Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
خەنجەرەکەی نەوشیروان مستەفا

خەنجەرەکەی نەوشیروان مستەفا

Closed
by August 9, 2012 گشتی

 

لە دوا چاوپیکەوتنیدا، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران، مەسجێکی سیاسی دابەگوێی دەسەلاتدارانی کوردستاندا، کە لە مێژوو و دوور و نزیک وێنەی نەبووە، بە تایبەتی تر کە دوو هیزی سیاسی هیچ ئاڵۆزییەک لە نێوانیاندا نەبێت.

هەڵبەت ئەبیت ئەوەمان بیر نەچیت، کە سروشتی بزووتنەوە سیاسییەکان وەهایە، کە هەندێک کات دەچێتە دۆخی متبونەوە، یان دۆخی سڕبونەوە، بۆ ئەوەی نەفەسێک بهێڵێتەوە بۆ جەماوەر و فرسەتێکیش بدات بە بەرامبەرەکەی بۆ ئەوەی کە بەخۆیدا بچێتەوە.

ئەگەر بە وردی خوێندنەوە بکرێت بۆ مەسجە سیاسییەکەی ڕێکخەری گشتی گۆڕان، بە تایبەتی کە (تەوقیت) و کات و دۆخی ژینگە سیاسییەکەی ناو هەرێم و عێراق و دەوروبەر و ئەو هیزە سیاسییانەی کە مەسجەکەیان بۆ نیردرا، ئەوا دەبێت یەکەم جار لە کات و (تەوقیتەوە) دەست پێبکەین..

دیارە کات و تەوقیتی ئەم مەسجە سیاسییە هەر لە خۆوە نەهاتووە، لەوەتەی ئەوەی بەم دواییە پێی دەوترێت قەیرانی عێراق، هەر ڕۆژەو یەکیک لە بەرپرسە کوردەکان لیدوانی دژە یەک دەدەن، لەولاشەوە گۆڕان وەک تەماشاکەرێکی گەمەکە هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، بەڵام پاش ئەو ڕونکردنەوەیەی سەرۆکی هەرێم، ئیتر گۆڕان کە زانی داشی سوارە و گڵۆڵەی سەرۆکایەتی هەرێم کەوتۆتە لێژی، بۆیە ئەم تەوقیتەیان هەڵبژارد بۆ ناردنی مەسجەکە.

هیچ کات پارتی هێندەی ئیستا تەنیا نەبووە، یەکێتی بە ئاشکرا پشتی کردە پارتی، ئیسلامییەکان، ئەگەر بە ئاشکراش دانیپێدا نەنێن، ئەوا لە ناخەوە پەشیمانن کە ئیمزایان بۆ لیسەندنەوەی مالیکی کرد، سەدر لە هەڵویستەکەی پەشیمان بووەوە، عەلاوی کەوتۆتە دۆخی بێدەنگی و بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتی کردۆتە پارتی، باقی شیعەکانی تریش هیچ کات ئامادەنین مالیکییەکی شیعە بگۆڕنەوە بە بارزانییەکی کوردی سونە، دیارە مالیکی بۆ ئێرانیش باشترین یاریزانی ساحەی عێراقە، سوریاش ئەگەر ئەسەد بکەوێت، پێناچیت هیزێک بێتە سەر حوکم، کە بە ئاشکرا دژایەتی مالیکی بکات و پشتی بارزانی بگرێت، ئەمەریکاش هێندە ئارامی و ئاسایشی عێراقی دەوێت بەتایبەتی تر کە ئەمەریکا لەبەردەم هەڵبژاردندایە لەم سالدا، ئەوەندە بۆی گرنگ نییە کێ و چۆن حوکم دەکرێت لە عێراقدا، بۆیە تەنها هێز کە بەدەست پارتییەوە مابوو، کە پشتی بگرێت گۆران بوو، گۆرانیش لە دەقەی کۆتایی گەمەکە تۆڵەی خۆی لە پارتی کردەوە.

ڕەنگە خوێندنەوە بۆ داهاتوویەکی ئاڵۆزی سیاسی وەک ئەوەی ئیستا زەحمەت بێت، بەلام پێناچیت پارتی ئەم مەسجە لەبیرکات و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تۆڵە لە گۆران بکاتەوە، چونکە لەماوەی ڕابردوودا پارتی ڕێی بۆ ئەوە خۆشدەکرد کە هەژمونی خۆیان بەسەر هەموو کوردستاندا بەرقەراربکەن، بە تایبەت لە ڕیگەی هەناردەکردنی نەوت و دەستگرتن بەسەر ئابوری هەرێمدا و لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە، لەمەشدا پشتیان بە یەکیتی بەستبوو، ترسێکی ئەوتۆشیان لە هیزە ئیسلامییەکان نەبوو لە پەیوەند بە هەژمونگەراییەوە، تەنها گۆڕان بوو کە دەیتوانی ئەم خەونی هەیمەنەیە بەتاڵبکاتەوە، دیارە پارتی دەیزانی ئەم مەسجە لە مندالدانی گۆرانەوە دێتە دەرەوە، بەلام وا پیدەچیت لە تەوقیتەکەیدا بە هەلەداچووبن و لەو بروایەدا نەبوبیتن کە لە ئیستادا گۆران گورزێکی ئەوتۆیان لیبدات.

ئاری ئەبوبەکر

لە ڕۆژنامەی ئاوێنە  ژ. ٣٣٨ دا بلاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.