگە. بەشی زۆری ئەو هێزەی بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستمان پێی دەبێت، لە خەیاڵەكانمانەوە سەرچاوە دەگرن. ئەوە خەیاڵەكانمانن كە ژیانمان لە ناو خۆیاندا دەتوێننەوە. بۆ نمونە: كەسێك خەیاڵەكانی پڕ بن لە مردن، لە هەر كوێیەكی ژیان و جیهاندا بێت، ناتوانێت وەك پێویست هەست بە ژیان و جوانییەكانی بكات. ئەگەر ژیان وەكو دەریایەك و مرۆڤیش وەك كەشتییەك وێنا بكەین، دەكرێت خەیاڵ وەك كاپتنی ئەو كەشتییە تەماشا بكەین. خەیاڵ ڕۆڵێكی سەركی لەوەدا هەیە ئەو كەشتییە بەرەو گەرداو، یان بەرەو كەناری ئارامی ببات. من بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە ئەوەی مرۆڤ لە كوێ‌ و لەگەڵ كێ‌ دەژی گرنگە. بەڵام بڕوای تەواویشم بەوە هەیە ئەوەی لە ناو خەیاڵەكانی مرۆڤدا دەگوزەرێت، ئەگەر نەڵێم زیاتر، دەتوانم بڵێم بە هەمان ئەندازە گرنگە. كاتی خۆی، ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم، لە كتێبێكی (سەلامە موسی)دا بوو، بەسەرهاتی كەسێكم خوێندەوە كە لە زینداندا و دوای ئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانیشی بۆ دەردەكرێت، هەوڵ دەدات خۆی فێری زمانی ئینگلیزی بكات. دەیان و سەدان كەسیش بوونیان هەبووە كە لەو پەڕی خۆشگوزەرانییدا خۆیان كوشتووە. بۆچی كەسێك لە زیندان و لە چاوەڕوانی مەرگدا دەتوانێ‌ خۆی فێری زمانێكی دیكە بكات و كەسێكی دی لەو پەڕی خۆشگوزەرانییدا ناتوانێت درێژە بە ژیان بدات؟ بێگومان ئەمە بە ڕادەیەكی زۆر پەیوەندی بە خەیاڵەكانی مرۆڤەوە هەیە. ئەوەی كە لە زینداندا كۆڵ نادات، شتێك لە ناو خەیاڵەكانیدا دەچریسكێتەوە كە هێزی ژیانی دەداتێ‌. ئەوەش كە لەو پەڕی خۆشگوزەرانیدا خۆی دەكوژێت، شتێك لە ناو خەیاڵەكانیدا دەژی كە هێزی ژیانی لێ‌ دەسێنێتەوە. بۆئەوەی بتوانین درێژە بە ژیان بدەین و زۆرترین چێژ لە ژیان وەربگرین، پێویستە ئاگامان لە خەیاڵەكانمان بێت.

***********

*گۆشەی راز و نیاز، كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5847) ./3/ 8/ 2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.