Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
من  ( دەقی تەمەن )

من ( دەقی تەمەن )

Closed
by October 9, 2012 ئەدەب

 

 

 بەشی یەکەم 

 

١

من کەسێکم 

ژمارەی تاکم لە ژمارەی جووت

خۆشتر دەوێ

تاک تاک تاک 

تک تک تک 

تۆ تۆ تۆ 

تۆی تاک و تەنیا 

تۆ تا ئەبەد تۆ 

 

٢ 

من ماڵم لە شووشەیە و 

بەردیش

لە ماڵی خەڵکانی تر دەگرم

سەیرەکە لەوەدایە 

من بە منداڵیش وابووم

بەردم لە ڕێبواران دەگرت

شووشەی 

پەنجەرەی ماڵانم دەشکاند

هێڵانەی چۆڵەکەکانم تێکدەدا

بەردم دەگرتە

ماڵی ڕەشەبا و برووسکە و تۆفان

تەنانەت 

بەردم لە ماڵی خوداش دەگرت

 

٣

من لە تەیراوە لە دایک بووم

لە نێو شیعرەکانیشم 

بە زمانی تەیران دەدوێم

رەزی ئومێدەکانیشم پڕن لە ترێ

حەزم لە دەنگی تەمبور و تاریش نیە

لە تاریکیش

ڕوانینەکانم تیژتر دەبن

تاهەتاش 

نابمە تەتەری 

هیچ تەور بەدەستێک

 

٤ 

من ئێستا لەگەڕەکی نائومێدیدا دەژیم

بە کەلوپەلەکانی عەشق ماڵێکم پێکهێناوە

لە ژوورێکدا تابلۆی دۆڕانەکانی خۆمم هەڵواسیوە 

لە ژوورێکی تر / تابلۆی ترس و نیگەرانیەکانم 

لە ژوورێکی تر / تابلۆکانی مردنم

لە ژوورێکی تر / تابلۆکانی تەنیاییم

لە دوواهەمین ژووریش وا خەریکم 

هێدی هێدی

تابلۆکانی خۆکوشتنم هەڵدەواسم 

 

 

٥

لە نێو خەڵوەتگەی ژینی من

ژنێک سەرسامە بە پەنجەکانم 

ژنێک سەرسامە بە قژی خاوم

ژنێک سەرسامە بە سمێڵی سوورم

ژنێک سەرسامە بە نیگاکانم

ژنێک سەرسامە بە شیعرەکانم

سەیرەکە لەوەدایە

لەنێو ئەو هەموو ژنە سەرسامانەم 

منیش سەرسامم بە خۆم

هەرخۆم و هەر خۆم و هەر خۆم

خۆمی تاک و تەنیا

خۆم تا ئەبەد خۆم

 

٦

من وام

هەموو شەوێ لە ئامێزی 

کچێکی گاوردام

 کەچی وا تازە بە تازە

( شێخی سەنعانەکانی لای خۆمان 

خەریکن و دەیانەوێ

بۆ کچانی گاور لە ئیسلام وەرگەڕێن )

 

٧

من سەردەمانێک 

وامدەزانی

بەهەشت لە ژێر پێیەکانی دایکم نا  

بەهەشت لەژێر پێیەکانی مندایە 

دواتر هەر خۆم

تەنیا و تەنیا و تەنیا

خۆم لە نێو

ڕووبەرە قووڵ قووڵەکانی

دۆزەخ بینیەوە 

 

٨

من وام

ئەو ژنەی خۆشم دەوێ

چاوەکانی لە گەڵاو

لێوەکانی لە ئاوریشم و 

مەمکەکانی لە هەور و

پەراسوەکانی لە با و 

پەنجەکانی لە گیا و 

ئەنگوستیلەکەی لە سەدەف و

ملوانکەکەی لە ڕەیحانە و 

حەزە ئیرۆسیەکانیشی لە ئاگرن

 

٩

هەر ئەو ژنە

هەموو شەوێک

دێتە نێو خەونەکانی من 

باڵای بەرزە وەک پنجەگیا

دڵی نەرمە وەکو بەرد

قژی ڕەشە وەکو لم

چاوەکانی سەوزن وەکو مانگ

خەیاڵەکانیشی سپین وەکو خەڵووز

 

١٠

من وام 

گەر عەشق لە من بستێننەوە

لە تیاترۆخانەکاندا بەدوای مندا بگەڕێن

گەر ژنەکەم لەمن بستێننەوە

لە ئەشکەوتەکاندا بەدوای مندا بگەڕێن

گەر دایکم لەمن بستێننەوە

لە گەڕەکی گەڵایە چاوڕەشەکاندا بەدوای مندا بگەڕێن

گەر قەڵەم لەمن بستێننەوە

لە بیابانەکاندا بەدوای مندا بگەڕێن

بەڵام ،

گەر شیعر لەمن بستێننەوە

ماڵێکم نابێت بۆ ژیان و 

لە گۆڕستانەکاندا بەدوای مندا بگەڕێن

 

١١

لە نێو دەفتەری بیرەوەریەکانی من

ژنێک ژنێتی خۆی تیرۆر دەکات

ژیان ژان دەیگرێ و 

نیشتیمانیش پڕ دەبێت لە بۆنی بخوور

ژنێکی تر دڵی شاعیرێک دەشکێنێت

ژیان بێهوودە و هەڵوەدا دەسووڕێتەوە و 

نیشتیمانیش پڕ دەبێت لە بورکان

ژنێکی تر یاخی دەبێت

لە هەموو ئایدیۆلۆژیاکان و ئیزمەکان

ژیانیش کەمانجەکەی دەخاتە سەرشانی و

لاوکی عەشق و بەختەوەری دەژەنێ و

نیشتیمانیش پڕ دەبێت لە گوڵ

 

١٢

من وام

بە کانی هیچ قەدەرێک 

تێنوێتی خۆم ناشکێنم و 

ئاویش بە هیچ ئاگرێکدا ناکەم

ئاخر من هەمیشە

 لەسەر پشتی شەپۆڵەکان

بۆ ئاگر دەڕوانم

زۆرجارانیش 

لە نێو بڵێسەکانی ئاگر ڕادەکشێم و 

شیعر

بۆ شەپۆڵە پرشنگیەکان و 

بۆ بارانە پاییزیەکان دەنووسم

 

١٣  

من لە هیچ کەسێکی تر ناچم 

لە خۆم نەبێت 

بۆیە 

لە نێوان من و نووسەرێکی خۆفرۆش

قەڵەمێکی سەرکەش هەیە 

لەنێوان من و سەرکردەیەکی درۆزن

نیشتیمانێکی بریندار هەیە

لە نێوان من و ژنە عاشقێکی دۆڕاو

خەونێکی سپی سپی هەیە ..!

 

١٤

من درێژکراوەی

ئەو ڕۆژگارە ساکارانەم

کە لەبەر سێبەری

کەلاوەیەکی گەڕەکەکەمان

لەگەڵ کچانی دراوسێ

ساپساپانێمان بە ساتەکانی تەمەنمان دەکرد 

خەمە خۆڵەمێشیەکانیشمان بەبا دەدا

بۆیە ئێستا

بووم بە کەسێکی ئیرۆسی و 

خەونە سوریالیەکانیشم پڕن لە سێو

 

١٥

من وام 

لەوەتەی هەم

فڕینە ڕۆمانسیەکانم

لە نێو تەمێکی سپی کۆتاییان دێ

ژوانە شەو درەنگانەکانم 

بە نەزیفبوون کۆتاییان دێ 

ساڵەکانی نێو سەدەکانی غوربەتم

بە ئاوسبوون کۆتاییان دێ

هەموو قەسیدە درێژەکانم 

بە زەردەخەنەیەکی منداڵیم کۆتاییان دێ

 لاوکی بە عاشقبوونەکانم 

بە شێتبوون کۆتاییان دێ

بەڵام تا ئێستا 

ئەو هاوکێشەیەم بۆ شینەبۆتەوە

کە دوادێرەکانی

ڕۆمانەکەی تەمەنی ( ناڵە حەسەن )

بە کام ئافات و 

بە کام میلۆدی و 

بە کام حیکایەت کۆتایی دێ ..!

 

                                               تەمموزی ٢٠١٢

 

 دەقی تەمەن ..

دەقێکی کراوەیە ، کراوە بە مانای تەواو نەبوە و تەواویش نابێت . دەقێکە لەگەڵ تەمەنی شاعیر دایە واتە ، تا شاعیر لە ژیاندا بێت ئەم دەقەش بەردەوامی دەبێت . شاعیر لەم دەقەدا ، منی خۆی دەنووسێتەوە ، منی خۆی لەسەرووی هەموو منەکانی دەوروبەر دەبینێت . پەیوەندی ئەو منە بە ناوە و دەرەوەی خۆی ڕەسم دەکات . منی شاعیر ڕۆحێکە تژیە لە نەرجسیەت ، نەرجسیەتێکی ڕەها کە لە پشتی هەر بەهایەکی مرۆیی ئەم ڕۆحە نەرجسیەتە ئامادەیی هەیە ئامانجی شاعیریش لە نەخشاندنی ئەم ڕۆحە نەرجسیە ئەوەیە/ کە بوونی خۆی وەک مرۆڤ وەک پیرۆزترین بەها کە شایستە بە هەموو بەختەوەریەک و جوانیەکە پێشان بدات . شاعیر لەم دەقەدا دەیهەوێ بە ڕۆحێکی دیکارت یانە  بڵێ ( من شیعر دەنووسم کەواتە من هەم ..! ) شاعیر لە ڕێگەی شیعرەوە مەبەستیەتی بوونی خۆی وەک بوونێکی پیرۆز سەیر بکات ، دەیهەوێ بڵێ ئازادی و هەموو چەمکەکانی تر ، تووڕەهاترین شتگەلێکن گەر مرۆڤ مومارەسەیان نەکات  .. شاعیر لە پانتایی ئەم دەقە بە هیچ ئاراستەیەکی دیاریکراو ڕێناکات لە هەمانکات وەک ڕۆحێکی سەرکەش و یاخی ، دەکرێ هەر ئاراستەیەک بگرێتە بەر . هەروەها شاعیر خۆی نابەستێتەوە بە چرکە ساتێکی دیاریکراوی زەمەن واتە ، زەمەن پێکهاتەیەکی ناکاریگەرە لە نێو ڕووبەری دەقدا . شاعیر هەموو ئەو گۆشە و ڕووداو مەراقانە دەنووسێتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر باری دەروونی و لە سەر خەون و خەیاڵ و پێکهاتە ڕۆحی و غەریزەیی و پێکهاتە بایۆلۆژیەکانی بوونی ئەودا هەیە . هەموو ئەو گۆشە و ڕووداوانەی ڕووبەری بیرەوەریەکانی ئەویان ڕەنگڕێژکردووە . ڕاستە شاعیر لە دەقی تەمەن خۆی دەنووسێتەوە بەڵام ، ئەم دەقە جێگای ئۆتۆبایۆگرافیش ناگرێتەوە واتە شاعیر نایەوێ سەرتاپای ژیاننامەی خۆی بنووسێتەوە.

 

                                                         ناڵە حەسەن

                                                        ئۆگستی ٢٠١٢

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.