توندوتیژی له قامچیه‌كه‌ی كاروان عه‌بدوڵڵادا.
قامچی سه‌رێكی له ده‌ست جه‌لادو سته‌مكاران دایه و سه‌ره‌كه‌ی تریش ، ئاگری ئۆف و ئازار له جه‌سته‌ی كه‌سێكی بیگوناه و تۆمه‌تبار یان تاوانبارهه‌ڵده‌ستێنێت .بیستنی وشه‌ی قامچی ترس دامانده‌گرێت و سه‌ری جه‌لاد و مرۆڤێكی چاو سوورمان دێته به‌ر چاو ، كه به ده‌ستی ڕاستی قامچی ده‌خێوێنێته جه‌سته‌ی مرۆڤێك . مێژووی مرۆڤایه‌تی به‌م وشه‌و ئامێره ئاشنایه‌و هه‌زاران مرۆڤی له ژێر ئازاره‌كانی ئه‌م ئامێره گیانیان سپاردووه. له وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ش ، كورد به‌شی شێری به‌ركه‌وتووه‌و هه‌موو ڕژێمه یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی عێراق هۆگری قامچی بوون بۆ ترساندن و ئازاردان و كپكردنی ده‌نگی ئازادیخوازان و حه‌قبێژان و شۆرشگێران و كورد په‌روه‌ران و كادر و ئه‌ندامانی پارته سیاسیه‌كان .له سه‌رده‌می به‌عسدا ، هه‌میشه قامچی به ده‌سته‌كان له زیادبووندابوون، جه‌سته‌ی مرۆڤی ئه‌م وڵاته‌یان پێ شین و مۆر ده‌كرد . ته‌نانه‌ت جه‌سته‌ی هه‌رزه‌كارو كچ و ژن و به ساڵاچووانیش ، كه هیچ تاوانیشیان نه‌بووه له ئازاره‌كانی قامچی بێبه‌ش نه‌بووینه . ئه‌وا له پرۆسه‌ی ئه‌نفال ، چیرۆكی ئه‌وانه‌ی له ژێر قامچی ده‌بورانه‌و گیانی په‌پوله‌یان ده‌سپارد ، هینده زۆره ، مرۆڤایه‌تی له ئاستی ئه‌م گه‌له چه‌وساوه‌یه شه‌رمه‌زار ده‌بێت . خودی ناوهێنانی قامچی ته‌زوو به له‌شمان دادێت و لێمان ده‌بێته كابووسێكی گه‌وره ، به‌رهه‌می قامچی بۆ مرۆڤ ( ترسان ، شه‌رم ، توند‌و تیژی ، گریان ، هاوار ، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ، بوورانه‌وه ، مردن ، كه‌مئه‌ندامبوون ، نه‌خۆشكه‌وتوون ، سوكایه‌تی پێكردن ، توڕه‌یی ، رق و تۆله ، له‌كه‌داركردنی به‌های مرۆڤایه‌تی ، رووخاندنی رۆحی كه‌سایه‌تی …هتد. لێ دروست ده‌بێت .هه‌ر یه‌ك له‌م چه‌مكانه به جیا له لایه‌ن سایكۆلۆژیشه‌وه كاریگه‌ری خرابی له سه‌ر ژیانی كه‌سایه‌تی مرۆڤ ده‌بێت ،له ئاینده‌دا ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له هه‌لسوكه‌وت و كار‌و كرده‌وه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت . ئاشنابوونی ئێمه به قامچی، هه‌م له رووی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌م له لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزان و سیسته‌می په‌روه‌رده بوونی هه‌یه و ئێستاش له گه‌ڵ بێت به شێوازێكی تر خۆی نمایش ده‌كاته‌وه . ئه‌وه‌ی له‌م نوسینه قسه‌ی له سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌و قامچییه‌ی له ده‌ستی جه‌لادو پیاو كوژو ده‌سه‌ڵاتدارانی و پۆلیسه‌كان نییه ، به‌ڵكو ئه‌و قامچییه له ده‌ستی كه‌سه پیرۆزه‌كانه ئه‌ویش مامۆستایه و تیدا به‌م هۆیه‌وه نه‌وێكی نوێ په‌روه‌رده ده‌كات . لێره‌دا سه‌فه‌رێكی ده‌كه‌ین به نێو كون و قوژبن و تونێله‌كانی قامچیه‌كه‌ی كارواندا 1. كه سیسته‌می شارێكی كۆن و ناسراوی وه‌ك رواندز بۆمان ده‌گێڕیته‌وه ، كه چۆن منداڵ فێری په‌روه‌رده‌و فێركردن كراووه ، شیكرنه‌وه و ئاوڕدانه‌وه له لاینه هونه‌ری و زمان و ڕه‌گه‌زه‌كانی و ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه ئاسان نییه له‌م نووسینه جێگای بێته‌وه ، مه‌به‌ستی ئێمه‌ش هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ سیسته‌می په‌روه‌رده كه رۆماننووس ده‌خاته روو . له هه‌ڵبژاردنی ناوی قامچی بۆ ڕۆمانه‌كه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت وشه و رسته و په‌ره‌گرافه‌كانی ناو ئه‌و ڕۆمانه پڕه له توندوتیژی و هاوارو ئۆف و ئازار و گریان . خودی ناونیشانه كلیلی ڕۆمانه‌كه‌مان ده‌خاته ده‌ست كه باش له چی ده‌كات و هاو شێوه‌ی (دار حه‌یزه‌ران)ه‌كه‌ی فه‌رهاد پیرباڵ . په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤ به به زه‌بری توند‌و تیژی و دار ، وه‌ك شێرزاد حه‌سه‌ن وته‌نی ( قوتابخانه‌كانی ئێمه له به‌ندیخانه ده‌چن) ئێمه‌ش له ده‌می پاڵه‌وانی نێو ڕۆمانه‌كه چیرۆك و به‌سه‌رهاته تڕاژیدیایه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی قامچی له نێو قوتابخانه بۆ نه‌وی نوێ ده‌گێرینه‌وه ..
ڕۆمانی قامچی چیرۆكی گێڕانه‌وه‌ی منداڵێكی بچووكه به ناوی( سه‌رمه‌د )، تا ده‌بێته مامۆستا . له‌م ڕۆمانه ، یه‌ك به دوای یه‌كی رووداوه‌كان وه‌ك زنجیره‌یه‌ك بۆمان باسده‌كات . ئه‌و وه‌ك هه‌موو منداڵه‌كانی هاوته‌مه‌نی خۆی خه‌ون به‌وه ده‌بینێت بچێته قوتابخانه‌و له ترسی لێدانی دایك و باوك و براگه‌وره‌ی رزگاری بێت ، به‌ڵام ئه‌م خه‌ونه جوانه‌ی به پێچه‌وانه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه ، ئه‌و له یه‌كه‌م ڕۆژی كه پێی ده‌خاته نێو قوتابخانه و بینی سیمای توڕه‌و ترشی و داره‌كانی مامۆستایان و تووشی ترس و له‌رزده‌بێت . ئه‌و له لایه‌ن دایكیه‌وه زۆری له بنا گوێ خوێندرابوو له قوتابخانه له به‌رامبه‌ر مامۆستا ئاقڵ بێت و هیچ قسه‌یه‌ك نه‌كات وه‌كو بت بێت . كه‌چی له جیاتی شیرینی پێدان و پیشوازیكردن له‌م منداڵه خوێن شیرینه ، كه‌چی لێدان پاداشتی ئه‌م منداڵه ده‌داته‌وه .” له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتم بۆچی له سه‌ر هه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك ، یان جوڵه‌یه‌ك یان دالغه و بزه‌یه‌ك ، زلله‌یه‌ك به پشته سه‌رم ده‌كه‌وت ….ل 5″. بینینی دارمازوو وحه‌یزه‌ران و شولكه‌دارو مه‌سته‌ڕه به ده‌ستی مامۆستایان ئه‌مانه‌ی لێده‌بنه مارو ئه‌ژدیها، ئه‌وه‌نده ترس له نێو ده‌روونی ئه‌م منداڵه بچووكه چه‌كه‌ره ده‌كات . وای لێ دێت هه‌رچی بكات (راست یان هه‌ڵه) له لێدانی و كوتانی مامۆستایه‌كان ده‌رباز نابێت .له سه‌ر دالغه لێدان مامۆستا به دار لێی ده‌دات . ترس له مامۆستا واده‌كات له كاتی ته‌نگاو بونیش نه‌وێرێت باسی چوونی بۆ ئاوه‌ده‌ست بكات. ئه‌مه‌ش وا له‌و منداڵه به‌سته‌زمانه ده‌كات له وانه‌یه‌ك بقه‌ومێنێت ” هه‌ستم كرد شتێكی گه‌رم له نێو رانمدا په‌رش و بڵاوده‌بۆوه …ل7″ . ئه‌مجاره‌یان هاتنه قوتابخانه سه‌ختتر ده‌بێت و شه‌رم داگرتن له نێو قوتابیان و هه‌ست به كه‌م كردن ، ئارامی لێ ده‌برێت ، له ماڵیش دایكی به‌م به‌زمه له جیاتی دڵدانه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی ، پاداشتی خرابی ده‌داته‌وه‌و ئازاری جه‌سته‌ی ده‌دات”دوای ئه‌وه‌ی له ماڵه‌وه‌ش دووسێ زلله‌م به ده‌ستی دایكم خوارد وپشته ده‌ستی چه‌پیشم دا‌غ كرا …ل8″ ئازار‌و ژانی ده‌ست داغكردن و ترس له زانینی باوكی له‌م به‌سه‌رهاته نه‌یده‌زانی چۆن كاته‌كانی تێده‌په‌رێت، ئه‌وه بوو ڕۆحی ده‌رنه‌ده‌چوو ، شه‌ویش به‌ده‌م ئازاره‌وه خه‌وی لێده‌كه‌وێت .ترسان وای لێده‌كات ئه‌مجاره میز به‌خۆداكردنیش بێته سه‌ر . كاتی به‌یانی دایكی ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی ده‌گرێت بۆ قوتابخانه‌ی ده‌یبات له به‌رده‌می ده‌رگای قوتابخانه مامۆستای ده‌ست به دار وحه‌یزه‌ران ده‌بینێ ، ترسه‌كانی زیاتر ده‌بێت .. وانه‌یه‌كی تر له ترس فێر ده‌بێت و جاریكی تر كه‌سایه‌تی ئه‌م منداڵه له لایه‌ن مامۆستایه‌ك زامدار ده‌بێت ” ئه‌مه هه‌ر برمیز نییه ، گرینۆكیشه ..ل9″ لێره‌شدا ، دایك وه‌ك پاڵه‌وانێك و وه‌ك شانازیكردنێك به خۆی، له به‌رده‌م مامۆستا ئه‌و توند‌و تیژیه‌ی به‌رامبه‌ر منداڵه شیرینه‌كه‌ی خۆی كردووه بۆ مامۆستا ده‌گێرێته‌وه وه‌ك مژدانه پێی ده‌دات . وه‌ك بڵی گه‌وره‌تریت تاوانباری سزا داوه “جاریكی تر میز به خوی‌دا ناكا ، ته‌مبێم كردووه …. لێم داوه بۆ هه‌موتانم ته‌مبێكردووه !…ل9″. ناوزڕاندن و سوكایه‌تی پێكردن له به‌رامبه‌ر به قوتابیان ده‌بێته خووێكی ڕۆژانه ، بگڕه جنێو و قسه‌ی ناشیرین و سووك نه‌ك هه‌ر به قوتابیان ده‌درێت ، به ڵكو دایك و باوكیشیان ده‌گرێته‌وه ، كه له ده‌می هه‌ندێك له مامۆستایه‌كان دێنه ده‌ر.له به‌رده‌م بێده‌نگبوونی منداڵه‌كان ، مامۆستاش ده‌بێته جه‌لاد و توقێنه‌رو جنێوده‌ر.” هه‌سته ده‌ی بڕۆ ماڵه‌وه … با گوش به‌خۆتدا نه‌كه‌ی ل11″ ، “دانیشه فزه‌ت لێوه نه‌یێ! ل 25” ، “بڕۆ ملت بشكێنه‌و دانیشه ل25″ له به‌رده‌می بێده‌نگكردنی قوتابیه‌كی كچ، مامۆستا به‌م شێوه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه ” زمانت بگڕه بێحه‌یا “.
توند‌و تیژ مامۆستایان ده‌بێت دیارده به ڕه‌حمترینیان ڕۆژانه چه‌ند قوتابیه‌ك داركاری ده‌كات و زلله‌و شه‌ق و پێلاقه ده‌وه‌شێنێته جه‌سته‌یان . لێدان بۆ قوتابیانیش وه‌كو یاریكردنی لێدێت و ده‌بێته شتێكی ئاسایی واته ( خوێندن + لێدان ) وه‌ك هاوكێشه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ی و ماتماتیكی له مێشكیان چه‌سپ ده‌بێت. زۆر جاریش له سه‌ر هه‌ڵه‌ی قوتابییه‌ك له پۆل (ته‌ڕو هیشك به‌یه‌كه‌وه ده‌سووتێن !) و ئاگر له ده‌ستی قوتابیان هه‌ڵده‌ستێت . سه‌رمه‌د له به‌رامبه‌ر دڵڕه‌قی مامۆستایان ، هه‌ست به كه‌می و پاڕانه‌وه‌ی سووك ده‌كات.هه‌ست ده‌كات كه‌س گوێ له قسه‌و ڕاستیه‌كان ناگرێت . ئیدی ئه‌مه‌ی لێ بووه به‌رنامه ، ( قوتابخانه) مانای لێدان و تێهه‌ڵدان و داركاری كردن له لایه‌ن مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه. زۆر جاریش به‌رده‌ستی قوتابخانه‌ش ناڕاسته‌وخۆ دێته ناو ئه‌و هاوكێشه‌یه‌و به‌شداری ده‌كات له هێنانی دار و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رووداو وكێش و هه‌لانه‌ی له لایه‌ن قوتابیان ئه‌نجامیان ده‌دا .سه‌رمه‌د له به‌رامبه‌ر شه‌ڕێك له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه ئه‌نجامداروه‌و بێ‌تاوانیش بووه ، كه‌چی له سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه سزاده‌درێت . كاتێ ئه‌مه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه ده‌گێرینه‌وه چاوی ده‌چێته تۆقی سه‌ر . به به‌رده‌سته‌كه‌ی ده‌ڵێت ” وه‌ره سه‌رمه‌د بیخه‌ره ئه‌م ئاوده‌ستخانه‌یه! …”. له ئاوه‌ده‌ستخانه ده‌كرێت . ئاوده‌ستخانه زیندانی قوتابیان بووه ، ئه‌مه‌ش پیسترین و گه‌وره‌ترین سزا بووه بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رپێچیان كردووه .بێجگه له‌م ڕۆمانه كه باس له سیسته‌می په‌روه‌رده‌و توندوتیژی له قوتابخانه‌نه‌كانی رواندز ده‌كات ، ڕۆمانی (ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند)ی (شێرزاد حه‌سه‌ن )ه ، كه هه‌مان سیسته‌مان بۆ ده‌گێرێته‌وه كه پڕه له لێدان و ئازاردانی قوتابی به‌دارحه‌یزه‌ران و جنێو‌و و قسه‌ی سووك ، له‌و ڕۆمانه ئه‌وها باس له توره‌یی مامۆستا عوسمان ده‌كات كه له ژووره‌كه‌ی سه‌ت تفی ده‌كاته ده‌م و چاوی قوتابی و ناشهێلێت تفه‌كانی له رووخساری بسرێته‌وه “بێ ئه‌ده‌ب … تفی من به پیس ده‌زانی … به شه‌ره‌فم له مه‌كته‌ب ده‌رت ده‌كه‌م … به ئیمانم له ئاوده‌ستخانه حه‌پست ده‌كه‌م … كه‌ر كوڕی كه‌ر …به‌م به‌یانیه زووه كه‌س هاتوه بۆ مه‌كته‌ب ؟ به شه‌ره‌فم هه‌ر ده نمره‌ی ئه‌ده‌به‌كه‌ت لێ ده‌ستێنمه‌وه … هه‌ی بێ شه‌ره‌ف …. ل88_89″2. كاری توند‌و تیژی و لێدان و ئازادانی جه‌سته ده‌بێته پیشه‌یه‌كی ڕۆژانه وه‌ك كورده‌واری وته‌نی پێستیان ده‌خارێت و وه‌ك ئاو خواردنه‌وه‌یان لێ هاتووه . سه‌رمه‌د ئه‌مه وه‌ك لێ ڕاهاتن و خۆهه‌ڵدانه‌وه، باسیده‌كات ” وه‌ك چۆن له ماڵه‌وه ده‌بوایه ژه‌می لێدان هه‌بێ ، ئاوهاش له قوتابخانه ، ئه‌گه‌ر رۆژێك ، شه‌قێك ، دارێك ، شاپێكم پێ نه‌كه‌وتبا ، جوێنێكم پێ نه‌درابوایه ، ئیسراحه‌تم نه‌ده‌كرد ….ل18 “.
له نێو ئه‌و كار‌و كرده‌وه‌و توندوتیژیه‌ی قوتابخانه كه هه‌موو ساڵه‌كانی به‌م شێوه‌یه به‌ڕۆكی ده‌گرێت وه‌ك كاره‌كته‌رێكی عاشق و فریشته‌یه‌كی نه‌رم و نیان له به‌رامبه‌ر یه‌كێك له كچه‌كانی هاوپۆلی كه ناوی (ره‌یحانه) یه ،دروستده‌بێت و ده‌كه‌وێته عه‌شقێكی شێتانه و خه‌مهێنه‌ر . سه‌رتاپای ژیانی گه‌مارۆ ده‌دات ڕۆژ به ڕۆژ له خه‌ونه‌كانی گه‌وره و پیرۆزده‌بێت و هه‌میشه خه‌یاڵی لای ئه‌وه ، وه‌ك دوو عاشق ئاوێزانی یه‌كتر ده‌بن و له‌م پێناوش سه‌رمه‌د قوربانیه‌كی زۆری داوه و ئازارێكی زۆر ده‌بینی . به تایبه‌تی له رووی چینایه‌تیه‌وه كه له لایه‌ن كوڕه ئاغایه‌ك كۆسپ و ته‌گه‌ره ده‌خه‌ته به‌رده‌م ژیانی ، هه‌م له قوتابخانه‌و هه‌رم له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه . ئه‌م ململانێیه‌ش له گه‌ڵ هه‌ڵكێشانی ته‌مه‌نی ئاڵۆزتر‌و پڕ كێشه‌تر ده‌بێت ، سه‌رمه‌د هه‌موو ئه‌و ترس و له‌رزو رق و تینه له منداڵی له به‌رامبه‌ری ئه‌نجامداره ، له (خێزان + قوتابخانه + كۆمه‌ڵگا ) كاریگه‌ری له سه‌ر كه‌سایه‌تی ئه‌ودا به‌جێ دێلێت له زۆر لایه‌ن به دوای رق و تینه‌و تۆله‌كردنه‌وه ده‌گه‌رێت . به تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی پرۆسه‌ی خوێندن ته‌واو ده‌كات و ده‌بێته مامۆستا . ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی ، كه یه‌كه‌م جار ئه‌و چویته به‌ر خوێندن ، ئه‌و قوتابخانه‌یه لای ئه‌و شوێنی فه‌لاقه ولێدان و زه‌لله‌و گوێڕكێشان و جنێو و قسه‌ی ناشیرین بووه . ئه‌و سه‌رتا ده‌یویست دارحه‌یزه‌ران به ده‌ست نه‌گرێت و جیا بێت له مامۆستایه‌كانی تر ، به‌مه‌ش خۆی به دوور ده‌گرێت له‌و مامۆستایانه‌ی دار به كار دێنن به تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ر . له به‌ر ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی سه‌رمه‌د، له لایه‌ن مامۆستا هاوڕێیه‌كانیه‌وه توشی لۆمه‌و توانج ده‌بێته‌وه ، به‌ڵام ڕه‌فتاری نابه‌جێی هه‌ندێك مامۆستا و بزێوی و هاری هه‌ندێك له قوتابیان وای لێده‌كات ببێته كۆپی مامۆستایه‌كانی خۆی و ببێته مامۆستایه‌ك له به‌رگی جه‌لاد . ئه‌ویش قه‌ناعه‌تی به‌و دێت كۆتك ده‌زانێ قۆناغ له كوێیه ! چاره‌سه‌ری زۆر له كێشه‌كانه .بۆیه رۆژێ به ناو قوتابیان ده‌كه‌وێت و پۆله‌كه پڕ ده‌كات له رق و تۆله‌و هاوار “راده‌ی تووڕه بوونه‌كه‌م هێنده زۆر بوو له حه‌ژمه‌تان به نێو هه‌موویان كه‌وتم . ل201 ” .ئه‌مه نه‌ك هه‌ر به‌دار ، بگڕه له سه‌ر ئه‌وه‌ی قوتابییه‌ك له به‌رامبه‌ری قسه‌یه‌ك ده‌كات و قوتابیانی تر پیده‌كه‌نن و چۆن هه‌ڵده‌چێت. ” خۆم گه‌یانده قوتابیه‌كه و تا هیزم تیا بوو مستێكم له نێو ده‌می دا‌و خستمه سه‌ر زه‌وی. ل202 “ئه‌مه‌ش به‌س نابێت بۆئه‌وه تۆله له قوتابیان بكاته‌وه ، به‌ڵكو زۆرجاریش له ماڵه‌وه ره‌یحانه‌ی هاوسه‌ری ده‌كوتا و خۆشی نه‌ده‌زانی بۆچی ئه‌م ره‌فتارانه ئه‌نجام ده‌دات . ئه‌و له سه‌ر هه‌مان كولتووری توند‌و تیژی و تۆله ، كه‌سایه‌تی خۆی دروست ده‌كات به زه‌بری قامچی بوونی خۆی ده‌سه‌پاند ، ڕۆژ به ڕۆژیش رق و تینه‌كه‌ی له نێو دڵ و ده‌روونی به هیز تر ده‌بوو و ژیانی ده‌بێت به مرۆڤێك پڕ له توند‌و تیژی و تۆله.. ئه‌وه‌ی له نێو ئه‌م ڕۆمانه‌و له‌زه‌ت به‌خشه به ده‌ر له عه‌شقی ره‌یحانه بوونی كۆمه‌ڵێك كه‌سی خۆشه‌ویست و ژیاندۆستی شاره‌كه‌یه كه له نێو خه‌ڵك به شێت و كه‌م ئه‌قل ناوزه‌ند ده‌كرێن. له‌م ڕۆمانه ، ئه‌وان ئه‌م توند‌و تیژیه نانوێنن و ده‌ست ناوه‌شێنن و هه‌ر یه‌كی چیرۆك و به‌سه‌رهاتی خۆش و به‌رهه‌م ده‌هێنن ، به ناوهێنانی (عه‌بدوڵڵا شێت ) (عه‌لیه‌جڕ) و (خه‌لیفه حوسێن ) و (قاسمه قوڵ) و (فه‌قێ شێت ) دونیایه‌ك له جوانی ئه‌و مرۆڤه كۆچكردووانه له مێشكی خوێنه‌ر زیندووده‌كاته‌وه و شێته‌كانی رواندز له به‌رگی فریشته زیندوو ده‌بنه‌وه‌و داوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ری و ئارامی ژیان بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه ده‌كه‌ن . ئه‌وان دوور له توند‌و تیژی قامچی و خه‌نده ده‌خه‌نه سه‌ر لێو خه‌ڵك .له ئه‌نجامدا په‌یامی قامچی ئه‌ومان پیده‌ڵێت په‌روه‌رده به شێوه‌یه‌كی توند‌و تیژی وبه زه‌بڕی قامچی ، له ئاینده كه‌سێكی تۆله ستێن و قامچی به ده‌ستمان بۆ دروستده‌كان . بۆئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان به ئاسووده‌یی ژیان بگوزه‌رێنن ، پێویسته قامچیه‌كان فڕێ بدرێن و ببینه فریشته ئاسا له نێو ماڵ و خێزان و قوتابخانه‌و كۆمه‌ڵگا . بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت دوور بین له قامچی و نه‌فره‌تی لێ بكه‌ین!!
یاسین برایم
سه‌رچاوه :
1_ كاروان عه‌بدوڵڵا ، رۆمانی( قامچی) ،ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی ، هه‌ولێر ، چاپی یه‌كه‌م ،2001 .
2_ شێرزاد حه‌سه‌ن ، رۆمانی( ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند ) ، ده‌زگای ئاراس ، هه‌ولێر ، چاپی یه‌كه‌م ، 2003 ،ل 88_89 .
*له هه‌فته‌نامه‌ی ( رێگای كوردستان ) ، ژماره (1001) ، 19_9_2012 بڵاوكراوه‌ته‌وه .